ئێكسۆن مۆبیل.. راستەوخۆ!

بۆچوون / بیروڕا :: 17/12/2016

سەرچاوە: ئەلسەباح
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید
كۆشكی سپی دۆسیەی لێكۆڵینەوەی كردووەتەوە لەسەر مەسەلەی پشتگیریی روسیا بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنەكەی ترەمپ، ترەمپ-یش بە كاندیدكردنی سەرۆكی كۆمەڵەی (ئیكسۆن مۆبیل)ی زەبەلاحی بواری نەوت، بۆ پۆستی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئیدارەكەی خۆی، وەڵامی داوەتەوە كە بەوە ناسراوە پەیوەندیی پتەوی لەگەڵ سەرۆكی روسیا هەیە. 
رێكس تێلەرسۆن، تەنیا هەر بەڕێوەبەری كۆمپانیایەك  نییە و هەروەها ئیكسۆن مۆبیل-یش لە كۆمپانیایەك گەورەترە، هەڵبژاردنیشی بۆ وەرگرتنی پۆستی دەرەوە لەوە دوورترە كە تەنیا كاردانەوەیەكی دژی دیموكراتیەكان بێت. ئەو چەندین ساڵی دوور و درێژە سەرۆكایەتی یەكێك لە (حەوت دەستەخوشكەكە) دەكات كە جیهان بەڕێوەدەبەن و كۆنترۆڵی سیاسەتی وڵاتانیان بەدەستەوەیە. رژێمێك دەهێڵنەوە و یەكێكی دی لادەبەن. لێرەولەوێ‌ شەڕ و ئاژاوە دەنێنەوە و دوائامانجیش هەمیشە: بەرژەوەندییەكانە بەگشتی و بەتایبەتییش وزە.

لە ویلایەتە یەكگرتووەكاندا، ئیكسۆن مۆبیل یەكێكە لە گەورەترین سەرچاوەكانی كاریگەری و ئاراستەكردنی سیاسەتی دەرەوە، ئێستایش ئەگەر كۆنگرێس وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی دەرەوە لەلایەن سەرۆكەكەیەوە پەسەند بكات، ئەوا پێگەی كۆمپانیاكە لە كاریگەرییەكانی بۆسەر سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكاوە دەگۆڕێت بۆ بەڕێوەبردنی ئەم سیاسەتە بەشێوەیەكی راستەوخۆ. بەمەیش پێكهاتە حكومیەكەی ترەمپ روویەكی ئاشكرای سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا دەردەخات، لەڕێی دابەشكردنی بەسەر ژەنراڵەكانی جەنگ و خاوەن بەرژەوەندییە ئابورییەكاندا، ئەمانەیش بەردەوام بزوێنەری جەنگەكان و ئاژاوەكان و داگیركاریەكان بوون. 

لەم پێكهاتەیەیشەوە ئەوە رووندەبێتەوە كە ئەوەی سەرۆكی نوێ‌ لە میانەی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنەكەدا دەیخستنەڕوو، تەنیا شێتگەراییەك نەبوون وەك ئەوەی لە كاتی خۆیدا وا باسدەكرا، بەڵكو نیەتێكی راستەقینەیان لە پشتەوەبووە كە لایەنە سوودمەندەكان نەخشەیان  بۆ كێشاوە و ئێستایش هەوڵدەدەن جێبەجێیان بكەن، ئەگەرچی جێبەجێكردنەكە بەو كاڵوكرچی و ڕاستەوخۆییە نابێت كە پێشتر ترەمپ پێشنیاری كردبوو. 
ئەو دەیگوت عێراق نەوتێكی تێدایە كە بەهاكەی دەگاتە پازدە ترلیۆن دۆلار و پێویستە ئەمریكا هەموو ئەم نەوتەی عێراق وەربگرێت لەبەرامبەر رووخانی رژێمەكەی سەدامدا، بۆ ئەوەی نەكەوێتە دەستی داعش. هەمان هەڵوێستیشی لەبەرامبەر نەوتی كوەیت و سعودیەدا هەبوو. بەڵام ژەنراڵەكانی ناو پێكهاتەكەی، ئەوانەن كە بانگەشەی جەنگ و دەستوەردان دەكەن و هەڵوێستیان لە بەرامبەر ئێران و لە بەرامبەر رێككەوتنە ئەتۆمیەكەدا زۆر نێگەتیڤە. بەڵام ئەو بەرژەوەندییانەی كە كۆمپانیا ئەمریكییەكان هەیانە وادەكەن هەڕەشەی سەربازیی و پەلاماردانی سەربازیی تەنیا گوشارێك بن بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندیەكانیان.

لە عێراقدا هەندێك لە (شۆڕشگێڕەكان) شانازیی بەوەوە دەكەن كە كۆمپانیا ئەمریكیەكان هیچ گرێبەستێكی گەورەیان لە چوارچێوەی ئەوەدا دەستنەكەوتووە كە بە كایەی مۆڵەتپێدان ناودەبرێت. ئیكسۆن مۆبیل بەهۆی ناكۆكیەكانەوە دەربارەی ئەو پرۆژانەی كە لە هەرێمی كوردستان-دا و بەبێ‌ رەزامەندیی حكومەتی ئیتیحادی دەستی دابوویە، گرێبەستێكی بچوكی لە خۆرئاوای گوڕنە دەستكەوت. بەڵام دوای ئەوە رێكس تێلەرسۆن سەرۆكی كۆمپانیاكە و پاڵێوراو بۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا سەردانی بەغدای كرد و لەگەڵ نوری مالیكی سەرەك وەزیرانی پێشووی عێراقدا كۆبووەوە، پێیگوت پرۆژەكەیان لە كێڵگەكەی خۆرئاوای گوڕنە ویستی كۆمپانیاكەی لە عێراقدا دابین ناكات و پشتبەستنی راستەقینەی ئەو لەسەر نەوتی باشورە نەك هەرێمی كوردستان. داوایەكی خستەڕوو بۆ كشانەوە لە هەرێم بەرامبەر زیادكردنی بەشی كۆمپانیاكە لە كێڵگەكانی باشوردا، ئەمەیش لەلایەن مالیكییەوە پێشوازی لێكرا و بەڵێنیدا كە لە ماوەی دوو مانگدا وەڵامی بداتەوە و یەكێك لە جێگرەكانی خۆی دابنێت بۆ بەدواداچوون و كاربۆكردنی. دوو مانگەكە و زیاتریش تێپەڕین و هیچ وەڵامێك نەبوو. بۆیە ئیكسۆن مۆبیل جڵەوی چالاكیەكانیی خۆیی لە هەرێمی كوردستاندا شلكرد و هەردوو گۆڕەپانی ناوخۆ و دەرەوەیش لە دژی حكومەت و خودی سەرۆكەكەی هەڵكشان و داعش چووە عێراقەوە و مالیكی لابرا. 

ئاخۆ چاوی ئیكسۆن مۆبیل هێشتا لەسەر نەوتی باشورە؟. ئەی لە سایەی حكومەتێكی ئەمریكیدا كە خودی بەڕێوەبەری كۆمپانیاكە و لەگەڵیدا ژەنراڵەكانی جەنگی نەوت، سیاسەتەكانی دەرەوەی بەڕێوەدەبەن، چۆن دەیگاتێ‌؟.
وەڵامەكە وەستاوەتە سەر سیاسەتی حكومەتی عێراق و ئەو میتۆدەی پەیڕەوی دەكات، پراگماتیكی دەبێت یاخود شۆڕشگێڕانە.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure