ئەردۆغان كۆچبەران دەكاتە قەڵغانی مرۆیی!

بۆچوون / بیروڕا :: 01/12/2016

سەرچاوە: سەباحولجەدید
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید
توركیا پێگەیەكی ستراتیژیی جیاوازی هەیە، چونكە هەڵكەوتەی شوێنەكەی وایە كە پێگەیەكی لە نێوان هەردوو كیشوەری ئاسیا و ئەوروپا داوەتێ‌ بەهۆی بەشێكی بچووكی ئەستانبوڵەوە، هەروەها تەنگەی بۆسفۆر كە لێكیانجیادەكاتەوە، ئەمە لەكاتێكدا كە تەنگەی دەردەنیل-یش بووەتە سنووری باشوریی لە نێوان هەردوو كیشوەرەكەدا. ئەم دوو تەنگەیە پێگە و هەڵكەوتەیەكی ستراتیژیی وایان داوە بە توركیا كە بتوانێت بچێتە پەیمانی ئەتڵەسییەوە بە رەچاوكردنی ئەو بایەخ و گرنگییە زۆرەی كە ئەو دوو تەنگەیە هەیانە لە بواری كەشتیگەلیی سەربازیی و هەروەها پاپۆڕە بازرگانیەكانیشدا، بەتایبەت لە سایەی جەنگی ساردی نێوان خۆرهەڵات و خۆرئاوای سەردەمی رابردوودا.
بەڵام ئەم پێگە ستراتیژە نایابەی توركیا دەرفەتی بە ئەندامبوونی لە یەكێتی ئەوروپا نەداوەتێ‌، ئەمەیش چەندین هۆكاری لەپشتەوەیە لە دید و تێڕوانینی هەندێك لە وڵاتانی ئەوروپادا، بەتایبەت دەوڵەتە كاریگەرەكانی ناو یەكێتیەكە، وەك ئەڵمانیا و فرەنسا. پاساوی ئەمەیش، ناكۆكیی مێژوویی نێوان توركیا و یەكێك لە وڵاتانی ئەوروپایە، ئەو وڵاتەیش یۆنان-ە و پاشخانەكەیشی سەركەوتنی توركیایە لە دابەشكردنی دوورگەی قوبرس-دا. بەڵام هۆكارگەلێكی دیكەیش هەن كە لەم هۆكارە گرنگترن، چونكە توركیا وڵاتێكە بەشی هەرە زۆری هاووڵاتیانەكەی، كە ژمارەیان 75 ملیۆن كەسە، موسڵمانن، خۆ ئەگەر ئەوەبزانین كە پارلەمانی ئەوروپا پێكهاتووە لە نوێنەرانی هەر دەوڵەتێكی ئەندام بەگوێرەی ژمارەی دانیشتوانەكەی و ژمارەی دانیشتوانی توركیایش لە ژمارەی دانیشتوانی هەر وڵاتێكی یەكێتی ئەوروپا زیاترە، ئەمەیش وادەكات كە توركیا زۆرترین كاریگەریی هەبێت لەسەر بڕیارەكانی یەكێتی ئەوروپا. جگەلەمە ترسی ئەوەیش لە ئارادایە كە باكوری توركیا ئابوریی وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا داگیر بكات، بەتایبەت وڵاتە بچكۆلەكان كە سوودمەند بوون لە چوونەڕیزی یەكێتی ئەوروپا بەهۆی دابینكردنی دەستیكار بۆ وڵاتە پیشەسازییە گەورەكانی یەكێتیەكە. 
ئەنگێلا مێركل راوێژكاری ئەڵمانیا كاتێك هۆكارەكانی رەتكردنەوەی توركیای بۆ بەئەندامبوون لە یەكێتی ئەوروپا باس دەكرد، باسی ئەم هۆكارانەی سەرەوەی نەكرد. بەڵكو ئەو وتی هۆكارەكەی بۆ بڕیارەكانی پارلەمانی توركیا دەگەڕێتەوە كە پارێزبەندیی لەسەر پارلەمانتارە كوردەكان هەڵگرتووە، هەروەها دادگاكانیشی بێلایەن نەبوون بە تایبەت لە دوای كودەتا شكستخواردووەكەی ئەم دواییە، هەروەها كۆتوبەندی زۆریشی خستووەتە بەردەم دەزگاكانی راگەیاندن بەتایبەت دوای بڕیاردانی لەسەر داخستنی دامەزراوە گەورە میدیاییەكان، جگە لەوانەیش بڕیارەكەی ئەم دواییەی بە هەڵوەشاندنەوەی راگرتنی سزای ئیعدام كە پێشتر توركیا وەك هەنگاوێكی خۆنزیككردنەوە بۆ ئەندامێتیی لە یەكێتی ئەورپادا، لایبردبوو.
بەڵام بە ئەندامبوونی توركیا لە ریزی یەكێتی ئەوروپادا رەهەندگەلێكی خراپی تازەی هاتەڕێ‌ دوای ئەوەی لەچەند رۆژی رابردوودا پارلەمانی ئەوروپا دەنگیدا لە بەرژەوەندیی هەڵپەساردنی دانوستانەكانی وەرگرتنی توركیا لەیەكێتیەكە. ئەگەرچی دەنگدانەكە ئیلزامی نییە، بەڵام ئەو رێژە زۆرەی دەنگدانەكە نیشانەی ئەوەیە كە زۆربەی وڵاتانی یەكێتیەكە تەنیا دژی ئەوەن لەم بارەیەوە دانوستان لەگەڵ توركیادا بكرێت. لەگەڵ ئەوەیشدا تووڕەیی ئەردۆغان-ی سەرۆكی توركیای تەقاندەوە و رایگەیاند ئەم دەنگدانە هیچ بەها و نرخێكی نییە و ئێستا توركیا ئەوەی بەلاوە گرنگ نییە كە بچێتە ریزی یەكێتیەكەوە و هەڕەشەی ئەوەی كرد كە ئەوروپا لە كۆچبەراندا نقوم دەكات، بەتایبەتی كۆچبەرە سورییەكان. ئەمەیش وایكرد مێركڵ-ی راوێژكاری ئەڵمانیا وەڵامی بداتەوە و پێی بڵێت پێویستە توركیا پابەندی ئەو رێككەوتنە بێت كە لەگەڵ یەكێتی ئەوروپادا هەیەتی دەربارەی  رێكخستنی پرۆسەی كۆچ، ئەو رێككەوتنەی ناوەرۆكەكەی رێگرییە لە كۆچبەران بۆ ئەوەی لە توركیاوە نەچنە یەكێتی ئەوروپاوە. مێركڵ ئەوەیشی راگەیاند كە هەڵوەشاندنەوەی ئەم رێككەوتننامەیە زیان بەهەردوولا دەگەیەنێت، بە یەكێتی و توركیایش وەك یەك!!.
 ئەم هەڵوێستە توندەی ئەردۆغان دژی ئەوروپا و یەكێتیەكەی، بەلای چەندین شرۆڤەكارەوە بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێتەوە، لە پێش هەموویانەوە ئاڕاستە تازەكانی توركیا لە چوارچێوەی چەندین رێككەوتندا بوونەتە هۆی هاتنەئارای چەندین هاوپەیمانێتیی تازە، بەتایبەت دوای ناكۆكییە پەرەسەندووەكانی لەگەڵ ئیدارەی ئۆباما-دا سەبارەت بە مەسەلەی سوریا و بەدیاریكراوییش هەڵوێستەكان لەسەر كورد. هەروەها سەركەوتنی ئەردۆغان لە كردنەوەی لاپەڕەیەكی نوێی جیاواز لەگەڵ روسیای فیدراڵ و گێڕانەوەی پەیوەندییە باشەكانی لەگەڵ ئیسرائیل و دانوستانی جدی بۆ كردنەوەی ئاڵووێری فراوانی بازرگانی لەگەڵ چین-دا. وەك ئەوەی ئەم هاوپەیمانێتیە تازەكراوانە هەڵوێستی توركیای بەهێزكردبێت لەبەرامبەر یەكێتی ئەوروپادا كە هەر لە ساڵی 1963 وە ئەندامێتی توركیا لە ریزەكانی خۆیدا رەتدەكاتەوە.
هەڕەشەی ئەوروپا بە نقومكردنی ئەوروپا بە كۆچبەران، بەلای یەكێتی ئەوروپاوە ئەوپەڕی جدی و مەترسیدارە، چونكە ئەم مەسەلەی كۆچبەرانە لەلایەن توركیاوە دەكرێتە (قەڵغانێك) و بەهۆیەوە دەیەوێت گوشار بخاتە سەر یەكێتیەكە بۆ ئەوەی چاوبخشێنێتەوە بەو هۆكارە جۆراوجۆرانەدا كە بەكاریاندێنێت بۆ رێگریكردن لە ئەندامێتیی توركیا لە ریزەكانیدا. پێشبینی ئەوە ناكرێت ئەردۆغان ئەم بەڵێنەی جێبەجێ بكات و چاوەڕێی ئەوە دەبێت بزانێت چ گوشارێك لەسەر یەكێتی ئەوروپا دروستدەكات تا هەندێك دەستكەوتی دیكەی بداتێ‌، ئەمەیش كارێكە كە پێشتر توركیا رەتیكردووەتەوە ئەگەر لەبەرامبەر هەڵوەشاندنەوەی دانوستانەكانی چوونەڕیزی توركیا بێت لە یەكێتی ئەوروپادا وەك دەوڵەتێكی كارگێڕ، بەڵام ئێستا ئەردۆغان ئەوەی قبووڵە ئەگەر ئەم مەسەلەیە نەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی دانوستانەكان بەڵكو تەنیا هەڵپەساردنێكی كاتیی بێت تا ئەو كاتەی دەرفەتێكی گونجاوتر دێتەپێشەوە بۆ دەستپێكردنەوەی دانوستانەكانی دۆسیەی چوونی توركیا بۆ ریزی یەكێتی ئەوروپا.  
گۆڕەپانەكەی سوریا وەك مەیدانێكی كارتێكراو و كارلێكراو لەسەر ئەم دۆسیەیە دەمێنێتەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی ترەمپ-ی سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا جڵەوی دەسەڵات لە كۆشكی سپی وەردەگرێت، هەروەها جەختكردنەوەی لە سیاسەتی راگەیەنراوی دەربارەی دانوستان لەگەڵ روسیا لە گۆڕەپانی سورییدا، ئەمەیش دەرفەتی باشتر بۆ توركیا دەڕەخسێنێت بۆ ئەوەی كاریگەریی هەبێت لەسەر رەوتی رووداوەكانی بارودۆخی ئەم گۆڕەپانە!!. 





created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure