ئەوروپا بەرەو لێكترازان و ئەمریكا بەرەو توندڕەوی و سوودمەندی سەرەكییش روسیایە

بۆچوون / بیروڕا :: 12/11/2016

سەرچاوە: رەئیولیەوم
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید

لە شەڕی نێوان گوێدرێژ و فیل-ی ئەمریكیەكاندا پێدەچێت ورچی روسی سەركەوتووی سەرەكی بێت، چونكە لەگەڵ دەركەوتنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی ئەمریكادا كە بۆ هەندێك مایەی سەرسوڕمان بوو، هەروەها لەكاتێكدا كە میدیای عەرەبی لەوەی هاتووە دەترسا و بە راڕاییەوە كڵێشەی هەواڵەكەیی دەنووسی، ڤلادیمێر پوتن سەرۆكی روسیا یەكەم كەس بوو كە پیرۆزبایی سەركەوتنی دۆناڵد ترەمپ-ی كرد، ئەو پیاوەی هێندەی بایەخ بە پارە و داراییەكەی دەدات هێندە گوێی لە سومعە سیاسیەكەی نییە. ئەو كەسەی كە لەپێش ئەم هەڵبژاردنەدا كەس بیری لەوە نەدەكردەوە كە پیاوێك بەم بیری توندڕەوی و هەڵپەكارییەوە ببێتە سەرۆكی وڵاتێكی وا كە زۆرترین كاریگەریی لەسەر جیهان هەیە. 

ئەو دیموكراسیەتەی لە جیهانی خۆرئاواییدا هەبوو و خراپترین نموونەی خۆیی پێداین، لەوەدەچێت نەفرەتی خۆی خۆیشیانی گرتبێتەوە، چونكە هەر بە سندوقی هەڵبژاردن راستڕەوەكانی بریتانیا دەنگیاندا بۆ دەرچوونی وڵاتەكەیان لە یەكێتی ئەوروپا كە بە گەورەترین نسكۆی یەكێتیەكە دادەنرێت لەكاتی دامەزراندنیەوە و هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوە و لێكترازاندنی هەموو یەكێتەیەكە دەكات. ئەمەیش هەمان ئەو دیموكراسیەتەیە توندڕەوێكی هێناوەتە سەر كورسیی سەرۆكایەتی كە رقی لە كەمینەكان و عەرەب و موسڵمانە و ئەم رقلێبوونەوەی ئێمەیشی كردبووە مادەیەكی چەوری پرۆپاگەندەكانی لە هەڵمەتەكانیدا و لەوەیش دەچێت كە لە ئێستادا باشترین و سەركەوتووترین هەڵمەت بووبێت، ئەو پیاوەی كە بەڵێنی بە ئیسرائیل دا باڵیۆزخانەی ئەمریكا بۆ قودس بگوێزێتەوە، ئەمەیش هەنگاوێك بووە كە پێش ئەو كەس نەیوێراوە بینێت، هەروەها باسی  ئۆردووگا زایۆنیەكانیشی واكردووە كە مەسەلەیەكی ناوخۆی ئیسرائیلە و پەیوەندیی بەوانەوە نییە!!!.
بێگومان بەلای ئێمەی عەرەبەوە هەردوو كاندیدەكە یەك لەیەك خراپتربوون. چونكە كلینتۆن هەردوو دەستی خەڵتانی خوێنی لیبیەكان و ئەو پەشێویانەیە كە لە لیبیا و عێراق و سوریادا دروستی كردوون، ئەمانەیش لەو نامە حكومیانەدا دەردەكەون كە لەوپەڕی نهێنیدا بوون و ناردوونی بۆ كچەكەی كە هاوسەری جوولەكەیەكی توندڕەوە. بۆیە ئەمیش بژاردەیەكی باشتر نەبوو لە ترەمپ-ی گاڵتەجار.
بەڵام ترەمپ هەموو لێدوانەكانی خۆی، كە هەندێك كەس بە نامۆ و سەیر ناویان دەبرد، پەیامێك بوون و ئاراستەی روسیای دەكردن. روسیا ئەو ورچەی كە بەم دواییە لە ئەشكەوتەكەی هاتووەتە دەرەوە و هەمیشەیش ئەمریكا لەپشت قەیرانەكانیەوەیەتی و رۆژێك لە رۆژان هەڵیدەوەشێنێت. ئەم كارتەیش، وڵاتە عەرەبیەكانی خاوەن نەوتی ترساندوە كە ساڵانێكی زۆر خزمەتكاری ئەمریكا بوون لە ناوچەكەدا و ئەمریكایش پاساوی بۆ تاوانەكانیان دەهێنایەوە، بێگومان بە پارەی خۆیان. لەبەر ئەمەیش پارەی كەنداو و سعودیە هەڵڕژا بوو بۆ پشتیوانیكردنی كلینتۆن وەك ئەوەی لە هەڵمەتەكەیدا راگەیەنرا كە پارەی لە وڵاتە خاوەن نەوتەكانمانەوە پێدەگات بۆ پشتیوانیی خانمە كاندیدەكەی دیموكراتەكانی ئەمریكا!!.
یەكەم كەس بە فەرمی پیرۆزبایی لە ترامپ كرد پوتین بوو، بەڵام لەو باوەڕەدام كە هەموو جەمسەری روسیا ئەمڕۆ بە بێدەنگی سەمادەكەن چونكە دەزانن ملهوڕیی تیمەكەی پێشوو ئێستا لە دواڕۆژە دیاریكراوەكانی خۆیاندان، نەك بەشار ئەسەد-ی سەرۆكی سوریا.. 

هیچ خێرێك لە هیچكام لە دوو سەرۆكەكەدا بۆ وڵاتەكانمان پێشبینی ناكەین. چونكە ئێمە بۆ ئەوان بووینەتە تەنیا مادەیەكی پروپاگەندە یان شانۆیەك بۆ تاقیكردنەوەی چەكەكانیان و بیردۆزە تازەكانیان، بەڵام پێویستە هاوڕابین لەسەر ئەوەی كە ئەگەر بەمجۆرە ماینەوە و هەر وڵاتێكی نیشتمانی عەرەبیی گەورەمان پشتیبەست بە دەوڵەتێكی خۆرئاوایی  بۆ ئەوەی زیاتر پشتیوانیی بكات، ئەوا بوونمان لەسەر نەخشە نامێنێت..  

ئەمڕۆ فیلەكە و ورچەكە بەسەر گوێدرێژەكەدا سەركەوتن. لێگەڕێن با سەیری وشترەكەی (نەوتی عەرەب)ییش بكەین و بزانین چی دەكات و روو لە كوێ‌ دەكات بۆ پاراستنی خۆی لە كەوتنە چاوەڕانكراوەكەی. 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە