سوڵتان ئەردۆغان كورد دەچەوسێنێتەوە

بۆچوون / بیروڕا :: 08/11/2016

سەرچاوە: ئەلحەیات
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید

سەرۆك (یان سوڵتان) رەجەب تەیب ئەردۆغان بە دژەكودەتایەك وەڵامی هەوڵی كودەتا شكستخواردووەكەی تەموزی رابردووی دایەوە و هەوڵدەدات بۆ دامەزراندنی رژێمێكی تاك حزبی (یاخود سەڵتەنە) لە توركیا.
كوردەكانی توركیا ئامانجێكی هەمیشەیی ئەون، حكومەتەكەیشی فەرمانی كرد بە دەستگیركردنی 13 ئەندام لە پارتی گەلی دیموكراتی لایەنگری كوردەكان، لەوانەیش 11 یان دەستگیركران و دوانەكەی تریان لە دەرەوەی وڵاتن. دەسەڵاتداران تەنیا یەك پارلەمانتاری لێ‌ ئازادكردن ئەویش بەو مەرجەی نابێت بچێتە دەرەوەی وڵاتەكە.
كوردەكان زۆرینەی دانیشتوانی باشوری خۆرهەڵاتی توركیا پێكدێنن و بەهیچ جۆرێكییش پەیوەندییان بەو هەوڵی كودەتایەوە نەبوو كە فەتحوڵـڵا گولەن-ی بانگخوازی دانیشتووی ویلایەتە یەكگرتووەكان بە سەرپەرشتیكردنی تۆمەتباركراوە. لە كاتی ئەو هەوڵەوە، حكومەتی توركیا كەوتووەتە گرتن و لەكاردەركردنی دەیان هەزار ئەفسەر و دادوەر و داواكاری گشتی و رۆژنامەنووس و مامۆستای زانكۆ و مامۆستای قوتابخانە و چەپەكان، هەروەها چەندین پێگەی ئینتەرنێتیشی لەكارخستووە.
لە پێش ئەوانیترەوە كوردەكان بە ئامانجدەگیرێن، ئەوەبوو حكومەتی توركیا لە مانگی رابردوودا رایگەیاند كە باری نائاسایی بۆ ماوەی 90 رۆژی دیكە درێژ دەكاتەوە و 30 سەرۆك شارەوانیی كوردی دەركردووە و 11 هەزار مامۆستای لەكارخستووە و 20 ناوەندی میدیایی كوردی داخستووە كە كەناڵی تەلەفزیۆنی منداڵانیشی تێدایە.
پێشتریش لە مانگی ئایاری رابردوودا، حكومەت پارێزبەندیی پارلەمانیی لە نزیكەی پەنجا پارلەمانتاری پارتی دیموكراتی گەلان سەندەوە و ئەمەیش دەستگیركردنیانی ئاسانكرد. هاوسەرۆكەكانی  حزبەكەیش، سەلاحەدین دەمیرتاش لە ئەنقەرە و فیگن یۆكسكداغ لە ئامەد دەستگیركران. ئەنجامەكەیش ئەوەبوو كە خۆپیشاندان لە ئەستانبوڵ بۆ پشتیوانی لە كورد رێكخرا و پۆلیسیش بە توندی وەڵامیدانەوە.
پارتی گەلانی دیموكرات داوای لە هەموو جیهان كرد هەڵوێست وەربگرن دژی رەفتارەكانی حكومەتی توركیا و موراد قەرەیڵان سەركردەی پارتی كرێكارانی كوردستان-یش وتی ئەندامەكانی حزبەكەی هەڵمەتەكانیان دژی دەسەڵاتدارنی توركیا زیاد دەكەن. سەركوتكردنی فەرمیی توركیا دوای تەقینەوەكەی ئامەد زیاتر بوو كە هەشت كەسی تێدا كوژرا و لەوانەیش دوانیان پۆلیس بوون.
توركیا ئەندامی پەیمانی باكوری ئەتڵەسی-یە و هاوپەیمانەكانی هیچیان نەكرد لەبەرامبەر سەركوتكردنی بەردەوام و پەرەسەندوویدا. زۆرترین شتێك كە كردیان بەیاننامەیەكی جوش ئێرنست وتەبێژی كۆشكی سپی بوو كە تێدا وتی ئیدارەی ئۆباما (زۆر نیگەرانە) بەرامبەر دەستگیركردنەكان. هەروەها لێدوانێكی كاتی بێری رێكخەری كاروباری توركیا لە پارلەمانی ئەوروپایش بوو دەربارەی هەواڵی زۆر خراپ لە توركیاوە دێت كە باس لە دەستگیركردنی ئەندامانی پارتی گەلانی دیموكرات دەكەن. دەڵێم ئەمە هاوكاری و رێككەوتنی ئەمریكا و ئەوروپایە لەگەڵ ئەردۆغاندا نەك هەڵوێستێك بێت دژی دەستگیركردنە زۆردارییەكان.
بەتەواوی سەركۆنەی تیرۆری پارتی كرێكارانی كوردستان دەكەم، بەڵام پشتگیریی لە كوردەكانی توركیا و عێراق و سوریا و هەموو وڵاتان دەكەم، چونكە ستەملێكراون و بێبەشكراون لە مافە نیشتمانیەكانیان و رووبەڕووی سەركوتكردنێكی بێ‌ پاساوی یاسایی و مرۆیی بوونەتەوە.
ئەمە دەڵێم و سووریشم لەسەر ئەوەی كە ئەردۆغان ئاگاداری هەوڵە كودەتاییەكەی تەموز بوو، چونكە مەحاڵە هەزاران ئەفسەر و سیاسەتمەدار بەشداری بن و حكومەتیش هیچ ئاگاداری نەبێت. توركیا خۆی كردی و پاشان شكستی پێهێنا و دۆخەكەی قۆستەوە بۆ سەركوتكردنی هەموو نەیارەكان و دەستیكردە دامەزراندنی دەوڵەتی تاك حزبی، واتە حزبی داد و گەشەپێدانی ئیسلامی. رەنگە دركی بەوەیش كردبێت كە هاوپەیمانەكانی لە ناتۆ ناتوانن رووبەڕووی ببنەوە هاوكات لەگەڵ بەردەوامیی رووبەڕووبوونەوەیەكی دیكە لەگەڵ سەرۆك ڤلادیمێر پوتیندا لە ئۆكرانیاوە بۆ سوریا و بۆ ناوچەكانی دیكەیش.
ئەردۆغان جەماوەرێكی زۆری لەناو توركەكاندا هەیە بەتایبەت لەناو خەڵكی هەژاری نیوە خوێندەواری ئەنادۆڵدا. ئەو دەیتوانی سیستمێكی دیموكراسی بنیات بنێت كە ببێتە نموونەیەكی دیار لە هەموو وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، كەچی ئەو رێگەی دیكتاتۆریەتی هەڵبژارد بۆ چەوساندنەوەی هەركەسێك كە بە رووی تەماعە تایبەتەكانی خۆیدا بوەستێتەوە.  پێشبینی شتێك دەربارەی داهاتوو ناكەم، بەڵام دەڵێم ئەردۆغان توركیا بە رێگەیەكی هەڵەدا دەبات.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure