قەیرانی دادگای دادی نێودەوڵەتی – ICC و خواستی دامەزراندنی دادگایەکی بەهێزی نێودەوڵەتی

بۆچوون / بیروڕا :: 20/11/2016

تێکەڵی و بێسەروبەرییەکی زۆر لە وتارە کوردییەکاندا لەبارەی ئەم دادگایە و دادگای دادی نێودەوڵەتی – ICJ بەدیدەکرێت!. ئەم دادگایە نوێیە و زۆر لەو جودایە. سەربە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان نییە!، بەڵام بەشێوەیەکی ناوکۆیی هەندێک رێکار و رێسای کارەکانی ئەو رێکخراوە بەکاردێنێت. دادگاکە هەموو دەوڵەتانی جیهان تێیدا ئەندام نین. لەوانە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەو دەوڵەتانەن کە دانی پێدانانێن. ئەم دادگایە ساڵی ٢٠٠٢ دامەزرا و لاهای کایەی کارکردنییەتی. دادگایەکی "پسپۆڕ"ە "یان دەیەوێت پسپۆڕ بێت" لە جینۆساید و تاوانی جەنگدا (1). هیچ کامێک لە داگیرکەرانی کوردستان لەم دادگایەدا ئەندام نیین. دادگاکە هێشتا لە دروستبوونیدایە و نەیتوانیوە تائێستا هیچ کەیسێک یەکاڵابکاتەوە. چەندین لێکۆڵینەوەی تاوانیی لە کەیسەکانی ئۆگەندە و دارفۆڕدا کردووە بەڵام هێشتا هەر "بەردەوام"ە.

زۆرێک لە چالاکوانانی کەیسی ئەنفال و پاشتریش شنگال، پێیانوایە کە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی دەتوانێت کارێک بۆ ئەم کەیسانە، بەتایبەتی شنگال بکات. ئەمە ریسکێکی زۆر گەورەیە، چونکە دادگاکە لە کارەکانیدا زۆر سستە و هێشتا شارەزاییەکی واهیی لە دادگاییی کەیسەکانی جینۆساید و تاوانی جەنگدا پەیدانەکردووە(2)! 
گرنگترین کەیسێک کە ئەم دادگایە بەهیوابووبێت تێیدا سەرکەوتوو بێت ئەوەی دارفۆڕ بوو، بەڵام تەنانەت نەشیتوانی تۆمەتباری سەرەکیی کەیسەکە "عومەر ئەلبەشیر"ی سۆدانیش دەستگیر بکات. 
کایە دادییە نێودەوڵەتییەکان گەلێکیان لەسەر ئەم دادگایە وتووە و نووسیوە، دادگاکە لە سەرەتادا کایەی کارکردنی تەنها لە چەند وڵاتێکی ئەفریقادا بوو و بەس، هەربۆیە دەکرێت پێی بگوترێت دادگای دادی ئەفریقی نەک نێودەوڵەتی.
بە درێژایی ئەو ساڵانە دادگاکە نەیتوانی تەنانەت لەو کەیسە ئەفریقاییانەشدا سەرکەوتوو بێت، چ جای لە سنووری ئەفریقا بێتەدەرەوە و بۆ نموونە چارەسەری کێشەکانی سوریا، ئێڕاق و وڵاتانی تر بکات کە بەئاشکرا تاوانی جەنگ و جێنۆساید تێیاندا روودەدەن!
ئەم لۆکاڵیبوونەی ئەم دادگایە دەمێکە وڵاتە ئەفریقییەکانی تووڕەکردووە، هەربۆیە لە چەند مانگی رابردوودا وڵاتەکانی باشووری ئەفریقا، گامبیا و بوروندی لە دادگاکە کشانەوە. ئەمە گورزێکی کاریگەر بوو بۆ دادگاکە.
تاکە زلهێز کە بەسەرزارەکی لە دادگاکەدا مابووەوە، روسیای فیدڕاڵ بوو. ئەویش رۆژی ١٦-١١-٢٠١٦ بەفەڕمی خۆیی لە دادگاکە کێشایەوە و قەیرانی دادگاکەی گەورەتر کرد و ترسی زۆری هەڵوەشاندنەوە یان سەرلەنوێ دامەزراندنەوەی هەیە. ئەگەرچی روسیا لە سەرەتادا وەک بەرەنگاربوونەوەیەکی ئەمریکییەکان واژۆی لەسەر دادگاکە کرد و بووە ئەندام تێیدا، بەڵام ئەم وڵاتە هیچ کاتێک گرنگیی بە دادگاکە نەداوە و وەک پێویست پشتگیریی نەکردووە. ئەگەری ئەوەش هەیە کە پشتگیریی روسیا بۆ رژێمی بەشار ئەلئەسەد لە سوریا یەکێک بێت لە هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەی روسیا لە دادگاگە.
سەرەتا زۆرێک پێیانوابوو کە دادگاکە زۆر بەهێز دەبێت و سەرکەوتنی گەورە لە چارەسەری کەیسەکانی جینۆسادیدا بەدەستدێنێت. بەڵام هەرزوو کێشەکان سەریانهەڵدا و بە تایبەتی کە کارکردن لە کەیسە نێودەوڵەتییەکان پێویستی بە داراییەکی زۆر باش دەبێت و ئەم دادگایەش ئەوەی وەک پێویست نەبوو. پاشانیش دادگاییکردن و گرتنی تۆمەتباران لەلایەن دادگاوە کارێکی ئاسان نەبوو، ئەگەر زلهێزانی وەک ئەمریکا و روسیا پاڵپشتیی دادگاکەیان نەکردایەوە وەک ئەوەی لە دادگاکانی نۆرمبێرگ، تۆکیۆ، یۆگۆسلاڤیای پێشوو، دادگای پۆلپۆت لە کەمبۆدیا و دادگای رواندا و ئەوانی تردا روویدا. بۆ نموونە گەر پشتگیرییەکانی ناتۆ، ئەمریکا و روسیا نەبونایە ئەوا دادگای یۆگۆسلاڤیای پێشوو هەرگیز دەستی بە تاوانبارانی وەک میلۆسۆڤیچ، کارادیچ، ملادیچ و هاجیچ و ئەوانی تر نەدەگەییشت!
زۆرینەی دادگا نێودەوڵەتییەکان، جگە لەم دادگایە یان سەربە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بوون، یان دادگای ناوکۆیی نێوان ئەم رێکخراوە و دەوڵەتێک یان زۆرتر بوون، وەک بۆ نموونە دادگای تایبەتیی لوبنان کە کار لەسەر دادگاییکردنی تۆمەتبارانی بکوژانی حەریری دەکات.
هەموو ئەو دادگایانە  ئەگەرچی نێودەوڵەتین، بەڵام تەنها سەیری کەیسێکی دیاریکراو دەکەن. دادگا کلاسیکییە نێودەوڵەتییەکەش (دادگای دادی نێودەوڵەتی - ICJ)  تەنها سەیری ئەو کەیسانە دەکات کە لایەنە رکەبەرەکانی دەوڵەت یان کەسایەتیی نێودەوڵەتییان هەیە. هەربۆیە ئەم دادگایەش ناتوانێت وەک پێویست سەیری کەیسەکانی داعش و لایەنە نانێودەوڵەتییەکان بکات.
بەلاوازتربوونی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، ویستی دامەزراندنی دادگایەکی نێودەوڵەتی دێتەکایەوە  کە زۆرینەی ئەو دەوڵەتانەی واژۆی بڕوانامەی نەتەوەیەکگرتووەکانی کردووە، پاڵپشتی بن، بە تایبەتی هەردوو زلهێزانی ئەمریکا و روسیا یان باشتروایە تەواوی وڵاتانی جی-هەشت پاڵپشتی بن تاوەکو دادگاکە چ لەباری نێودەوڵەتییەوە و چ لەباری داراییەوە پاڵپشتی بکرێت و سەرکەوتن بەدەستبهێنێت.


-------
 (Rome Statute of the International Criminal Court, Published by the International Criminal Court, ISBN No. 92-9227-227-6 (1
   (2) رۆڵی رووداوەکانی شنگال لە پێشخستنی دۆزی کورد – هاوڕێ باخەوان، ٢٠١٦

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure