چەند دێڕێك لەسەر وتەكەی پاشای سعودیە

بۆچوون / بیروڕا :: 15/12/2016

سەرچاوە: رەئیولیەوم
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید

لەو وتەیەیدا كە شا سەلمان بن عەبدولعەزیز پاشای سعودیە لە كردنەوەی خولی حەوتەمی ئەنجومەنی شورا پێشكەشی كرد، جەختی لە سێ‌ مەسەلەی سەرەكی كردەوە كە دەكرێت بگوترێت دیاریكردنی كارە لەپێشینەكانی ئەم كاتەی شانشینەكەیەتی و بریتی بوون لە:
•یەكەم: باری ئابوریی ناوخۆ و ئەو قەیرانانەی كە لە ئێستادا رووبەڕووی شانشینەكە بوونەتەوە و رەنگیانداوەتەوە لە شێوەی سەپاندنی باجەكان و لابردنی پشتگیری لە خزمەتگوزاری و كاڵا سەرەكیەكان. بەڵێنیشیدا كە ئەم (گۆڕانكاری) و (دووبارە پێكهێنانەوەی هەیكەل) ی ئابورییە (بە ئازارە)، هەنگاوێكی راگوزەر بێت و بۆ رێگرتن بێت لە خراپتربوونی دۆخەكە ئەگەر ئەو هەنگاوانە دوابخرێن.
•دووەم: مەسەلەی توندڕەوی و لەسنووردەرچوون بوو كە هەڕەشەی ئەوەی كرد بە هێز وەڵامی دەداتەوە و:"رێگە بەهیچ رێكخراوێكی تیرۆریستی و هەروەها ئەوانەیش كە لەپشتیانەوەن، نادەین، رۆڵەكانی گەلەكەمان بقۆزنەوە بۆ جێبەجێكردنی ئامانجە گوماناویەكانیان لە وڵاتەكەمان و لە هەردوو جیهانی عەرەبی و ئیسلامیشدا". ئەمەیش ئاماژەیەكی ئاشكرا بوو بۆ هەردوو رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی و قاعیدە.
•سێیەم: شەڕی یەمەن، كە وتی :"ئاسایشی یەمەن-ی دروسێ‌، ئاسایشی شانشینەكەمانە و رێگە نادەین بە هیچ دەستوەردانێك لە كاروباری ناوخۆیدا، یان كاریگەریی دروستكردن لەسەر شەرعییەتیەكەی، یان بكرێتە  رێڕەوێك یاخود بارەگایەك بۆ هیچ دەوڵەتێك یان لایەنێك كە ئامانجی تێكدانی ئاسایشی شانشینەكە و ناوچەكە و سەقامگیرییەكەی بێت". ئەمەیش ئاماژەیەكی ئاشكرا بوو بۆ ئێران.
ئەوەی جێی سەرنج بوو، شای شعودیە لە وتارەكەیدا كە رۆژی چوارشەممە لەبەردەم ئەنجومەنی شورادا پێشكەشی كرد و راستەوخۆیش پەخشكرا و وا پێویست بوو كە سیاسەتە ناوخۆیی و دەرەكییەكانی شانشینەكە دیاری بكات، كەچی ئاماژەیەكی ئەوتۆی بە دۆسیەی سوریا و ئەوەی كە لە شاری حەڵەب دەگوزەرێت نەدا، هەروەها باسی لە زیانی ئەو ئۆپۆزیسیۆنە چەكدارەیش نەكرد، كە سعودیە پشتیوانیی دەكات، لە گەڕەكەكانی خۆرهەڵاتی حەڵەبدا و زیانی زۆریان بەركەوتووە لەبەرامبەر پێشڕەوییەكانی سوپای سوریا و هاوپەیمانەكانیدا. هەروەها هیچ باسی دۆزی فەلەستین، پەیوەندیەكانی سعودیە و میسر و تەنانەت نرخی نەوت و رێككەوتنەكانی ئەم دواییەی ئۆپیك-یش دەربارەی كەمكردنەوەی بەرهەم، نەكرد. 
جەختكردنەوەكەی شای شعودیە لەسەر ئەوەی رێگە نادات یەمەن-ی دراوسێی بكرێتە رێڕەو یان بارەگای هیچ دەوڵەتێك یان لایەنێك كە ئاسایشی وڵاتەكەی بە ئامانجبگرێت، مانای وایە بەردەوام دەبێت لە جەنگ و (عاصفە الحزم) و رووبەڕووبوونەوەی ئەوەی كە شانشینەكە پێیدەڵێت دەستوەردانی ئێرانی لە كاروباری ناوخۆی یەمەن و رێگرتن لەوەی بیكاتە بنكەیەكی سەربازی بۆ گەمارۆدانی و هەڕەشە بۆ سەر ئەمن و ئاسایشەكەی، ئەگەرچی بە شێوەیەكی راگوزەر و لاوازانە پێشوازییكرد لە چارەسەرێكی ئاشتیانە لەسەر بنەمای بڕیارە نێودەوڵەتیەكان.
بێگومان كاری لە پێشینەی شانشینەكە لە قۆناغی داهاتوودا، دۆسیەی یەمەن دەبێت كە جەنگێكی تێدا بەڕێوەدەبات وا خەریكە پێ‌ دەنێتە بیست و یەكەم مانگییەوە بێ‌ ئەوەی هیچكام لەو ئامانجانەی بەدیهێنابێت كە لە پێناویدا بەرپا بووە. ئەم دۆسیەیە دەكەوێتە پێش هەموو ئەو دۆسیانەوە كە بەلای سعودیەوە گرنگن، وەك دۆسیەی سوریا. بەڵام ساڵی داهاتوو ساڵێكی پڕ لە كێشە و گرفت دەبێت بۆ سعودیە لە یەمەن-دا، ئەمەیش بەهۆی ئەو گوشارە زۆرانەوە كە دەكرێتە سەری دەرەنجامی بەردەوامی و درێژەدانی بە بۆردوومانی ئاسمانی كە بووەتە هۆی بێزاریی هاوپەیمانەكانی لە واشنتۆن و ئەوروپا.
دوێنێ‌ كۆشكی سپی بڕیارێكی دەركرد بۆ راگرتنی  گواستنەوەی تفاقی ورد و مووشەكی تازە بۆ سعودیەی هاوپەیمانی، ئەویش بەهۆی تووڕەبوونی لە زۆریی ژمارەی كوژراوە مەدەنیەكانی ئەو هێرشە هەواییانەی كە ئەنجامی دەدات. لەوبارەیەوە ئاژانسی رۆژنامەوانیی فرەنسا لە زاری بەرپرسێكی ئەمریكاوە بڵاویكردووەتەوە"بۆمان روونكردوونەتەوە كە هاوكاریی ئەمنیی ئەمریكا لاپەڕەی سپی نییە" و "ترسمان لە جەنگەكە هەیە، بۆیە بڕیارماندا هەندێك رێككەوتننامەكانی بواری چەك و تەقەمەنی بوەستێنین".
ئەم ترسەی ئەمریكا ئەوكاتە گەیشتە ئەوپەڕی كە فڕۆكە جەنگیەكانی سعودیە هێرشیانكردە سەر گردبوونەوەیەكی پرسەگێڕان لە سەنعا و بە هۆیەوە 140 پرسەگێڕ كوژران و زیاتر لە 500ی دیكەیشیان لێ‌ برینداربوون. ئەوەی تووڕەیی ئەمریكیەكانیشی تەقاندەوە، هێرشی دووەم بوو كە دوای ئەوەی یەكەم كرایە سەر هەمانشوێن و بووە هۆی كوژرانی كارمەندانی تیمەكانی فریاكەوتن، ئەمەیش پێشێلكردنی یاسا نێودەوڵەتییە مرۆییەكان بوو و تەنانەت دەگاتە ئاستی تاوانی جەنگی دژە مرۆڤایەتی.
وتەكەی شای سعودیە هەم لە ناوەرۆكەكەی و هەم لە كاتەكەیشیدا، زۆر گرنگ بوو، جیاواز لە هەموو وتارەكانی پێشووی كە پڕبون لە هەڕەشە و پەیمان دژی دوژمنە دەرەكیەكانی شانشینەكە و متمانەبوونی بە هەردوو بارودۆخی ئاساییش و ئابوریی ناوخۆیی.
حەڵەب لە وتەكەیدا شوێنێكی نەبوو و یەمەن-یش زۆر بەهێزەوە لە وتەكەیدا هەبوو. جەنگی دوور دووركەوتبووەوە و جەنگی نزیك نزیكبووبووەوە. ئەمەیش ئەوە دەگەیەنێت كە ساڵی داهاتوو ساڵی تەركیز خستنەسەر سێ‌ دۆسیەی سەرەكی دەبێت: یەمەن و ئابوری و ئەساییش. ئەمانەیش زۆر قورس و لەهەمانكاتدا زۆر مەترسیداریشن.  
ساڵی داهاتوو بۆ شانشینەكە و بۆ سەركردایەتەیكەیشی، قورس و گران دەبێت، ئەو بودجە تازەیەیش كە دوای دە رۆژی دیكە رادەگەیەنرێت زۆری دیكەی لەم چوارچێوەیەدا پێیە، بەتایبەت كورتهێنانە چاوەڕوانكراوەكەی كە لە دەورووبەری هەشتا ملیار دۆلارێكدایە.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure