لە موسڵەوە بۆ رەققە...خاوبوونەوە لە گەیشتن باشترە!

بۆچوون / بیروڕا :: 20/11/2016

سەرچاوە: RT
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید

تا دێت (بانگەشە) سەربازى و میدیاییەکان دەربارەى پرۆسە پێشتر نەکراوەکانى گوند و شارۆچکە و قوتابخانە و شەقام و کۆڵانەکانى هەردوو شارى موسڵى عێراق و رەققەى سوریا، زیاتر دەبن.
ئەم بانگەشانە، لەگەڵ ئەوپەڕى رێزدا بۆ ئامانجى جوان  و راگەیەنراو دەربارەى لەناوبردنى تیرۆر، بەڵام ئەوەى سەرنجى چاودێرانى راکێشاوە، حاڵەتێکى سست و خاوبوونەوەیە کە بەلاى هەندێکەوە حاڵەتێکى ئاساییە چونکە رێکخراوى داعشى تیرۆریست و  گروپ و رێکخراوە هاوشێوەکانى ترى، توانیویانە جڵەوى جومگەکانى ئەو ناوچانە بکەن کە بۆ چەند مانگێک یاخود رەنگە بۆ چەند ساڵێک، دەستیان بەسەرداگرتووە. بەڵام بەلاى هەندێکى دیکەوە ئەم حاڵەتى سستى نواندنە پەیوەستە بە کۆمەڵێک کارت و گۆڕانکارى و بارودۆخەوە، لەوانەیش:
- بوونى ناکۆکى لە نێوان وڵاتانى هاوپەیمانى ئەمریکادا سەبارەت بە ویست و ئامانجەکانى هەر دەوڵەتێک و تێڕوانینى لە رووى بەرژەوەندیى خۆیەوە.
- پێداگریى ویلایەتەیەکگرتووەکان لەسەر جڵەوگیرکردنى تەواوەتى لە پرۆسە سەربازیەکان و ئاراستەکردنیان و سوودلێوەرگرتنى لە رووى سیاسى و میدیاییەوە.
- گومانکردن لە رێککەوتنى ژێربەژێرى هەندێک لە وڵاتانى هاوپەیمان لەگەڵ رێکخراو و گروپەکانى ناو ئەوانەى کە دەستیانگرتووە بەسەر هەندێک ناوچەى سوریا و عێراقدا، بەتایبەتى لە موسڵ و رەققە.
- سووربوون لەسەر بەکارهێنانى میتۆدێکى سەربازیى نەک لەپێناو لەناوبردنى داعش بەڵکو وەک هەوڵدانێک بۆ دانانى هێڵى جیاکەرەوەى نێوان شار و گوند و ئەو ناوچانەى کە ئازاد دەکرێن، ئەمەیش وەک دەستپێکێک بۆ دابەشکردنێکى جۆرایەتى و دواتر دابەشبوونێکى جوگرافى لەسەر بنەماى تایەفى و مەزهەبى و نەژادى.
- پەیوەندیى پرۆسە سەربازیەکان بە گۆڕینى دەسەڵاتەوە لە ویلایەتە یەکگرتووەکاندا کە رابەرایەتیى ئۆپراسیۆنى هاوپەیمانەکە دەکات.
لە راستیدا مۆسکۆ لە پێشەنگى ئەو پایتەختانەى جیهان بوو کە باسى لەم حاڵەتى سستى نواندنەکردووە. وایدەبینى کە ئەمە مەترسیەکە نەک تەنیا بۆ ئەو سەربازانەى بەشداریى پرۆسەکان دەکەن، بەڵکو بۆ سەر ئەو خەڵکە سڤیلەیش کە لە ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى داعش و باقى گروپ و کۆمەڵە چەکدارەکانى دیکەدا دەژین. بەڵام پێدەچێت ژیانى خەڵکى مەدەنى بەلاى هێزە هاوپەیمانەکەوە هێدە گرنگ نەبێت بەقەد ئەوەى بەلایەوە گرنگە کە جەخت بکاتەوە لەسەر ئەوەى ئەوە خۆیەتى کە سەرۆکاریى پرۆسەکانى رزگارکردنى موسڵ و رەققە دەکات لە دەستى داعشەکان. ئەمەیش بە پێشکەشکردنى یارمەتى و پاڵپشتیى هەوایى بۆ هێزە جۆراوجۆر و جیاوازەکان.
کەس ناتوانێت نکۆڵى بکات لە قوربانییەکانى خەڵکى مەدەنی لە موسڵ و رەققە. پرۆسە سەربازیەکەى تایبەت بە موسڵ لە 17 ى تشرینى یەکەمى رابردوودا دەستى پێکردووە، واتا مانگێکى تێپەڕاندووە. لەگەڵ ئەوەیشدا ئەنجامەکان زیاتر وەک شێوەیەک لە شێوەکانى ریکلام و بانگەشە دەردەکەون نەک بەیاننامەى جدیى سەربازییانە کە بە جدییەوە باس لە چۆنیەتیى پرۆسەکان بکەن بۆ رزگاربوون لە داعش. ئەم بانگەشانە باس لە رزگارکردنى گەڕەکەکان و قوتابخانەکان و شارۆچکەکان دەکەن کە لەوانەیە نە خەڵکە دانیشتووەکەى خۆیانیان تێدا مابێتنەوە و نە داعشەکانیش.
چاودێران و شوێنکەوتوانى پرۆسەکانى موسڵ، تێبینى ئەوەیان کردووە توندیى بۆردوومانەکان زۆر هێوور بوونەتەوە، ئەمەیش ماناى ئەوە دەگەیەنێت کە لەلایەکەوە (مانۆڕى) سیاسى و لەلایەکى دیکەیشەوە حساباتى پەیوەست بە هاوسەنگییە ئیقلیمى و نێودەوڵەتییەکان هەن. لێرەدا خەڵکانى سڤیلیش ناچنە ئەو حسابانەوە، ئەگەرنا دەکرا ویلایەتە یەکگرتووەکان (سەرکردەى هاوپەیمانێتیەکە) گوشارى بخستایەتە سەر هاوپەیمان و لایەنگرەکانى لەپێناو ناردنى یارمەتییە مرۆییەکان نەک تەنیا بۆ موسڵ و رەققە بەڵکو بۆ حەڵەب-یش کە دانیشتوانەکەى گیرۆدەى دەستى کردەوەکانى داعش و گروپەکانى دیکەن، جارێک وەک قەڵغانى مرۆیى و جارێکیش وەک ئامێرێک بۆ هەڕەشەى سیاسى و سەربازیى بەکاریاندێنن.
هەستێکى دیکەیش هەیە دەربارەى خاووخلیچکیى هاوپەیمانە ئەمریکییەکە لە رزگارکردنى موسڵ و رەققەدا بە ئامانجى ئەوەى کە دەرفەتێکى تەواو بدەنە هێزەکانى تورکیا و هاوپەیمانەکانى بۆ جێبەجێکردنى پلانەکەیان، بە چاوپۆشیکردن لە ناکۆکیەکان دەربارەى رۆڵى کوردەکان یان رۆڵى تورکەکان یاخود رۆڵى هەر کۆمەڵە و رێکخراوێکى دیکە. چونکە رۆڵى تورکیا کە بەسانایى و لەسەرخۆ جێبەجێ دەبێت، بەهۆى جیاوازیەکانى نێوان لایەنە گەورەکان لەلایەک و نێوان لایەنە گەورەکان و لایەنە هەرێمیەکان لەلایەکى ترەوە، رۆڵێکى تەواوکەرى رۆڵى هاوپەیمانەکەیە لە رووى سەربازى و سیاسى و جیۆسیاسییەوە.
لەوەیشدا کەپەیوەستە بە موسڵەوە، راپۆرتە روسیەکان باس لە بەشداریى 29 هەزار سەربازى سوپاى عێراق و 4 هەزار شەڕکەرى کورد و 10 هەزار کەس لە گروپەکان و حەشدى شەعبى دەکەن لە پرۆسەکانى موسڵ-دا. ئەمە بێجگە لە ئەندامانى یەکە تایبەتە ئەمریکى و فرەنسیەکان کە ژمارەیان دەگاتە 10 هەزار کەس. هەموو ئەمانە بۆ رزگارکردنى موسڵ لە دەستى نزیکەى 8 هەزار تیرۆریستى داعش. بێگومان ئێستا کەسیش پرسیار ناکات دەربارەى چۆنیەتى هاتنەناوەوەى ئەم ژمارە زۆرانە و چۆن چەکداردەکرێن و بەکاردەهێنرێن. هەمان ئەم حاڵەتە بۆ هەریەک لە رەققە و حەڵەب و باقى شارەکانى ترى عێراق و سوریایش هەر وایە!.
مەترسیى کارەکە لەوەدایە کە لە پلانى هێرشەکەى سەر موسڵ-دا، باس لە کردنەوەى رێڕەوێکى مرۆیى یان ئاگربڕێکى پەیوەست بە دەربازبوونى خەڵکى مەدەنیى نەکراوە. ئەوەى جێگەى گومانیشە ئەو هۆشدارى و ئاگادارکردنەوە پێشوەختەبوو کە هاوپەمانێتیەکە دایە داعشەکانى ناو موسڵ. بەهەرحاڵ بارودۆخى مرۆیى لە ناو موسڵدا لەوپەڕى خراپیدایە و پرۆسەکانى ئاوارەبوون و گواستنەوەى برینداران بەشێوەیەکى رەمەکییە و ئەمەیش بۆخۆى هەڕەشەیەکى ترە بۆ سەر ژیانیان. هێزە هاوپەیمانەکانیش رێگە نادەن بە چوونە ناوەوەى رێکخراوە فریاگوزارییە نێودەوڵەتییەکان. لەگەڵ هەموو ئەمانەیشدا هێزە عێراقیەکان بەو شێوەیە پێشڕەوى ناکەن کە پێشتر هەموو لایەک پێشبینیى دەکرد.
سیناریۆکەى موسڵ لە رەققەیش دووبارە دەبێتەوە کە لە رۆژى 6 ى ئەم مانگى تشرینى دووەمەوە پرۆسەکانى هاوپەیمانان تێدا دەستى پێکردووە و لەوێیش هیچ ئەنجامێک نییە. لەکاتێکیشدا کە باس لە زیانى کەمى هەردوو لایەنەکە (داعشەکان و هاوپەیمانەکان) دەکرێت ، هەواڵەکان ئاماژە بە زیانى راستەقینەى گیانیى دەکەن لە ریزى هێزە هاوپەیمانەکان لە پرۆسەکەى موسڵدا. بەڵام هەردوو پرۆسەکە لەوەدا هاوبەش و وەک یەک وان کە پێشڕەویى ناکەن، یان لە باشترین حاڵەتدا بەرەوپێشچوونێکى هێندە کەمە کە گومانى سیاسى و مەیدانى دەورووژێنێت.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە