ئەوە بوو ترسی من!

بۆچوون / بیروڕا :: 16/11/2016

هاوڕێ باخەوان

رۆژی ١٣-١١-٢٠١٦، باڵیۆزی‌ ئەمریکا لە ئێراق، جەختی کردەوە لەوەی‌ متمانەیان هەیە هێزەکانی‌ پێشمەرگە له و ناوچانە دەکشێتەوە کە کۆنتڕۆڵیانکردوون، پێيشیوایە مەسعود بارزانی‌ و حەیدەر عەبادی‌ "خاڵێکی‌ گەورە"یان لە متمانە لەنێوانیاندا گەشەپێداوە.
ئەمڕۆش ١٦-١١-٢٠١٦، یەکینەکانی پاراستنی گەل پیاڵە ژەهراوییەکەی لەژێر فشاری ئەمریکییەکاندا خواردەوە. بەپێی راگەیەندراوێکیان تەواوی هێزکانیان لە مابوک-مەنبەج کشاندەوە بۆ رۆژهەڵاتی رووباری فوڕات بەبیانووی بەشداریپێکردنیان لە پڕۆسەی تووڕەیی فوڕات – ئازادکردنی رەققەدا. ئەم بەیاننامەیە ئێمەی لەو خەونە بەئاگاهێنایەوە کە هەردوو کانتۆنی جزیرە و ئەفرین پێکەوە گرێبدرێنەوە و کور جارێکی تر دەستی بگاتەوە بە دەریا و ئەو سیناریۆی راڕەوی کوردییەی کە میدیاکانی رۆژئاوا باسیان لێوەیدەکرد، بێتەکایەوە!
ئەو لێدوان و بەیاننامەیە تەنها ئەوە بە من دەڵێن کە هاوپەیمانان کوردیان وەک ئەو دەستە بەکارهێناوە کە ماری دەوڵەتی ئیسلامییان پێگرتووە، بەبێ ئەوەی هیچ رێککەوتنێکی پێشوەختەی بەڵگەدار لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکاندا ببێت. ئەگەر بشبووبێت، ئەو کاریگەرییەی نەبووە!
هەڵبەت ئەمە رووداوێکی نوێ نییە لە مێژووی ئێمەدا، کورد بەدرێژایی سەدەی بیست لە جارێک زۆرتر لەلایەن زلهێزانەوە بەکارهێنراوە و دواتریش نەک هەر مایەپووچ، بەڵکو بە کارەساتی گەورەوە لێی هاتووەتەدەرەوە.
کارەساتی ئەمجارەمان، بەسەبییەکردن و لاقةکردنی هەزاران کچە کوردی ئێزدی و وێرانبوونی دەیان شارۆچکە، شارەدێ و سەدان گوندی کوردنشین بوون.  ئەوە سەرباری ئەو گیانانەی لەو جەنگەدا لەدەستمانداوە کە تەنها رێکخراوی کوردیپێدیا تا رۆژی دەرچوونی بەیاننامەکەی یەپەگە کۆی کردوونەتەوە و ژمارەیان هەزاران شەهیدە! لە هەردوو باشوور و رۆژئاوای کوردستان. هەڵبەت ئەم ژمارەیە کەمترە لەوانەی کە لەو جەنگەدا لەدەستمانچوون و هەموویان بەتەواوەتی تۆمار نەکراون.
سەرەتای ئەمساڵ (٢٠١٦)، لەگەڵ چەند لێکۆڵەرێکدا، پەڕتووکێکمان لەسەر بارودۆخی کوردستان و پۆست-داعش دەرکرد. لەو لێکۆڵینەوەیەدا کە زۆرینەی ئەو باسانەی باسی باشووری کوردستان و سیناریۆکانی دەکرد، لەلایەن منەوە نووسراوە، جەختم لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە کورد بەبێ هیچ رێکكەوتنێک نابێت چیدی هێزەکانی خۆی لە بەرگريی زۆرتر بەکاربهێنێت. بەڵام بەداخەوە ئەوەی کە ئێستا روودەدات یەکێکە لەو سیناریۆ خراپانەی کە لەو لێکۆڵینەوەیەدا باسمکردووە و هاولێکۆڵەرەوەکانی تریشم لەوەدا پشتگیرییان کردووم.
هیوادارم ترسەکەی من لە شوێنی خۆیدا نەبێت!

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure