جێندەر باڵانس

بۆچوون / بیروڕا :: 28/11/2016

جێندەر باڵانس
ژنانی حكومەت! 
ئەڤین ئیبراهیم فەتاح
باشی لابردنی وەزارەتی خانمان ئەوەیە پرسی خانمان وەكو هەر پرسێكی دیكەی پەیوەست بە مافەكانی مرۆڤەوە كاری حكومەت نیە بەڵكو كاری گروپەكانی فشارە بۆ حكومەت لەپێناو وەدەستهێنانی ئەو مافانە. خراپی ئەنجومەنی باڵای خانمان(كەلەبری وەزارەتەكە دانراوە) ئەوەیە, ئەنجومەن بریتیە لە كۆمەڵێك نوێنەری حیزبەكان لەسەر بنەمای ئینتیمای حیزبی تەعین كراون, تەنیا لەتەزكەرەیان نوسراوە: ئونسا! خۆشترین شتیشیان ئەوەیە, نەك تەنیا فڕیان بە پرسی خانمانەوە نیە, بەڵكو حیزبەكانی موعارەزەش خۆیان بە پۆستی حكومی خەنی كردوە! بەمەیش دۆسێی مافەكانی ئافرەتان لە نێوان حكومەت و ئۆپۆزسیۆن ریلاكسە. 
كاری ئەم ئەنجومەنە بریتیە لەوەی لە بۆنە جیهانیەكانی ژنان, یان خۆبەخۆ بەیاننامەیەك دەردەكەن تیایدا ئاماژە دەكەن بە دەستكەوتەكانی حكومەت بۆ ئافرەتان, یان كەمێك زیاتر پارەیان بۆ خەرج بكرێت و لەرێورەسمێكی خنجیلانەدا سەرۆكی حكومەت بانگ دەكەن هەمان دەستكەوتە كۆنەكانمان بەچاودا دەداتەوە كە بای مەنجەڵە یاپراخێك روی ئافرەتانی سپی نەكردوە.
جیاوازی خوتبەی ئەمساڵ لەو بۆنەیەدا ئەوە بوو, سەرۆكی حكومەت یەكسانی نێر و مێی لەكوردستان جاڕدا! 
بزاوتی فێمینیست لە جیهاندا لە مافەكانی كرێی كار و دەنگدان و مافی موڵكدارێتی دەستیان بە خەبات كردوە. سەرۆكی حكومەتی ئێمەش وتی: توندوتیژی دژ بەئافرەتان ناوەستێت تاكەلتوری توندوتیژی لەناوماندا مابێت!.
بەمەیش: ئەمڕۆ لەكوردستاندا ژن و پیاو لە بێ موچەیی و بێدەنگیشدا یەكسانن, ئەمە دەستكەوتی حكومەتەو بەشانازیەوە ئەمڕۆ هەمومان یەكسانین و وەكو یەك ژنی حكومەتین!.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure