سعودیە لە سەركەوتنەكەی ترەمپ دەترسێت

بۆچوون / بیروڕا :: 19/11/2016

سەرچاوە: رەئیولیەوم
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید
دەسەڵاتدارانی سعودیە هەست بە جۆرێك لە نیگەرانی و دڵەڕاوكێ‌ دەكەن لەبەرامبەر سەركەوتنەكەی دۆناڵد ترەمپ لە دوا هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمریكادا، چونكە ترەمپ لە میانەی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنەكەیدا نادۆستایەتیی خۆیی بۆ دەرخستن و مكوڕ بوو لەسەر ئەوەی كە نەوتەكەیان هاوردە نەكات و داوای خەرجكردنی چارەكی داهاتە نەوتیەكانی لێكردن بەرامبەر ئەوەی كە لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانەوە پارێزگارییان لێدەكرێت. ئەم نیگەرانیەیش سعودیەی هاندا بۆ ئەوەی دوو هەنگاوی گرنگی سەرەكیی بنێت وەك هەوڵێك بۆ كەمكردنەوەی زیانەكان:
•یەكەمیان: ناردنی بەڕێز عادل جوبەیر وەزیری دەرەوە و باڵیۆزی پێشووی لە واشنتۆن بوو، بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكان لە ئەركێكی (دەستوبرد) دا، بە ئامانجی سنوورداركردنی هەر زیانێك كە بەهۆی سەركەوتنی ترامپ-ەوە بەر شانشینەكە بكەوێت. هەروەها بۆ پتەوكردنی پەیوەندیەكانی پێشووی نێوان هەردوو وڵات كە نزیكەی هەشتا ساڵێكە بەردەوامە.
•دووەم: ئەنجامدانی گرێبەست لەگەڵ زیاتر لە 12 كۆمپانیای پەیوەندیی گشتیدا و تەوزیفكردنی چەندین كەسایەتی كارای ئەمریكی وەك وەزیر و دیپلۆماتكارەكانی پێشوو بۆ ئەوەی لە كەناڵەكانی راگەیاندن و دامەزراوە سیاسی و ئابوریەكانی ئەمریكاوە بەرگرییان لێ‌ بكەن

دەربارەی خاڵی یەكەمیان، دەكرێت بڵێین كە رەنگیداوەتەوە لە دوو سەردانی بەڕێز جوبەیر بۆ كۆنگرێس و لە ماوەی تەنیا سێ‌ رۆژدا، كە سەركردایەتی وەفدێكی دەكرد و بەڕێز محەمەد ئال شێخ وەزیری دەوڵەتیشی تێدابووە و تێیدا لەگەڵ دوو كەسایەتیی پلە بەرز و جێی بایەخ و بە دەسەڵات كۆبوونەتەوە، ئەوانیش جۆن مەككەین سەرۆكی لجنەی خزمەتگوزارییە سەربازیەكانی ئەنجومەنی نوێنەران و سیناتۆر ئۆروین هاش سەرۆكی لجنەی كاروباری دارایی ئەنجومەنی پیران بوون. ئەوەی جێی سەرنجە ئەمیر عەبدوڵـڵا بن فەیسەڵ بن توركی ئال سعود باڵیۆزی سعودیە لە واشنتۆن لەگەڵ وەفدەكەدا نەبوو. 
بەڵام سەبارەت بە خاڵی دووەم، كەسایەتیەكانی وەك دەینس رۆس نوێنەری پێشووی كاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و زاڵمای خەلیل زاد باڵیۆزی پێشووتری ئەمریكای لە عێراق، تەوزیفكردووە بۆ ئەوەی ببنە نووكەڕم-ی هەڵمەتی پەیوەندییە گشتیەكان لە دژی سەرۆك ترامپ-دا.
تەكیزكردنە سەر هەردوو ئەنجومەنی پیران و نوێنەران لەلایەن بەڕێز جوبەیر-ەوە هەنگاوێكی گرنگە، ئەگەرچی درەنگ بوو، چونكە ئەم دوو ئەنجومەنە بوون (ڤیتۆ)كەی سەرۆك باراك ئۆباما-یان شكاند كە دەریكرد بۆ  رێگرتن لە یاسای (دادوەری دژی سەرپەرشتیارانی تیرۆر) یان (جەستا) كە رەوایی دەداتە زیانلێكەوتوانی هێرشەكانی یازدەی سێپتەمبەر بۆ ئەوەی دادگایی شانشینی عەرەبستانی سعودیە بكەن بەهۆی پشتیوانیكردنی لە (تیرۆر).
رەنگە ئەركەكەی باڵیۆز جوبەیر قورس و گران بێت، چونكە ئێستا كۆماریەكان كۆنترۆڵی هەردوو ئەنجومەنەكەیان كردووە و زۆرینەیان بەدەستەوەیە و ئەوانیش لە پشت سەرۆكە تازەكەی كۆماریەكانەوەن و باش دەزانن كە دەسەڵاتدارانی سعودیە و قەتەریش لە پێشبڕكێ‌ سەرۆكایەتیەكەدا پشتیوانییان لە خاتوو هیلاری كلینتۆن دەكرد و بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ پارەیان بۆ پشتگیریی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنی ئەو خەرجكردووە. نامەكانی خاتوو كلینتۆن كە لە ئیمەیلەكەیەوە ئاشكرا بوون، ئەوەیان ئاشكراكردووە یەك ملیۆن دۆلار وەك بەخشیش لە قەتەرەوە گەیشتووەتە سندوقی خێرخوازیی كلینتۆن كاتێك كە ئەم وەزیری دەرەوە بووە.  
خاڵێكی دیكەی جێی سەرنج ئەوەیە سەردانەكەی بەڕێز جوبەیر بۆ واشنتۆن لە كاتی ئەو گۆڕانكارییە ترسناكانەدایە كە بەمدواییە لە دۆسیەكانی سوریا و عێراق و یەمەن-دا دروستبوون. لەوانە، لە دۆسیەی سوریادا شەڕی حەڵەب گەیشتووەتە ئەوپەڕی و لە دۆسیەی عێراقیشدا شەڕی موسڵ لە لوتكەیدایە، هەروەها سەردانی جۆن كیری، هاوپۆستە ئەمریكیەكەی، بۆ مەسقەت و دیدارەكانی لەگەڵ وەفدێكی حوسیەكان لە چوارچێوەی هەوڵەكانی بۆ راگرتنی دەستدرێژیەكان لە یەمەن وەك ئامادەكارییەك بۆ دەستپێكردنەوەی دانوستان. نائامادەیی بەڕێز جوبەیر لەم گۆڕانكارییە خێرایانەدا ئاماژەی ئەوەن كە سەركردایەتی سعودیە دەیەوێت وردە وردە خۆی لێیان بدزێتەوە و پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمریكادا دەخاتە لوتكەی كارە لە پێشینەكانیەوە.
بەڕێز جوبەیر شارەزاییەكی قووڵی هەیە لە كاروباری ئەمریكیدا، ئەم شارەزاییەیشی لەوكاتانەدا بەدەستهێناوە كە وەك دیپلۆماتكارێك و پاشان وەك باڵیۆزی وڵاتەكەی لە واشنتۆن كاری كردووە بەر لەوەی ئەم پۆستەی ئێستای وەربگرێت. بەڵام گەورەیی ئەو ئاڵنگارییەی (تەحەدی) كە ئێستا رووبەڕووی ئەركەكەی دەبێتەوە و خۆی دەبینێتەوە لە بوونی دوژمنی وڵاتەكەی لە دەسەڵاتی دوان لە گەورەترین دامەزراوەكانی دەسەڵاتی ئەمریكادا كە بریتین لە هەردوو ئەنجومەنەكەی پیران و نوێنەران لەلایەك و دامەزراوەی سەرۆكایەتی لەلایەكی ترەوە، ئەگەرەكانی سەركەوتنی سنووردار دەكەن. بەڵام هەوڵدانیش كارێكی خراپ نییە.





 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure