بۆ ئەوەی تەڕ نەبن

بۆچوون / بیروڕا :: 13/12/2016

+ دوێنێ‌ جوملەیەكم خوێندەوە زۆر عەزیم بوو قوربان.. ئەڵێ‌ كاتێك كە زەلامی بچوك سێبەری گەورەی دروست كرد مانای وایە رۆژ خەریكە ئاوا دەبێت.
ـ بەڕاستی قسەیەكی جوانە.. ئەی ئافەرم.
+ یەعنی بەو حسابە بێت تۆزێكی تر ئیتر خۆر ئاوا- دەبێت.  
ـ بەڵێ‌ خۆری مەنتیق، هی حەق، عەدالەت... هەموویان ئاوا دەبن و بڕۆ بەخێرهاتی.
+ بۆكوێ‌ بڕۆم، ئوستاز؟.. بەم تاریكی یە چۆن بەجێت ئەهێڵم؟.. دنیاكە خراپە.
ـ تەبعەن خراپە و زۆریش خراپە.. وەزع وای لێ‌ هاتبێت حەكیمی هەموو.. جا قسەم پێ‌ ئەكەی ها...
+ مەیڵێ‌ ئوستاز.. ئیجاب ناكات خۆمان ئەیزانین.
ـ ئێ‌ كە ئەیزانن بۆ بێ‌ دەنگن؟. چاوەڕێ‌ ی موعجیزەن؟ چی؟.
+ موعجیزەی چی، نەوەڵڵا.. موعجیزە كوا ماوە.. هەر ئەو ئێرانی یە عادی یە لە بازاڕدا هەیە.
ـ تەماشا تەماشا.. مەوزوعەكەی بردەوە بۆ كوێ‌؟!. منت شێت كردووە. بەعزە جارێ‌ زۆر بلیمەت و زیرەكیت، بەعزە جارێكیش ئەڵێم لەم هەتیوە ساویلكە تر نی یە.
+ ئەوە هەموومان بە شیرەوە خواردوومانە قوربان. ئەوە نی یە حەمدی شاعیر ئەڵێ‌ بە شەمعێ‌ دەبنە پەروانە و بەكبریتێ‌ ئەڵێ‌ ی مۆمن.
ـ رەحمەت لە قەبری.. بەخوا راست ئەكات.. ئیلاهی ئەم گروهی كوردە چ مەزڵومن!.
+فیعلەن مەزڵومین.. لە هەمووی ناخۆشتر ئەم وشكە ساڵی یەیە. مەعقولە تا ئێستا دوو باران نەباریبێ‌؟.
ـ خوا رەحم كا رۆڵە. چار چی یە؟.
+ من ئەڵێم ئەمەش دەستی مەسئولەكانی تیایە, نایانەوێ‌ ببارێ‌.
ـ بۆچی نایانەوێ‌ ببارێ‌؟.
+ بۆ ئەوەی تەڕ نەبن.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure