كه‌نداوییه‌كان داواى مانه‌وه‌ى به‌رنامه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌ى ئێران ده‌كه‌ن

بۆچوون / بیروڕا :: 24/11/2016

وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید
سه‌رله‌نوێ به‌رنامه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌ى ئێران دێته‌وه‌ مه‌یدان له‌گه‌ڵ گه‌یشتنى دۆناڵد تره‌مپ بۆ كۆشكى سپى له‌دواى سه‌ركه‌وتنى له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ى ئه‌مدواییه‌ى ئه‌مریكا و هه‌ڕه‌شه‌كانى له‌ كاتى هه‌ڵمه‌ته‌كانى هه‌ڵبژاردندا به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى رێكه‌وتننامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ یاخود لانیكه‌م هه‌مواركردنه‌وه‌ى زۆربه‌ى به‌نده‌كانى.


لۆژیك ده‌ڵێت ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ى تره‌مپ ده‌بێت ئاوێكى سارد بكات به‌ دڵى به‌رپرسه‌كانى كه‌نداوى عه‌ره‌بیدا، به‌ڕه‌چاوكردنى دژایه‌تیى توندیان بۆ ئه‌م رێككه‌وتننامه‌یه‌ و نیگه‌رانیى زۆریان له‌ واژۆكردنى، به‌جۆرێك گه‌یشتنه‌ ته‌لئه‌بیب-یش كه‌ ئه‌ویش به‌هه‌مان شێوه‌ دژى رێككه‌وتنه‌كه‌ بوو، هه‌روه‌ها بیركردنه‌وه‌ له‌وه‌ى كه‌ وه‌ك هاوپه‌یمانێك كارى له‌گه‌ڵ بكه‌ن و ته‌نانه‌ت وه‌ك هاوبه‌شێكیش له‌ جه‌نگى دژ به‌ ئێراندا. به‌ڵام لۆژیك شتێكه‌ و ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر ئه‌رزى واقیع رووده‌دات شتێكى تره‌، دواى ئه‌وه‌ى كه‌ واژۆكردنى رێككه‌وتننامه‌كه‌ له‌ دوو ساڵ نزیكده‌بێته‌وه‌. 

ئه‌میر توركى فه‌یسه‌ڵ سه‌رۆكى پێشووترى ده‌زگاى هه‌واڵگریى سعودیه‌ و پیاوى ئه‌ركه‌ نهێنیه‌كان له‌ حكومه‌تى سعودیه‌دا، وه‌ك دۆسیه‌ى ئاساییكردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندیه‌كان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تى ئیسرائیلى داگیركه‌ردا، هه‌موانى تووشى سه‌رسوڕمانكرد كاتێك له‌ كۆڕێكى له‌نده‌ن قسه‌ى كرد و ناڕه‌زایى خۆى له‌ داواكه‌ى تره‌مپ بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى رێككه‌وتننامه‌كه‌ راگه‌یاند و داوایكرد ته‌ركیز بكرێته‌سه‌ر سنوورداركردنى هه‌ڵوێسته‌ دوژمنكاریه‌كانى ئێران له‌به‌رامبه‌ر ئیسرائیلدا.


زۆركه‌س و له‌ ناویشیاندا ئێمه‌، سه‌رمان له‌م هه‌ڵوێسته‌ى ئه‌میر فه‌یسه‌ڵ سوڕما و واماندانا كه‌ ئه‌مه‌ رایه‌كى خۆیه‌تى یان له‌ باشترین حاڵه‌تدا ته‌نیا گوزارشت له‌ هه‌ڵوێستى حكومه‌تى سعودیه‌ ده‌كات، كه‌چى له‌و كۆڕه‌ى پێش هه‌فته‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ردا كه‌ له‌ ئه‌بوزه‌بى به‌سترا و له‌سه‌ر داواى شێخ عه‌بدوڵـڵا بن زاید وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ بوو و وه‌زیرانى ده‌ره‌وه‌ى زۆربه‌ى وڵاتانى كه‌نداو و ناوچه‌كه‌یش ئاماده‌ى بوون، به‌ته‌واوى پاڵپشتیى راكه‌ى ئه‌میر فه‌یسه‌ڵ و بیرۆكه‌كانى ئه‌ویان كرد و جه‌ختیانكرده‌وه‌ له‌سه‌ر پێویستیى پاراستنى رێككه‌وتننامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ى ئێران و ته‌كیزكردنه‌ سه‌ر سنوورداركردنى ره‌فتارى دوژمنكارانه‌ى، چونكه‌ ئه‌گه‌ر وانه‌بێت ئه‌وا ئێران ده‌بێته‌ خاوه‌نى چه‌كى ئه‌تۆم و دووباره‌ نائارامى و ته‌نانه‌ت له‌وانه‌یه‌ جه‌نگه‌كانیش بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ناوچه‌ى كه‌نداو.

ده‌یڤید ئه‌گناتوس-ى رۆژنامه‌نووس له‌ (واشنتۆن پۆست)ى ئه‌مریكا، كه‌ یه‌كێك بوو له‌ به‌شداربوان و ئاماده‌بوانى كۆڕه‌ داخراوه‌كه‌، سه‌رسامه‌ به‌و كۆده‌نگیه‌ى وه‌زیرانى كه‌نداو له‌سه‌ر ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ و سه‌رسامیى خۆى ده‌ربڕى له‌وه‌ى كه‌ زۆرترین بایه‌خ و گرنگیى به‌ به‌رنامه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌ى ئێران بدرێت بێ ئه‌وه‌ى باس له‌ لایه‌نه‌كانى دیكه‌ى سیاسه‌ته‌كانى ترامپ بكرێت وه‌ك بڕیاره‌كه‌ى له‌سه‌ر داخستنى ده‌رگاكانى ئه‌مریكا به‌ڕووى موسڵماناندا. 

نازانین تره‌مپ-ى سه‌رۆكى هه‌ڵبژێردراو گوێ له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ى كه‌نداو ده‌گرێت  و هاوسۆز ده‌بێت له‌گه‌ڵ نیگه‌رانیى به‌رپرسه‌ كه‌نداوییه‌كاندا و له‌و به‌ڵێنانه‌ى پاشگه‌زده‌بێته‌وه‌ كه‌ داونى بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ئه‌م رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمیه‌ و هه‌مواركردنه‌وه‌ى، به‌ڵام ئه‌وه‌ى كه‌ ده‌كرێت له‌ نێوان دێڕه‌كانى وتاره‌كه‌ى رۆژى چوارشه‌ممه‌ى به‌ڕێز عه‌لى خامنه‌یى رابه‌رى باڵاى شۆڕشى ئێراندا بخوێنرێته‌وه‌ كه‌ له‌به‌رده‌م هه‌زاران پاسداردا رایگه‌یاند، ئاماژه‌ى ئه‌وه‌ ده‌دات كه‌ ره‌نگه‌ تره‌مپ هه‌نگاو بۆ جێبه‌جێكردنى هه‌ڕه‌شه‌كانى بنێت.

به‌ڕێز خامنه‌یى له‌ وتاره‌كه‌یدا هه‌ڕه‌شه‌ى ئه‌وه‌ى كرد كه‌ وڵاته‌كه‌ى وه‌ڵام و كاردانه‌وه‌ى ده‌بێت ئه‌گه‌ر رێككه‌وتنه‌كه‌ هه‌ڵوه‌شێنرێته‌وه‌ یان سزاكانى ئه‌مریكاى سه‌ر ئێران له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نى پیرانه‌وه‌، كه‌ له‌ مانگى داهاتوودا بۆ تاوتوێكردنى ئه‌و پرسه‌ كۆده‌بێته‌وه‌، بۆ ماوه‌ى ده‌ ساڵى دیكه‌ درێژبكرێته‌وه‌، به‌ پاساوى ئه‌وه‌ى كه‌ ئێران رێككه‌وتننامه‌كه‌ى پێشێلكردووه‌ چونكه‌ هه‌نگاوى ناوه‌ له‌ به‌رنامه‌ى مووشه‌كه‌ بالیستیه‌كانیدا و هه‌روه‌ها تۆمارى خراپى له‌ بوارى مافه‌كانى مرۆڤ و پشتیوانیى تیرۆردا. 

پێده‌چێت قورس و زه‌حمه‌ت بێت له‌و میكانیزمانه‌ بگه‌ین كه‌ وڵاتانى كه‌نداو بڕیاره‌ ستراتیژه‌ دوورمه‌وداكانیانى پێده‌ده‌ن، چونكه‌ پێش دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر دژى واژۆكردنى رێككه‌وتننامه‌كه‌ بوون و ئێستایش ده‌یانه‌وێت بپارێزرێت، ئه‌بێ چى روویدابێت كه‌ ئه‌م گۆڕانكاریه‌ى دروستكردووه‌ و ئه‌م جیاوازییه‌ى هێناوه‌ته‌ گۆڕێ؟.

ئایا ئه‌مه‌ ده‌ره‌نجامى پاشه‌كشه‌ى نرخى نه‌وت و به‌ هه‌ڵمبوونى به‌شێك له‌ یه‌ده‌گه‌ داراییه‌كانه‌؟ یان شكستى گه‌رده‌لوولى ئه‌لحه‌زم-ه‌ له‌ جه‌نگه‌كه‌ى یه‌مه‌ندا؟ یاخود ده‌ستوه‌ردانى سه‌ربازییانه‌ى روسیایه‌ له‌ هێڵى قه‌یرانه‌كه‌ى سوریا؟ یان هه‌موو ئه‌م هۆكارانه‌یه‌ پێكه‌وه‌؟. 

وه‌ڵامه‌كه‌  له‌سه‌ر دیوار نووسراوه‌ و وه‌ك رۆژى رووناك ئاشكرا و دیاره‌. له‌به‌رئه‌وه‌ى ئێمه‌ له‌ لایه‌نگره‌ یه‌كه‌مه‌كانى ئه‌م رێككه‌وتنه‌بووین بۆ دوورخستنه‌وه‌ى ناوچه‌ى عه‌ره‌بى و گه‌له‌كه‌ى له‌ ماڵوێرانیى جه‌نگ و ئێستا خۆمان واده‌بینینه‌وه‌ كه‌ هاوڕاین له‌گه‌ڵ هه‌ڵوێستى كه‌نداودا بۆ پاراستنى رێككه‌وتننامه‌كه‌ و هه‌ڵنه‌وه‌شاندنه‌وه‌ى، چونكه‌ جێگره‌وه‌ و ئه‌ڵته‌رناتیڤه‌كانى ترسناك و تۆقێنه‌رن و مه‌ترسیدارترن بۆ سه‌ر ئاساییش و سه‌قامگیریى ناوچه‌كه‌مان و چاوه‌ڕێى سوپاسگوزارییش له‌ كه‌س ناكه‌ین. 

سه‌رچاوه‌: ره‌ئیولیه‌وم

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure