كێ‌ دیموكراتی دەپارێزێت؟

بۆچوون / بیروڕا :: 22/11/2016

سەرچاوە: ئەلحەیات
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید

لە هەفتە و مانگەكانی داهاتوودا چەند وادەیەك بەدوای یەكدا دێن كە مایەی ترسن ئەگەر نەشڵێین مایەی تۆقاندنن، ئەوەی باڵدەكێشێت بەسەر هەموویاندا گەیشتنی دۆناڵ ترەمپ-ە بە كۆشكی سپی لە دوای راپرسیەكەی (بریكزیت/ چوونەدەرەوەی بریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا).  

لە 4 ی كانونی یەكەمی داهاتوودا، ئیتالییەكان راپرسییەك ئەنجامدەدەن كە ماتیۆ رینزی سەرۆكی حكومەتەكەیان داوایكردووە و ئاییندەی سیاسیی خۆیشی پەیوەستە بە ئەنجامەكانیەوە. بەڵام راپرسییەكە لەكاتێكدا دەكرێت رۆژانە بەختی بزووتنەوەی (پێنج ئەستێرەكە) باشتر دەبێت كە بزووتنەوەیەكی پۆپۆلیستیی دژە (دامەزراوە)یە و بیپی گریللۆ سەرۆكایەتیی دەكات و بەبۆنەی سەركەوتنی دۆناڵد ترەمپ-ەوە ئاهەنگی گێڕاوە.

بەڵام هەر لەهەمان رۆژدا (4/12) نەمساویەكان هەڵبژاردنەكەیان دووبارە دەكەنەوە بۆ هەڵبژاردنی سەركۆمارێك و پێدەچێت نۆربێرت هۆفەر لە (پارتی ئازادی)ی پۆپۆلی و دژە بیانی و كۆچ، سەربكەوێت. جێی باسە هەڵبژاردنە سەرۆكایەتیەكە پێش مانگێك لەمەوبەر كرا و هۆرفەر-یش بە تەنیا 31 هەزار دەنگێك كەوتەدواوە، بەڵام بەهۆی هەڵەی تەكنیكیی لە هەژماركردنی دەنگدەران لەرێی پۆست-ەوە، ئەنجامەكانی هەڵوەشێنرانەوە. 

لە 15 ی ئازاری 2017 یشدا ترس و شپرزەییەكە دەگوازرێتەوە بۆ هۆڵەندا كە بۆ ماوەیەكی زۆر لێبووردەترین وڵاتی جیهان بووە. لەو رۆژەدا هەڵبژاردن دەكرێت و هەریەك لە لیبراڵییەكان و (پارتی ئازادی)ی ئەوێیش بە سەركردایەتی گێرت وایڵدز ركابەریی یەك دەكەن كە رەنگە ئەم وایڵدز-ە توندترین پۆپۆلیستەكانی ئەوروپا بێت و توندترین تێكۆشەریان بێت لە دوژمنایەتیكردنی كۆچ و بیانی و پرۆژەی ئەوروپادا.
وایڵدز پێشتر ئامادەی ئەو كۆنگرەیەی پارتی كۆماریی ئەمریكا بوو كە ترامپ-ی وەك كاندیدێكی سەرۆكایەتی دیاریكرد. زۆرجاریش جەختی لەوە كردووەتەوە كە هەڵمەتەكەی هاوشێوەی هەڵمەتەكەی بریتانیایە بۆ دەرچوون لە یەكێتی ئەوروپا.

لە 23 ی نیسان و 7 ی ئایاری 2017 یشدا، هەردوو خولەكەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لە فرەنسا بەڕێوەدەبرێن. خاتوو مارین لۆپن سەركردەی (بەرەی نیشتمانی) ی فرەنسی دەچێتە خولی یەكەمیانەوە و بێگومان یەكێك دەبێت لە براوەكان، دوای ئەوەیش پێشبینیكردن قورس و زەحمەتە!.
هەواڵەكە تاڕادەیەك وایە، ئەگەرچی ئاماژەكانی زۆر لەسەر جەماوەری (بەرەی نیشتمانی) ناكەون، كە نیكۆڵا ساركۆزی لە پێشبڕكێكە دەرچووە و بواری كردووەتەوە بۆ یەكێك لە دوو سەرۆكەكەی پێشووی حكومەت كە ئەوانیش ئالان ژۆپێ‌ و فرانسوا فیۆن-ن.

لە پاییزی 2017 یشدا كاتێك هەڵبژاردنەكانی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچن، رەنگە ئەنجامەكان و رووەكان جیاوازبن. چونكە هێشتا هێزێكی پۆپۆلیستی و سەركردەیەكی پۆپۆلی دەرنەكەوتوون كە بتوانن هاوكێشە سیاسییە كارپێكراوەكانی ئێستا بگۆڕن. بەڵام (ئەڵتەرناتیڤەكە) رەنگە بازدانێك بەدەستبێنێت لەو پشتگیرییەدا كە لێیدەكرێت، لەسایەی ئەو هەڵمەتی ترساندنەی سیاسەتی خانمی راوێژكار ئەنگێلا مێركل لەبەرامبەر كۆچدا و هەروەها لە سەركەوتنەكانی (بریكزیت) و ترامپ-دا و هەروەها ئەو سەركەوتنانەیش كە رەنگە پۆپۆلیستەكان لە وڵاتانی دیكەدا بەدەستیبێنن.

ئەوەی كە دەكرێت تا كاتێكی تر بگوترێت ئەوەیە ئیئتیلافە گەورەكەی نێوان مەسیح دیموكرات  و سوسیال دیموكراتەكان، كە ئێستا حوكمی ئەڵمانیا دەكات، توانای چاككردنەوەی دیموكراتیەتەكەی ئەڵمانیای هەیە. دەكرێت هەمان شت بگوترێت دەربارەی ئەگەری هەر ئیئتیلافێكی چاوەڕوانكراوی نێوان سوسیال دیموكراتەكان و سەوز و چەپەكان. 

ئەمەیش جیاوازییە گەورەكەیە  كە ئەڵمانیای قەڵای بەرگریی لە دیموكراتی تێیدا دەردەكەوێت لە دژی پۆپۆلیستی لە ئەوروپا و هەموو جیهانی خۆرئاوادا. ئەگەرچی ئەوەی كە ئەم ئەركەی ئەڵمانیا قورس دەكات پۆپۆلیستە غافڵگیرەكانی پۆڵەندا و هەنگاریان كە لە خۆرهەڵاتەوە گەمارۆی ئەڵمانیایان داوە.
ئەم شەڕانە شەڕی هەموو جیهانن نەك هەر بەتەنیا هاووڵاتیانی ئەو وڵاتانە. هەروەها هەر بەتەنیا ناگەڕێنەوە بۆ دەرەنجامی كۆچ و پەنابەرێتی، بەڵكو بۆ پێگەی ئەوروپایش دەگەڕێتەوە بەو ئیعتیبارەی كە سەرچاوەی دیموكراتی و نوێگەرییە و لەهەمانكاتدا شانۆی سەرەكییشە بۆ پەشێویی جیهان و ئارامگیرییەكەی. بژی ئەنگێلا مێركل. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە