ملیۆنەها تەممەڵ

بۆچوون / بیروڕا :: 31/10/2016

سەرچاوە: ئەلمەدا
وەرگێڕانی: د. شێرکۆ عەبدوڵڵا

دەزگای چاودێریکردنی خاوەن پێداویستی تایبەت لە یاسایەکدا کە ساڵی ٢٠١٣ داڕێژرا ڕێژەی 5%ی پلە وەزیفیەکانی بۆ دیاری کردووە، کە زۆر جار وەزارەتی پەروەردە یان وەزارەتەکانی هاوشێوەی وەزارەتی پەروەردە دەبن. لە دوایین ئاماری دەزگای ناوبراودا دەرکەوت کە زیاتر لە ٣ ملیۆن کەس تۆمارکراون و ژمارەکەش لە زیادبووندایە چونکە ڕووداوەکانی توندوتیژی بەردەوامن و خۆکوژەکانیش بە ئازادی هاتوچۆ دەکەن بۆ هەڵبژاردنی ئامانجەکانیان بۆئەوەی ژمارەی زیاتر بخەنە سەر تۆماری قوربانییانی کردەوە تیرۆریستییەکان.
بە قسەی وەزارەتی پلاندانان عێراق زیاتر لە ٦ ملیۆن کارمەندی هەیە، هەر کارمەندێکیش ئەو خزمەتگوزارییەی کە لە ڕۆژێکدا پێشکەشی دەکات چارەکە سەعاتێک زیاتر نییە، ئەمەش لە دەرەنجامی ئەوەوەیە کە وەزارەتەکان بوونەتە موڵک و ئاوایی سەربەو حیزبانەی کە بەشداری دەکەن لە حکومەتە یەک لە دوای یەکەکاندا. کەسە نزیکەکانی وەزیر و ئەندامانی حیزبەکەی دەرفەتەکەیان قۆستووەتەوە و پەیتا پەیتا خەڵک دادەمەزرێنن لە وەزارەتدا. ئیش و کارەکان بەمشێوەیە ڕۆیشتوون بۆیە ئیش و کاری حکومەت داویەتییە دواوە هەموو فەرمانگە ڕەسمییەکان پەکیان کەوتووە و داهاتەکانی دەوڵەت بەخۆڕایی خەسار دەبن.
لە چیرۆکە فۆلکلۆرییەکاندا کەسایەتییەکی خەیاڵی هەیە کە هێندە تەممەڵە هەر توێکڵی پاقلە دەخوات و لەژێر دارخورمایەکدا دەخەوێت بەو هیوایەی خورما بکەوێتە خوارەوە و بچێتە دەمییەوە. ئەم کەسایەتییە هێندە تەممەڵ بووە کە دەستی نەبردووە خورما کەوتووەکان هەڵبگرێتەوە و چاوەڕێی ئەوە بووە ڕێک بکەوێتە دەمییەوە. دەرهێنەری کۆچکردوو قاسم محەمەد لە شانۆگەری (هەبوو نەبوو)دا ئەم شانۆگەرییەی بەکارهێنا بۆ گاڵتەکردن بە کەسانی تەممەڵ و لەش قورس.
تەممەڵی مارکەیەکی عێراقییە، لە هەموو شوێنێک و لە هەموو ناوەندێکدا هەیە. وایکردووە جوتیار زەوییەکەی جێبهێڵێت و پەیوەندی بکات بە حیزبە دینییەکانەوە بۆیە عێراق وای لێهاتووە سیر و پیازیش لە وڵاتانی دراوسێوە هاوردە بکات. تەممەڵی  لەناو پیشەوەر و دەستڕەنگینەکانیشدا وایکردووە جۆڵا و پینەچی و پیشەگەرەکانی دیکەش هیچیان نەمێنن. ئەم دەردی تەممەڵییە گەیشتووەتە ژیانی سیاسییش، ئەوەتا ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هێشتا چاوەڕێی بەدیهاتنی ڕێککەوتنن لەنێوان سەرۆک و فراکسیۆنەکاندا بۆ تێپەڕاندنی ئەو پرۆژە بڕیارانەی کە لە خولی یەکەمی پەرلەمانەوە پەکخراون. نەخۆشی تەممەڵی کاریکردووەتە سەر دەرکردنی بڕیاری پەیوەست بە ڕەزامەندی سەرکۆمار لەسەر ئەو حوکمانەی کە دەردەچن دژی تاوانکارانی تیرۆریست.
ئەم تەممەڵە سیاسییە بەرپرسیارە لە پەکخستنی لیژنەی هەموارکردنەوەی دەستوور و کاراکردنی ڕێ و شوێنەکانی دادگا دژی تێوەگلاوانی دۆسییەکانی گەندەڵی و بەفیڕۆدانی سامانی گشتی. ئەم جۆرە تەممەڵە زۆر گورج و گۆڵە لە بەدیهێنانی دەستکەوتە تایبەتییەکانی خۆیدا و بەبیانوی تەممەڵییەوە مامەڵەی ئازادکردنی دەستبەسەرکراوان دوادەخات بەڵام هەر کە بەرتیلەکەی وەرگرت، وەک ئاسک ڕادەپەڕێت و لە چەند خولەکێکدا مامەڵەکە تەواو دەکات. شێوازی تەممەڵەکان لە عێراقدا جۆراوجۆرە، بۆیە پێویستە دەزگایەک دروست بکرێت ئیشەکەیان ڕێکبخات و ناسنامەیان بۆ دەربکات و ئیمتیازیان بداتێ چونکە ئەمانە هیچیان کەمتر نییە لە پەرلەمانتارەکانی ئێستا و ڕابردوو. تەممەڵ مافی خۆیەتی پەساپۆرتی دیپلۆماسی پێ بدرێت بۆئەوەی لە کۆڕ و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکاندا نوێنەرایەتی عێراق بکات بۆ بەدەستهێنانی یارمەتی و پشتیوانی بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان کە چەند حیزبێکی دیاریکراو پلە وەزیفییەکانی ئەمانیان دزیوە.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure