پلانەكەی كیری.. جەنگی دوای جەنگە و گۆڕەپانەكەیش خاكی سعودیەیە

بۆچوون / بیروڕا :: 19/11/2016

سەرچاوە: رەئیولیەوم
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید


لێدوانەكانی كیری، سەركردایەتیی شەرعیی خستە سەبەتەی خۆڵەوە و لایەنێكی سیاسیی سەرەكیی دۆسیەی بارودۆخی یەمەنی پشتگوێخست.ئەم پشتگوێخستنەیش هەڵوێستی كودەتاچییەكان بەهێز دەكات و تەنانەت شەرعیەتیشی پێدان..


دەزگاكانی راگەیاندن بە دوو جۆری جیاواز لەیەكتر، لێدوانەكەی كیری-یان گواستەوە. بۆ نموونە كەناڵی ئەلعەرەبییە وتی (جۆن كیری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، ئەمڕۆ سێ‌ شەممە، رایگەیاند كە هاوپەیمانیی عەرەبی و حوسیەكان رێككەوتن لەسەر راگرتنی شەڕ و ئەم هەنگاوەیش لە پێنج شەممەی داهاتوو 17 ی نۆڤەمبەرەوە جێبەجێ‌ دەكرێت).


كەناڵی ئەلجەزیرەیش وتی (كیری لە كۆتایی گەشتەكەیدا كە سوڵتاننشینی عومان و ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبیی گرتەوە، لە لێدوانەكانیدا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند كە لایەنەكانی قەیرانی یەمەن رێككەوتن لەسەر راگرتنی شەڕەكانی یەمەن لە 17 ی ئەم مانگەوە).


ئەم دوو كەناڵە، یەكەمیان سەر بە سعودیەیە و دووەمیان سەر بە قەتەرە، هەردوو دەوڵەتەكەیش لە سەركردایەتیی هاوپەیمانە عەرەبییەكەدا.ئەگەر ئەوەی ئەلعەرەبییە گواستییەوە راستبێت و هاوپەیمانەكە و حوسیەكان رێككەوتبن لەسەر راگرتنی شەڕ و پێكهێنانی حكومەتێك لەپێش كۆتایی ئەمساڵدا، ئەوە مانای وایە كە قسەكەی كیری تەنیا پەردەپۆشكردنی هەڵوێستی هاوپەیمانیەكەیە. خۆ ئەگەر قسەكەی ئەلجزیرە راست بێت، ئەوا هەندێك لە وڵاتانی ناو هاوپەیمانێتیەكە لەگەڵ لێدوانەكانی كیری-دا نین و رەنگە لەگەڵ پلانەكەیشیدا نەبن. ئەوەبوو ئەلجەزیرە وتی لایەنەكانی قەیرانی یەمەن، ئەمەیش شێوەیەكی گشتییە چونكە دوو لایەن هەن كە لەكۆبوونەوەكەدا نەبوون، ئەوانیش شەرعیەت و پارتی كۆنگرەی ناوخۆن.


لە هەردوو حاڵەتەكەدا، پلانەكەی كیری و لێدوانەكانیشی، ئیتر بە رەزامەندیی هاوپەیمانێتیەكەبووبن یان نا و با لە ئیماراتی دووەم گرنگترین دەوڵەتی هاوپەیمانێتیەكەیشەوە بووبن، ئاماژەی ئەوەن كە كۆمەڵی نێودەوڵەتی دەستیكردووە بە پشتگوێخستنی شەرعیەت، ئەمەیش ئەوە بوو كە پێشتر هۆشداریمان لەسەر دەدا...


شەرعیەت ئەو دەرفەتەی نەقۆستەوە كە لەلایەن كۆمەڵی نێودەوڵەتی یان هاوپەیمانێتیەكەوە پێیدرا. لەبری قۆستنەوەی ئەو هەلە، سیاسەتێكی ئاژاوەنانەوەی بێسنووری پەیڕەوكرد. ئەم سیاسەتی ئاژاوەگێڕییەیشی خزمەتی حوسیی كرد لە كۆنترۆڵكردنەوەی دۆخەكەدا.


ئامانجی هادی لەم سیاسەتی گشتاندنی ئاژاوەگێڕییەی بە دۆسیەی یەمەنەوە، خزمەتی خودی خۆی دەكات بۆ مانەوەی لەسەر كورسییەكەی تەنانەت ئەگەر سەرۆكێك بێت لە دەرەوەی وڵاتیش. مانەوەی لەسەر كورسییەكەی ئارەزوویەكی كۆنی هادی-یە و هەر لەسەرەتای سەرۆكایەتیەكەیەوە كاری بۆكردووە. ئەم ئارەزووەیشی یارمەتیدەری حوسی بوو بۆ ئەوەی دەستبگرێت بەسەر یەمەندا.


بەشێوەیەكی گشتی، هەر رێككەوتنێك كە كار بۆ مانەوەی حوسی بكات بە چەكداری و بەشداریی دەسەڵاتی پێبكات بەم دۆخەی ئێستایەوە و بێ‌ ئەوەی نینۆكەكانی بكات، هەر رێككەوتنێكی لەمجۆرە مانای پێدانی دەرفەتێكی كاتییە بۆ رێكخستنەوەی هێزی سەربازیی خۆی و راگەیاندنی قۆناغێكی تازەی جەنگ كە گۆڕەپانی ئەمجارەی یەمەن نابێت بەڵكو گۆڕەپانەكەی خاكی شانشینی عەرەبستانی سعودیە دەبێت.


ئێران بەهێزترین یاریزانی جەنگەكەی داهاتوو دەبێت و ئەوكاتەیش حكومەتێكی شەرعی نامێنێت هەتا داوای پشتیوانیی دەرەكی بكات وەك ئەوەی دوای كودەتاكە كرا و گەردەلولی حەزم-ی تێدا راگەیەنرا. چونكە لەكاتێكی وادا حوسی دەبێتە حكومەتێكی شەرعی و تەنانەت ئەگەر هادی لە پۆستی سەرۆكیشدا بێت، ئەوا سەرۆكێكی بێدەستەڵات دەبێت كە هیچ بەهایەكی لەبەردەم جیهاندا نابێت.


خۆگونجانی حكومەتی شەرعی لەگەڵ لێدوانەكانی كیری-دا، لاواز و لەرزۆكانە بوو، وەك ئەوەی حكومەت ئاگای لە راستیی مەسەلەكە بێت، هەروەها ناڕەزایی دەربڕینەكەیشی لاواز و هەروەها بەڵگە و پاساوەكەیشی هەر لاواز بوون.


مانەوەی سەرۆكایەتی و حكومەت لە دەرەوەی وڵات، گەورەترین بەڵگەی لاوازییە لەبەردەم جیهاندا لەكاتێكدا بە ڕێژەی 80%ی رووبەری یەمەن ناوچەی ئازادكراوە. ئەوە مانەوە لە دەرەوەیە كە هاوبەشەكانی ئاشتیی یەمەنی هانداوە و لە ناویشیاندا وڵاتانی هاوپەیمانیەكە.
هادی نە گەڕانەوەی دەوڵەتی دەوێت و نەكۆیهاتنی كودەتاكە، چونكە سوور دەزانێت دوای یەكلاییبوونەوەی شەڕەكە، ئیتر بە سیاسی بێت یان بە سەربازیی، یەكەم كەس كە دەبێت بڕوات، خۆیەتی. بۆیە بەرژەوەندیی ئەو لەوەدایە دۆخەكە هەروا بمێنێتەوە.


ئەگەر لایەنە دەرەكیەكان رێككەوتن لەسەر  سەپاندنی پلانەكەی كیری، ئەمە بۆخۆی سەركەوتنێكی گەورەی ئێران و شكستێكی ئاشكرای سعودیەیە، كارەكە لەم ئاستەیشدا ناوەستێت بەڵكو لۆژیكی ئاشتی تێدەپەڕێنێت و خۆی بۆ جەنگێكی گەورە ئامادە دەكات كە مەیدانەكەی خاكی سعودیە دەبێت و ئەمەیش ئەو ئامانجەیە كە ماوەیەكە ئێران كاری بۆ دەكات.


ریشەكێشكردنی حوسی لەبەرژەوەندیی یەمەن-دا نییە وەك ئەوەی دەستەبژێرە كەنداوییەكان بۆیدەچن، بەڵكو بەرژەوەندیی هەموووڵاتانی ناوچەكەیە. بەڵام یەمەن تەواو  وێران بووە و تەنانەت بەلای خودی یەمەنیەكانیشەوە گرنگ نییە. یەمەنیەكان ئاشتیەكی گشتگیر و راستەقینەیان دەوێت نەك جەنگ بەدوای جەنگدا.


سەركردایەتیە شەرعیەكە، هیچ بژاردەیەكی دیكەی لەبەردەمدا نییە كە گەمە و مانۆڕی پێبكات جگە لە بژاردەی یەكلاییكردنەوەی سەربازییانە و كاركردن لەناوخۆی خاكی یەمەندا، ئیتر مانەوەی لەدەرەوە بۆ تاقە رۆژێكیش، شەرعیەتی سەپاندنی چارەسەری دیكە و مامەڵەكردن لەگەڵ حوسیی دەگەیەنێت، وەك هێزێكی كاریگەر و یاریزانێكی سەرەكیی لە دۆسیەی یەمەن-دا. 


رێگەی نهم سەنعا، سەعدە عەمران سەنعا، تەعز سەنعا، ئەو بژاردەیەیە كە هێزی شەرعیەت دەسەپێنێت و خۆی وەك یاریزانێكی سەرەكیی دەسەپێنێت، ئیتر گەڕان بەدوای بژاردەی مردوودا هیچ سوودێكی پێناگەیەنێت. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure