ترەمپ و ئێران، ئاماژەكانی هەڵكشان لە ئاسۆدا كۆدەبنەوە

بۆچوون / بیروڕا :: 08/12/2016

سەرچاوە: ئەلسەفیر
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید
جارێ‌ زووە بۆ ئەوەی لە تێڕوانینەكانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی نوێی ئەمریكا بەرامبەر ئێران تێبگەین، ئەگەرچی لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەكەیدا هێرشی زۆری كردە سەر ئەو رێككەوتننامە (خراپە) ئەتۆمیەی كە ئیدارەی سەرۆكی ماوە تەواوبوو باراك ئۆباما لەگەڵ ئێراندا بەستوویەتی. بۆ سەلماندنی رەوایی، دەبێت تێبینیی ئەوە بكرێت كە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی نێوان شەش وڵاتە گەورەكە و ئێران، لە چوارچێوەی تێڕوانینێكی ئیدارەی ئۆبامادا بوو بۆ رێككەوتننامەكە بەوەی كە بەرژەوەندییە جیاجیاكانی ئەمریكا جێبەجێ‌ دەكات. هەربۆیەیش بەرگریكردنی ئۆباما لە رێككەوتنەكە لە ناوخۆ و لە دەرەوەیش بەرگریكرن بووە لە بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا نەك بەرگریكردن بێت لە ئێران و مافەكانی و تەنانەت لە رێككەوتنە ئەتۆمیەكەیشی. رێككەوتنەكە رێگریی لە ئێران كرد كە بەدرێژایی ماوەی رێككەوتنەكە، واتا بۆ ماوەی پازدە ساڵ، نەبێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی، بە گرەنتی و چاودێریی نێودەوڵەتی. هەروەك رێككەوتنەكە بازاڕی پڕ لەخێر و بەرەكەتی ئێرانی لەبەردەم كۆمپانیا زەبەلاحەكانی ئەمریكادا واڵاكرد، ئەمەیش ئەو ئامانجە بوو كە نەكرا بێتەدی لە ماوەی سزا سەپێنراوەكانی سەر ئێران و ئەو رێوشوێنە پاسەوانییە بازرگانییانەی كە ئێران بۆ رووبەڕووبوونەوەی پیادەی دەكرد. دەكرێت بەكردنەوەی بازاڕەكانی ئێرانیش بەڕووی كۆمپانیا گەورەكانی ئەمریكادا، هاوكێشەی هێزە ئابورییەكان لەناو ئێراندا لە بەرژەوەندیی رەوتی ریفۆرمیستەكان بگۆڕێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی (سوپای پاسداران) و بەمەیش هاوكێشە سیاسیەكانی ناو ئێران قڵپبكاتەوە و بیگۆڕێت. لەگەڵ ئەو سوودانەدا كە لە بەستنی رێككەوتننامە ئەتۆمیەكەی ئێراندا باسكران، دوو ئاماژەی نوێ‌ لە نێوان دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا و ئێراندا دەردەكەون و هەڵدەكشێن، ئەوانیش، یەكەم: تیمی یاریدەدەری ترەمپ و دووەمیش: یاسای سزا تازەكانە كە كۆنگرێس لە دژی ئێران پەسەندی كردووە.

تیمە دژە ئێرانەكەی ترەمپ
تیمی هاوكاری سەرۆكی هەڵبژێردراو هەمان ئاراستە و ئاماژە سیاسیەكانی قۆناغی داهاتوو رادەگەیەنن. ئەوەتا  مایك بۆمبیۆ بۆ سەرۆكی ئاژانشی هەواڵگری ناوەندی ئەمریكا دادەنرێت كە بەوەناسراوە دژی رێككەوتنە ئەتۆمیەكەیە لەگەڵ ئێران، ئەمەیش ئاماژەیەكە بۆ دەركەوتنی ئەو هەڵكشانەی كە لە ئاسۆدا كۆدەبێتەوە. هەروەها دیاریكردنی مایكڵ فلین وەك راوێژكاری ئاساییشی نەتەوەیی كە ئەمیش دژی ئێرانە، دەكرێت بە هەمانشێوە ئاماژەیەكی دیكەی هەڵكشانەكە بێت. هەروەها جێمس ماتیس كە كاندیدی پۆستی وەزیری بەرگرییە و لەو باوەڕەدایە كە ئێران رێكخراوی داعش-ی تیرۆریست دەقۆزێتەوە بۆ فراوانكردنی نفوزی خۆی، ئەمەیشیان هەر ئاماژەی هەمان هەڵكشانە. هەرسێ‌ كاندیدەكەی وەزارەتی دەرەوە (رۆدی جۆلیانی و جۆن بۆڵتن و میت رۆمنی)یش بەهەمانشێوە دژی ئێرانن. هەموو ئەمانە ئەوە دەگەیەنن كە تیمی یاریدەدەری ترەمپ لە دۆسیەكانی ئاساییش و بەرگری و سیاسەتی دەرەكیدا، دژی ئێران و سیاسەتەكانی ئێرانن. 

فراوانكردنەوەی سزا ئەمریكیەكانی سەر ئێران
ئاماژەی دووەمی رووبەڕووبوونەكە، پەسەندكردنی پرۆژە یاسای فراوانكردنەوەی سزا ئەمریكیە سەپێنراوەكانی سەر ئێرانە لەلایەن كۆنگرێسی ئەمریكییەوە و پاشان ناردنیەتی بۆ سەرۆك ئۆباما بۆ ئەوەی واژۆی بكات. ئەنجامی دەنگدانەكەیش روون و ئاشكرایە (99 بەرامبەر سفر) بۆ درێژكردنەوەی سزاكانی سەر ئێران بۆ ماوەی دە ساڵی داهاتوو، كە سزا بانقیەكان و سزاكانی سەر كەرتی وزە و كاروباری بەرگرییش دەگرێتەوە. چاوەڕوان دەكرێت خودی ئۆبامایش پرۆژە یاساكە واژۆ بكات و پەنا نەباتەبەر بەكارهێنانی (ڤیتۆ) ئەمەیش بەڕەچاوكردنی ئەنجامی دەنگدانەكە كە روون و یەكلاكەرەوە بوو. پێشتریش یاساداڕێژەرە ئەمریكیەكان وایاندانابوو كە فراوانكردنەوەی سزاكان چەند كارتێكی دیكە دەخاتە دەستی ئیدارەی ئەمریكاوە و لە هەمانكاتدا پێشێلكردنی رێككەوتننامە ئەتۆمییەكەیش نابێت. 
لەبەرامبەردا، هاندانە ئابورییەكە كە خۆی لە هەڵگرتنی سزا ئابورییەكانی سەر ئێراندا دەبینێتەوە، هێزێكی پاڵنەر و هاندەری سەرەكیی تاران دەبێت بۆ ئەوەی هەنگاوێك بەرەو رێككەوتننامەكە بهاوێت. ئێستایش فراوانكردنەوەی گەمارۆكانی سەر ئێران سەرەڕای واژۆكردنی رێككەوتننامەكە، لە تێڕوانینی تاراندا مانای ئەوە دەگەیەنێت كە واشنتۆن فێڵ دەكات و ئەوەی لەسەر مێزەكەیە دەیكێشێتەوە بەهۆكارێكی داهاتووی ئەوەی كە لە قۆناغەكانی پێشوودا دانوستانی لەسەركراوە. 
رەنگە بەڕووكەش مەسەلەكە ئاسان بێت، چونكە سەرۆكی ئەمریكا دەسەڵاتی پێویستی هەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتننامەكە، بەڵام بە قووڵبوونەوە بۆ مەسەلەكان دەردەكەوێت كە گەلێك ئاڵۆزە. رێككەوتنەكە تەنیا رێككەوتنێكی ئەمریكی- ئێرانی نییە و بەس، بەڵكو رێككەوتنێكی نێودەوڵەتیی فرەلایەنە و لەسەرووی هەموو ئەمانەیشەوە بڕیارێكی ئەنجومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتیی بۆ دەركراوە. با وایدانێین كە ترەمپ رێككەوتننامەكە هەڵدەوەشێنێتەوە، بەڵام رێككەوتننامەكە وەك خۆی دەمێنێتەوە و هەر پێنج دەوڵەتەكەی تر (روسیا و چین و ئەڵمانیا و فرەنسا و بریتانیا) پێوەی پابەند دەبن. هەروەها بەهۆی ئەوەی كە رێككەوتنەكە شێوەیەكی نێودەوڵەتیی وەرگرتووە بۆیە مەسەلەكە تەنیا لە پەیوەندییەكانی نێوان واشنتۆن و تاران-دا كورتناببێتەوە بەڵكو پەلدەهاوێت بۆ پەیوەندییەكانی ئەمریكا لەگەڵ مۆسكۆ و پەكین و بەرلین و پاریس و لەندەن. 

لەسەرووی هەموو ئەمانەیشەوە هەندێك بەرژەوەندیی ناوخۆی ئابوریی ئەمریكا هەن كە لەگەڵ رێككەوتن لەگەڵ ئێراندا دێنەوە بۆ چنینەوەی لایەنە باشەكانی رێككەوتنەكە. بەڵام ئەگەر واماندانا كە سەرەڕای هەموو ئەمانەیش ترەمپ یەكلایەنە هەنگاوینا و رێككەوتنە ئەتۆمیەكەی لەگەڵ ئێراندا بەتاكلایەنی هەڵوەشاندەوە، بەمە یەكسەر دەرگای ئەم پرسیارە دەكرێتەوە: ئەمریكا چۆن بتوانێت رێگە لە ئێران بگرێت بۆ ئەوەی پەرە بە بەرنامە ئەتۆمیەكەی نەدات و پێشینەخات؟ وەڵامەكە ئەوەیە كە رەنگە زیاد لە رێگەیەك هەبێت بۆ ئەوەی ئەم كارە بكات: جەنگی راستەخۆی دژی ئێران بە هیچ جۆرێك بژاردەیەكی مەحاڵ یان تەنانەت دووریش نییە، بەڵام رێگریكردن لە چنینەوەی بەروبوومی رێككەوتننامەكە لەڕووی ئیقلیمییەوە و تەسككردنەوەی بازنەی گەمارۆدانی ئابوریی ئێران و هەتا دەگاتە سەر تێكدانی بارە ناوخۆییەكەیشی، لەو كارانەن كە لە سەردەمی ترەمپ-دا چاوەڕوانكراون.
بەكورتی
جارێ‌ زووە پێشبینی چۆنیەتیی پەیوەندییەكانی ئێران و ئەمریكا و رێككەوتننامە ئەتۆمیە ئێرانیەكە لەگەڵ شەش دەوڵەتە گەورەكەدا بكەین كە لە چەند رۆژی كەمی داهاتوودا چییان بەسەردێت. بەڵام ئەو ماوەیەی كە لە ئێستاوە دەستپێدەكات تا ئەو كاتەی دۆناڵد ترەمپ لە بیست و دووی یەكەم مانگی ساڵی نوێدا جلەوی دەسەڵات وەردەگرێت، كاتێكی لەبارە بۆ هەر لایەك كە چاودێریی تەواوبوونی تیمە سەرۆكایەتیەكە بكات. ئەوەی دەكرێت لە ئێستادا كورتی بكەینەوە، ئاماژەگەلی هەڵكشانی بارودۆخەكەیە كە لە ئاسۆدا كۆدەبنەوە.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure