مارین لوپن به‌هه‌مان رێبازى دۆناڵد ترامپ-دا ده‌ڕوات

بۆچوون / بیروڕا :: 10/12/2016

سه‌رچاوه‌: ره‌ئیولیه‌وم
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید

زۆربه‌ى شاره‌زایان پێیانوایه‌ ده‌رفه‌تى به‌رده‌م خاتوو مارین لوپن سه‌ركرده‌ى راستڕه‌وى توندڕه‌وى فره‌نسا بۆ گه‌یشتن به‌ خولى دووه‌م و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ى وڵاته‌كه‌ى كه‌ له‌ ئازارى داهاتوودا ئه‌نجامده‌درێت، زۆر فراوانه‌ و تاڕاده‌یه‌ك مسۆگه‌ریشه‌. ته‌نانه‌ت هه‌ندێكیان به‌دوورى نازانن كه‌ كورسیى سه‌رۆكایه‌تییش به‌ده‌سبێنێت له‌ ساى كه‌مبوونه‌وه‌ى جه‌ماوه‌رێتیى سۆسیالیسته‌كان به‌ هۆى دابه‌شبوونى زۆر له‌ ریزه‌كانیاندا. پارته‌ راسته‌ توندڕه‌وه‌كان له‌ گۆڕه‌پانى سیاسیى خۆرئاوادا و له‌ زۆربه‌ى راپرسیه‌كاندا چوونه‌ته‌ پێشه‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ى له‌ بریتانیا روویدا (لایه‌نگرانى چوونه‌ده‌ره‌وه‌ى له‌ یه‌كێتى ئه‌وروپا) و له‌ ئه‌مریكایش (سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ى تره‌مپ). كه‌ ئه‌مه‌ ده‌ڵێین ماناى ئه‌وه‌ نییه‌ هه‌ر به‌ ته‌واوى و هه‌موو هه‌ل و ده‌فه‌ته‌كانى به‌رده‌م فرانسوا ڤیون-ى نه‌یارى، له‌ راستڕه‌وى میانڕه‌ودا، نه‌مابن. 
خاتوو لوپن هه‌مان هه‌نگاوه‌كانى دۆناڵد تره‌مپ په‌یڕه‌و ده‌كات بۆ گه‌یشتنى به‌ سه‌رۆكایه‌تى و له‌م چوارچێوه‌یه‌یشدا ته‌ركیز ده‌خاته‌ سه‌ر دۆسیه‌ى كۆچ و كۆچبه‌ران. ئه‌وه‌بوو رۆژى هه‌ینى به‌ لێدوانه‌ (ئیستیفزاز)یه‌كانى لێمان ده‌ركه‌وته‌وه‌ كه‌ بێگومان ده‌چێته‌ خزمه‌تى ریزه‌كانى توندڕه‌وى ئیسلامى و بیانى له‌ به‌ره‌كه‌ى به‌رامبه‌ره‌وه‌.
كاتێك خاتوو لوپن ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ بباته‌وه‌ رێگریى له‌و منداڵانه‌ ده‌كات بچنه‌ قوتابخانه‌ كه‌ دایك و باوكیان مافى نیشته‌جێبوون و مانه‌وه‌یان له‌ فره‌نسا نییه‌ و به‌ڵێن ده‌دات كه‌ دایك و باوكه‌ بیانییه‌ بێكاره‌كان ناچار بكات به‌شداربن له‌ پاره‌دانى خوێندنى منداڵه‌كانیاندا ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌ فه‌رمییش مابنه‌وه‌ و نیشته‌جێ بووبن و جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌كه‌ ئیتر كاتى بڕینى ئه‌و سوودانه‌یه‌ كه‌ كۆچبه‌ره‌ نا یاساییه‌كان له‌ بواره‌كانى ته‌ندروستى و نیشته‌جێبوون و فێركردنى خۆڕایى منداڵه‌كانیاندا وه‌ریده‌گرن، هه‌موو ئه‌مانه‌ وه‌ك (راگه‌یاندنى جه‌نگ) وایه‌ له‌ دژى په‌نابه‌ره‌ بیانییه‌كان و گۆڕین و كردنى مانه‌وه‌ و ژیانیان له‌ فره‌نسا به‌ دۆزه‌خ.
راسته‌ خاتوو نه‌جات بلقاسم وه‌زیرى په‌روه‌رده‌ى فره‌نسا (به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك مه‌غریبى) به‌توندى سه‌ركۆنه‌ى لێدوانه‌كانى لوپن-ى كردوو و به‌ جه‌هلى ناوبرد به‌رامبه‌ر به‌هاكانى كۆمارى فره‌نسى و ئه‌و رێكه‌وتننامه‌ نێوده‌وڵه‌تییانه‌ى كه‌ فرانسا واژۆى له‌سه‌ر كردوون بۆ یه‌كسانى و مافى په‌نابه‌ران له‌ خوێندن و چاودێریى ته‌ندروستیدا. به‌ڵام ئه‌م سه‌ركۆنه‌كردنه‌ ئه‌و حاڵه‌تى نیگه‌رانییه‌ ناسڕێته‌وه‌ كه‌ له‌وانه‌یه‌ ئازار به‌ په‌نابه‌ران بگه‌یه‌نێت، هه‌روه‌ها ئه‌و ئه‌نجامه‌ كاره‌ساتبارانه‌یش كه‌ ره‌نگه‌ له‌ ئاكامى ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ ره‌گه‌زپه‌رستانه‌وه‌ له‌ فره‌نسادا بێنه‌كایه‌وه‌. 
خاتوو لوپن ده‌یه‌وێت شه‌قامه‌كانى فره‌نسا بكاته‌ گۆڕه‌پانى رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ره‌گه‌زپه‌رستانه‌ى خوێناوى و پێشكه‌شكردنى (دیاریى) زۆر به‌نرخ له‌م وه‌رزى جه‌ژنه‌كانى كریسماس-ه‌دا بۆ گرووپه‌ ئیسلامییه‌ توندڕه‌وه‌كانى له‌ نموونه‌ى (ده‌وڵه‌تى ئیسلامى) كه‌ به‌رپرسیارى ته‌قینه‌وه‌ خوێناویه‌ تیرۆریستیه‌كانى ئه‌م دواییه‌ى پاریس و برۆكسیل-ه‌.
فره‌نسا، جیاواز له‌ زۆربه‌ى هاوتاكانى، به‌ به‌هاى شۆڕشه‌كه‌ى جیاده‌كرایه‌وه‌ له‌ دادوه‌رى و یه‌كسانى و رێزگرتنى مافه‌كانى مرۆڤ و دژایه‌تى كردنى ره‌گه‌زپه‌رستى به‌ هه‌موو شێوه‌كانیه‌وه‌، به‌ڵام پێده‌چێت ئه‌م به‌هایانه‌ ده‌ستیانكردبێت به‌ پاشه‌كشه‌ و كه‌مبوونه‌وه‌ له‌ نێو هه‌ندێك له‌ ده‌سته‌بژێره‌كان و له‌ سایه‌ى ململانێ و كێبڕكێى پارته‌كانیدا بۆ گه‌یشتن به‌ ده‌سه‌ڵات.
سیاسه‌ته‌ ره‌گه‌زپه‌رستانه‌كه‌ى دۆناڵد تره‌مپ دژى كۆچبه‌ره‌ بیانیه‌كان، ئیتر كۆچبه‌رى یاسایى  یاخود نایاسایى بن و به‌تایبه‌ت به‌رامبه‌ر موسڵمانه‌كان، وه‌ك نموونه‌یه‌ك كه‌ راستڕه‌وى توندڕه‌وى ئه‌وروپى چاوى لێبكات بۆ گه‌یشتن به‌ ده‌سه‌ڵات، ئه‌وپه‌ڕى هه‌ڵه‌شه‌یى و گه‌مژانه‌یه‌، چونكه‌ ئێمه‌ گومان ده‌كه‌ین له‌ تواناى تره‌مپ له‌ ده‌سه‌ڵات و پاراستنى ئاساییشى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان  و سه‌قامگیرى و یه‌كێتیه‌كه‌ى ئێستاى ئه‌گه‌ر ئه‌م سیاسه‌تانه‌ى په‌یڕه‌و بكات.
له‌ فره‌نسا زیاد له‌ شه‌ش ملیۆن په‌نابه‌رى به‌ ره‌چه‌ڵه‌ك ئیسلامیى مه‌غریبى هه‌ن و زۆربه‌یشیان ره‌گه‌زنامه‌ى فره‌نسییان هه‌یه‌، جگه‌ له‌مه‌یش فره‌نسا ته‌نیا چه‌ند سه‌د كیلۆمه‌ترێك له‌ كه‌ناراوه‌كانى ده‌ریاى سپیى له‌ مه‌غریبه‌وه‌ دووره‌، ئه‌مانه‌ به‌شێكن له‌و راستیانه‌ى كه‌ ده‌بێت دامه‌زراوه‌ى ده‌سه‌ڵاتى فره‌نسى و هه‌روه‌ها گه‌لى فره‌نسا له‌به‌رچاوى بگرن، له‌م هه‌ڵكشانى به‌ڵێن و سیاسه‌تى راگه‌زپه‌رستییه‌ هه‌ڵچووێنه‌رانه‌دا له‌به‌رامبه‌ر توێژێكى فراوان و گرنگى هاووڵاتیه‌كانیدا كه‌ به‌ڕه‌گه‌ز مه‌غریبی-ن، ئه‌گه‌ر به‌كرده‌وه‌ سه‌قامگیریى و په‌یوه‌ندییه‌كى باشى فره‌نساى ده‌وێت له‌گه‌ڵ دراوسێكانى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستیدا. ئێمه‌ گومانمان له‌وه‌دا نییه‌ كه‌ فره‌نسا ئه‌مه‌ى ده‌وێت و له‌م چوارچێوه‌یه‌یشدا دانایى پێویستى هه‌یه‌. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure