کێ ڕەققە ڕزگار دەکات؟

بۆچوون / بیروڕا :: 29/10/2016

نوسینی: لۆرا ڕۆزین
سەرچاوە: باک چەناڵ
وەرگێڕانی: د. شێرکۆ عەبدوڵڵا
لێپرسراوە سەربازییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەڵێن پێویستە لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا ئۆپراسیۆنێک دەست پێبکات بۆ دابڕینی شاری ڕەققە کە پایتەختی دەوڵەتی ئیسلامییە و ئاماژە هەواڵگرییەکانیان هۆشداریی دەدەن کە لەو شارەدا نەخشە دادەڕێژرێت بۆ هێرشی تیرۆریستی لە دەرەوە. لێپرسراوەکان دەڵێن تاقە هێزێک، هێزێکی لۆکاڵی کە بتوانرێت لە ئۆپراسیۆنێکی وادا و بەم ماوە کەمە کاری لەگەڵدا بکرێت بریتییە لە هێزەکانی سوریای دیموکرات کە زۆربەیان کوردن. بەڵام کاربەدەستەکان ڕایانگەیاند وتووێژی چڕوپڕیش لەگەڵ تورکیادا لەم ڕۆژانەی ڕابردوودا، تەنانەت گفتوگۆیەکی تەلەفۆنیش لە نێوان باراک ئۆباما سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکان و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا لە ٢٦ی ئەم مانگەدا مەسەلەی ناڕازیبوونی توندی تورکیایان چارەسەر نەکردووە سەبارەت بە بەشداریکردنی کورد لە هیچ ئۆپراسیۆنێکدا بۆ لێدانی دەوڵەتی ئیسلامی لە سوریادا.
جەنەڕاڵ ستیفن تاون سێند دەڵێت:"پێمانوایە دابڕینی ناوچەی ڕەققە کارێکی پێویستە چونکە سەرچاوە هەواڵگرییەکانمان پێمان دەڵێن کە نەخشەی ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی گەورە لە شاری ڕەققە و دەورووبەریدا بەڕێوەن دژی ئامانجە دەرەکییەکان". ستیفن لە درێژەی قسەکانیدا بۆ ڕۆژنامەنووسەکان وتی:"بەڵام ئەنقەرە زۆر دژی ئەم بەرنامەیەیە کەواتە چۆن بتوانین ئەم کێشەیەی ڕەققە لەگەڵ هاوپەیمانی جیهانی و هاوپەیمانەکانی ناتۆ و تورکیادا چارەسەر بکەین".
بەپێی قسەکانی ستیفن تاون سێند (تورکیا پێیخۆش نییە هیچ ئۆپراسیۆنێک لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکراتدا ئەنجامبدرێت بەتایبەتی لە ڕەققەدا و لەڕاستییشدا تاقە هێزێک کە بتوانرێت لە ئایندەی نزیکدا پشتی پێ ببەسترێت بۆ ئۆپراسیۆنێکی لەو جۆرە، هێزەکانی سوریای دیموکراتە کە یەپەگە بەشێکی گرنگیەتی. لەبەرئەوە ئێمە هەر لە وتووێژدا دەبین و هەر بەرنامە دادەنێین و ئەم کارە لەگەڵ تورکیادا بە گفتوگۆ چارەسەر دەکەین و هەنگاو بە هەنگاو کارەکە ئەنجامدەدەین.)
لێپرسراوانی ویلایەتە یەکگرتووەکان پێشنیارییان کردووە کە لە قۆناغی داهاتووی دابڕینی شاری ڕەققەدا پێویستە پشت بە هێزە کوردییەکان ببەسترێت، بەڵام هێزە عەرەبییەکان بەشدار بکەن بۆ قۆناغی داهاتووتر کە گرتنەوەی شارەکەیە لە دەوڵەتی ئیسلامی.
ستیفن دەڵێت:"من پێموایە حاڵی حازر بەشی پێویست هێزی لۆکاڵی هەیە بۆ ئەو ئۆپراسیۆنە، بەڵام پلانێکمان هەیە بۆ بەشدارکردن و ڕاهێنانی هێزی زیاتر. ئەمەش بەشێکە لە بەرنامەی هەڵمەتەکەمان بۆ دروستکردنی هێزی شەڕکەری زیاتر بۆ ئۆپراسیۆنەکەی داهاتوومان کە گەڕاندنەوەی شاری ڕەققەیە".
وەزیری بەرگری ویلایەتە یەکگرتووەکان، ئاشتۆن کارتەر کە لە برۆکسل قسەی بۆهەواڵنێرەکان دەکرد، پاش کۆبوونەوەیەک لەگەڵ هەردوو هاوتا فرەنسی و تورکەکەیدا لە پەراوێزی کۆبوونەوەکەی ناتۆدا، زۆر بە گەرمی ستایشی وەزیری بەرگری تورکیای کرد بەڵام ڕایگەیاند کە تائێستا نەگەیشتوونەتە هیچ ڕێککەوتنێکی کۆتایی. کارتەر وتی:"ئێمە هێشتا نەگەیشتووینەتە هیچ ڕێککەوتنێکی تازە بەڵام درێژەماندا بەم تاوتوێکردنە زۆر گرنگانە لەگەڵ هاوبەشێکی زۆر باشدا و ئەوەی کە دەمانەوێت هێشتنەوەی دەوڵەتی ئیسلامییە لەژێر گوشاری بەردەوامدا-ئەمە کلیلەکەیە- و شکستپێهێنانی لە عێراق و سوریادا، کە هەموو لایەک پشتیوانمانن لەم ئامانجەدا". سەبارەت بە کاتی دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنەکەش دژی ڕەققە کارتەر هەر هێندەی وت:"چەند هەفتەیەک. ناتوانم لەوە زیاتر زانیاری بدەم".
کارتەر لە درێژەی قسەکانیدا وتی :"ئێمە دەزانین چی دەکەین. ئێمە ئەو پلانە جیبەجێ دەکەین. پلانەکەش وا پێویست دەکات لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا ئەو هێزانە دروستبکەین... دروستیان بکەین و بیانخەینە گەڕ بۆ دابڕینی شاری ڕەققە".
بەسام بەرابەندی، کە دیپلۆماتکارێکی پێشووی سوریایە و ئێستا لە ئەنجومەنی باڵای دانوستانکاری ئۆپۆزسیۆنی سوریادایە، وتی کە بە ویلایەتە یەکگرتووەکان گوتراوە سەرکەوتنی دوورمەودای هەموو ئۆپراسیۆنێک بۆ گەڕانەوەی شاری ڕەققە وا پێویست دەکات کە هێزە عەرەبییە سورییەکان ئەو ئۆپراسیۆنە ئەنجامبدەن نەک کورد.
بەرابەندی بە ئەلمۆنیتەری ڕاگەیاند :"ئێمە نامانەوێت ڕەققە وەکو شاری ئەنباری لێ بێت کە هەر دوو ساڵ جارێک داعشی بۆ بگەڕێتەوە".
ئەو گوتی :"باشترین هەنگاو بۆ ئێمە ئەوەیە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان و هێزە ناوچەییەکان، ئەو هێزە تەواو عەرەبییانەیان هەبێت کە سەر بەوناوچە جوگرافیایەی جیهانن و ویلایەتە یەکگرتووەکان مەشقی پێکردبن... ئەوان ئەرکەکە بە ئەنجام دەگەیەنن و دەبێتە ئۆپراسیۆنێکی هاوبەشی ویلایەتە یەکگرتووەکان و تورکیا. هێزەکانی سوریای دیموکرات بەشدار نابن لە هیچ شەڕێکی ڕۆژانەدا، جگە لەوەی کە دەتوانن ڕاوێژ و پشتیوانی پێشکەش بکەن لە ناوچەیەکی دوور لە شارەکەوە. حکومەتی ئەمریکا وتی ئەو بیرۆکەیەی پێخۆشە بەڵام پاساوەکەیان ئەوەیە کە زۆر زەحمەتە بۆ ئێستا هێزێکی نوێ دروست بکەن و ناچارن سوود لەوە وەربگرن کە هەیە".
"ئێمە پێمانوتن، ڕەققە شارێکی بچکۆلەیە و ئەمە دەبێتە یەکەمین ئۆپراسیۆنی گەورەی ئەمریکا لە سوریادا لەسەر زەوی و ئێمە بە پێویستی دەزانین کە چیرۆکێکی سەرکەوتوو بێت. ئەمە بۆ سوریایش و شۆڕشیش و هەموو کەسێکی دیکەش باشە، بەڵام شێوازی بیرکردنەوی ئەمریکییەکان دەیکات بە چیرۆکێکی زۆر تراجیدی".
بەرابەندی وتی ئەمریکییەکان بە تورکەکانیان وتووە ڕێگە بە هیچ گرووپێکی  ئیسلامی نادرێت بەشداریی بکات لە ئۆپراسیۆنەکەی ڕەققەدا، چونکە پێشتر ئەحرارولشام و بەرەی نوسرە ڕەققەیان داگیرکرد و ڕادەستی دەوڵەتی ئیسلامییان کرد. بەڵام تورکیا دەڵێت سوپای هێزەکانی سوریای دیموکرات و کوردەکان هێڵی سوورن و لە ڕوانگەی ئەنقەرەوە تاقە ڕێگا بۆ ئەو ئامانجە ئەوەیە کە هێزێکی گەورەی عەرەبت هەبێت ئەرکەکە بەجێبێنێت.
ئەردۆغان لە ڕۆژی ٢٧ی ئەم مانگەیشدا هەمان هەڵوێستی دووپاتکردەوە و ڕایگەیاند لە گفتوگۆ تەلەفۆنییەکەدا وای بە ئۆباما وتووە:"ئێمە پێویستمان بە ڕێکخراوی تیرۆریستی وەک پەیەدە و یەپەگە نییە. وەرە با پێکەوە داعش لە ڕەققە نەهێڵین. ئێمە لەگەڵ ئێوەدا پێکەوە ئەم كارە جێبەجێ‌ دەكەین".
هێزەكانی سوریای دیموكراتیش دوودڵە لەوەی كە 2/3 ی هێزە 25 هەزار كەسیەكەی تەرخان بكات بۆ ئۆپراسیۆنی دابڕاندنی رەققە و ژمارەیەكی كەم بهێڵێتەوە بۆ بەرگریكردن دژی هێرشی چاوەڕوانكراوی سوپای توركیا لەو شارانەی دیكەی سوریا كە بەدەست ئەمەوەن.
هێزەكانی سوریای دیموكرات نایانەوێت بەرەكانی پێشەوە چۆڵ بكەن كە لەژێر مەترسیی پەلاماری توركیادان بەتایبەت لەناوچەكانی مەنبەج و گرێ‌ سپی-دا.
ئارۆن ستین كە پسپۆرێكی توركیایە لە ئەنجومەنی ناتۆدا دەڵێت:"ویلایەتە یەكگرتووەكان رەققەی دەوێت، چونكە داعش لەوێوە نەخشە بۆ ئۆپراسیۆنە دەرەكییەكانی دادەنێت و ئەگەر ئەركەكە مەبەستی لەناوبردنی ئەم مەترسیانە بێت، ئەمریكیەكان پێویستیان بەوەیە داعش لە رەققە دەربكەن بۆ ئەوەی نەتوانن بە ئاسانی نەخشەی كردەوەی تیرۆریستی لە دەرەوەی سوریادا دابڕێژن. بە بۆچوونی من ئەمریكیەكان چییان لە مەنبەج كرد هەر ئەوەیش لە رەققە دووبارە دەكەنەوە، واتا ئەنجومەنێكی سەربازیی دروست دەكەن كە بەڕووكەش عەرەب بەڕێوەی ببات بەڵام ئەمە هەر بۆ چەواشەكارییە و ویلایەتە یەكگرتووەكان پەیمانەكانیان نابەنەسەر بۆ توركەكان. مەنبەج هێشتا یەپەگەی تێدایە و بە ئارەزووی خۆیان هەڕەشە لەو عەرەبە كەمە دەكەن كە تێیدایە".
ستاین دەڵێت:"هێزەكانی سوریای دیموكرات لە راستیدا بوونی نییە، ئەمە ناوێكی دروستكراوە بۆ یەپەگە و هێزەكانی سوریای دیموكرات بەبێ‌ یەپەگە هیچی پێناكرێت. بەڵام جیاوازییەكە بە بەراورد بەناوچەكانی دیكەی سوریا ئەوەیە كە یەپەگە بەتەواوی هێزێكی یەك چەشنە و یەك پێكهاتەی سەركردایەتیی هەیە. هێزێكی نموونەییە بۆ شێوازی شەڕكردنی ئەمریكا و هیچ دوژمنایەتیەكی نییە لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكاندا و ویلایەتە یەكگرتووەكان ترسی ئەوەی نییە یەپەگە سەربازەكانی بە بارمتە بگرێت وەك چۆن هەندێك گروپی چەكداری عەرەب دەیكەن".
بەرابەندی لە وەڵامی ئەو رەخنانەی حكومەتی ویلایەتە یەكگرتووەكاندا سەبارەت بە دروستكردن و بەشداركردنی هێزێكی تازەی عەرەبی سوری بۆ گرتنەوەی رەققە وتی"ویلایەتە یەكگرتووەكان دەڵێت كارێكی لەوجۆرە ماوەیەكی زۆری دەوێت جگە لەوەی كە پێویستە كێ‌ ئەو هێزە عەرەبییە دروست بكات. من پێمگوتن سوریا عەرەبە لەبەر ئەوە زۆر زەحمەتە عەرەب لەو هێزەدا نەبێت". 
 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure