باخچەی پەیكەرەكان

بۆچوون / بیروڕا :: 16/11/2016

سەرچاوە: شەرقولئەوسەت
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید

لە كتێبێكی منداڵاندا حیكایەتێك هەیە دەربارەی ئەوەی كە مرۆڤ هەرچی بكات ناتوانێت كەسێك رازی بكات. كورتەی حیكایەتەكە ئەوەیە: باوك و كوڕێك گوێدرێژێكیان پێدەبێت و بە رێیەكدا بە پێ‌ دەڕۆن، واتا هیچیان سواری گوێدرێژەكە نەبوون، كۆمەڵێك خەڵك تووشیان دەبن و دەڵێن: چەند بێ‌ ئەقڵن! ماندوو بوون و سواری گوێدرێژەكە نابن، باوكە بە كوڕەكەی دەڵێت: با سواری گوێدرێژەكە بین. دەڕۆن و تووشی كۆمەڵێكی تر دەبن، دەڵێن چەند بێبەزەیین دوو كەس سواری گوێدرێژێك بوون، باوكە دەڵێت رۆڵە من دادەبەزم بەپێ‌ دەڕۆم و تۆ لەسەر پشتی گوێدرێژەكە بمێنەرەوە. دەڕۆن و تووشی كۆمەڵێك خەڵكی تر دەبن، دەڵێن كوڕێكی چەتوونە خۆی حەساوەتەوە و باوكی ماندوو دەكات، باوكی دەڵێت رۆڵە تۆ دابەزە با من سەركەوم. كابرایەكیان تووش دەبێت و دەڵێت ئەمە چ جۆرە باوكێكە، ئیتر كوڕ و باوك بڕیار دەدەن بەپێ‌ بكەونەڕێ‌ و سواری گوێدرێژەكە نەبن. كۆمەڵێكی دیكەیان دێتەڕێ‌ و پێیان پێدەكەنن و دەڵێن ئەمانە كامیان كەرن؟.
كەر ئەوەیە كە گوێ دەداتە قسەی خەڵكی تەوەزەل و دەستبەتاڵ و حەسوود. ئەوانەی كە هیچ خەمێكیان لە ژیاندا نییە. هاوڕێیەكی عەرەب-م بۆی گێڕامەوە كە ویستوویەتی لەبەرنامەیەكی تەلەفزیۆنەوە لە شێوەی مرۆڤێكی سادە و ئاساییدا دەركەوێت، كەچی دوای ئەوەی لە ستۆدیۆكە دێتەدەرەوە، هاوڕێكانی پەیوەندیی پێوەدەكەن و دەڵێن:"ئەوە بۆ ئەوەندە بە هەژاری و دەستكورتی دەركەوتی؟". لە بەرنامەی داهاتووی تەلەفزیۆنەكەدا چاكەتێكی تۆزێك لە ئاسایی باشتر لەبەردەكات. دیسانەوە هەر لەگەڵ لە ستۆدیۆ دێتەدەرەوە پەیوەندیی پێوە دەكرێت و پێیدەڵێن:"ئەوە چییە مامۆستا، ئەم چاكەتە جوانە چییە؟". مەسەلەكە دەبەمەوە سەر گوێدرێژەكە.
یەكەمجار كە هاتینە لەندەن لە لادێ خانوویەكمان كڕی كە دوو ژوور و باخچەیەك بوو، كڕیمان بە 35 هەزار جونەیه و بە قیستی 25 ساڵ و بە مانگانەی 400 جونەیه. لە باخچەكەدا هەندێك مراوی و مریشكی لە گڵ دروستكراو (بەرجەستەكراو) ی تێدا بوو كە دوو خاوەنەكەی پێشووی خانووەكە جێیانهێشتبوو. دڵخۆشبووم بە ماڵەكەم لەو گوندەدا و بڕیارمدا دەعوەتێك بۆ هاوڕێكانم بكەم. دوای چەند رۆژێك رۆژنامەنووسێكی دەوڵەمەند و بەناوبانگم بینی بە قاقای پێكەنینەوە كە سوورهەڵگەڕابوو پێیوتم:"ئەوە باسی چی دەكرێت؟ باخچەیەك كە پەیكەری تێدایە؟".
تێگەیشتم كە هاوڕێیەك حەسوودی پێبردووم و لێم تووڕە بووە، نەیتوانیوە 35 هەزار جونەیه بە قیستی 25 ساڵ بدات. بەڵام ئەم پیاوە خاوەنی پارە و دووكان و ڤێلا و خانووی زۆرە، ئاخۆ ئیتر ئەبێت بەچی رازی بێت؟ (باخچە پەیكەر)ی مراوی و مریشك و هەموو شتە گڵینەكانی تریشی، ئەوكاتە بایی 50 جونەیه نەدەبوون، ئەوە تاقە ماڵێك بوو كە لە ژیانمدا هەمبێت. ئەو پیاوە هەر بەوەیشەوە وازیلێنەهێنام و كەوتە دوای سامانەكەم. پێیوتم باسی بۆینباغەكانی ملیشی كردووم. ئەو مرد، خوالێیخۆشبێت، منیش هۆكارەكەیم نەزانی و بەهەرحاڵ منیش هیچ هەوڵێكم نەدا بۆ ئەوەی بیزانم. بە منداڵی چیرۆكی گوێدرێژ و مرۆڤ-م خوێندووەتەوە. هەندێك جەور و ستەم هەن لەبیرناچنەوە و نابەخشرێن، چونكە زۆر ستەمن. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە