رۆژى هه‌ڵبژردن چى روویدا؟

بۆچوون / بیروڕا :: 09/11/2016

وه‌رگێڕان: د. شێركۆ عه‌بدوڵـڵا
به‌لاى هه‌ندێك ئه‌مریكییه‌وه‌ (كه‌ ناخۆشیشه‌ وابڵێین)، ژنێك له‌ پاش پیاوێكى ره‌شپێست بگاته‌ كۆشكى سپى، شتێك بوو به‌ ئاسانى قووتنه‌ده‌درا...... رۆجێر كۆهین.


من یه‌كێكم له‌و ملیۆنه‌ها كۆماریخوازانه‌ى كه‌ ده‌نگیان به‌ هیلارى كلنتۆن داوه‌،  چونكه‌ به‌شێكى زۆرى ئه‌و قسانه‌ى كه‌ دۆناڵد ترامپ له‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌دا ده‌یكردن قسه‌ى ناماقووڵ و بگره‌ ناخۆشیش بوون بۆ زۆرێك له‌ خه‌ڵكى ئه‌مریكا. به‌ڵام من كه‌ بیرى لێده‌كه‌مه‌وه‌ خۆشحاڵم، چونكه‌ له‌ كاتێكدا ترامپ پێویستى به‌وه‌یه‌ به‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك كۆسپ و رێگردا زاڵ بێت بۆ ئه‌وه‌ى ببێت به‌ سه‌رۆكێكى باش، به‌ ئاسانى ده‌توانێت سه‌رۆكێكى خراپ نه‌بێت.

یه‌كه‌م، پێویسته‌ ئه‌وه‌ بزانین ئه‌گه‌ر مرۆڤێكى زیره‌ك نه‌بوایه‌ نه‌ده‌گه‌یشته‌ ئه‌م ئاسته‌- كه‌ پاش دوایت ئایزنهاوه‌ر- یه‌كه‌مین ناسیاسییه‌ هه‌ڵبژێردرابێت به‌ سه‌رۆك.

خاڵى دووه‌م، ترامپ به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌و شتانه‌ ده‌زانێت كه‌ ئێمه‌ ده‌یانزانین: زۆربه‌ى ئه‌و به‌ڵێنانه‌ى له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا دابووى بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ڵببژێردرێت، شتى بێ مانان، هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ ره‌نگه‌ ئه‌نجامیان نه‌دات. بێجگه‌ له‌وه‌یش پێویسته‌ ئه‌و راستیانه‌یشمان له‌بیرنه‌چێت كه‌ كۆنگرێس ئه‌گه‌ر كۆماریخوازیش بێت رێگریى له‌ سیاسه‌ته‌كانى ده‌كات، بۆ نموونه‌ په‌سه‌ندنه‌كردنى بودجه‌ى دیواره‌ پێشنیاركراوه‌كه‌ى سنوورى مه‌كسیك.

با له‌ سیاسه‌تى بازرگانیى ترامپه‌وه‌ ده‌ستپێبكه‌ین. ره‌نگه‌ ئه‌و وه‌كو سه‌رۆك دانوستان له‌سه‌ر رێككه‌وتننامه‌ى تازه‌ى بازرگانى نه‌كات، به‌ڵام زۆر زه‌حمه‌ته‌ رێككه‌وتننامه‌كانى ئێستا هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌. ئه‌و هێنده‌ شاره‌زاى مێژووى ئابوریى وڵاته‌ هه‌تا خۆى بپارێزێت له‌ سیاسه‌ته‌ كاره‌ساتباره‌كه‌ى پاراستن كه‌ له‌ساڵى 1930 دا په‌یڕه‌وكرا و قۆناغى داكشانه‌ ئابورییه‌كه‌ى درێژنه‌كرده‌وه‌ و كارێكى وایكرد ماوه‌ى 20 ساڵ حیزبى كۆماریى بیربچێته‌وه‌.

چین و مه‌كسیك و خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست ئه‌و شوێنانه‌ن كه‌ بزنسمانه‌ ئه‌مریكاییه‌كان، به‌ خودى به‌ڕێز ترامپ-یشه‌وه‌، پاره‌ى لێ په‌یدا ده‌كه‌ن. ئه‌و وه‌كو هه‌موو ئابوریناسێكى دیكه‌ ده‌زانێت كه‌ بازرگانیى نێوده‌وڵه‌تى زیاتر كار و هه‌لى كار ده‌خوڵقێنێت وه‌ك ئه‌وه‌ى له‌كیسى بدات و ده‌یشزانێت كه‌ گه‌شه‌كردنى چینى ناوه‌ڕاست به‌بێ ئه‌و بازرگانییه‌ كارێكى مه‌حاڵه‌.

سه‌باره‌ت به‌ مه‌سه‌له‌ى كۆچیش، ده‌ڵێین به‌ڕێز ترامپ كه‌ له‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌دا دژایه‌تى خۆیى بۆ كۆچكردن راگه‌یاند به‌ڵام ئه‌ویش و زۆربه‌ى بزنسمانه‌ ئه‌مریكاییه‌كانیش ده‌زانن كه‌ كۆچكردن سووته‌مه‌نییه‌ بۆ ئابورییه‌كه‌مان. ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌وڵه‌مه‌ندترین وڵاتى جیهانه‌ و به‌شێكى زۆرى هۆكاره‌كه‌یشى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كۆچبه‌ران، به‌باپیرى ترامپ-یشه‌وه‌، هاتن بۆ ئێره‌ بۆ كاركردن و بازرگانى، به‌وانه‌یشه‌وه‌ كه‌ خودى به‌ڕێز ترامپ خاوه‌نیانه‌. له‌ راستیدا، ژنه‌كه‌ى ترامپ، واتا خانمى یه‌كه‌مى ئێمه‌، كۆچبه‌رێكى تازه‌یه‌.

سه‌باره‌ت به‌ سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌یش، ترامپ تا ئێستا دژایه‌تیى سیاسه‌تى ده‌ستوه‌ردانى كردووه‌ له‌ پێناو بڵاوكردنه‌وه‌ى به‌هاكانى ئه‌مریكادا. ئه‌مه‌ یه‌كێك له‌و بابه‌ته‌ كه‌م و ده‌گمه‌نانه‌ بوون كه‌ له‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌یدا تۆزێك ماقووڵ بوون. خۆشبه‌ختانه‌ ئه‌و ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان ناگلێنێته‌ زه‌لكاوى تازه‌وه‌ كه‌ خوێن و پاره‌ له‌كیس ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌ده‌ن. ئه‌و ده‌یه‌وێت له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌ به‌هێزه‌كانى وه‌ك ناتۆ و ئیسرائیلدا كار بكات، ئه‌مه‌یش پێوسته‌ تاقیبكرێته‌وه‌ و لێدوانه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانى دڵخۆشكه‌ر نین. به‌ڵام ئه‌وه‌یشى گوتووه‌ كه‌ پێویسته‌ هاوپه‌یمانه‌كانى ئه‌مریكا بۆ پاراستنى ئاسایشى جیهان ئه‌ركى زیاتر بگرنه‌ ئه‌ستۆ. بۆ ئه‌نجامدانى ئه‌مه‌ پێویسته‌ ترامپ كاریان له‌گه‌ڵدا بكات، هه‌روه‌ك چۆن پێویسته‌ بزنسمان له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه‌كانیدا كار بكات بۆئه‌وه‌ى كاره‌كه‌ بگاته‌ ئه‌نجام.

بۆئه‌وه‌ى خۆى به‌دووربگرێت له‌ كێشه‌كانى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و ئاسیا، پێویسته‌ به‌رامبه‌ر جیهانى ئیسلامى نه‌رمتر بێت و زیاتر رێزى لێ بگرێت وه‌ك له‌وه‌ى له‌كاتى هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا لێمان بینى. جیاكردنه‌وه‌ى به‌شى زۆرى موسڵمانان كه‌ ده‌یانه‌وێت به‌ ئاشتى بژین، له‌ كه‌مایه‌تیه‌كى پشتیوانى توندڕه‌وى، ئه‌ركى دیپلۆمات و فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كان و سه‌رۆكه‌كانه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر سیاسییه‌ هه‌لپه‌رسته‌كانیش  په‌له‌بكه‌ن له‌ قۆستنه‌وه‌ى هه‌ستیاریى به‌رامبه‌ر موسڵمانان له‌ هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژاردندا.

دوایین هه‌واڵى خۆش له‌ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ى ترامپ، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سه‌ركه‌وتنى ئه‌و نیشانه‌ى كۆتاییى موحافزكاریى دینییه‌ له‌ سیاسه‌تى ئه‌مریكادا، ئه‌و سیاسه‌ته‌ى كه‌ زیانى زۆرى گه‌یاند به‌ حیزبى كۆماریى له‌ناو ده‌نگده‌ره‌ رۆشنبیره‌كانیدا، به‌تایبه‌ت ژنان. ترامپ نه‌ك هه‌ر به‌ شێوه‌یه‌كى ماقووڵ شكستیهێنا به‌ پاڵه‌وانى محافزكاره‌ دینییه‌كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا كه‌ (تێد كروز) بوو، به‌ڵكو له‌سه‌ر ئاستى كه‌سییش بڕواى به‌ به‌رنامه‌كانى ئه‌وجۆره‌ى محافزكاریى نییه‌، یان لانیكه‌م په‌یڕه‌وى ناكات.

ئه‌و راستییه‌ى كه‌ محافزكارى دینى زۆر به‌توندى و به‌و ژماره‌ زۆره‌ پشتیوانیى له‌ ترامپ كرد، نیشانه‌ى بێ ئومێدیى ئه‌و رێبازه‌یه‌. ژماره‌یه‌كى زۆرى ده‌نگده‌ران (به‌ منیشه‌وه‌) به‌ڕێكوپێكى ده‌چین بۆ كه‌نیسه‌، به‌ڵام پێمانخۆش نییه‌ حكومه‌ت نكۆڵى بكات له‌ مافه‌ مه‌ده‌نیه‌كانى ژنان و پاوانى هاوڕه‌گه‌زباز و كۆنترۆڵى چاودێریى ته‌ندروستیى ژنان بكات و ...هتد.

سه‌باره‌ت به‌ به‌كارهێنانى ئاوده‌ست، ترامپ له‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌یدا رایگه‌یاند هاووڵاتیان ئازادن له‌ تاوه‌ره‌كانى مندا چ ئاوده‌ستێك به‌كاردێنن.

زۆربه‌ى ئه‌و خه‌ڵكانه‌ى وه‌ك ئێمه‌ ده‌نگمان نه‌دا به‌ ترامپ به‌هۆى قسه‌كانیه‌وه‌ له‌ هه‌ڵمه‌ته‌كانى هه‌ڵبژاردندا، پێویسته‌ چاوه‌ڕێ بكه‌ین و سه‌رنج بده‌ین بزانین چى ده‌كات. هیوادارین به‌كرده‌وه‌ وڵاته‌كه‌ زۆر له‌وه‌ باشتر به‌ڕێوه‌ ببات كه‌ ئیشوكاره‌ بازرگانیه‌كانى خۆیى پێ راییكردووه‌.

هه‌روه‌ها هیوادارین حكومه‌ت به‌كارنه‌هێنێت بۆ دژایه‌تیكردن و زیان گه‌یاندن به‌و خه‌ڵكانه‌ى كه‌ چه‌ندین ساڵه‌ له‌ سایه‌ى ئه‌وانه‌وه‌ پاره‌ په‌یدا ده‌كات، دیاره‌ مه‌به‌ستمان ئه‌مركییه‌ به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك لاتینیه‌كانیشه‌. ئێمه‌ هیوادارین ئه‌وانه‌ى  به‌ ترامپ خه‌ڵه‌تاون ئه‌وانه‌ نه‌بن كه‌ شایه‌نى خه‌ڵه‌تاندن بن، چونكه‌ ئه‌جێنداكانیان له‌ رووى ئه‌خلاقییه‌وه‌ دژى به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانى نه‌ته‌وه‌ن.

دۆناڵد ترامپ ده‌زانێت ئه‌مریكا حاڵى حازر ده‌وڵه‌تێكى مه‌زنه‌ و سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ى ئه‌و باش بێت یان خراپ ئێمه‌ له‌گه‌ڵیدا ده‌بین. ئه‌و ته‌نیا پێویستى به‌وه‌یه‌ ئه‌و قسانه‌ بیرخۆى بباته‌وه‌ كه‌ كردوونى و ئه‌و شتانه‌ ئه‌نجامبدات كه‌ به‌ راستیان ده‌زانێت. 

سه‌رچاوه‌: نیویۆرك تایمز


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure