فیدراڵی چارەسەرێكی سەركەوتوانەیە

بۆچوون / بیروڕا :: 04/12/2016

سەرچاوە: ئەلسەباح ئەلجەدید
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید


هەرچەندە فیدراڵی بژاردەیەكی سەرەتایی باش نییە لە دامەزراندنی دەوڵەتەكاندا، بەڵام پێدەچێت چارەسەرێكی سەركەوتوانەی ناچاریی بێت بۆ دەوڵەتێك كە لەلایەك نەتوانێت پارێزگاریی لە یەكێتیی تێكەڵاوی و پێكەوەبوونێكی سادە بكات و لەلایەكی تریشەوە پێكهاتە كۆمەڵایەتیەكانی نەیانەوێت ملوانكەی دەوڵەتەكەیان بپچڕێتەوە. لەوەدەچێت دەوڵەتی عێراق گەیشتبێتە ئەم دووڕیانە سیاسیە و كەوتبێتە نێوان دابەشبوون و فیدراڵیزمەبوونەوە.  
لەم گۆشەنیگایەوە بژاردەی فیدراڵی دەبێتە چارەسەرێكی ژیرانە كە شیاوی گفتوگۆ لەسەركردن بێت لە چوارچێوەی دیالۆگێكی فراوانی نیشتمانی لە دوای قۆناغی داعشدا.
پێیشدەچێت راپرسیەكەی بریتانیا بۆ دەرچوونی لە یەكێتی ئەوروپا، ئەنجامدانی راپرسیی لە هەرێمی كوردستان كارا و خێرا بكات و تەنانەت لە دەرەوەیشی. هەبوونی ئاماژەگەلێكی خراپ دەربارەی عێراق لای كەس شاراوە نییە و رەنگە پێویستی بە راپرسییەك بێت وەك دەرچەیەكی كێشەكانی پێكهاتەكانی عێراق، لەوانەیش: 

1-پێكهاتە كۆمەڵایەتیەكانی عێراق بەخێرایی بەرەو لێكدووركەوتنەوە دەچن بەهۆی سیاسەتی هەڵە و حساباتی ئابورییەوە.
2-لەهەمانكاتدا هێشتا هێزە سیاسییە چالاك و كاراكان لەژێر كاریگەریی عەقڵیەتێكی تۆڵەسەندنەوەدان كە جیاوازی و ناكۆكیی پەرەپێدەدات و لە یەكێتی و پێكەوەیی دووردەكەوێتەوە. لەبەر ئەمە ناكرێت وەك نموونەكەی كۆلۆمبیا بێت كە پرۆژەیەكی ئاشتەوایی نیشتمانیی هێنایەئاراوە و سنووری دانا بۆ مێژوویەكی شەڕ و ململانێی خوێناویی كە زیاتر لە 50 ساڵ درێژەی كێشا. 
3-بارودۆخێكی نێودەوڵەتیی وا هاتووەتە پێشەوە كە بەلای میكانیزمی راپرسیدا شكاوەتەوە وەك ئامڕازێك بۆ لێكترازاندنی پەیوەندییەكانی نێوان پێكهاتە ناكۆك و زۆرانبازەكان.
4-ئەوەی ئەم ئاراستە نێودەوڵەتییە پتەوتر دەكات ئەوەیە كە پشتی بەستووە بە یەكخستنی ئەو پێكهاتانەی لە سەردەمی بریتانیادا لێكجیابوونەوە (ئەڵمانیا وەك نموونە) و هەڵوەشاندنەوەی ئەو وڵاتانەی كە لە سەردەمی بریتانیادا یەكیانگرتەوە (سودان وەك نموونە). لای كەسیش شاراوە نییە كە دەوڵەتی یەكگرتووی عێراق گرنگترین دەستكەوتەكانی سەردەمی بریتانیا بوو لە سایەی سیستمی جووت جەمسەریدا، هەربۆیە لە سیستمی نوێی جیهانیی تاك جەمسەریدا لە هەموو دەوڵەتێكی دیكە ئامانجگیرتر دەبێت.
5-جگە لەوانەیش، داعش بووە دەروازەیەكی سەرەكی بۆ گەڕان بەدوای پێكهاتەی سوننی-ی دوای داعشدا لە چوارچێوەی هەرێمێكی هاوشێوەی  هەرێمی كوردستان. ئەم بژاردەیەیش لەوەدەچێت لەلایەن شەقامی سوننی و قوڵایی عەرەبی و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و لایەنەكانی دیكەیشەوە پشتیوانیی لێ‌ بكرێت. هەروها خۆی لە بنەمایەكی دەستورییشدا دەبینێتەوە كە قورس و زەحمەتە نكۆڵیی لێ‌ بكرێت.









created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure