كلتورى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌

بۆچوون / بیروڕا :: 08/12/2016

وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید
له‌چه‌ند رۆژى كه‌مى رابردوودا دوو به‌رپرسى باڵا له‌ ئیتالیا و نیوزله‌نده‌ ده‌ستیان له‌كاركێشایه‌وه‌ به‌هۆكارى جیاواز، یه‌كێكیان سیاسى و ئه‌وى دیكه‌یان كه‌سى. به‌ڵام ئه‌م دوو ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ كتوپڕه‌ى (دوو به‌رپرس كه‌ به‌ سه‌ركه‌وتنێكى گه‌وره‌ى هه‌ڵبژاردن چوونه‌ته‌ ده‌سه‌ڵاته‌وه‌) دوو نیشانه‌ى پرسیارى دروستكرد بۆ ئه‌وكه‌سانه‌ى ئاگایان له‌ واقیعى كاربه‌ده‌ستانى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاسته‌ به‌ شێوه‌یه‌كى گشتى و عێراقیش به‌شێوه‌یه‌كى تایبه‌تى. 


خۆ ئه‌گه‌ر ماتیۆ رینتسى-ى سه‌ره‌ك وه‌زیرانى ئیتالیا ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ى خۆى له‌ پۆستى سه‌ره‌ك وه‌زیران راگه‌یاندبێت دواى كاردانه‌وه‌ى توندى گه‌لى وڵاته‌كه‌ى له‌دژى پلانى راپرسییه‌ك له‌سه‌ر چاكسازیى ده‌ستورى كه‌ بووه‌ هۆى شكستێكى سیاسى له‌به‌رامبه‌ر نه‌یاره‌كه‌ى له‌ راستڕه‌وى توندڕه‌وى ئیتالیا، ئه‌وا جۆن كى-ى سه‌ره‌ك وه‌زیرانى نیوزله‌نده‌ ته‌نیا له‌به‌ر هۆكارى خێزانیى ده‌ستى له‌ پۆسته‌كه‌ى هه‌ڵگرت كه‌ هه‌شت ساڵ بوو به‌ڕێوه‌ى ده‌برد. ئه‌مه‌یش له‌بڕیارێكى چاوه‌ڕواننه‌كراوى سه‌رۆك حكومه‌تێكدا كه‌ جه‌ماوه‌رێكى زۆرى له‌ وڵاته‌كه‌یدا هه‌یه‌. جۆن كى كه‌ له‌هه‌مانكاتدا سه‌رۆكى پارتى نیشتیمانییش بوو، له‌ وته‌یه‌كى كاریگه‌ردا و له‌میانه‌ى كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ى راگه‌یاند و له‌ وته‌یه‌كیدا كه‌ ئاراسته‌ى به‌رپرس و ده‌سه‌ڵاتدارانى كرد وتى"سه‌ركرده‌ باشه‌كان ده‌زانن كه‌ى پێویسته‌ له‌سه‌ریان بڕۆن و ئێستایش ئیتر كاتێكى گونجاوه‌ بۆ من كه‌ ئه‌وكاره‌ بكه‌م". جه‌ختیشى كرده‌وه‌"حه‌ز و ئاره‌زووم بۆ مانه‌وه‌م له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌مدا یه‌كێكه‌ له‌ هۆكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كانى ده‌ستبه‌رداربوونم له‌ پۆسته‌كه‌م".  

ئه‌وه‌ى بڕوانێته‌ مێژووى ده‌سه‌ڵات له‌ عێراق و نیشمانى عه‌ره‌بى و پێیدابچێته‌وه‌، تێبینى ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ وشه‌ى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ له‌ قاموسى سیاسییدا نییه‌ و نایدۆزێته‌وه‌، به‌ڵكو له‌برى ئه‌و، پێچه‌وانه‌كه‌ى ده‌بینێت: وه‌ك نووسان و لكان و درێژه‌دان به‌ پۆسته‌وه‌ و تاكڕه‌وى له‌ بیروڕادا و خۆدزینه‌وه‌ له‌ شكست و راهاتن له‌سه‌ر بڕوبیانووهێنانه‌وه‌ و فڕێدانى تۆپه‌كه‌ بۆ گۆڕه‌پانى نه‌یاره‌ سیاسیه‌كه‌ى. ئه‌مه‌ ئه‌و وشانه‌ن كه‌ میلـله‌ته‌كانیان خستووه‌ته‌ بارێكى نه‌خوازراو و كه‌ڵه‌كه‌بوونى خراپه‌كارییه‌كه‌وه‌ و هه‌میشه‌ و به‌رده‌وام هاووڵاتییى داماو باجه‌كه‌ى ده‌دات. ئه‌گه‌ر ئه‌م عێراقه‌ى خۆمان له‌م ساڵانه‌ى دواییدا وه‌ربگرین و پێكه‌وه‌ بیهێنینه‌وه‌ بیرى خۆمان كه‌ هاووڵاتییان له‌ خۆپیشاندانى تووڕه‌ییدا ده‌رچوون و ناڕه‌ایى توندى خۆیان له‌به‌رامبه‌ر شكستى به‌رپرساندا ده‌ربڕى، هه‌ر بۆ نموونه‌: قه‌یرانه‌كانى كاره‌با بۆ زیاتر له‌ وه‌رزێك و داواكاریى بۆ دابینكردنى شوێنى نیشته‌جێبوون و پارچه‌ زه‌وى و قه‌یرانى كتێبى پرۆگرامه‌كانى خوێندن و دۆسیه‌كانى گه‌نده‌ڵى و لاوازیى به‌ڕێوه‌بردنى ئه‌ركه‌كان به‌تایبه‌ت له‌ وه‌زاره‌ته‌ خزمه‌تگوزاریه‌كاندا و... هیتریش زۆره‌. هه‌ر له‌مكاته‌دا بێده‌نگى و  گوێپێنه‌دانى كاربه‌ده‌ستانیشمان بیردێته‌وه‌ له‌به‌رامبه‌ر تووڕه‌یى خه‌ڵكدا، كه‌ بێده‌نگییه‌كى مایه‌ى نیگه‌رانى و سه‌یره‌ و نه‌بووه‌ته‌ هۆى ته‌نانه‌ت یه‌ك ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌یش كه‌ به‌رپرسێك داواى لێبووردن له‌ گه‌ل بكات له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ى شكستیهێناوه‌ و نه‌یتوانیوه‌ خزمه‌تى بكات و سوارچاكانه‌ ده‌ستبه‌ردارى پۆسته‌كه‌ى ببێت و جێیبهێڵێت بۆ كه‌سانێكى به‌تواناتر.

نه‌بوونى چه‌مكى داننان به‌ هه‌ڵه‌دا و به‌رزڕاگرتنى سوودى تایبه‌ت و كه‌سى و زاڵنه‌كردنى به‌رژه‌وه‌ندیى گه‌ل و خۆهێشتنه‌وه‌ و ده‌ستگرتن به‌ پۆسته‌وه‌، له‌و چه‌مكانه‌ن كه‌ پێویستیان به‌ پێگه‌یشتنێكى سیاسى ته‌واوه‌تى و دانایى هه‌یه‌، ئه‌مانه‌ كلتور و رۆشنبیریى كه‌سى و سروشتى مرۆڤ ده‌یسه‌پێنێت و مانه‌وه‌ له‌و پله‌ و پۆستانه‌دا ره‌تده‌كاته‌وه‌ كه‌ نه‌یتوانیووه‌ سه‌ركه‌وتوانه‌ به‌ڕێوه‌ى ببات. به‌ڵام واقعى سیاسیى ئێمه‌ تا ئه‌و ئاسته‌ پێگه‌یشتوو نییه‌ كه‌ بوارى ئه‌وه‌مان پێبدات تا ئه‌و جۆره‌ كاربه‌ده‌ستانه‌ بێنه‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌وه‌. چونكه‌ نه‌ریت و چه‌مكى سه‌ره‌كیى له‌كارى وه‌زیفیدا نییه‌ و له‌ نێویشیاندا پێداچوونه‌وه‌ى به‌رپرس به‌كاره‌كانى خۆیدا و هه‌ڵسه‌نگاندنى چۆنیه‌تیى به‌ڕێوه‌بردنى و هه‌ستكردن به‌و جه‌ماوه‌ره‌ى كه‌ گه‌یاندوویه‌تیه‌ ئه‌و پۆسته‌. هه‌موو ئه‌مانه‌ وایكردووه‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ وشه‌یه‌كى خه‌یاڵى بێت له‌ سیاسه‌تى ئه‌مڕۆماندا، ته‌نانه‌ت وشه‌یه‌كى نزیك بێت له‌ چیرۆكه‌ خورافیه‌كانى ناو كتێبى هه‌زار و یه‌ك شه‌وه‌.
  سه‌رچاوه‌: ئه‌لسه‌باح

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure