كاتێك چۆلەكەكان دەجریوێنن

بۆچوون / بیروڕا :: 24/11/2016

سەرچاوە: ئەلسەباح ئەلجەدید
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید

لە رێی پۆستی ئەلیكترۆنییەوە نامەیەكم لە هاوڕێیەكی رۆشنبیرەوە پێگەیشت كە لە دەرەوەی عێراق دەژی. باس لەوەدەكات دەیەوێت پەیوەندیی لەگەڵماندا هەبێت بەهۆی چەپكێك كۆتەیشن و هەواڵ و شتی سەیروسەمەرەوە كە لێرەولەوێ‌ دەیانچنێت و لەگەڵ هاوڕێكانیدا دەیگۆڕنەوە و بۆ یەكتریی دەنێرن بەڵكو ئەمە خوایە كەمێك لە ئازار و خەم و كۆژانەكانی دوورە وڵاتییان كەم بكاتەوە!..
لە ناو هەموو ئەو نامە زۆرانەدا كە لەڕێی ئەم نیعمەتەوە پێماندەگات كە خودای گەورە لەم تەكنۆلۆژیا پێشكەوتووەدا پێیداوین و لە دوورترین شوێنی زەوییەوە هەواڵەكانمان بۆ دەگوازێتەوە پێش ئەوەی خۆمان بەدەستیانبخەین، بابەتێكی سەیر رایگرتم. هاوڕێكەم نە سەرچاوەكەی و نە كاتی روودانەكەیشی بۆ نەنووسیووم بۆیە لەمەیاندا داوای لێبووردن دەكەم. بەڵام بەلامەوە بابەتەكە جێی بایەخ و شایانی خوێندنەوە و تێڕامان و بەدواداچوون بوو، چونكە بەشێك لە خەونەكانی منداڵ (چۆلەكە) و بیركردنەوەكانیان، بەبێ‌ رتووشكراوی، بەرجەستە دەكات... هەواڵەكە دەڵێت: 
لە یەكێك لە قوتابخانەكانی ئەمریكا و لە جەژنی (كریسمیس)دا، مامۆستایەك داوا لە منداڵەكان دەكات هەر یەكەیان نامەیەك بۆ خوا بنێرێت و تێیدا پرسیار لە خەونەكان و خولیاكان و ئومێدەكانی خۆیان بكەن، یان ئەو پرسیارانەی ئاراستە بكەن كە دایكان و باوكان و مامۆستاكان ناتوانن وەڵامیان بدەنەوە!.
نامەكان بەمجۆرە بوون: 
خودایە:"بەدرێژایی پشووەكە بارانت باران و باوكمت شێتكرد! هەندێك قسەی كرد كە نابێت بووترێن، بەڵام تكات لێدەكەم لەسەر ئەو قسانەی ئازاری مەدە. -هاوڕێت...(ببوورە ناوی خۆمت پێ‌ ناڵێم)".
خودایە:"ئەگەر گڵۆپێكی سیحریی وەك ئەوەی عەلادین-م بدەیتێ‌، منیش هەر شتێك كە خۆت داوای بكەیت دەتدەمێ‌، بێجگە لە پارەكەم و شەترەنجە تایبەتەكەی خۆم.- رۆفائێل".
خودایە:"براكەم مشكێكی بچكۆلانەیە، دەبوایە كلكێكیشت بدایەتێ‌. ها ها...- دانی".
خودایە:"لەوانەیە قابیل و هابیل شەڕیان نەكردایە ئەگەر باوكیان یەكی ژوورێكی سەربەخۆی بدانایەتێ‌. من و براكەم ئەمەمان تاقیكردەوە و وابوو.-لاری".
خودایە:"پێویست ناكات زۆر نیگەرانم بیت..چونكە هەمیشە كە لەڕێگەكە دەپەڕمەوە سەیری ئەملاولا دەكەم.-دی".
خودایە:"هەندێك جار بیرت لێدەكەمەوە. تەنانەت ئەگەر خەریكی نوێژیش نەبم.-ئیلیۆت".
خودایە:"دەمەوێت 900 ساڵ بژیم وەك ئەو پیاوەی لەناو كتێبەكەدایە. لەگەڵ خۆشەویستیمدا-كریس".
خودایە:"خوێندوومەتەوە كە تۆماس ئەدیسۆن گڵۆپی داهێناوە، لە قوتابخانەیش دەڵێن تۆ رووناكیت دروستكردووە. گرەودەكەم كە بیرۆكەكەی تۆی دزیوە. دڵسۆزت-دونا".
خودایە:"شەڕخوازەكان گاڵتەیان بە نوح كرد و پێیانوت كەشتییەك لەسەر وشكایی دروست بكات، ئەویش بەتۆوە نووسابوو. منیش وەك ئەو دەكەم.-ئایدن".
خودایە:"بڕوام نەدەكرد رەنگی پرتەقاڵی ئەوەندە جوان لەگەڵ رەنگی ئەرخەوانیدا بگونجێت، هەتا ئاوابوونی خۆرم بینی كە رۆژی سێ‌ شەممە دروستتكرد. چەند جوان بوو.-یۆجین".
 خودایە:"لەو باوەڕەدانیم كەس بتوانێت خوایەكی لەتۆ باشتر بێت، تەنیا دەمەوێت ئەوە بزانیت كە من واناڵێم چونكە بەڕاستی تۆ خوایت.-چارلز".
ئێستا دوای ئەوەی هەندێك لەو نامانەمان خوێندەوە.. دەتوانیت خەیاڵی ئەوەبكەیت كە ئەگەر مامۆستاكە عێراقی بوایە و ئەم پرسیارەی لە قوتابیەكانی بكردایە.. ئاخۆ وەڵامەكانی ئەو جگەرگۆشانەمان چۆن دەبوو:
 خودایە: ئەگەر بەیانی و..دووبەیانی و.. سێ‌ بەیانیش پشوو دەبوو.-فەرمانبەر.
خودایە: دەڵێن هۆكاری لافاوی ئاوەرۆ، زبڵە..زبڵ كێیە!.-ئەیوب.
خودایە: تۆ كارەبات داوینەتێ‌ كەچی كابرای موەلیدەكە لێمان دەبڕێت.-نور.
خودایە: لە قوتابخانە دەڵێن باران نیعمەتە.. ئەی بۆ لەعێراقدا بەڵایە.-رەحیم.
خودایە: ئۆتۆمبێلی زرێپۆش و چەكی ئۆتۆماتیكی و پاسەوانمان دەوێت..زیاتر لەوانەی ماڵی ریاز-ی هاوڕێم.-مجودی.
خودایە: بۆچی باوكم خەمدایدەگرێت كە دەڵێن خانەنشینی بۆ پارلەمانتاران و بەرپرسەكان نییە!.-ناوی خۆم ناڵێم.
خودایە: دەكرێت لەزگە و بەستەرێكی ئەستوور بدەین لە دەمی هەر یەكێك كە باس لە تایەفەگەری و دابەشبوون بكات!!.-عێراقییەكی رەسەن.
تێبینی: كاتێك (قەلەڕەش) (هێلانەی چۆلەكەكان) تێكدەدات، بڵاوەیان پێدەكات و خەونەكانیان دەكوژێت. 

 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure