بۆچی پشتگیریی ترەمپ-م كرد؟

بۆچوون / بیروڕا :: 10/11/2016

نووسینی: ئلیاكیم هعتسنی
سەرچاوە: یەدیعۆت
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید
كاتێك ئەم چەند دێڕە دەنووسم، هێشتا سەرۆكی ئەمریكا هەڵنەبژێردراوە، بەڵام خوێنەران هەر لە ئێستاوە دەزانن یەكێك لەو دوانە دەبێت. دانبەوەدادەنێم بەلای منەوە ترەمپ باشترە، ئەویش لە تەنیا یەك گۆشەنیگاوە -لەو دوانە كامیان بۆ (جوولەكە باشترە) هەروەها بۆ دەوڵەتەكەیشیان- بەڵام تەنانەت ئەگەر كلینتۆن-یش هەڵببژێردرێت گرەنتی ئاسانكاریی نابێت بۆ هیچ سەركردەیەكی ئیسرائیلی كە هەوڵی بەدیهێنانی ئاشتەوایی نیشتمانی بدات لە قودس و ناوچەكانی دیكەدا، چونكە ئەمڕۆ ئیسرائیل هێندەی پێویست بەهێزە و پێویست بە گوشار خستنەسەر ناكات. 
راستە، زەحمەتە ئەو گوشارە وەحشی و سەپێنەرە لەبیربچێتەوە كە كلینتۆن خستیە سەر نەتانیاهۆ-ئەو گوشارەی كە ناچاری كرد بۆ نەخشەكێشان و بیناكردن لە قودس، بەڵام ئەو لەوكاتەدا كردی كە لە پۆستی وەزارەتی دەرەوەی ئیدارەكەی ئۆبامادا بوو- و ئۆبامایش دەڕوات. هیلاری دۆستی ئیسرائیل نییە. وڵاتانی عەرەب زۆریان بەخشییە(سندوقی كلینتۆن) زیاتر لەوەی كە ئیسرائیل پێیبەخشی، ئەمە ئەگەر هەر هیچیشی بەخشیبێت. لەگەڵ ئەوەیشدا، ئەو بەشدارییە دەروونییەی لەگەڵ عەرەبدا نابینین كە ئۆبامای پیێ‌ دەناسرێتەوە. 
ئەگەر ئەم ماوەیەمان قۆستەوە بۆ خەمڵاندنی هێز و ئاستی توانامان بۆ خۆڕاگریی لەبەردەم گوشارەكانی ئەمریكادا، ئەوكاتە خۆمان وەك وڵاتێك دەبینینەوە كە ژمارەی دانیشتوانەكەی هێندەی ژمارەی دانیشتوانی سویسرا یان نەمسا و یاخود بەنزیككراوەیی هێندەی سوید دەبێت، كە كێشەكانی خۆیی لە بوارەكانی ئاو و وزەدا چارەسەركردووە و بە پێچەوانەی هەندێك لە وڵاتانی خۆرئاواوە لە رووی دیموگرافییەوە لە پەرەسەندندایە و ئابورییەكەیشی لەم قەیرانە جیهانییەدا زیانی بەرنەكەوتووە. جگە لەمەیش، ئەمڕۆ ئیسرائیل داوای ئەوە لە ئەمریكا ناكات لە هەڕەشەی سۆڤیەت بیپارێزێت، چونكە بۆخۆی پەیوەندیی لەگەڵ روسیادا باشە.   
وێڕای هەموو ئەمانەیش، خودی ئەمریكای زلهێز لە دۆزەخی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا پێویستی بە بەندەرێكی ئارامە كە ئیسرائیل بۆی دابیندەكات، هەروەها پێویستی بەهێز-ی ئیسرائیل هەیە كە پشتیوانێكی كارا و زیندووی رژێمەكانی لایەنگری خۆرئاوایە لە دەورووبەری خۆیدا. بەجۆرێك كە لە سایەی ئەم دۆخەدا ئۆباما خۆی یارمەتییەكی زۆری پێشكەش بە ئیسرائیل كرد و بەمەیش خزمەتی بەرژەوەندیی هەموو خۆرئاوای كرد. بەم هۆشیاری و زانینەی پێگە و توانامانەوە، سەرەك وەزیران بە هەستكردنێكی خۆ بەكەمنەزانەوە دەتوانێت چاوی بە هەر سەرۆكێكی ئەمریكا بكەوێت بێ‌ ئەوەی دەستبەرداری تەنیا یەك سانتیمەتری بەرژەوەندییە نەتەوەییەكانیشمان بێت. بۆچی پشتگیریی ترەمپم كرد؟ بۆ ئەوەی كەمێك ئاسوودە بین بە رێی گۆڕانكارییەوە و خەون ببینین بە مام سام-ی نەمرەوە كە شنەبای خۆشەویستی دەبەخشێت بێ‌ مەرج و گوشار. ترەمپ بەڵێنیدا دان بەقودس-دا بنێت وەك (پایتەختێكی نەمری دابەشنەكراو)ی ئیسرائیل و باڵیۆزخانەی بۆ بگوازێتەوە و بە چارەسەری (دوو دەوڵەت) بێزارمان نەكات و دژی هەموو چارەسەر (یەكلاییكردنەوە) سەپێنراوەكانی ئەنجومەنی ئاساییش بێت و پارێزگاری لە سەلامەتیی پرۆژەی نیشتەجێبوون بكات و پشتیوانیی سیاسەتی نەتانیاهۆ بۆ ئێران بكات و دژی تیرۆری ئیسلامیی بجەنگێت.
لەڕووی پراكتیكەوە، پارتی كۆماری بەرنامەی سیاسیی گۆڕیوە و لە مەسەلەكانی تریشدا پشتیوانیی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین سڕیوەتەوە و كوژاندوویەتیەوە. ترەمپ دەورەدرابوو بە راوێژكارانێكی لایەنگری ئیسرائیل كە ئاراستەیەكی راستڕەوییان هەبوو. بەڵام پارتی دیموكرات ئاڵاوەتە چەپڕەوییەوە و بەڵێنەكانی كلینتۆن بۆ ئیسرائیل لە كاتی هەڵمەتەكەدا لە باشترین حاڵدا لە جێی نەبوان بوون.
بەڵێنەكانی ترەمپ لە میدیای لەقاڵبدراوی ئیسرائیلدا (بچووك بوو)، تەنانەت خەریك بوو رووماڵیشی نەكات. هەروەك زەحمەت بوو مەیلی ئایدیۆلۆژیانەی بەلای هیلاریدا بشاردرێتەوە. خەڵكی حەزیان بە گاڵتەپێكردنی بەڵێنی سیاسیەكانە، منیش ساویلكە نیم، بەڵام دابەشبوونی نێوان چەپ و راست، لای ئێمە و لای ئەوانیش، كاریگەریی راستەقینەی لەسەر ئێمەیش هەیە و ئەمە واقیعە. كەواتە واقیعی ئێمە چۆن دەبێت؟ لەم كاتی نووسینی ئەم دێڕانەدا هەر دەتوانم مەزەندە بكەم، بەڵام خوێنەر دەزانێت و بۆی دەركەوتووە.


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure