ئایا دۆناڵد ترەمپ دەتوانێت بەڵێنەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست جێبەجێ بکات

بۆچوون / بیروڕا :: 06/12/2016


نووسینی: ئارۆن دیڤد میلەر و ریچەرد سۆکۆسکی
وەرگێڕان: د. شێركۆ عەبدوڵـڵا
به‌شى دووه‌م و كۆتایى:
 ڕێی تێناچێت حکومەتی ترەمپ هەرگیز بە شێوەیەکی کاریگەر بەرگریی بکات لە ڕێکكەوتننامە ئه‌تۆمیەکە لە گەڵ ئێراندا، بەڵام زۆر ڕێی تێدەچێت سوود لە لایەنە باشەکانی ئەم ڕێکكەوتننامەیە وەربگیرێت وەک کەرەستەیەکی بەسوود بۆ خۆپاراستن لەوەی زوو بکەوێتە قەیرانەوە چ لەگەڵ هاوپەیماناندا چ لەگەڵ ئێراندا، هەروەکو بەرنامە تەندروستییه‌کەی ئۆباما هەڵوەشاندنەوەی ڕێکكەوتننامە ئەتۆمییه‌کە بەبێ بیرکردنەوە لە زیانەکانی ئەو هەڵوەشاندنەوەیە، بەتایبەت ئەگەر هیچ ئەڵتەرناتیڤێکی دیکەی لە ئارادانەبێت، ڕەنگە لە سەردەمی کۆشکی سپیدا هێندەی کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردن سەرنجڕاکێش نەبێت.

- ئێمە باڵیۆزخانەی ئەمریکا دەگوێزینەوە بۆ پایتەختە هەمیشەییەکەی گەلی جوولەکە، بۆ ئۆرشەلیم.

بەجدی؟ ئەمەیش یەکێکی دیکەیە لەو قسانەی کە زیاتر لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردندا خۆشە نەک لە کاتی حوکمڕانیدا. لە سێ سەرۆکی پێشووتری ویلایەتە یەگرتووه‌کاندا (کیلینتۆن و بۆشی کوڕ و ئۆباما) هەمان بەڵێن و ڕاگەیاندنیان لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا ئاشکراکرد. بەڵام ئەم دوانەیش و سەرۆک ئۆبامایش پێیان باشبوو سازش لەسەر ئەم دروشمە بکەن بۆ ئەوەی هێندەیتر کێشەکانی نێوان عەرەب و ئیسرائیل نەورووژێت. 
گومانی تێدانییە کە سەرۆک ترەمپ-ی تازەهەڵبژێردراو سەلماندوویەتی کە پێشبینینەکراوە و شتی وای وتووە و کردووە کە هیچ کام لە سەرۆکەکانی پێش خۆی ئەنجامیان نەداوە.
بەڵام ئەوەیش ڕاستە کە ترەمپی سەرۆک جیاواز دەبێت لە ترەمپی پاڵێوراو. کاتێکیش دەچێتە کۆشکی سپی بۆیدەردەکەوێت کە گواستنەوەی خێرای باڵیۆزخانەکە- وەک هەڵوەشاندنەوەی خێرای ڕێكکەوتننامەکە لەگەڵ ئێراندا- نە پاساوی هەیە و نە کارێکی ژیرانەیشە.

نیشاندانی پشتیوانی ئیسرائیل چەندین ڕێگەی دیکەی هەیە و پەیوەندییە خراپەکەی نێوان حکومەتی ناتانیاهۆ و حکومەتەکەی ئۆباما بەرەو باشتر دەڕوات. ئیتر بۆچی سەرکێشی بکرێت و مەترسی کاردانەوەیەکی بەهێز لەلایەن عەرەبە فەڵەستینیەکانەوە لەسەرتاسەری ناوچەکەدا بورووژێنرێت و  بیانوویەک بدرێتە دەست جیهادییەکانەوە سەبارەت بە سیمبولێکی ئاینیی وەکو ئۆرشەلیم؟ بۆچی حوکمی پێشوەخت بدرێت و بڕیاری بەپەلە بدرێت و هێندەیتر وتووێژەکانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستینیەکان ئاڵۆزتر بکرێت کە ترەمپ بە ئاشکرا ڕایگەیاند پێیخۆشە ببێتە ناوبژیوان تیایدا؟ لەبەرئەوە باوەڕ ناکەین تەنانەت ڕاوێژکارە هەرە توندڕەوەکانی ترەمپ لە بواری سیاسەتی دەرەوەدا ئامۆژگاریی ئەوەى نەکەن کە پەلە نەکات لەو مەسەلەیەدا و هەموو لایەنەکان لێکبداتەوە پێش گواستنەوەی باڵیۆزخانەکە بۆ ئۆرشەلیم.

•زۆرکەس پێمدەڵێت مەحاڵە ئاشتی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بێتەدی. من پێتان دەڵێم بۆچی دەتوانم ئەو ئاشتیە بهێنمەدی.

سەیرەکە لەوەدایە کە لەکاتی هەڵمەتی هەڵبژاردن و تەنانەت پاش هەڵبژاردنیش، سەرۆکی هەڵبژێراو خۆبەخشانە چەند جارێک ڕایگەیاندووە کە زۆریپێخۆشە مەسەلەی ئیسرائیل-فەڵەستین بگرێتەدەست و هەموو تواناکانی خۆی و زاواکەی (جارید کوشنەر) دەرخستووە. بە ئاشکرا ئەم مەسەلەیە جێگەی سەرنجی ترەمپە. 

گشت سەرۆکە هاوچەرخەکان لە بایەخی ئاشتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست تێگەیشتوون، بەڵام هیچیان ئاوا بە ئاشکرا و بە متمانە بەخۆبونەوە نەیان گوتووە دەتوانن ئەم ناکۆکیە مێژووییە چارەسەر بکەن.

لەناو هەموو بەڵێنەکانی ترەمپ-دا کە پەیوەندییان بە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستەوە هەیە، تەنیا ئەم مەسەلەیەیان خەیاڵێیکی سیحراوی لەگەڵدایە. ئەگەر لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی شکستخواردوودا مەسەلەیەک هەبێت کە هێشتا پێنەگەیشتبێت، بەدڵنیاییەوە پرۆسەی ئاشتی ئیسرائیل-فەڵەستینە، ئەو مەسەلە سەرەکیەی کە ڕێگرە لە بەرەوپێشچوونی پرۆسەکە سەبارەت بە چارەسەری دروستکردنی دوو دەوڵەت- کە ڕەنگە مەعقوڵترین ڕێگاچارەبێت- لەوەدا نییە کە سەرکردەکانی ویلایەتە یه‌کگرتووه‌کان ناچنە ناو ئەو بابەتەوە یاخود ئەو وەفدەی تر لێهاتوونین. بەڵکو هۆکارە سەرەکیەکە لەو ڕاستیەدایە کە نە حکومەتی ئیسرائیل و نە دەسەڵاتدارانی فه‌ڵەستین ئارەزوومەندن یان توانای ڕاگەیاندنی بڕیاری گرنگیان هەبێت لەسەر مەسەلە سەرەکیەکان کە بریتین لە مەسەلەکانی ئۆرشەلیم و سەرزەمینی فەڵەستینیەکان و کێشەی ئاوارەکان، كه‌ رێككه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌م سێ بابه‌ته‌ رۆڵى گرنگى ده‌بێت له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ى بۆشاییه‌كاندا. دیاره‌ جیهانى عه‌ره‌بیى ئه‌مڕۆیش كه‌ كه‌وتووه‌ته‌ ژێر هه‌ڕه‌شه‌كانى گروپه‌ تیرۆریسته‌كان و دوژمنایه‌تیى مه‌زهه‌بى و سه‌رهه‌ڵدانى ئێران و كۆمه‌ڵێك ده‌وڵه‌تى شكستخواردوو، ناتوانێت ژینگه‌یه‌كى له‌باربێت بۆ بڕیاردان له‌ مه‌سه‌له‌یه‌كى هه‌ستیارى وه‌كو درووستكردنى دوو ده‌وڵه‌ت بۆ ئیسرائیل و بۆ فه‌له‌ستینیه‌كان. نه‌بوونى هۆكارى ئاشكرا كه‌ ئیسرائیلیه‌كان و فه‌له‌ستینیه‌كان و ده‌وڵه‌ته‌ عه‌ره‌بییه‌كان ناچار بكات هه‌ڵوێستیان بگۆڕن و سه‌ركێشیه‌كه‌ قبووڵ بكه‌ن، ئاماژه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى كه‌ بوارێكى زۆر كه‌م هه‌یه‌ تا تره‌مپ به‌ڕاستى بیه‌وێت یان بتوانێت ئه‌و كاره‌ به‌ ئه‌نجام بگه‌یه‌نێت و ئاشتیى به‌رقه‌رار بكات له‌ نێوان فه‌له‌ستینیه‌كان و ئیسرائیلیه‌كاندا.

سه‌رۆكى هه‌ڵبژێردراو ئێستا بۆیده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ سه‌رده‌مى كه‌مپینكردن وه‌كو سه‌رده‌مى حوكمكردن نییه‌. ئێمه‌ لایه‌نى پراكماتیكیمان له‌ هه‌ڵوێست و بڕیاره‌كانیدا بینى له‌ زۆر بوارى وه‌ك گۆڕینى ئاو و هه‌وا ولێكۆڵینه‌وه‌ له‌ هیلارى كلینتۆن.

ترامپ بۆیده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ته‌رجه‌مه‌كردنى به‌ڵێنه‌كانى سه‌باره‌ت به‌ خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست له‌ كاتى هه‌ڵبژاردندا بۆ سیاسه‌تى داڕێژراو، كارێكى قورسه‌. هه‌روه‌ها وه‌كو سه‌رۆكه‌كانى پێش خۆى بۆى ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ ناوچه‌یه‌كدا چه‌قیوه‌ كه‌ پڕه‌ له‌ ئه‌ركى مه‌حاڵ و رێگاى دوور و درێژ و بڕیارى خراپ. ره‌نگه‌ بۆى ده‌ربكه‌وێت كه‌ ناچارده‌بێت درێژه‌ بدات به‌ سیاسه‌ته‌كانى باراك ئۆباما له‌ خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا. له‌ڕاستیدا سه‌ختترین ئایرۆنیى ئه‌وه‌ده‌بێت كه‌ ناچاربێت سیاسه‌تێك له‌ خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا به‌رپابكات كه‌ له‌ هه‌ڵمه‌ته‌كانیدا ره‌خنه‌ى لێ گرتبوو.

 سەرچاوە: ڕیێڵ کلێرۆڕڵد

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure