ئەردۆغان و زنجیرەی هەڵە بەردەوامەكانی

بۆچوون / بیروڕا :: 06/12/2016

سەرچاوە: ئەلحەیات
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید


رەجەب تەیب ئەردۆغان بەردەوامە لەسەر كودەتا دژەكانی بەسەر دیموكراسیدا لە توركیا. لەوكاتەوەی هەوڵی كودەتا شكستخواردووەكەی تەموزی رابردوو دراوە، كەوتووەتە جەنگی دژی كوردەكانی وڵاتەكەی خۆی و 125 هەزار توركی لە كارەكانیان دەركردووە و نزیكەی 40 هەزار كەسی دەستگیركردووە كە رێكخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی دەڵێت دەستگیركراوەكان لێیاندراوە و ئازار و ئەشكەنجەدراون و تەنانەت دەستدرێژیشیان كراوەتەسەر. 
پێش چەند رۆژێك پارلەمانی ئەوروپا كاردانەوەی خۆی لەسەر خراپبوونی بارودۆخی توركیا دەربڕی و دانوستانەكانی تایبەت بە چوونەڕیزی توركیا بۆ ناو یەكێتی ئەوروپای هەڵپەسارد. سەرۆك ئەردۆغان-یش وەڵامی دایەوە و هەڕەشەی ئەوەی كرد كە هەموو رۆژێك سێ‌ هەزار كۆچبەر رەوانەی یۆنان دەكات. هەڵوێستی ئەردۆغان سیاسییانە نییە بەڵكو ئیبتیزازانەیە، ئەمەیش ئەوە دەگەیەنێت ئەو دەوڵەتانەی كە توركیایان لە ریزی یەكێتیەكەیاندا ناوێت ڤیتۆ لە دژی چوونەڕیزیەوە بەكاردێنن. پێشتر ئەنگێلا مێركڵ-ی راوێژكار رێككەوتنێكی لەگەڵ ئەردۆغان-دا كردووە بۆ گێڕانەوەی ژمارەیەكی زۆری پەنابەران لەبەرامبەر یارمەتیدانی توركیا بە ملیارەها دۆلار،  ئێستا دۆخەكە گەیشتووەتە ئەو ئاستەی كە توركیا دەرفەتی لابردنی ڤیزەی هاووڵاتیەكانی لەدەستدا بۆ چوونیان بەرەو وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا. 
توركیا زیاتر لە خولێكی دانوستانەكانی لە كیسچووە، چونكە دوای گەیشتنی پارتی داد و گەشەپێدان بە دەسەڵات لە ساڵی 2001 دا، تێكڕای گەشەی ئابوریی رێژەیەكی زیاد 6%ی هەتا ساڵی 2008 تۆماركردووە، بەڵام ساڵی 2008 هات بە قەیرانە ئابورییە جیهانیەكەیەوە، ئاستی  گەشەی بۆ نزیكەی 3% دابەزاند. ئەمانەیش هاوكات بوون لەگەڵ هەڵمەتەكانی سەرۆكی توركیا بۆ سەر ئەو كۆمپانیایانەی كە بەلای خۆیەوە سەر بە ئەو نین و ئەوەبوو دەستیگرت بەسەر زیاتر لە دە ملیار دۆلاری كاری ئەو كۆمپانیایانەدا. رۆژنامەی (ئەلسەباح) ی سەر بەحكومەت كۆمپانیایەكی (كە ناوی نەهێنا) بەوە تۆمەتبار كرد دژی حكومەتە و پشكەكانی كۆمپانیای یەڵدیز-ی برد بە ناخی زەویدا كە گەورەترین كۆمپانیای خۆراكە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا. هەروەهای لیرەی توركییشی لەبەرامبەر دۆلار و لە پێنج مانگی رابردوودا دابەزاند بە نزیكەی 3 بۆ 3,4 دۆلار.
لەوەدەچێت ئەم مەسەلە ئابورییانە كە كاریگەریی لەسەر هەموو هاووڵاتیانی توركیا هەیە، بەلای ئەردۆغانەوە جێی بایەخ نەبێت و لەمانە گرنگتر بەردەوامی و درێژەپێدانی بێت بە داواكاریەكەی بۆ رادەستكردنەوەی بانگخوار فەتحوڵـڵا گولەن كە لە ویلایەتە یەكگرتووەكان دادەنیشێت و تۆمەتبارە بەوەی لەپشت هەوڵی كودەتاكەوەیە بێ‌ ئەوەی هیچ بەڵگەیەكی ئەو تۆمەتە هەبێت.
خوێندمەوە كە رەنگە گولەن داوای پەنابەێتیی سیاسی لە كەنەدا بكات، ئەمەیش مانای وایە پەیوەندییەكانی نێوان كەنەدا و ویلایەتە یەكگرتووەكان و هەروەها پەیوەندییەكانی كەنەدا و توركیایش ئاڵۆز دەكات. لەوەدەچێت ئەردۆغان لەو بڕوایەدا بێت كە هاوپەیمانێكی بۆ پەیدادەبێت كاتێك دۆناڵد ترەمپ دەچێتە كۆشكی سییەوە چونكە ئەوەبوو لایەنگرانی سەرۆكی توركیا پێشوازییان لە سەركەوتنەكەی كرد لەبەر ئەوەی هیلاری كلینتۆن وتویەتی كوردەكانی سوریا پڕچەك دەكات. لەوباوەڕەدام ئومێدەكەی ئەردۆغان بە ترەمپ بە با دەچێت چونكە سەرۆكی داهاتووی ئەمریكا پیاوێكی بزنسمانە و زۆر لە بابەت و بوارەكانی دیكە تێناگات، لە ناویشیاندا سیاسەتی دەرەكی. ترەمپ ئەگەر تەماشای توركیا بكات تێدەگات كە وەبەرهێنان لە ئابورییەكەیدا پاشەكشەی كردووە و هۆكاری ئەو كوڵان و هەڵچوونەی ئەم دواییەی ئابورییەكەیشی بەكارهێنان بووە نەك بەرهەمهێنان كە لە ساڵی 2007 وە رێژەكەی 30% وە بەرزبووەتەوە بۆ 80% لە ئێستادا. جگە لەمانەیش دامەزراوە ئابورییەكانی توركیا پاشەكشەیان كردووە، چونكە دوای هەڵمەتی شەفافیەت و لێپرسینەوە و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، دڵسۆزی و لایەنگیری بۆ ئەردۆغان بووتە تاقە رەگەزی پێویست لە بنەماكانی ئابوریی توركیادا.
لە ناو ئەم هەموو كێشە راستەقینانەدا ئەردۆغان چی دەكات؟ هێشتا لە دژی كوردەكانی توركیا دەجەنگێت، ئەوەبوو 11 پارلەمانتاری پارتی دیموكراتی گەلان-ی لایەنگری كوردی دەستگیركرد بەبێ‌ هەبوونی تەنانەت یەك بەڵگەیش لەسەر (تاوانی) هیچكامێكیان. هەروەها رەشبگیرییەكان لە ناوچە كوردیەكانی خۆرهەڵاتی توركیا بەردەوامی پێدەدات و ئەندامانی پارتی كرێكارانی كوردستانی قەدەغەكراویش بە كردەوەی تیرۆریستی وەڵام دەداتەوە.
لە هەموو ئەمانەیش گرنگتر ئەوەبوو كە ئەردۆغان لە وتەكەیدا لە ئەستانبوڵ پێش چەند رۆژێك لەمەوبەر وتی سوپاكەی چووەتە ناو سوریاوە بۆ ئەوەی لەگەڵ سوپای سوریای ئازاد-دا بەشار ئەسەد بڕوخێنێت. ئەوەیشی وت كە یەك ملیۆن سوری لە جەنگی ناوخۆدا كوژراون، ئەمە لەكاتێكدا كە خودی سەرچاوەكانی ئۆپۆزیسیۆنی سوریا ژمارەیەكی قوربانییەكانی رانەگەیاندووە كە لە نیو ملیۆن كەس تێپەڕی بێت. ئاخۆ سبەینێ‌ ئەردۆغان چی دەكات؟ لەوبڕوایەدام هەڵەیەكی تر دەكات.


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە