كه‌سێتى له‌ سیناریۆدا

بۆچوون / بیروڕا :: 29/11/2016

وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید
ره‌نگه‌ گرنگترین شتێك كه‌ پێویسته‌ سیناریستى سینه‌مایى پێ بناسرێته‌وه‌، هێزى خه‌یاڵ و به‌كارهێنانى بێت به‌ شێوه‌یه‌كى داهێنه‌رانه‌ى وا كه‌ له‌گه‌ڵ زمانى سینه‌مادا بگونجێت. خه‌یاڵ خۆڕسك و به‌هره‌مه‌ندییه‌ و ده‌یشكرێت پێشبخرێت و په‌روه‌رده‌ بكرێت به‌ راهێنان و به‌كارهێنانى. گه‌ر وانه‌بێت وه‌ك ئه‌و ئاكته‌ره‌ى لێدێت كه‌ تواناى خۆى په‌ره‌پێنادات له‌ڕێى راهێنان و پرۆڤه‌كردن و سوودوه‌رگرتن له‌ ئه‌زموونه‌كانه‌وه‌، بۆیه‌ كاره‌كه‌ى ده‌بێته‌ دووباره‌ و جوینه‌وه‌ و وه‌ڕسكردنى بینه‌ر.

چه‌ند راهێنانێك هه‌ن كه‌ ده‌كرێت به‌ شێوه‌یه‌كى رۆژانه‌ ئه‌نجام بدرێن، وه‌ك ڕامان له‌ سیماى خه‌ڵك و جوڵه‌كانیان، چونكه‌ سیماى هه‌ر كه‌سێك بۆخۆى جوانییه‌كى تایبه‌تى تێدایه‌. زۆرجار بیرۆكه‌یه‌كى به‌هێز له‌ رووداوێكى ئاسایى رۆژانه‌وه‌ یان له‌ ده‌موچاوێكى دیاریكراوه‌وه‌ دێته‌ بوون. شتگه‌لێكى زۆر و ورده‌كاریى بچووك هه‌ن كه‌ ئێمه‌ له‌ سینه‌ماى عه‌ره‌بیدا هیچ بایه‌خێكیان پێناده‌ین. زۆرجار ئه‌و شته‌ بچوكانه‌ ده‌توانن كاریگه‌رییه‌كى گه‌وره‌تریان هه‌بێت له‌چاو وێنه‌گرتنى دیمه‌نێكدا كه‌ تێیدا پشت ده‌به‌سترێت به‌ كارلێكه‌ وێنه‌ییه‌كان یاخود به‌ تێچوونێكى زۆر جێبه‌جێ ده‌كرێت.

سه‌كه‌وتنى فیلمى (الزمن الباقی) یه‌ى ده‌رهێنه‌رى فه‌له‌ستینى ئیلیا سلێمان له‌ چه‌ندین فێستیڤاڵى نێوده‌وڵه‌تى و عه‌ره‌بیدا، ئومێدى ئه‌وه‌مان ده‌داتێ كه‌ ئێمه‌ى عه‌ره‌ب وامانلێهاتووه‌ كه‌سانێكمان هه‌بێت هه‌ست به‌ سیحر و زمانپاراویى سینه‌ما بكات. له‌م فیلمه‌دا ده‌رهێنه‌ر به‌ زیره‌كانه‌ كاریكردووه‌ له‌سه‌ر زۆرێك له‌و شته‌ ساكارانه‌ى كه‌ ئاماژه‌گه‌لى جۆراوجۆریان هه‌یه‌، وه‌ك ئه‌و كرێكاره‌ ساده‌یه‌ى كه‌ ئالووده‌ى مه‌یخواردنه‌وه‌ بووه‌ هه‌ركاتێك ده‌خواته‌وه‌ به‌نزین ده‌كات به‌خۆیدا و هه‌ڕه‌شه‌ى خۆكوشتن ده‌كات، دواتر خۆى ده‌دات به‌ده‌سته‌وه‌ و ده‌چێته‌ ناو نوێنه‌كه‌یه‌وه‌. هه‌ندێك جاریش بیرۆكه‌یه‌كى دیاریكراو دێنێته‌وه‌ كه‌ جۆرێك فه‌نتازیاى له‌گه‌ڵدایه‌. له‌م نموونانه‌ چه‌ندینجار دووباره‌ ده‌بنه‌وه‌ له‌ قۆناغى جیاجیاى مێژوویدا و به‌هاى خه‌ون ده‌مێنێته‌وه‌ و هه‌وڵده‌دات واقیعه‌كه‌ تێپه‌ڕێنێت یان له‌ توندوتیژییه‌كه‌ى كه‌مبكاته‌وه‌.

كاتێك قه‌ناعه‌تى بیرۆكه‌یه‌كت لا گه‌ڵاڵه‌ ده‌بێت، پێویستت به‌ كه‌سه‌كان هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى گوزارشت له‌ بیرۆكه‌كه‌ت بكه‌ن، لێره‌دا پشتبه‌ستنت به‌ ئه‌كته‌رێكى ئه‌ستێره‌ و دروستنه‌كردنى كه‌سێتییه‌كه‌، ئه‌نجامی شكستێكى قورسى لێده‌كه‌وێته‌وه‌. با لێره‌دا نموونه‌یه‌ك بێنینه‌وه‌، فیلمى (مرجان احمد مرجان)ى یوسف معاتى و ده‌رهێنانى عه‌لى ئیدریس، ورده‌كاریى سیناریۆكه‌ى دراوه‌ته‌ عادل ئیمام كه‌ به‌داخه‌وه‌ ئه‌م ئه‌ستێره‌یه‌ یان ئه‌م ئه‌كته‌ره‌ به‌ناوبانگه‌ى دنیاى عه‌ربمان، ده‌ستوه‌رده‌داته‌ هه‌موو ورده‌كاریه‌كانیه‌وه‌، هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاى سینایۆكه‌وه‌ هه‌تا مۆنتاژكردنى دواگرته‌ى فیلمه‌كه‌, ئه‌م فیلمه‌ نه‌ بیرۆكه‌كه‌ى و نه‌ رۆڵبینینه‌كه‌ى عادل ئیمام-ى شتێكى تازه‌یان تێدانییه‌ به‌ڵكو ئه‌و فیلمه‌ كۆنانه‌ى كه‌ تێدا ده‌ركه‌وتووه‌ باشترن له‌چاو فیلم و زنجیره‌ به‌رهه‌مهێنراوه‌كانى ئه‌م دواییه‌ى.

كه‌ ده‌ڵێین كه‌سێتى هه‌ڵگرى بیرۆكه‌كانه‌، ماناى ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ ته‌نیا له‌ڕێى دیالۆگ و رووداوه‌كانه‌وه‌ بیگوازێته‌وه‌. نموونه‌ى كارى سینه‌مایى سه‌رسوڕهێن ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سیحر و شتى ته‌مومژاوى و چاوه‌ڕواننه‌كراوى تێدابێت.  پێشكه‌شكردنى كه‌سێتى له‌ فیلمه‌ عه‌ره‌بیه‌كاندا جیاوازییه‌كى ئه‌وتۆى نییه‌ له‌گه‌ڵ شێوازى شانۆیى، یاخود له‌سه‌ر شێوه‌ى فیلمه‌ پله‌ ده‌یه‌ هندییه‌كانه‌. دروستكردنى كه‌سێتیى سینه‌مایى به‌هۆى هێنانى زۆریى زانیارى و ره‌هه‌نده‌ ده‌روونى و كۆمه‌ڵایه‌تى و فیزیایى و ئه‌وانى دیكه‌وه‌ نابێت، هه‌ندێك جار سه‌ركه‌وتوو ده‌بیت له‌ دروستكردنى كه‌سێتیه‌كى درامیدا به‌ڵام ئه‌و كه‌سێتیه‌ كه‌سێتییه‌كى سینه‌مایى نییه‌ یان به‌ زمانێكى هونه‌ریى سینه‌مایى پێشكه‌ش و نمایشى ناكرێت.

فیلمى the homeless milionaire زیاتر له‌ په‌نجا خه‌ڵاتى نێوده‌وڵه‌تیى چنیوه‌ته‌وه‌، له‌وانه‌ هه‌شتیان ئۆسكارن. كه‌سێتییه‌كانى ئه‌م فیلمه‌ واقیعین به‌ڵام پێشكه‌شكردنه‌كه‌ى راسته‌خۆ نه‌بوو و هه‌ندێك كاروبارى هه‌روا به‌نهێنى و شاراوه‌یى لامان مانه‌وه‌ و به‌دوایدا گه‌ڕاین. مه‌سه‌له‌كه‌ گێڕانه‌وه‌یه‌كى مێژوویى یان كۆمه‌ڵایه‌تیى كه‌سێتیه‌كه‌ نییه‌. ده‌بێت تۆ به‌ رۆح كه‌سێتیه‌كه‌ دروست بكه‌یت نه‌ك ته‌نیا جه‌سته‌یه‌كى فیزیایى یان ره‌گێكى كۆمه‌ڵایه‌تى. له‌ حاڵه‌تێكدا ئه‌گه‌ر بونیات و قوڵاییه‌كه‌ (رۆچوونه‌كه‌) لاواز بوون، ناتوانرێت هیچ بیرۆكه‌یه‌كى به‌هێز بگه‌یه‌نێت. هێز و تواناى كه‌سێتیى به‌وه‌ ناپێورێت كه‌ ئاخۆ چه‌ند جار له‌ فیلمه‌كه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت. كه‌سێتیى واهه‌ن كه‌ به‌شێوه‌یه‌كى سنووردار ده‌رده‌كه‌ون به‌ڵام كاریگه‌رییه‌كه‌ى  زۆر و گه‌وره‌یه‌.

ئه‌وه‌ى له‌ هه‌ر كه‌سێتیه‌كدا گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ قووڵاییه‌كى فه‌لسه‌فى و فیكریى مرۆییانه‌ى هه‌بێت، له‌وه‌یش زیاتر خوڵقاندنى كه‌شێكى میتافیزیكییه‌. له‌ فیلمى Media ى ده‌رهێنه‌رى ئیتالى پیێر پاولۆ پازۆلینى-دا رووداوه‌كه‌ وه‌ك پێكه‌وه‌به‌ستنى نێوان رابردوو و ئێستا، ئه‌فسانه‌ و واقیع وایه‌، ئه‌م فیلمه‌ ته‌نیا گێڕانه‌وه‌یه‌ك یاخود وێنه‌گرتنى ئه‌فسانه‌یه‌كى یۆنانى نییه‌، به‌ڵكو خوێندنه‌وه‌یه‌كى پڕ له‌ نیگه‌رانى و راڕاییه‌ بۆ ئێستا و داهاتوو. كه‌سێتیى پیاوه‌ئه‌سپینه‌ ئه‌فسانه‌ییه‌كه‌، بیرۆكه‌ى ده‌رهێنه‌ره‌كه‌ى تێدایه‌ و قسه‌ى ده‌رباره‌ ده‌كات و دیالۆگێك ده‌كاته‌وه‌ به‌ ئاسۆیه‌كى بێسنووره‌وه‌، كه‌سێتیى جازۆن ئاماژه‌یه‌كه‌ بۆ واقیعى مادیى میكاڤیلـلى, كه‌سێتیى میدیا ئاماژه‌ى رۆحانیه‌ت و پیرۆزیى رابردووى كشتوكاڵى و سه‌ره‌تاییه‌, فیلمه‌كه‌ فه‌زایه‌كه‌ بۆ ئه‌م كه‌سێتیانه‌ هه‌تا گوزارشت له‌ راڕایى رۆحى و مرۆییانه‌یان بكات. پازۆلینى هیچى له‌ ئه‌فسانه‌كه‌ هه‌ڵنه‌بژاردووه‌ ته‌نیا ئه‌وانه‌ى نه‌بێت كه‌ خزمه‌تى بیرۆكه‌كه‌ى ده‌كات، ئیتر به‌وپه‌ڕى ئازادیى خۆیه‌وه‌ كارى تێداكردووه‌ و ئاماژه‌كانیى به‌كارهێناوه‌ نه‌ك گێڕانه‌وه‌یه‌كى حیكایه‌تئامێزانه‌. دیالۆگى ناو فیلمه‌كه‌ كورت و ساكارن به‌ڵام گوزارشتكار و مانادار و سروشبه‌خشن. جووڵه‌ و گوزارشته‌كانى رووخسار و ده‌موچاو رۆڵى كارایان هه‌بوو له‌ دروستكردنى جۆرێك له‌ ترس و تۆقاندن لاى بینه‌ر.

بونیادى ته‌قلیدیى كه‌سێتیه‌كان و ته‌ركیزكردنه‌ سه‌ر رووى ده‌ره‌وه‌ به‌بێ وێنه‌گرتنى دیوى ناوه‌وه‌ و رۆح، به‌رهه‌مێكى داهێنه‌رانه‌ یاخود كارێكى سه‌ركه‌وتووى سینه‌مایى دروست ناكات. ئه‌وه‌ى ته‌ماشاى فیلمه‌كانى ده‌رهێنه‌رى فره‌نسى ئالان رینیێ، بۆ نموونه‌، بكات، تێده‌گات كه‌ ده‌رهێنه‌ر به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك كارده‌كات بۆ خوڵقاندنى جۆرێك له‌ ناڕوونى و تێكشكاندنى مانا باو و دیاریكراوه‌كان، ئه‌مه‌یش بینه‌ر والێده‌كات رابكات به‌دواى كه‌سێتیه‌كه‌دا تا بیگرێت، به‌ڵام ناتوانێت و له‌ده‌ستى راده‌پسكێت. ئاوا هه‌موو كه‌سێتیه‌كان ده‌بنه‌ جۆرێك له‌ سیحر وه‌ك ئه‌وانه‌ى له‌ فیلمه‌ شیعریه‌كاندا ده‌یاندۆزینه‌وه‌. ئه‌وه‌یش تێده‌گه‌ین كه‌ ده‌رهێنه‌رى سینه‌مایى جێگه‌ى چه‌ندین ئاماژه‌ و بیرۆكه‌ و بیره‌وه‌ریى خۆیى تێداده‌كاته‌وه‌ نه‌ك هه‌ر له‌ رێگه‌ى ته‌نیا كه‌سێتیه‌كه‌وه‌ به‌ڵكو له‌ رێى هه‌موو كه‌سێتیه‌كانى ناو فیلمه‌كه‌یه‌وه‌. كه‌ كه‌سێتیه‌ك دروست ده‌كه‌یت ماناى وایه‌ نابێت سنووربه‌ندى بكه‌یت، چونكه‌ هه‌رچه‌نده‌ كه‌سێتیه‌كه‌ سنووره‌كانى خۆى و شێوازه‌ نه‌ریتی و رووكه‌شیه‌كه‌ى خۆى تێپه‌ڕێنێت، هێز و سیحرێكى زیاترى ده‌داتێ بۆ ئه‌وه‌ى له‌ بیرى بینه‌ردا به‌ جێگیرى بمێنێته‌وه‌ نه‌ك راگوزه‌رێ و تێپه‌ڕێت.
سه‌رچاوه‌: ره‌ئیولیه‌وم

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure