تەقینەوەی تووڕەیی خەڵك لەسەر جنینی جەستەی ماسیفرۆشە گەڕۆكەكە

بۆچوون / بیروڕا :: 01/11/2016

سەرچاوە: رەئیولیەوم
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید

ئەو خۆپیشاندانە ناڕەزاییانەی لە مەغریب دەكرێن لە دژی (جنینی) هاووڵایەكی سادەی نەداری مەغریبی بەهۆی ئۆتۆمبێلی زبڵ و خۆڵ و خاشاكەوە، دوای ئەوەی پۆلیس دەستدەگرێت بەسەر ئەو كۆمەڵە ماسی-یەیدا كە راویكردووە، شۆڕشێكی تووڕەیی میلـلی بێوێنەیە و ئەو نموونانە بیردێنێتەوە كە ساڵی 2011 لە چەندین وڵاتی عەرەبیدا روویاندا. بۆیە ئەم هەڵچوونە میلــلییە، پێویستی بە توێژینەوە و تێڕامان و پەندلێوەرگرتن هەیە.
یەك ملیۆن كەس لە زیاتر لە بیست شاری مەغریبەوە خۆپیشاندانێكی گەورەیان رێكخست، درێژیی ریزی بەشداربوان دەگەیشتە یەك كیلۆمەتر و هەموو كەوتبوونە دوای تەرمی ئەو گەنجەوە كە ناوی شەهیدیان دابوویە، هەروەها ئاڵای ئەمازیغی و ئاڵای كۆماری ریف-یش پێكەوە هەڵكرابوون، ئەو كۆمارەی میر عەبدولكەریم ئەلخەتابی سەرۆكایەتیی دەكرد، ئەو ئەلخەتابی-یەی سەركردایەتیی بەرەنگاربوونەوەی دژی ئیستیعماری ئیسپانیی كرد، ئەمانەیش هەموو ئاماژەگەلێكن بۆ ئەوەی لەئاست ئەم خۆپیشاندانەدا هەڵوێستەیەك بكرێت. 
لەناوبردنی هاووڵاتیەكی سادەی ماندوو لە وڵاتێكدا كە دەرفەتی ژیانی بۆ هەژاران تێدا بەرتەسك بووبێتەوە و بێكاریی لەناو لاواندا بڵاوبووبێتەوە، لەپاڵ ئەوەی كە كارێكی تاوانكارییە لەهەمانكاتدا تاوانێكی سیاسییشە. رەنگدانەوەی ئاستی بێڕێزیكردنە بە گیانی هاووڵاتیان و زاڵبوونی دەزگای ئەمنیە لە سەركوتكردنیان.
ئێمە لێرەدا باس لەو پاساوە یاساییانە ناكەین كە دەسەڵاتدارە ئەمنیەكان خۆیانی پێ دووردەخەنەوە لەو تۆمەتانەی لەم كردەوەی (جنین)ەدا تێوەیگلاون، یان ئەو سەرپێچیەی كە (شەهیدەكە) بەرامبەر بە یاسا پەیڕەوكراوەكان و سەپێنراوەكان بۆ قەدەغەكردنی فرۆشتنی ئەو جۆرە ماسییەی كە لایبووە كردوویەتی، بەڵكو باس لە مەترسیەكانی كەمتەرخەمییەك دەكەین، كە رەنگە بەمەبەستیش كرابێت، لە پاراستنی ژیانی ئەم لاوە لەلایەن ئەو پۆلیسانەی لەشوێنەكە بوون. 
گەلی مەغریب كە بەهەزارانیان لێ‌ چوونەدەرەوە و بەشداریی خۆپیشاندانەكانیان كرد، زۆر پابەندانەتر و بەرپرسانەتر بوون لە پۆلیس بۆ پاراستنی شارستانیەت و ئاساییش، خۆیان لەهەر رووبەڕووبونەوەیەكی خوێناوی دوورخستەوە و رێزی یاسایان گرت و دووركەوتنەوە لە هەموو كارێكی تێكدەرانە، ئەگەرچی ئەوان لە دۆخێكی پڕ و تووڕەییەكی تونددا بوون لەبەرامبەر ئەو تاوانە قێزەونەدا. 
پاشای مەغریب توانیی تووڕەییەكی هاوشێوە بڕەوێنێتەوە لەدەستپێكی ناڕەزاییە میلـلییەكانی كاتی شۆڕشە عەرەبیەكانی ساڵی 2011 دا. ئەوەبوو هەندێك چاكسازیی لە سیستمی سیاسیدا كرد و بەڵێنیدا شەڕی گەندەڵی بكات و سازشی لە هەندێك دەسەڵاتی دەستوریی خۆی كرد و داوای هەڵبژاردنێكی ئازاد و پاكی پارلەمانی كرد. بەڵام پێدەچێت ئەركی ئەمجارەی لە رووبەڕووبوونەوەی ناڕەزاییەكاندا قورس و زەحمەتتربێت، ئەویش بەهۆی (سیمبولێتی) تاوانەكە و قێزەونیەكەیەوە، هەروەها بەهۆی ئەو پەنگخواردنەوە باوەوە كە كۆمەڵگەی گرتووەتەوە و كەمبوونەوەی متمانە بە پرۆسە سیاسییە دیموكراتیەكە، كە بە ئاشكرا لە دابەزینی رێژەی بەشداربوون لە دواهەڵبژاردنەكەی وڵاتدا رەنگیدابووەوە، بەتایبەت لەناو لاواندا. 
ناردنی وەزیری ناوخۆ بۆ پرسەی (شەهید موحسن فكری) و پێشكەشكردنی پرسەنامە بەناوی پاشای مەغریبەوە هەنگاوێكی باشە، رەنگدانەوەی هەستكردنە بە بەرپرسیارێتی، بەڵام لەو باوەڕەداین كە هەر ئەمە بەس نییە و دەبێت هەنگاوی دیكەی بەدوادا بێت بۆ چارەسەركردنی هۆكارەكانی ئەو پڕبوونی جەماوەرییەی كە تاوانی (جنین)ە قێزەونەكە (یەكەم) تەقینەوەیەتی.
ئەوەی كە هاووڵاتیی مەغریبی پێویستیەتی هاوشێوەی هەر هاووڵاتیەكی دیكەی عەرەبی، ژیانێكی شەرەفمەندانە و ئازادی و دادوەریی بۆ هەموان و یەكسانی و شەڕی گەندەڵی و جیاوازیی چینایەتییە، ئەمەیش ئەو داواكاریانەن كە رەنگدانەوەی ناوەرۆكی هەر دەسەڵاتێكی پێگەیشتووی بەپرەنسیپ و بەرپرسیارێتیە.
شۆڕشی تووڕەیی مرۆییانەی مەغریب، رەنگە دوای چەند رۆژێكی دیاریكراو هێواش ببێتەوە و لەوانەیشە بەردەوام بێت، بەڵام بەدڵنیاییەوە لێدانی زەنگەكەیە و هۆشدارییەكە بۆ حكومەتە عەرەبیەكانی دیكەیش لە قۆناغی داهاتووی راپەڕینە میلـلیەكانی دژی ستەم و گەندەڵی و بێباكیی دەزگا ئەمنیەكان و نەبوونی دادوەریی كۆمەڵایەتی. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure