چاوشئۆغلۆیش هەمان زمانی ئەردۆغان بەكاردێنێت

بۆچوون / بیروڕا :: 05/11/2016

سەرچاوە: ئەلمەدا 
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید


لەسەر هەمان ریتمی سەرۆكە نقوومبووەكەی لە وەهمی گەورەی ئەوەدا كە خۆی لێبووەتە سوڵتانی تازەی عوسمانی و دەتوانێت نەتەوە و گەلان ملكەچی سەڵتەنەتەكەی بكات، مەولود چاوشئۆغلۆ-ی وەزیری دەرەوەی توركیایش زمانی بەربووە و بەجۆرێكی هێندە ناشیرین قسەدەكات كە تەنانەت بەردەستێكی نەخوێندەواری وەزارەتی دەرەوەیش بەو جۆرە ناشیرینە نادوێت.  

سەرۆك ئەردۆغان لەناو رۆڵەكانی گەلەكەیدا وەك نموونەیەكی زمانپیس ناسراوە و دەیان نموونە هەن لەسەر ئەوەی كە گوێی نەداوە بەوانەی لە پۆستە باڵاكانیشدا بوون و بە زمانێكی پڕجنێوەوە دواوە، تەنانەت لەو كۆبوونەوە گشتیانەیشدا كە راستەخۆ پەخشكراون. 

لە ئایاری 2014 دا، ئەوكاتەی كە سەرەك وەزیران بوو، بێ‌ دوودڵی، لە رەوشتبەرزی و بنەماكانی بەشداریی لە كۆبوونەوە گشتیەكان دەرچووە و لە جێی خۆیەوە قسەی بە نەقیبی پارێزەرانی توركیا بڕیوە كاتێك لە میانەی لێدوانێكیدا رەخنەی لە ئەدای حكومەتەكەی ئەردۆغان گرتووە. لەو كۆبوونەوەیەدا بەسەر نەقیبەكەی پارێزەرانی توركیادا دەقیژێنێت و پێیدەڵێت بێدەنگبە و بە بێئابڕوو تۆمەتباری دەكات و ناوی دێنێت! ئینجایش لەوپەڕی تووڕەییدا و بە پەلە هۆڵی كۆبوونەوەكە جێدێڵێت.   

 جارێكی تریشیان كە دواجارنییە، پێش ئەوەی نەقیبی پارێزەرانی توركیا بە ساڵێك، لە میانەی ناڕەزایی دەربڕینێكی میلـلییدا لە ئەستانبوڵ دژی پرۆژەیەكی حكومەت كە دەیویست باخچەی مێژوویی غیزی  Gezi Parkلابەرێت، ئەردۆغان لەبەردەم گردبوونەوەی ژمارەیەك لە ئەندامانی حزبەكەیدا راوەستا و هەڕەشەی ئەوەی لە ناڕەزاییدەربڕ و مانگرتووەكانی ناو باخچەكە كرد كە كارێكی وایان بەسەردێنێت دەبێت هێزەكانی ئەمن (بەگسكدان گسكیان بدەن). هاوكات لەگەڵ ئەم قسەیەیدا دەستەكانی وەك نیشانەیەك بۆ گسكدان دەجووڵاندەوە!. ئەمەیش دیمەنێكی تری بریقەدار بوو بۆ دەرچوونی سوڵتانە توركیەكەی ئێستا لە لیاقە و رەفتار بەرزیدا. 

ئێستا ئەردۆغان وەزیرێكی دەرەوەی هەیە كە هەمان هەنگاوی ئەو دەنێت و لە كردار و بنەما دیپلۆماسیەكانیدا لاساییدەكاتەوە بێ‌ ئەوەی ئاوڕێك لەوە بداتەوە كە پێویستە ئەو پیاوی یەكەمی دیپلۆماسی بێت لە وڵاتەكەیدا و هەڵەكانی سەرۆكەكەی راستبكاتەوە و درز و كەلێنەكانی بۆ داپۆشێت. 
چاوشئۆغلۆی وەزیر، رۆژی چوار شەممەی رابردوو، هێرشی كردە سەر حەیدەر عەبادی-ی سەرەك وەزیرانی عێراق و قسەیەكی پێوت كە بەهیچ جۆرێك نابێت لە سەرۆكی دیپلۆماسیەتی وڵاتێكەوە دەرچێت كە رێزی خۆیی لەلابێت و رێزی خۆی بگرێت.


بەڕێز عەبادی شتێكی كردووە كە پێویست دەكات هەر سەرۆك حكومەتێك بیكات، ئەویش ئەوە بوو رۆژی سێ شەممە سەرلەنوێ‌ رایگەیاندەوە قبووڵ نییە هێزەكانی توركیا بەشداریی لە پرۆسەكانی ئازادكردنی موسڵدا بكەن بەبێ‌ رەزامەندیی حكومەتی عێراق. هەروەها لەگەڵ سووربوونی بەغدا لەسەر هێشتنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماتیەكانی لەگەڵ توركیادا، جەختی لەوەیش كردەوە كە بەرپەرچی هەر دوژمنكاری و دەستدرێژییەك دەداتەوە. لە وەڵامدانەوەی ئەمەدا وەزیرەكەی توركیا قسەیەكی پڕ لە جنێو و ناشیرینیی هەڵبژارد و كردی. ئەوەبوو روو لە عەبادی وتی"لێدوانەكانی بەلای ئەنقەرەوە هیچ مانایەكیان نییە" هەروەها وتی"ئەگەر توانایەكت هەیە ئەی بۆچی موسڵت دابەدەستی تیرۆریستانەوە و ئەگەر بەهێزیت بۆچی شەڕی پارتی كرێكارانی كوردستان ناكەیت كە چەندین ساڵە خاكی عێراقی داگیركردووە؟ تۆ كەسێكی لاوازیت و ئەمڕۆ دەتەوێت خۆت بخەیتە عەنتەریاتەوە و لێدوانی لەرزۆك دەدەیت كە بەلای ئێمەوە هیچ مانایەكیان نییە". 

ئایا خۆهەڵكێشان و لەخۆباییبوونێكی لەمە زیاتر هەیە، بەتایبەت كە لەوەزیرێكی دەرەوە بێت؟.. چاوشئۆغلۆ دەبێت ئەوە بزانێت كە لەكاتی داگیركردنەكەی موسڵ و ناوچەكانی دیكەی عێراق لەلایەن داعش-ەوە، عەبادی نە سەرۆكی حكومەت بووە و نە وەزیریش.. ئەوكاتە نوری مالیكی سەرۆكی حكومەت بوو.. پێویستە چاوشئۆغلۆ ئەوەیش بزانێت كە ئەوە توركیای ئەردۆغانی بوو داعش و هاوشێوەكانی لە رێكخراوە تیرۆریستیەكاندا، هێنایە عێراق و سوریاوە...
چاوش دەبێت ئەوەیش بزانێت كە پارتی كرێكارانی كوردستان كێشەیەكی دێرینی توركیایە و حكومەتەكەی ئەو و پێش ئەویش حكومەتەكەی ئەردۆغانی سەرۆكی و هەموو حكومەتەكانی پێشوویش، لە هەشتاكانی سەدەی رابردووەوە، نەیانتوانیوە چارەسەری بكەن. 
چاوشئۆغلۆ خاوەنی بڕوانامەگەلێكی لێهاتووییە لە ئابوری و دارایی و كاردا، دەبوایە فێری دیپلۆماسیەت بوایە پێش ئەوەی جانتای پۆستی دەرەوە هەڵبگرێت. 
 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure