ئارامگریى باووباپیران

بۆچوون / بیروڕا :: 16/11/2016

نووسینى: فۆمیۆ ئیواى*
سەرچاوە: ئەلسەباح
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید

وەرزى پاییز لە ژاپۆن هات و درەختەکان رەنگین و رازانەوە. کەشوهەوایەکى گونجاو پەیدابوو بۆ چێژوەرگرتن لە چالاکییە جۆراوجۆرەکانى ناو هەواى پاک و کراوە. ساڵانە لەم وەرزە جوانەدا ئاهەنگێکى کلتوریى سازدەکەین کە ناوى (شیچى-غۆ-سان)ە، واتا (حەوت-پێنج-سێ). لەم ئاهەنگە کلتورییەدا ئومێدى تەندروستى و سەرکەوتن بۆ ئەو کیژۆڵانە دەخوازین کە تەمەنیان دەچێتە سێ ساڵان یان پێنج ساڵانەوە، هەروەها ئەو کوڕانەیش کە دەچنە سێ ساڵان یان حەوت ساڵانى تەمەنیانەوە. دەوترێت ئەم رووداوە لەمێژە هەیە و بەردەوام یاددەکرێتەوە و لەوەوە هاتووە کە کاتى خۆى رێژەى مردنى منداڵانى ساوا زۆر بەرزبووە. خۆ ئەگەر لە ناوەڕاستى مانگى تشرینى دووەمدا رێگەت بکەوێتە یەکێک لە مەزارە ئاینییەکانى (شینتۆ) لە ژاپۆن، دەبینیت کە منداڵان بە جلوبەرگى کلتورییەوە کۆڵەکەى سەرەکیى رووداوەکەن و خێزانەکانیان وێنەى یادگارییان لەگەڵدا دەگرن.
لەوباوەڕەدام کە هەموو وڵاتانى جیهان، ئومێدى پاشەڕۆژ و داهاتوویەکى پرشنگدار بۆ منداڵان دەخوازن، بەڵام ئەم ئومێدخواستنە بەتەنیا بەس نییە، بەڵکو دەبێت هەوڵبدەین ئەم ئومێدە بگۆڕین بۆ راستییەکى بەرجەستەبوو لە پێناو دابینکردنى پاشەڕۆژێکى باشتر بۆ نەوەکانى داهاتوو، ئیتر هەرچەندە ئەم کارە قورس و گرانیش بێت. 
لەو باوەڕەیشدام هەموان لەسەرئەوە کۆکین کە ئەرکى ئەخلاقیى نەوەى ئێستا ئەوپەڕى هەوڵدانە بۆ ئەوەى شوێن و ژینگەى باشتر بۆ منداڵەکانمان دەسەبەر بکەین، بۆئەوەى ئەو منداڵانەیش مەشخەڵى داهاتوو هەڵبگرن لە پێناو بەرەوپێشبردنى وڵاتەکانماندا.
یەکێک لەو چیرۆکانەى کە دڵسۆزیى باووباپیرە ژاپۆنیەکان بۆ منداڵەکانیان دەسەلمێنێت، چیرۆکى (سەد فەردە برنجەکە) یە. ئەم چیرۆکە دەگێڕێتەوە و دەڵێت، بەهۆى جەنگى ناوخۆوە لە ناوەڕاستى سەدەى نۆزدەیەمدا، کێڵگە و زەوی و زارەکانى یەکێک لە دەرەبەگەکان لەناودەچن و دەسەڵاتى بەسەر شارى ناگاوکا-دا نامێنێت. بەمەیش خەڵکى ناگاوکا تووشى نەهامەتییەکى زۆر دەبن و برسێتى پرزەیان لێدەبڕێت. لەو کاتەدا دەروویان لێدەکرێتەوە و فەرمانڕەواى شارێکى دیکەى دراوسێیان بەهانایانەوە دەچێت و 100 فەردە برنجیان وەک یارمەتیى بۆ دەنێرێت کە کێشى هەر فەردەیەکیان 60 کیلۆگرامە.
هەر لەگەڵ بارە برنجەکە دەگات، خەڵکى تێیدەورووژێن بۆ ئەوەى هەرکەسە و بەشى خۆى برنج ببات. لەو ساتەدا راوێژکارێکى میرى شار هاواریان لێدەکات:" رەنگە ئەم فەردە برنجانە بەشى خواردنى چەند رۆژێکتان بکات، بەڵام چى دەمێنێتەوە کە هەموویتان خوارد؟ ژیان لە دەستەوە بۆ دەم چارەسەرى ناگاوکا ناکات و نایکاتە شوێنێکى باشتر بۆ نەوەکانى داهاتوو". بەمەیش 100 فەردە برنجەکەیان دابەشنەکرد بەڵکو بەکاریانهێنا بۆ ئەوەى هەندێک پارەیان لێوەدەستکەوێت هەتا قوتابخانەیەکى بۆ منداڵەکانیان پێ دروست بکەن. دواى تەنیا ساڵێک قوتابخانەکە کرایەوە و بووە هۆکارێک لە پێشخستنى سەرچاوە مرۆییە پێویستەکانى دووبارە ئاوەدانکردنەوەى ناگاوکا.
چیرۆکى دیکەى زۆرى لەم شێوەیەمان لە ژاپۆن هەیە. لەوباوەڕەدام  ئەمە ئاماژەیەکە بۆ ئەوەى ئەم ژاپۆنەى کە ئێستا هەیە بەرەنجامى ئازارەکانى باووباپرانمان و خۆڕاگری و ئارامگرتنی ئەوانە. عێراقییەکانیش لە دوو گرێى رابردوودا بەهۆى جەنگەکان و وێراکارییەوە، چەرمەسەرى و نەهامەتیى زۆریان چەشت. ئێستا عێراق لە دووڕانێکدایە. پرۆسەى ئازادکردنى موسڵ بەخێرایى بەرەوپێشەوە دەڕوات بۆ تێکشکاندنى چەتەکانى داعشى تیرۆریست و سەرکەوتنى زیاتر بەسەریاندا و نزیکبوونەوە لەو رۆژەى کە وردە وردە داعشى تیرۆریست بکرێتە دەرەوەى وڵات.
ئەوەى لەمکاتەى مێژووى عێراقدا گرنگە، تواناى رۆڵەکانیەتى لە بەردەوامى و درێژەدانى زیاتر بۆ دووبارە بونیاتنانەوەى عێراق و پاراستنى یەکێتیەکەى و رووبەڕووبونەوەى ئاڵناگاریەکان بەهەمان گیانى نیشتمانپەروەرییەوە، بۆ ئەوەى عێراق ئەو وڵاتە بێت کە هەموو لایەنەکانى گەل لەخۆبگرێت و رۆڵەکانى هاوکارى یەکبن بۆ دروستکردنى ئاییندەیەکى باشتر بۆ هەموان. ئەو زەحمەت و ناخۆشیانە بگۆڕن کە پێیدا تێپەڕیوون و تا ئێستایش پێیدا تێدەپەڕن بۆ پەند و وانە و ئەوەى باووباپیرانى ئێمەى ژاپۆنى کردوویانە. هیچ گومانێکیشم لەوەدا نییە کە عێراقییەکان بژاردەى پتەویان دەبێت بۆ بونیادنانى ئەو ئاییندە و پاشەڕۆژە.  

*باڵیۆزى ژاپۆن لە عێراق


 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure