موراكامى.. ماراسۆنى و دابڕاو

بۆچوون / بیروڕا :: 26/11/2016

سه‌رچاوه‌: ئه‌لمه‌دا
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید

هاروكى موراكامى، خوێنه‌رانى خۆیى بێ ئومێد كرد له‌و فێستیڤاڵه‌ى كه‌ پێش دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌ ئۆكلاند-ى نیوزله‌ندا رێكخرابوو. ئه‌وه‌بوو ژماره‌یه‌كى زۆر له‌و خوێنه‌رانه‌ى كه‌ پێى  سه‌رسامن، هه‌ر له‌ به‌یانییه‌كى زووه‌وه‌ له‌به‌رده‌رگاى هۆڵى ئه‌و خانه‌ى بڵاوكردنه‌وه‌یه‌دا گردبوبوونه‌وه‌ كه‌ كتێبه‌كانى ئه‌ویان چاپ ده‌كرد، به‌و ئومێده‌ى به‌ختى ئه‌وه‌یان هه‌بێت رووبه‌ڕوو بیبینن و وێنه‌یه‌كى یادگاریى له‌گه‌ڵدا بگرن له‌وكاته‌دا كه‌ واژۆیان بۆ ده‌كات له‌سه‌ر كتێبه‌كانى خۆى. گردبوونه‌وه‌كه‌یش بۆ ده‌رچواندنى رۆمانه‌كه‌ى بوو كه‌ ناوى (1084) ه‌، كه‌ به‌شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان هاوناونیشانى رۆمانى (1984) ه‌كه‌ى جۆرج ئۆروێل-ه‌. خه‌ڵكه‌كه‌ گردبوبوونه‌وه‌ بۆ بینینى ئه‌و نووسه‌ره‌ى پێى سه‌رسامبوون، كه‌چى ئه‌و نه‌هاتوو له‌ هۆڵى فرۆشتنى كتێبه‌كه‌دا ده‌رنه‌كه‌وت، چونكه‌ پێشتر كاره‌كانى خۆیى راییكردبوو و شه‌وێك پێشتر نزیكه‌ى دوو سه‌د دانه‌ى له‌ كتێبه‌كه‌ى خۆى واژۆ كردبوو بۆ ئه‌وه‌ى خانه‌ى بڵاوكردنه‌وه‌كه‌ له‌سه‌ر ئه‌و ره‌فه‌یه‌ دایبنێت كه‌ بۆى تایبه‌ت كرابوو، هه‌تا خوێنه‌ره‌كانى بیكڕن، ئیتر بێ ئه‌وه‌ى خۆى بخاته‌ شانۆگه‌ریى ئاهه‌نگى واژۆكردنه‌وه‌. كاتێكیش كه‌ هاروكى چووه‌ سه‌ر ته‌خته‌ى شانۆ بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر كتێبه‌كه‌ى و پرسیارى ئه‌وه‌ى لێكرا كه‌ بۆچى به‌شداریى ئاهه‌نگى واژۆكردنى كتێبه‌كه‌ى نه‌بوو؟ وه‌ڵامیدانه‌وه‌:"نامه‌وێت به‌ گێژى و حۆلى ره‌فتار بكه‌م و  وه‌ك فرۆشیارێكى ده‌ستگێڕ دابنیشم و خه‌ڵكى بێن وێنه‌ى سێلفیم له‌گه‌ڵدا بگرن وه‌ك ئه‌وه‌ى من ئه‌ستێره‌یه‌كى سینه‌مایى بم. ئه‌مه‌ كارى نووسه‌ر نییه‌. پێشتر واژۆم له‌سه‌ر كتێبه‌كان كردووه‌ و  خوێنه‌رانیش ده‌ستیانكه‌وتووه‌ و ته‌واو".

موراكامى به‌لایه‌وه‌ سه‌یره‌ هه‌ندێك نووسه‌ر به‌مجۆره‌ ره‌فتارده‌كه‌ن و ئه‌و مافه‌ ده‌ده‌ن به‌خۆیان كه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ى سه‌نده‌ویچ بفرۆشن به‌دیار كتێبه‌كانیانه‌وه‌ داده‌نیشن:"ئه‌مه‌ كارى نووسه‌ر نییه‌ به‌ڵكو ئه‌ركى خانه‌كانى بڵاوكردنه‌وه‌ و كتێبخانه‌كانى كتێبقرۆشییه‌".

زۆرجار بینیومانه‌ له‌ پێشانگه‌ى كتێبه‌ عه‌ره‌بیه‌كاندا، نووسه‌رگه‌لێكى نه‌ناسراو ئاهه‌نگى واژۆى ساخته‌ رێكده‌خه‌ن و كه‌سیش بایه‌خیان پێنادات. یاخود چه‌ند جار رابه‌رانى پێشه‌نگه‌كان بۆ حاڵى ئه‌و نووسه‌رانه‌ گریاون كه‌ خانه‌كانى بڵاوكردنه‌وه‌ هه‌ڵیانخلیسكاندوونه‌ته‌ ناو ئاهه‌نگى واژۆكردنه‌وه‌ و له‌ سوچێكى پێشانگه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كاندا دانیشتوون و كه‌س نه‌چووه‌ به‌لایاندا، ته‌نیا چه‌ند كه‌سێكى كه‌م كتێبه‌كانیان كڕیوون. 

هاروكى موراكامى نایه‌وێت نووسه‌ر بازاڕگه‌رمیى بۆ فرۆشتنى كتێبه‌كانى په‌یدابكات، له‌گه‌ڵ خه‌ڵكانى نامۆدا تێكه‌ڵ نابێت و  واى به‌چاكتر ده‌زانێت كه‌ وه‌خته‌كه‌ى له‌ جیهانه‌ تایبه‌ته‌كه‌ى خۆیدا به‌سه‌ربه‌رێت له‌ ماڵه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ى و پشیله‌كه‌یدا بمێنێته‌وه‌. ئه‌و به‌ماناى حه‌رفیى رۆماننووسێكى ماراسۆنییه‌. ده‌رباره‌ى خۆى ده‌ڵێت:"من عاشقى راكردنى ماوه‌ دوور و درێژم. ئه‌م جۆره‌ وه‌رزشه‌ دوورم ده‌خاته‌وه‌ و بۆ ماوه‌یه‌كى زۆر دامده‌بڕێت بۆ ئه‌وه‌ى دوور له‌ خه‌ڵكى بیرۆكه‌كانم كۆبكه‌مه‌وه‌. كتێبیشم له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌ركردووه‌ كه‌ وه‌رزشى راكردن چیى پێبه‌خشیوم و چۆن قه‌ره‌بووى ته‌واوى ده‌روونیم ده‌كاته‌وه‌ به‌ دووركه‌وتنه‌وه‌م له‌ كه‌سانى دیكه‌". ئه‌وه‌ى ده‌رباره‌ى ده‌زانرێت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هاوڕێیه‌تى و دۆستایه‌تى له‌گه‌ڵ ئه‌دیباندا ناكات و ناچێته‌ كۆبوونه‌وه‌كانیانه‌وه‌ و ناڕواته‌ چایخانه‌كانیانه‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ى له‌ تۆكیۆ له‌ناو نووسه‌ر و ئه‌دیبه‌ ناوداره‌كاندا باوه‌. له‌برى هه‌موو ئه‌وانه‌، لاى كتێبه‌كانى و پشیله‌كه‌ى ده‌مێنێته‌وه‌ هه‌روه‌ها هاوسه‌ره‌كه‌یشى كه‌ به‌لاى ئه‌وه‌وه‌ یه‌كه‌م خوێنه‌ر و ره‌خنه‌گریه‌تى.    

هاروكى خۆى دانبه‌وه‌داده‌نێت كه‌ به‌رده‌وام له‌ ده‌ستى ئه‌ده‌بى ژاپۆنى رایكردووه‌ و خۆى لێدوورگرتووه‌، چونكه‌ دایك و باوكى، هه‌ردووكیان، مامۆستاى ئه‌ده‌ب بوون و عاده‌ته‌ن منداڵانیش حه‌زده‌كه‌ن جیاواز بن له‌ دایك و باوكیان له‌وه‌دا كه‌ به‌لایانه‌وه‌ باشه‌ هه‌ڵیبژێرن، بۆیه‌ ده‌بوو رقلێبوونه‌وه‌ى خۆى له‌ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ ده‌ربڕێت كه‌ دایك و باوكى بایه‌خیان پێده‌دا و بابداته‌وه‌ به‌لاى خوێندنى ئه‌ده‌بى ئینگلیزى و فره‌نسیدا. رۆژێك به‌ بیریدا دێت كه‌ ده‌ستبكات به‌ نووسین، ئه‌مه‌یش دواى ئه‌وه‌ى چێژى بینى له‌ ته‌ماشاكردنى یارییه‌كى به‌یسبوڵ به‌ده‌م خواردنه‌وه‌یه‌كى له‌سه‌رخۆى شووشه‌یه‌كى بیره‌وه‌. به‌ڵام له‌به‌رده‌م ئه‌و وشه‌ و برۆكه‌یه‌دا دۆشداما كه‌ ده‌بوو هه‌ڵیانبژێرێت: "كۆمه‌ڵێكى زۆر وشه‌ و گوزارشتم لا كه‌ڵه‌كه‌ بوبوو، ئه‌مه‌یش له‌وپه‌ڕى ئاڵۆزیدا بوو و نه‌مده‌زانى چى و كامیان هه‌ڵبژێرم. ده‌ستمكرد به‌ وه‌رگێڕانى هه‌ندێك له‌ وشه‌كان بۆ زمانى ئینگلیزى و پاشان وه‌رمگێڕانه‌وه‌ بۆ زمانى ژاپۆنى". به‌م رێگه‌یه‌ هاروكى توانى ستایلى روون و ساكارى خۆى له‌ نووسینى ئه‌ده‌بیدا بدۆزێته‌وه‌. كاتێكیش پرسیارى ئه‌وه‌ى لێكرا كه‌ چۆن باس له‌خۆى ده‌كات؟. به‌ گاڵته‌پێكردنه‌كه‌ى خۆیه‌وه‌ كه‌ پێیده‌ناسرێته‌وه‌، وتى:"من هۆگرى دۆڕاوه‌كانم". ده‌رباره‌ى په‌یوه‌ندیی به‌تینیشى به‌ پشیله‌وه‌، ده‌ڵێت:"وه‌ك منداڵێكى تاقانه‌ پێگه‌یشتم و گه‌وره‌بووم، نه‌ برام هه‌بوو نه‌ هاوڕێ بێجگه‌ له‌ پشیله‌كه‌م كه‌ یاوه‌رى ته‌نیاییم بووه‌". كاتێكیش خاتوونى به‌ڕێوه‌به‌رى كۆڕه‌كه‌ى، له‌ غافڵگیرییدا، پرسیارى ئه‌وه‌ى لێده‌كات كه‌: ئه‌گه‌ر ئاگرێك به‌ربێته‌ ماڵه‌كه‌ت، یه‌كه‌مجار كامیان ده‌رباز ده‌كه‌یت، هاوسه‌ره‌كه‌ت یان پشیله‌كه‌؟. بێ هیچ دوودڵییه‌ك ده‌ڵێت: "پشیله‌كه‌".

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure