نەمرود و ئیعدامی تۆماركارێك و... هتد!

بۆچوون / بیروڕا :: 17/11/2016

سەرچاوە: ئەلسەفیر
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید


پێشتر تەدمر لە سوریا و ئەمڕۆیش نەمرود لە عێراق لە نزیك موسڵ، ئەمە نیشتمانی ئاسەواری زۆر سەرنجڕاكێش و سەرسوڕێنەرە كە دەگەڕێتەوە بۆ ئیمپراتۆریەتی ئاشوری (1300 ساڵ پێش زایین). لە سەرەتایشدا پەیكەرە گەورەكان لە ئەفغانستان و لە نێوان هەموو ئەمانەیشدا ئاسەوار و دەستنووسەكان لە نۆمبۆكتۆ.. و ئەمە ژمارەی ئەو ئاسەوارە دەگمەنە مێژووییانە نین كە گروپە چەكدارەكان لەناویان بردوون، ئەو گروپانەی بەناوی ئیسلامەوە دەدوێن و زۆربەی موسڵمانانیش بە ئیسلامیان نازانن.
ئەوان تاوان و قەسابخانەیان بەرامبەر مرۆڤیش كردووە، بەتایبەت لەو وڵاتانەدا كە خستونیاننەتە ژێر هەژموونی خۆیانەوە، هەروەها لە جیهانیشدا كردوویانە. ئەوەبوو چەند رۆژێك لەمەوبەر یادی یەكەم ساڵڕۆژی قەسابخانە ترسناكەكەی پاریس كرایەوە كە لە هۆڵی شانۆ و ناو كافیتیریادا ئەنجامدران بێ‌ ئەوەی هیچ بەرژەوەندییەكی تێدابێت و درۆیەكی هەڵبەستراو بوو هیچیتر.
ئێستایش دەستەیەك خۆی ناوناوە (مونتەدای زانایان و مەلاكان بۆ بەرگریی لە محەمەد پێغەمبەر) داوای جێبەجێكردنی ئەو سزای ئیعدامە دەكات كە لە دادگایەكی شاری نوادیبۆ دەركراوە دژی تۆماركار (نووسەر)ی گەنجی مۆریتانی محەمەد شێخ ولد محەمەد كە لە سەرەتای ساڵی 2014 ەوە دەستگیركراوە. ئەم داوایەی ئەو كۆڕبەندە لە كاتێكدایە كە دۆسیەكە لەبەردەم دادگای باڵادایە. داوا لە لاوە مۆریتانیەكە دەكەن تۆبە بكات لەوەی نووسیوویەتی و بۆ ئەو مەبەستەیش خۆپیشاندان رێكدەخەن. هێشتایش رائف بەدەوی نووسەری سعودی هەر لە زینداندایە و باس لەوە دەكرێت هەزار جەڵدەی لێ‌ بدەنەوە. هەروەك شاعیر و نووسەرانێكی زۆریش لە مەسقەت-ی (لێبووردە) بەندكراون. هەروەها ناهز حەتتەر-یش لە ئوردن دەكوژرێت چونكە وێنەی (خراپی پەروەردگار)ی كێشاوە. ئەمە لەكاتێكدا كە دەسەڵاتداران خۆیان ناكەن بە خاوەنی رووداوەكە. ئیتر ئاوا لیستەكە درێژە.
كاتێكیش هێزەكانی ئەمریكا عێراق-یان داگیركرد، بەناو ئاسەوارگەلێكدا رۆیشتن كە زۆر لەوانەی نەمرود دێرینتربوون و خستیاننە ژێر پێیانەوە و زۆریان لێ‌ لەناوبردن و ئەوانی تریشیان تاڵانكردن. بۆ پاساوی ئەم كارەیشیان بیانووی ئەوەیان هێناوەتە كە ئەوان گێل-ن و شارەزای ئەو شوێنە نین كە پێیدا دەڕۆن و (ئور) و ئەوانی تریش بەلای ئەوانەوە هیچ نین. 
هەتا كار گەیشتە ئەوەی شارەزا و بازرگانەكانی خۆرئاوا، لە هەموو لایەكەوە هاتن و بەشێوەیەكی شارستانیانە مۆزە و كەلوپەلەكانیان دزی.
ئەمانە لەكاتێكدان كە رێكخراوی تەندروستیی جیهانی چەند رۆێك لەمەوبەر رایگەیاند كە پەتای كۆلێرا لە نیوەی پارێزگاكانی یەمەن-دا تەشەنەی سەندووە و بە تایبەتییش هەردوو شاری تەعز-ی گەمارۆدراو (كە پایتەختی رۆشنبیری و سیاسی وڵاتەكەیە) و عەدەن-ی تەنیوە. موسڵ-یش پێش دوو ساڵ و نیو بە سووكی و گەمژەییەكی وەك گاڵتەپێكردنەوە رووخا. میسریەكانیش بەدەم برسێتییەوە، بەمانی وشە دەتلێنەوە. سورییەكانیش بوون بە  خۆراكی ماسی و ناونیشانی زەلیلی لە سەربازگەكانی پەنابەراندا.
كەسیش شەرم ناكات و شەرمەزار نابێت! كە هەموو ئەمانە بە هەموو شوێن و شێوە و (قارەمانێتییەكیانەوە) سووكایەتیكردنە بە پێغەمبەر و كفری خوایە. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure