زمانى جه‌سته‌

بۆچوون / بیروڕا :: 06/11/2016

وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید
ده‌ڵێن، وێنه‌یه‌ك به‌ هه‌زار وشه‌یه‌، یان كاریگه‌ریى هه‌زار وشه‌ى هه‌یه‌ له‌ گوزارشت و ئاماژه‌ و په‌یامدا. ده‌ڵێن، قسه‌ گوزارشت له‌ دۆخ و هه‌سته‌كان ده‌كات و وێنه‌كه‌ ده‌گه‌یه‌نێته‌ وه‌رگر. ده‌ڵێن و ده‌ڵێن زمانه‌كان له‌ گرنگترین رێگه‌كانى په‌یوه‌ندى و گوزارشتكردنن، به‌ جۆرێك كه‌ هه‌ر جۆره‌یان وه‌ك كه‌سێتیه‌كى جیاواز ته‌ماشا ده‌كرێت. كه‌س ناتوانێت نكۆڵى بكات له‌ بایه‌خ و گرنگیى زمانى ئاخاوتن، به‌ڵام زمانى له‌و گرنگترى جیهانى، زمانى جه‌سته‌یه‌. چونكه‌ هه‌موو زمان و هه‌موو گوزاره‌كان تێده‌په‌ڕێنێت و ته‌واوكارى ئه‌و وته‌یه‌یه‌ كه‌ ده‌ڵێت (ژیر  له‌ ئاماژه‌یه‌ك ده‌گات)، چونكه‌ پڕه‌ له‌ ره‌وانى و له‌ نیاز و مه‌به‌سته‌كانیدا ته‌ركیز ده‌خاته‌ سه‌ر زمانى جه‌سته‌.

گوزارشتكردن له‌ خۆشه‌ویستى له‌ڕێى زمانى جه‌سته‌وه‌ ده‌بێت، لێره‌دا مه‌به‌ستم هه‌ستكردنه‌ به‌ ئاسووده‌یى له‌ كه‌سێكدا له‌ڕێى ئاسووده‌یى له‌ گوزارشتكردنیدا به‌هۆى بزواندن و جووڵه‌ى جه‌سته‌یه‌وه‌ به‌بێ گرژى و خۆدوورگرتن، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا كه‌ رق زمانى ساردى جه‌سته‌یه‌ و تێڕوانینێك ته‌رجه‌مه‌ى ده‌كات كه‌ پله‌ى گه‌رمییه‌كه‌ى له‌ پله‌ى گه‌رمیى سه‌وزه‌ى به‌ستووى ناو ساردكه‌ره‌وه‌یش تێده‌په‌ڕێت. خۆ ئه‌گه‌ر ته‌ماشایه‌كى ده‌ورووبه‌رى خۆت بكه‌یت زمانى جه‌سته‌یه‌ك هه‌ست پێده‌كه‌یت كه‌ پێشتر شتى وات نه‌زانیوه‌.

زمانى جه‌سته‌ له‌ گرنگترین ئه‌و بنه‌مایانه‌یه‌ كه‌ رێگه‌كانى كۆمۆنیوكه‌یشن و په‌یوه‌ندییه‌كانى سه‌رده‌م ته‌ركیزیان ده‌كه‌نه‌سه‌ر، هه‌روه‌ها به‌شێوه‌یه‌كى راسته‌خۆیش په‌یوه‌سته‌ به‌ سه‌ركردایه‌تى و كارگێڕى و كار-یشه‌وه‌، به‌تایبه‌ت كه‌ زمانى جه‌سته‌ خاوه‌نه‌كه‌ى هه‌ستى پێناكات به‌ڵكو ئه‌وانه‌ هه‌ستى پێده‌كه‌ن كه‌ له‌ده‌ورووبه‌رین، چونكه‌ جووڵه‌كانى جه‌سته‌ خۆڕسك و ئۆتۆماتیكین و له‌ژێر كۆنترۆڵى خاوه‌نه‌كه‌یدا نین، ئه‌مه‌یشه‌ وایلێده‌كات كه‌ راستگۆترین زمان بێت له‌ رووى گوزارشتكردنه‌وه‌، چونكه‌ نهێنیه‌كانى دڵ و رازه‌كانى عه‌قڵ بۆ ئه‌وانى دیكه‌ ئاشكرا ده‌كات و جه‌سته‌ شته‌ مت و شاراوه‌كانى هه‌سته‌كان و راز و نیازه‌كانى ناخ ئاشكرا ده‌كات.
ده‌یشوترێت ئه‌و ئاماژانه‌ى له‌ جه‌سته‌وه‌ ده‌رده‌چن، ره‌نگه‌ به‌ هۆشیارى یاخود له‌ ناهۆشیاریدا بن، به‌ڵام هه‌میشه‌ راستگۆتر و راشكاوانه‌ترن.

زمانێكى سه‌یره‌ و سه‌رسامكاره‌، زۆر نهێنیى ئاشكرا ده‌كات، بۆیه‌ بوارى زمانى جه‌سته‌  یاخود ئه‌وه‌ى كه‌ به‌ ئینگلیزى پێیده‌وترێت  Language  Body  كه‌سانى پسپۆر و تایبه‌تمه‌ندى خۆیى هه‌یه‌. ئه‌م پیشه‌یه‌ زانست و بنه‌ما و رۆشنبیری و تایبه‌تمه‌دێتیى خۆى هه‌یه‌ بۆ لێ تێگه‌یشتن كه‌ به‌ رووكه‌ش  واده‌رده‌كه‌وێت ئاسان بێت، به‌ڵام له‌ڕاستیدا گه‌لێك قووڵه‌ له‌ گه‌یاندن و بایه‌خدا. به‌ڵگه‌ى ئه‌مه‌یش لێكدانه‌وه‌ى شاره‌زایه‌كى زمانى جه‌سته‌بوو له‌ یه‌كێك له‌ كه‌ناڵه‌كانى بریتانیاوه‌ كه‌ لێكدانه‌وه‌ى بۆ جووڵه‌ سه‌یر و سه‌مه‌ره‌كانى دۆناڵد ترامپ-ى پاڵێوراوى سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ى ئه‌مریكا ده‌كرد له‌میانه‌ى دوا مێزگرده‌كه‌ی نێوان ئه‌و و هیلارى كلینتۆن-ى پاڵێوراوى دیموكراته‌كاندا. شاره‌زاكه‌ى زمانى جه‌سته‌، به‌ڕێگه‌ى  زانستیانه‌ و زیره‌كیى خۆى لێكدانه‌وه‌ى بۆ كرد و ئه‌وه‌ى روونكرده‌وه‌ كه‌ یاریكردنى به‌ په‌نجه‌كانى و چۆنیه‌تیى راوه‌ستانه‌كه‌ى له‌دواى كاندیده‌ ركه‌به‌ره‌كه‌یه‌وه‌، به‌ڵگه‌ن بۆ به‌كه‌مگرتنى خۆى و سه‌پاندنى ده‌سه‌ڵاتدارێتیى خۆى و هه‌ندێكجاریش درۆكردنى.

ترامپ جووڵه‌یه‌كى نیمچه‌ به‌رده‌وامى هه‌یه‌، كاتێك باڵه‌كانى ده‌كاته‌وه‌ و ده‌سته‌كانى به‌ قورسى بۆ خواره‌وه‌ شۆڕ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئاماژه‌یه‌كه‌ بۆ كۆنترۆڵى دۆخه‌كه‌، به‌ ته‌واوى وه‌ك ئه‌وه‌ى دایك یان مامۆستا ده‌یكات بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ى ده‌نگه‌ده‌نگ و ژاوه‌ژاوى منداڵان. زمانى جه‌سته‌ و لێكدانه‌وه‌ى زانستیانه‌ى له‌لایه‌ن پسپۆر و تایبه‌تمه‌ندانى خۆیه‌وه‌، له‌ جیهانى عه‌ره‌بییشدا هه‌یه‌. لێكدانه‌وه‌ى پسپۆرێكى لوبنانى سه‌رنجى راكێشام، كاتێك شرۆڤه‌ى زمانى جه‌سته‌ى شوێنكه‌وتوانى سه‌عد حه‌ریرى-ى ده‌كرد كه‌ میشال عۆن-ى بۆ سه‌رۆكایه‌تى كاندید كرد. من نازانم میوانداریكردنى پسپۆرێك به‌ رێكه‌وت بووه‌ یان ته‌نیا لاساییكردنه‌وه‌یه‌كى به‌رنامه‌ خۆرئاواییه‌كانه‌، وه‌ك چۆن به‌رنامه‌ى زۆرى دیكه‌ى لاساییكردنه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌بوو كه‌ پسپۆره‌كه‌ جووڵه‌كانى جه‌سته‌ى سیاسییه‌كانى زۆر به‌ سه‌ركه‌وتوویى لێكده‌دایه‌وه‌، ئه‌گه‌رچى كاردانه‌وه‌ى لایه‌نگرانى حه‌ریرى له‌سه‌ر كاندیدكردنى عۆن، پێویستى به‌ لێكدانه‌وه‌ى زانستى و ته‌نانه‌ت تایبه‌تیش نه‌بوو.

باشترین كاته‌كان بۆ ئه‌وه‌ى بزانیت چى له‌ ده‌ورووبه‌رت ده‌گوزه‌رێت، ئه‌و كاتانه‌یه‌ كه‌ له‌گه‌شتێكدایت و ورده‌ ورده‌ به‌ ئاسایى قاوه‌یه‌ك ده‌خۆیته‌وه‌ بێ ئه‌وه‌ى گوێ بده‌یته‌ كات و راكردن به‌دواى كارێكدا، له‌وكاته‌دا ئه‌وه‌ى له‌ ده‌ورووبه‌رت رووده‌ده‌ن به‌ راسته‌قینه‌یى ده‌یبینیت و هه‌ستده‌كه‌یت كه‌ جه‌سته‌یش كارى خۆیى هه‌یه‌ و هه‌ر كارێكیشى چیرۆك و به‌سه‌رهاتى تایبه‌ت به‌خۆى هه‌یه‌.

زمانى جه‌سته‌ زمانێكى جوانه‌، به‌ڵام كه‌سێك پێى بدوێت كه‌ بیزانێت و تێیبگات. ئه‌م زمانه‌ له‌ هه‌موو وشه‌یه‌ك روون و ره‌وانتره‌. بۆیه‌ تاقه‌ تیله‌ى چاوێك به‌سه‌. ئه‌وه‌ى تێینه‌گات تێیناگات!.
سه‌رچاوه‌: شه‌رقولئه‌وسه‌ت

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure