تورك یا كورد؟... بڕیاری داهاتووی ئەمریكا و كاریگەریەكانی

بۆچوون / بیروڕا :: 15/12/2016

سەرچاوە: گڵۆباڵ ڕیسك ئینسایت
وەرگێڕان: شاد ئازاد 

ئەگەر ئەمریكا لایەنی هەریەكێكیان بگرێت، ئەوا بێگومان لای یەكێك لە خوێناویترین ململانێكانی جیهان دەگرێت كە ململانێی تورك و كوردە. تەقینەوەكەی ئەستنبوڵ لە ڕۆژی یەكشەممەی پێشوو، سەلمێنەری ئەوەبوو كە چیتر پەیوەندیی نێوان تورك و كورد بەرەو ئاسایی ناڕوات و ویلایەتە یەكگرتووەكانیش توانای چاككردنەوەی ئەو پەیوەندییە شكاوەی نێوان هەردوولای نییە. 
لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی ئەمریكا، هەموو شتێك ڕوونبووەوە بەوەی ترەمپ دەیەوێت بەهەر شێوەیەك بێت كۆتایی بە داعش بهێنێت و لە كامپینی هەڵبژاردندا هەمیشە بانگەشەی ئەوەی دەكرد كە كۆتایی بە داعش دەهێنێت. بەڵام هەرگیز ئەم كارەی بەبێ پشتیوانی تورك و كورد پێناكرێت، بۆیە دەبێت لایەكی ئەو ململانێیە بگرێت . لەئێستادا لایەنگیریی هەر لایەنێك، ئیتر كورد بێت یا تورك بێت، شوێنەواری كارەساتبار لەسەر سیاسەتی درێژخایەنی ئەمریكا دروست دەكات. ترەمپ-یش هەرگیز ناتوانێت كورد و تورك بهێنێتە یەك بەرەوە و هەڵبژاردنی هەر كامێكیشیان بۆ ترەمپ سیناریۆیەكی جیاواز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدوای خۆیدا دەهێنێت. نەهامەتیەكان هەمووی بەسەر ئیدارەی ترەمپ-دا دەشكێتەوە، ئەو پێشتر لەكامپینی هەڵبژاردندا وتویەتی كە دۆستێكی گەورەی كوردە و داوای گێڕانەوەی ئاشتی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كردووە و هەمیشە حەزی  لە پێكهێنانی هاوپەیمانیەتیەكی هاوبەشی ئەمریكی و كوردی و توركی، دژی داعش كردووە لەیەك بەرەدا، بەڵام ئەوەی ڕۆژی 20 كانونی دووەم دەیبینێت كاتێك دەچێتە كۆشكی سپی-یەوە، ئەوەیە كە هەرگیز ناتوانێت كورد و تورك لێك نزیك بكاتەوە و بیانخاتە یەك بەرەوە لە دژی داعش.
 ئەگەر ئێستا ترەمپ هەریەكێكیان هەڵبژێرێت، ئەوا لۆجیكیەن هەڵبژاردنەكەی دەبێت توركیا بێت، بەوپێیەی توركیا لە هاوپەیمانیەتی (ناتۆ) یە و هاوپەیمانی فەرمیی توركیایە، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا ترەمپ هەمیشە بە ڕەخنەوە لە ناتۆ دەڕوانێت و ناتوانرێت ڕەچاوی ئەوە بكرێت كە سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی ترەمپ پشتئەستورە بە ناتۆ-وە. خاڵێكی تر بریتیە لە بەرژەوەندییەكانی توركیا. گریمان توركیا ڕازی بوو بەوەی ببێتە هاوپەیمانی ئەمریكا، پێش ئەوەی هیچ ئۆپراسیۆنێك ئەنجامبدات پێویستە ئەمریكا واژۆی لەسەر سێ شت بۆ بكات: یەكەم، ڕادەستكردنەوەی فەتحوڵا گولەن. دووەم، ڕووخاندنی ڕژێمەكەی ئەسەد كە تاڕادەیەك هەردوولایان لەسەر ئەم خاڵە كۆكن. سێیەم، كۆتاییهێنان بە پەكەكە و پشتكردنی ئەمریكا لێیان و ڕاگرتنی سەرجەم پشتیوانییە سەربازییەكان لە عێراق و سوریا. گریمان ئەمریكا پشتی كردە كورد و لە كوردەكانی دا. كوردەكان سەرپەرشتێكی دیكەشیان هەیە، ئەو سەرپەرشتەیش ڕوسیایە، سەرۆكەكەی ڤلادیمیر پوتین هەرگیز ئەو بۆشاییەی بیرناچێتەوە كە كوردەكان یارمەتیاندا بۆ پڕكردنەوەی لەكاتێكدا ئەمریكا كاریگەریی لە سوریا نەمابوو. 

داواكاریەكانی توركیا بودجەیەكی زۆری دەوێت و تەناتەت ئەو بودجەیە لە توانای ترەمپ-ی ملیاردلێریشدا نییە!. بەڵام داواكاریی كورد چییە؟ هیچ نییە!. ئەگەر داوای هێزیش بكات لە ئەمریكا، هیچ لە هیچ ناگۆڕێت، ئەوان پیاو و ژنیان لەسەر خاكەكەیان خۆیان بەكوشتدەدەن لەدژی داعش بەبێ هاوكاریی ئەمریكایش.
 ئێستا ئەمریكا هەوڵدەدات هاوكارییەكانی بۆ كوردەكانی سوریا كەمبكاتەوە، ئەمیش لەپێناو ڕاگرتنی ناڕەزاییەكانی تورك دەبارەی ئەو سیاسەتەی ئەمریكا. ئەگەر لەم حاڵەتەدا ترەمپ پشت بكاتە توركیا و كورد بكاتە هاوپەیمانی خۆی، دەستبەجێ ئەردۆگان دەبێتە دوژمنی و لە هاوپەیمانی ناتۆ وەدەری دەنێت و بەمەیش شەڕی تورك و كورد تۆختر دەكاتەوە بە پاڵپشتیی ئێران و  ڕوسیا و سوپای بەشار ئەسەد-یش، چونكە لەو كاتەدا ڕژێمەكەی ئەسەد-یش ڕاستەوخۆ دەبێتە دوژمنی كورد.
 چارەی كۆتایی لەبەردەم ترەمپ-دا ئەوەیە كە جارێ‌ بوەستێت و چاوەڕێی هەلومەرجێكی لەبارتر لە ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بكات. لە ئێستادا ترەمپ هیچ هەڵبژاردەیەكی باشی لەبەردەمدا نییە بۆ چارەسەری كێشەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ناوەڕاست. ئەوی ترەمپ پێویستە بیكات، تەنیا پشتگوێخستنێكی ئاسان و چاوەڕێكردن و سەرەنجدانە لەسەر بردنەوەی شەڕێكی سیاسی بە چوونە پێشەوەی لە سیاسەتی ناوچەكەدا.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure