ئەدەبی تەنز عەرشی ستەمكاران دەلەرزێنێ‌

بۆچوون / بیروڕا :: 13/12/2016

سەرچاوە: رەئیولیەوم
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید
ئەدەبی تەنز نوكتەیەكی كرچ و كاڵ و سادە نییە لەسەر شتەكان، بەڵكو جۆرێكی تایبەتی شیكردنەوەی قووڵە، رۆدەچێتە قووڵایی راستیەكان و دەیانكات بە وتار و شیعری تەزئامێز و وامانلێدەكات گوزارشت لە خەمەكانی دڵمان بكەین و بە شێوازێكی كۆمیدی دایبڕێژینەوە كە گوزارشت بێت لەو خەم و كێشە كۆمەڵایەتی و سیاسیانەی لە ناخماندان. واتا نووسەرانی ئەم ژانرە ئەدەبییە گوزارشت لە ئازار و دڵتەنگیەكانی خۆیان دەكەن بە شێوازی تایبەت بەخۆیان و خەمەكانی كۆمەڵگەكەیان بە زەردەخەنە و سەیروسەمەرە دەنووسنەوە، چونكە ئەوان ناتوانن بە درێژایی ژیانیان هەر بەخەمەوە بژین، بۆیە دەیانبینین كە لەوپەڕی خەمبارییاندا بە قۆشمە و گاڵتەوە دەربارەی دەورووبەریان دەنووسن بە شێوەیەكی تەنزئامێز و بە زمانێكی نزیك لەگاڵتەجاڕی. 
بۆیە ئەدەبی تەنز، لە مانا گشتیەكەیدا ستایشی جوانی ناكات بەڵكو ناشیرینی رووتدەكاتەوە و لە شوێنی شیاوی خۆیدا دایدەنێت و حەقیقەت بە رووتەوەكراوی دەردەخات. واتا تێكەڵەیەكە لە یاخیبوون دژی كارە نەخوازراوەكان و رەخنەگرتن لەو كێشانەی لە ژیاندا هەن لە هەموو بوارەكاندا، ئیتر كۆمەڵایەتی بن یان سیاسی و یاخود رۆشنبیری، لە قاڵبێكی هەزەلییانەدا كە وا لە خوێنەر دەكات بە پەرۆشی و سەرسوڕمانەوە بیخوێنێتەوە. ئێستا كە لە كایەی رۆشنبیریماندا ئەم ئەدەبە ونە، چەندین پرسیار دێنەئاراوە، لەوانە: لەناو ئەم گێژاوی رووداوانەدا كە رۆژانە دنیای عەرەب و هەموو جیهانیشی گرتووەتەوە و بوونەتە مایەی گاڵتەجاڕی و خەم و خەفەتیش پێكەوە، ئەو نووسەرانە چییان لێهات كە بەمجۆرە نووسینە دەناسران؟. ئاخۆ نووسەران توانای نووسینی ئەم شێوازەیان نەماوە؟ یان رێگرییان لێدەكرێت؟ یاخود ئەوانیش تووشی نائومێدی بوون و ئەم توانایەیان ون كردووە؟ ئاخۆ تەنیا هەر بۆ كاتبەسەربردن و گاڵتەبازی دەیاننووسی یان لە پێناو ئاشكراكردنی پەراوێزخراوان و رووتكردنەوەی ستەمكاران و زاڵماندا؟ ئەی ئێستا بۆچی بێدەنگ بوون؟.
وەك نووسەری گەورەی فەلەستینی ئیمیل حەبیبی دەڵێت:"تەنز چەكێكە عەرشی ستەمكاران دەلەرزێنێت". بەڵام ئەوەی ئێستا تێبینیی دەكەین دیارنەمانی ئەم شێوە ئەدەبییە بەرزەیە، یاخود كەمبوونەوەیەتی، لە بارودۆخێكدا كە زۆر پێویستمان پێیەتی، هەم بە خوێندنەوەی و هەم بە نووسینیشی بۆ ئەوەی لە خەم و ئازارەكان دووربكەوینەوە.
ئەدەبی تەنز پێویستی بە بەهرەی تایبەت هەیە نەك هەركەسێك بە قۆشمە و گاڵتەجاڕییەوە بنووسێت ئیتر ئەوە ئەدەبی تەنز بێت. زۆر كەسی قۆشمەچی لە رۆژنامە عەرەبییەكاندا دەنووسن و جۆرەها نوكتە و گاڵتەوگەپ بڵاودەكەنەوە. بەڵام ئەدەبی تەنز ئەدەبێكی مەزنە و تەنیا ئەوانە دەتوانن بینووسن كە زۆر بەهرەمەند و رۆشنبیرن و خاوەن هەستێكی فراوان و دڵێكی گەورەی پڕ لە ئازار و خەمەكانی ژیانی مرۆڤن. ئەدەبی تەنز وەك ئەو دەرمانەیە كە برینەكانیان ساڕێژ دەكات، چونكە نووسەری بەهرەمەندی تەنزنووس دەیانخاتە ژوور خەمەكانیانەوە و یارمەتییان دەدات بۆ تێپەڕاندنی قۆناغی خەمۆكی یان تێكشكان یاخود دڵتەنگییان، جۆرێك ئارامیی و خاوبوونەوەی جوان دەخاتە دەمارەكانیانەوە و هێوریان دەكاتەوە. لێرەوە بە هێمنی بیردەكەنەوە و بە بڕیارەكانیاندا دەچنەوە و باری دەروونییان وایلێدێت كە بتوانن بە ئارامی بیربكەنەوە، ئەمەیش بەشێكە لە ئەركەكانی كە وەك جۆرێك لە رەخنەی كۆمەڵایەتی دادەنرێت، بەتەواوەتی وەك هونەری كاریكاتێر كە هونەرمەندەكانی ئەم بوارەیش هاوبەشن لەگەڵ نووسەرانی تەنز لە بەهرەدا، ئەگەرچی لە كەرەستەدا جیاوازیش بن، چونكە كەرەستەی كاریكاتێریست فڵچەیە و كەرەستەی تەنزنووس وشەیە. هەر نووسەرێك یان شاعیرێك كە ئەم شێوازە هەڵبژێرێت، دەبێت دڵێكی فراوان و بەسۆزی هەبێت. خۆ ئەگەر تەنز كەسێك بپێكێت ئەوا برینداری ناكات بەڵكو خۆی یەكەم كەس دەبێت كە بەخۆی پێدەكەنێت.   
بەڵام ئەوەی ئێستا تێبینیی دەكەین، نەبوونی ئەم ئەدەبە جوانەیە كە هەندێك شادمانیی ئاوێتەبووی واقیعەكەمان دەداتێ‌. نەبوونیشی گومانی توانای ئەدیبانی ئەم سەردەمەمان لا دروستدەكات لەسەر وردبینی و خۆشەویستییان بۆ ئەم هونەرەی ئەدەب كە چەندین پێشەنگی پێشووی ئەدەبییان پێدەناسرێتەوە، وەك: شەریف ئەلراس لە سوریا و ئیمیل حەبیبی و مەحمود شقەیر لە فەلەستین و ئەحمەد قەندیل لە سعودیە و زۆری تریش.
بۆیە دەبینین نووسینی تەنز پەیوەستە بە كەشی ئازاد و پێویستیی بە راشكاویی خود و ئەو متمانەیەوە هەیە كە وا لە نووسەرەكەی دەكات دەسەڵاتی بەسەر قەڵەمەكەیدا بشكێت بۆ گوزارشتكردن بەشێوەیەكی كۆمیدیانە لەو جیاوازی و نابەرابەرییانەی كە دەیانبینێت یاخود تێیاندا دەژی،  لەمەیشدا پشت ببەستێت بە شكاندنی هەموو بەربەست و رێگرییەكانی زمان و ئەدەب بۆ ئەوەی پەیامەكە لە گولـلە بەهێزتر بێت.  
بە كورتی، لە ئەدەبی تەنز دا وێنەكە بۆ شكاندنی گوێگرێك یاخود خوێنەرێك نییە و نایشیەوێت كەس بریندار بكات، چونكە تیرەكەی بە دیاریكراوی ئاراستەی كەموكورتیی كەسێتیی گوێگر یاخود وەرگر ناكات. ئەم جۆرە ئەدەبە دەچێتە چوارچێوەی ئازادیی رادەربڕینەوە، ئیتر بە رەخنەگرتنی رای بەرامبەر بێت یان بە راستەخۆ لەسەر نووسینی. عادەتەن ئەمەیش لە دەستوری وڵاتە دیموكراتیەكاندا پارێزراوە. 


 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure