یەكەی نیشتەجێبوون

بۆچوون / بیروڕا :: 13/11/2016

+ مەسەلەیەكی كوردی هەیە  ئەڵێ‌ ئەوەی لە تۆ مناڵتر بێ‌ لە تۆ زیاتر شارەزای ئایفۆنە و ئەوەی ... قسە بۆ تۆ ئەكەم رۆڵە..
-عەفوو قوربان..خەیاڵم لێرە نەبوو...
+ ئەمڕۆ تەواونیت كەلـلەپووت.
-نا ئوستاز خەمت نەبێ‌.. عەیبم نی یە.
+بەخوا شتێكتە هەتیو.. لە ژێرەوە زەردەوسمە ئەتگرێ‌، چی یە؟.
-وەڵـڵاهی ئەوی راستی بێ‌ بەگم پێكەنینم بەم كوردییەی ئێستا دێت..تەسەوركە ژنهێنانیان كردووە بە هاوسەرگیری، یان مەسەلەن ناڵێن پارە، ئەڵێن بودجە.
+پارە بووە بە بودجە؟
-بەڵێ‌. ئەو رۆژە گوێم لێ‌ بوو باجییەكە بە فیڕنەگولەی ئەوت ئەمساڵ ترخێنە ناكەین چونكە بودجەكە دەریناهێنێ‌.
+ئەمانە بەهەرسورەت رۆڵە..موشكیلە گەورەكە لە شتێكی تردایە...
-شتەكەی تر كامەیە گەورەم؟.
+ماڵە، ماڵ.. ئێستا بە ماڵ ئەڵێن یەكەی نیشتەجێبوون... زۆر موشكیلەیە بەڕاستی.
-بۆچی موشكیلەیە، قوربان؟
+چونكە ئەبێ‌ گۆرانی یە فۆلكلۆرییەكان دەستكاری بكەین. مەسەلەن ئیتر ئەبێ‌ بڵێین:
          یەكەی نیشتەجێبوونمان ئەمبەراوبەرە
          كێ‌ منی تیرۆركرد ئەو دولبەرە
یان ئەگەر یەكێك درۆی كرد، یەكسەر لێ‌ ی قیت ببیتەوە و بڵێ‌ ی:
         یەكەی نیشتەجێبوونت بە قوڕگیرێ‌ بۆ خۆت و درۆت... یان ئەگەر....
-قوربان گیان تەواوی مەكە من ئەبێ‌ بڕۆم.
+بۆكوێ‌ وا بەم عەجەلەیە؟.
-لەگەڵ یەكەی نیشتەجێبوون و مناڵەكانا ئەچین بۆ چاڤی لاند.
+ئێستە كەی وەختی چاڤە لاندە؟ یەكەی نیشتەجێبوونت ئاوا بێ‌.
 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure