زریان و بڕیار

بۆچوون / بیروڕا :: 14/11/2016

سەرچاوە: شەرقولئەوسەت
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید

لەناكاو ئەمریكا قەبارەكەی پێشووی خۆیی، بە هەردوو دیوی باش و خراپدا، وەرگرتەوە. جیهانی تێئاڵاوە و دابەش بووە. لە سوریاوە بۆ ئێران و لەوێیشەوە بۆ ئەوروپا و بۆ مەكسیك و بۆ وۆڵ ستریت، هەمووی دەیەوێت بزانێت سیاسەتەكانی دۆناڵد ترەمپ لە بەرامبەریدا چۆن دەبن. لە روسیاوە بۆ ئیسرائیل و بۆ كۆریای باكوریش پێشبینی شتێك لە ترەمپ دەكەن كە لەوانەی پێش ئەویان نەكردووە: دۆستایەتی لەگەڵ خاوەنی كرملین و داننان بە قودس-دا وەك پایتەختی ئیسرائیل و كرانەوە بە رووی ئارەزووەكانی گەنجە رێزدارەكەدا. 
ئەم پەرۆشییە لە جێگەیەك كەمدەبێتەوە و لە جێگەیەكی تردا درێژە دەكێشێت، بەڵام جیهان بەردەوام دەبێت لە (خەمڵاندنەكە): سەرۆك چی جێبەجێ‌ دەكات لە هەڕەشەكانی ئەو كاندیدەی كە لە هیچ رازیی نییە؟ بەتایبەت كە باڵاترین فەرماندەی هێزە چەكدارەكانە. ئاخۆ ئەو پیاوەی كە دەیەوێت موسڵمانان نەچنە وڵاتەكەیەوە، دەبێتە یەكەم سەرۆكێكی ئەمریكا كە دان بە قودس-دا بنێت وەك پایتەختی ئیسرائیل؟.  
لە رابردوودا، زۆر سەرۆكی دیكەیش لە میانەی هەڵمەتەكانیاندا بەڵێنی مەسەلەی قەدس-یان داوە، منیش گرەوم دەكرد كە نایكەن، بەڵام لەگەڵ ترامپ-دا دەترسم و گرەوەكەم ناكەم، چونكە ئەو پیاوەی كە سەركێشیی كرد و لە هیچەوە دەستی پێكرد بۆ ئەوەی ببێتە چل و پێنجەمین سەرۆكی دوای لینكۆڵن و رۆزڤۆڵت و مۆنرۆ و كەنەدی، دەتوانێت سەركێشی لە هەموو شتێكدا بكات.
لە ئێستاوە تا ئەو رۆژەی دەستبەكار دەبێت، سەرۆكی هەڵبژێردراو هەموو دیدگای جیهان پشتگوێدەخات وەك ئەوەی هەیە، نەك وەك ئەوەی كە خۆی ئارەزووی دەكات. پاشان ئەوەیش ئاشكرا دەبێت كە سەرۆك وتارێك نادات چۆنی بووێت ئاوا بەدڵی خۆی بێت، بەڵكو هەموو وتارێكی فەرمی پێنج لێپرسراو دەینووسن و ئینجا دەگاتە ئەو بۆ زیاد و كەمكردنی ئەوەی كە دەیەوێت.  ئەوەیش ئاشكرا دەبێت كە تەنانەت لە سیستمی سەرۆكایەتیشدا، ئەوە (دەوڵەتە دێرینەكە)یە كە بژاردەكان وێنە دەكات، ئەگەرچی رەنگە لەبڕیارەكاندا وانەبێت. 
كاتی جۆرج دەبلیو، دوو وەزیری دەرەوەی هەبوو كە لە كەسە ژیر و عاقڵەكانی ئەمریكا بوون: كۆڵن پاوڵ و كۆندۆلیزا رایس، لەگەڵ ئەوەیشدا مەترسیدارترین سیاسەت و بڕیارەكانی پیادە دەكرد لە سەر مافی ئەمریكا پێش ئەوانی تر. لەم حاڵەتەی ترامپ-دا پێوەرێكمان نییە تا پێیبپێوین. ئەم تاقە بەرپرسێكی هەڵبژێردراوە كە پێشتر هیچ بەرپرسیارێتیەكی گشتیی لەئەستۆ نەبووە و لە خێزانێكی سیاسی یان ژینگەیەكی سیاسییشەوە نەهاتووە. راستەوخۆ لە (بورج)ەوە بۆ كۆشكی سپی و سەیركردنی خەڵكی لە (بورجی عالی)یەوە و ئاوەژووكردنەوەی راستیەكان و تێكدانی قەبارەكان و شێواندنی بینینەكان. 
جیهان لەبەردەم دیاردەیەكدایە كە پێشتر پێیڕانەهاتووە. واقیعبینەكانی وەك سەرۆكی فرەنسا بە نموونە، خێرا لە واقیعە تازەكە تێگەیشتن. بەڵام لەمە گرنگتر ئەوەیە كە ئاخۆ ترامپ چۆن رەفتار و هەڵسووكەوت لەگەڵ دۆخ و رووداوەكاندا دەكات. كێشەی ئەمریكا هەم لە چوونەوەیەك و هەم لە پەلهاویشتنیشیدایە. 




created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە