رۆژى قیامه‌ته‌؟

بۆچوون / بیروڕا :: 15/12/2016

ئه‌یخه‌یته‌ سه‌ر هه‌ر كه‌ناڵێك هوها له‌ كه‌ناڵه‌كه‌ى تر ئه‌كێشێت. نائومێدانه‌ ته‌له‌فزیۆنه‌كه‌ ئه‌كوژێنیته‌وه‌. هه‌ست ئه‌كه‌ى سه‌رماكه‌ زۆرى بۆ هێناویت، ئه‌ڕۆى زۆپاكه‌ دابگیرسێنیت. بیرت ده‌كه‌وێته‌وه‌ دوو هه‌فته‌ زیاتره‌ ماڵه‌كه‌ت قه‌تره‌یه‌ك نه‌وتى تیا نى یه‌. به‌تانیه‌كه‌ توندتر له‌خۆت ئه‌پێچیته‌وه‌. به‌كوڕه‌كه‌ت ئه‌ڵێ ى: كوڕم سه‌عیه‌كه‌ت بكه‌. به‌ده‌م پێكه‌نینه‌وه‌ جوابت ئه‌داته‌وه‌: سه‌عیكردنى چى بابه‌ مه‌كته‌ب كوا كراوه‌ته‌وه‌؟. ته‌قه‌یه‌ك دێت، گوێت قوڵاخ ئه‌كه‌ى بزانى چى یه‌؟. ته‌قه‌ته‌قێكى تر ناچارت ده‌كات هه‌ستیت بزانیت چى یه‌؟. به‌ره‌و ده‌رگاى حه‌وشه‌كه‌ ئه‌ڕۆیت. له‌ناو ده‌رگاكه‌دا كاره‌با ئه‌بڕێت. چاوت له‌ هیچ نى یه‌. خۆت ئه‌كێشیت به‌ ته‌پڵه‌كێكدا. ئازارى په‌نجه‌تووته‌ت ئه‌و دنیات نیشان ئه‌دات. ده‌ست ئه‌به‌ى له‌ گیرفانتا مۆبایله‌كه‌ت ده‌ربهێنیت بۆ ئه‌وه‌ى به‌لایته‌كه‌ى به‌رچاوى خۆت ببینیت، ئه‌ویش پاش دوو چركه‌ شه‌حنى تێدا نامێنێ. پاشه‌وپاش ئه‌گه‌ڕێیته‌وه‌ دواوه‌. ئه‌مجاره‌ خۆت ئه‌كێشى به‌ دیوارێكدا، هاوارت لێ به‌رز ئه‌بێته‌وه‌: ئه‌مه‌ چى یه‌ رۆژى قیامه‌ته‌؟. كوڕه‌كه‌ت وه‌ڵامت ئه‌داته‌وه‌: نه‌خێر بابه‌ شه‌وى هه‌رێمه‌.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure