پەیوەندییەكانی توركیا لەگەڵ ئەوروپا بەرەوخراپتر دەچن

بۆچوون / بیروڕا :: 12/11/2016

سەرچاوە: رەئیولیەوم
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید
رەنگە بە ئاسانی بتوانین لەم رۆژانەدا دوژمنەكانی توركیا بزانین، بەڵام ئەم حاڵە بەوجۆرە نییە كاتێك هەوڵبدەین دۆستەكانی بناسین، چونكە بەخێرایی لەكەمیدەدەن و هەڵوێستیان لەبەرامبەریدا دەگۆڕن، لەبەرئەوەی لە پێنج ساڵی رابردوودا سیاسەتەكان و هەڵوێستە رەسمیەكانی توركیا بەشێوەیەكی خێرا گۆڕاون.
مەولود چاوشئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی توركیا لێدوانێكی سەرنجڕاكێشی دا، كاتێك ئەڵمانیای بەوە تۆمەتباركرد كە ئەو وڵاتەیە زۆرترین پشتگیریی تیرۆریستە بەڕەچەڵەك توركەكان دەكات و وتی:"لایەنگرانی فەتحوڵـڵا گولەن-ی بانگخوازی توركی، بە باوەشی كراوەوە لە ئەڵمانیادا پێشوازییان لێدەكرێت و لایەنگرانی پارتی كرێكارانی كوردستان-یش بەبێ‌ هیچ رێگری و لەمپەرێك دەتوانن لەوێ‌ چالاكییەكانی خۆیان ئەنجامبدەن".
زیاتر لە سێ‌ ملیۆن ئەڵمانیی بەڕەچەڵەك تورك هەن كە لایەنگیریی سیاسییان جیاوز و جۆراوجۆرن. هەندێك لە كوردە ئەڵمانەكان پشتگیریی پارتی كرێكارنی كوردستان دەكەن كە داوای دەوڵەت یان ئۆتۆنۆمییەكی كوردی دەكەن لە باشوری خۆرهەڵاتی توركیادا. هەندێكی دیكەی ئەو بەڕەچەڵەك توركانە پشتگیریی فەتحوڵـڵا گولەن-ی بانگخواز دەكەن كە تۆمەتیارە بەوەی لە پشت كودەتاكەی ئەمدواییەوەبێت. هەندێكی دیكەیشیان یشتگیریی لە پارتی داد و گەشەپێدان-ی دەسەڵاتدار دەكەن كە سەرۆك رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكایەتیی دەكات.
حكومەتی توركیا دەتوانێت رۆژنامەكان دابخات و رۆژنامەنووسان دەستگیربكات و ئامرازەكانی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان داپۆشێت و ئازادییەكان لە ناو توركیادا سەركوت بكات، بەڵام ناتوانێت هەمان ئەو شتانە لە ئەڵمانیا یان لە ئەمریا یاخود لە بریتانیا و هیچ دەوڵەتێكی دیكەی خۆرئاوادا بكات، چونكە ئازادیی رادەبڕن پارێزراوە و تاوانێك نییە كە سزای یاسایی لەسەر بێت.
كاتێك توركیا پەیڕەوی سیاسەتی (سفركردنەوەی كێشەكان)ی لەگەڵ دراوسێكانیدا دەكرد و بەرژەوەندیی توركیا و گەلەكەیی دەخستە پێش هەموو بەرژەوەندیەكی كەسی و خودییەوە، ئەوكاتە لیستی دۆستەكانی درێژ بوو، تەنانەت هیچ وڵاتێكی دیكەی (خۆرهەڵاتی ناوەڕاست) و هەتا خۆرئاوایش وەك ئەو نەبوون. هەروەها گەشەیەكی ئابوری و جێگیرییەكی ئەمنیی وایهەبوو كە بە نموونە و پێشەنگی زۆربەی گەلانی جیهانی سێیەم دەهێنرایەوە، لەناویشیاندا گەلانی عەرەبی و ئیسلامی. بەڵام هەندێك لە (الاعراب) كە پەیوەستن بە ئەجێندای خۆرئاواوە و ئامانجیان هەڵوەشاندنی دەوڵەتی نیشتمانی و لاوازكردنی سوپاكەی و نقومكردنیەتی لە جەنگی خوێناویدا، سەركەوتووبوون لەوەی توركیا رابكێشنە دەستوەردانی سەربازییانەی لە وڵاتانی دراوسێی و جەنگی تایەفیدا، ئەمەیش هەموو پەیوەندییە باشەكانی و دەستكەوتە ئابورییەكانی سڕینەوە و ئارامیەكەیشی تێكدا و بەدووریشی نازانین كە ڤایرۆسی لێكترازانی تایەفی و نەژادی بیگاتێ‌ و هەڕەشە لە یەكێتیی جوگرافی و دیموگرافیەكەی بكات.
دوای دوورخستنەوەی بەڕێز ئەحمەد داودئۆغلۆ-ی خاوەنی تیۆری سیاسیی (سفركردنەوەی كێشەكان) لەگەڵ دراوسێكان، لە هەردوو سەرۆكایەتی حزب و حكومەت و دانانی بەڕێز بنالی یەڵَدرم لە شوێنی و لە هەردوو پۆستەكە، ئەمەی دواییان رایگەیاند كە دەچێتەوە سەر هەمان سیاسەت و پەیوەندییەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ سوریا و میسر دەگێڕێتەوە، لەڕووی ئابوری و سیاسیشەوە لەگەڵ ئێران و عێراق پتەویان دەكات. ئەمەیش زۆركەسی هاندا، بەئێمەیشەوە، كە بە مزگێنیی خێری بزانین بۆ توركیا و دراوسێكانیشی پێكەوە و هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی نوێ‌ و ناشتنی ئەو ناكۆكیانە بێت كە بوونە هۆی دەستوەردانی هێزە گەورەكان لە ناوچەكە، هەروەها گێڕانەوەی پردی تەبایی و هاوكاریی بێت. بەڵام ئەم خۆشباوەڕییە زۆر درێژەی نەكێشا و بینیمان كە هێزەكانی توركیا چوونە ناو خاكی سوریاوە و ئامادەیشە بۆ دامەزراندنی ناوچەیەكی دیكەی دابڕاو لەناو خاكی عێراقدا. ئەم دوو سنووربەزاندنەیش دەبنەهۆی پەلكێشكردنی بۆ شەڕێكی ئیقلیمی كە رەنگە درێژە بخایەنێت. 
پارتی داد و گەشەپێدان گەیشتە دەسەڵات چونكە لە چوار بواردا سەركەوتووبوو: دیموكراسیەت، گەشەی ئابوری، ئیسلامێكی میانڕەو و پارێزگاریی لە دەوڵەتی توركیای عەلمانی.
ئەو تیرۆرەی كە لە قووڵایی توركیا دەدات، ئارامیی سڕییەوە و رێژەی گەشەی ئابورییشی دابەزاند بۆ كەمترین ئاستەكانی. ئەو هەڵمەتی دەستگیركردنەیش كە زیاتر لە 35 هەزار كەسی پێوەبوو و لەناویشیاندا 12 پارلەمانتاری هەڵبژێردراو و سەركردەكانی (پارتی گەلانی دیموكرات) سیمای دیموكراسییەتەكەی توركیای شێواند. هەروەها داخستنی رۆژنامەكان و كەناڵە تەلەفزیۆنیەكان و دەستگیركردنی رۆژنامەنووسان، توركیای خستە ریزی دەوڵەتە سەركوتگەرەكانەوە كە ئازادییەكان سەركوت دەكەن.
هەست بە خەم و پەژارە دەكەین كە دەبینین نموونە باشەكەی توركیا كە لە هەردوو جیهانی عەرەبی و ئیسلامیدا بێوێنە بوو، بەرەو ئاییندەیەكی تەمومژاویی بە جەنگ  و ناجێگیری دەڕوات و ئەگەری لێكترازانی ناوخۆیی و پاشەكشەی ئابوریی لێ چاوەڕوان دەكرێت و هیچ ئاماژەیەكیش یان هەوڵێك بەدیناكرێت بۆ رزگاركردن یان راگرتنی ئەم هەرەس و داڕمانە یاخود هیچ نەبێت بۆ كەمكردنەوەی.



 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure