محه‌مه‌د بن راشد چى به‌ رۆماننووس پاولۆ كۆیلۆ وتووه‌؟

بۆچوون / بیروڕا :: 29/10/2016

س: ره‌ئیولیه‌وم
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید

شێخ محه‌مه‌د بن راشد حاكمى دوبه‌ى و جێگرى سه‌رۆكى ده‌وڵه‌تى ئیمارات، وه‌ڵامى نامه‌یه‌كى رۆماننووس پاولۆ كۆیلۆ ده‌داته‌وه‌ كه‌ تێدا سوپاسى كردووه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ دوبه‌ى جڵه‌وى پێشڕه‌وى و رابه‌رایه‌تیى گرتووه‌ له‌ بوارى هاندانى خوێندنه‌وه‌دا.
(ئاڵنگاریى/ته‌حه‌دى خوێندنه‌وه‌ى عه‌ره‌بى) گه‌وره‌ترین پرۆژه‌ى عه‌ره‌بیه‌ كه‌ شێخ محه‌مه‌د بن راشد ده‌ستیداوه‌تێ بۆ هاندانى خوێندكاران له‌ جیهانى عه‌ره‌بیدا له‌سه‌ر خوێندنه‌وه‌ له‌ڕێى پابه‌ندكردنى زیاتر له‌ یه‌ك ملیۆن خوێندكار بۆ به‌شداریكردن له‌ خوێندنه‌وه‌ى په‌نجا ملیۆن كتێب له‌ ماوه‌ى ساڵێكى خوێندندا، وه‌ك ئه‌وه‌ى پێگه‌ى فه‌رمیى ده‌ستپێشخه‌ریه‌كه‌ له‌ ماڵپه‌ڕى ئه‌لعه‌ره‌بیه‌دا وتوویه‌تى.
ده‌قى نامه‌كه‌ى رۆماننووسى به‌ناوبانگ پاولۆ كۆیلۆ بۆ محه‌مه‌د بن راشد:
(نهێنیى ژیان خوێندنه‌وه‌ و ئه‌زموونه‌)
ئازیزم شێخ محه‌مه‌د

هه‌رچه‌ند له‌ نهێنیى ژیان  وردبوومه‌وه‌ و تێڕامام، حاڵى منیش وه‌ك حاڵى زۆربه‌ى ئه‌وانه‌ بوو كه‌ پێش خۆم و ئه‌وانه‌یش كه‌ له‌ دواى منه‌وه‌ دێن، هه‌روه‌ها چه‌ند پرسیارم كرد زیاتر هه‌ستم به‌وه‌كرد كه‌ سه‌رسامیى له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ تێمده‌ئاڵێت. ئه‌م پرسیارانه‌ هانیاندام بۆ گه‌ڕان و خوێندنه‌وه‌یه‌كى زۆر، ئه‌گه‌رچى خۆم دانبه‌وه‌داده‌نێم كه‌ نه‌گه‌یشتوومه‌ته‌ ئه‌نجامێكى حه‌تمى، به‌ڵام زانیم ئه‌ركى ئێستام ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بنووسم. دۆزینه‌وه‌ى خود قورسترین ئه‌رك و هه‌روه‌ها خۆشترین چێژیشه‌، ئه‌و تاقه‌ سه‌ركێشیه‌یه‌ كه‌ به‌ها به‌ ژیان و ده‌ستكه‌وته‌كانى ژیانمان ده‌دات. دوو رێگه‌یش هه‌ن: خوێندنه‌وه‌ و رۆچوونه‌ ئه‌زموونه‌وه‌. ره‌نگه‌ یه‌كێك به‌خت یاوه‌رى نه‌بێت كه‌ له‌ ژیانیدا رۆبچێته‌ ئه‌زموونگه‌لى زۆره‌وه‌، به‌ڵام زۆربه‌ى خه‌ڵكی ئه‌مڕۆ ده‌توانن بخوێننه‌وه‌.
جارێكیان په‌ندێكم خوێنده‌وه‌ وابزانم عه‌ره‌بی-یشه‌، ده‌ڵێت:"دوو شت هه‌ن مرۆڤ ناتوانێت بیانشارێته‌وه‌: بۆن و مه‌عریفه‌" و رێگه‌م پێبده‌ بڵێم كه‌ خوێندنه‌وه‌ بۆنى مه‌عریفه‌یه‌، چونكه‌ ته‌نیا خوێنه‌ر پاشماوه‌ى بۆنه‌كه‌ى ده‌مێنێته‌وه‌ به‌ هه‌ر شوێنێكدا تێپه‌ڕێت. خوێندنه‌وه‌ ئه‌و گوڵه‌یه‌ كه‌ ته‌نیا به‌ هه‌ڵمژینى بۆنه‌خۆشه‌كه‌ى ده‌ستبه‌ردارى نابین، به‌ڵكو بۆ ماوه‌یه‌كى زۆریش ته‌ماشاى ده‌كه‌ین و تێده‌ڕوانین، نازانین بۆ، به‌ڵام باش ده‌زانین كه‌ هه‌ستێكى شادمانیمان ده‌داتێ.
ئه‌وه‌ى ئێوه‌ كردووتانه‌ له‌ (ئاڵنگاریى خوێندنه‌وه‌ى عه‌ره‌بى) په‌یامێك ده‌داته‌ جیهانى عه‌ره‌ب و ره‌نگه‌ هه‌موو جیهانیش، ناوه‌رۆكه‌كه‌ى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ چاره‌سه‌رى ریشه‌یى بۆ ده‌رچوونى كۆمه‌ڵگه‌كان له‌ قه‌یرانه‌كانیان، ئیتر هه‌رچییه‌ك بن، خوێندنه‌وه‌یه‌، چونكه‌ كاتێك نه‌ته‌وه‌یه‌ك ده‌ستده‌داته‌ خوێندنه‌وه‌، ماناى وایه‌ هه‌نگاوى یه‌كه‌مى ناوه‌ له‌ گه‌شتی گۆڕینى چاره‌نووسیدا به‌ره‌و پاشه‌ڕۆژێگى پرشنگدار.
دوو كه‌س له‌وانه‌ى كه‌ له‌ ژیانمدا پێیان كاریگه‌ربووم، یه‌كێكیان كه‌لتوره‌كه‌ى له‌ كه‌لتورى خۆمه‌وه‌ نزیكه‌، خۆرخێ لویس بۆرخیس-ه‌ كه‌ ده‌ڵێت:"لێگه‌ڕێ با خه‌ڵكانێك شانازیى بكه‌ن به‌ ژماره‌ى ئه‌و لاپه‌ڕانه‌وه‌ كه‌ نوسیوویانه‌، به‌ڵام من شانازیى به‌و ژماره‌ى لاپه‌ڕانه‌وه‌ ده‌كه‌م كه‌ خوێندومنه‌ته‌وه‌". منیش وه‌ك بۆرخیس له‌و باوه‌ڕه‌دام رووناكبیریى به‌ ژماره‌ى ئه‌و كتێبانه‌ نییه‌ كه‌ له‌ كتێبخانه‌كاندا داده‌نرێن به‌ڵكو به‌ ئاستى خوێندنه‌وه‌یانه‌ و له‌وه‌یش گرنگتر له‌وه‌دایه‌ تاچه‌ند سوودمان لێوه‌رگرتووه‌ و چه‌ند گۆڕیونى و ئینجایش چیمان پێشكه‌شى ژیان كردووه‌؟.
كه‌سه‌كه‌ى تریشیان، له‌ كلتوره‌كه‌ى تۆیه‌، ئه‌ویش محێدین بن عه‌ره‌بى-یه‌ كه‌ ده‌ڵێت:"هه‌ر پاپۆڕێك (با)ى خۆى  له‌گه‌ڵیدا هه‌ڵنه‌كات ئه‌وه‌ پاپۆڕێكى هه‌ژاره‌". ئه‌وه‌تا ئێوه‌یش له‌ ئیمارات و جیهانى عه‌ره‌بیدا ده‌ستتانكردووه‌ به‌ دروستكردنى چاره‌نووسى خۆتان به‌ده‌ستى خۆتان، سوارى پاپۆڕگه‌لى مه‌عریفه‌ ده‌بن و چارۆكه‌كانتان پڕده‌كه‌ن له‌ باى خوێندنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى به‌منزیكانه‌ له‌ به‌نده‌ره‌كانى پاشه‌ڕۆژدا له‌نگه‌رتان پێ بگرێت. 
حه‌زده‌كه‌م به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ پیرۆزبایتان لێبكه‌م، له‌ ئێوه‌ و هه‌موو سه‌ركه‌وتوو و به‌شداربووه‌كانى ئه‌م رووداوه‌ شارستانییه‌. هه‌میشه‌یش ئاگادارى به‌دواداچوونى زیاترى ئه‌م جۆره‌ چالاكییانه‌ ده‌بم كه‌ پێگه‌ى راسته‌قینه‌ى كتێب له‌سه‌ده‌ى بیست و یه‌كدا ده‌گێڕێته‌وه‌.
ده‌قى نامه‌كه‌ى محه‌مه‌د بن راشد: 
(به‌بێ كتێب هیچ پاشه‌ڕۆژێك نییه‌)
هاوڕی پاولۆ كۆیلۆ

به‌ نامه‌كه‌ت و ئه‌زموونه‌كه‌تدا رۆچووم و چوومه‌ قووڵایى ئه‌و پوخته‌یه‌وه‌ پێیگه‌یشتوویت ده‌رباره‌ى ئه‌وه‌ى كه‌ نهێنیى ژیان و دۆزینه‌وه‌ى خود به‌ ته‌نیا دوو رێگه‌دا تێده‌په‌ڕن و رێگه‌ى سێیه‌میان نییه‌، ئه‌وانیش: خوێندنه‌وه‌ و چوونه‌ ئه‌زموونه‌وه‌یه‌.
ئێمه‌یش ئه‌زموون و په‌یامێكمان هه‌یه‌ كه‌ حه‌زمكرد تۆیشى تێدا به‌شداربكه‌م.. په‌یامى ئه‌وه‌ى كه‌ به‌بێ كتێب هیچ پاشه‌ڕۆژێك نییه‌..و..ئه‌زموونێكیش كه‌ ته‌مه‌نى 1000 ساڵه‌ و ئه‌م پوخته‌یه‌ى بۆ سه‌لماندووین.
ئێمه‌ ئه‌زموونێكمان هه‌بوو كه‌ گه‌لانى ناوچه‌كه‌مان تێیدا بایه‌خیان به‌كتێب ده‌دا.. پێشڕه‌وى و رابه‌رێتى ده‌كرد و به‌ڕووى شارستانێتیه‌كانى تردا كرابووه‌وه‌ كه‌ بوبووه‌ نیشانه‌یه‌كى رووناكیبه‌خشى مرۆڤایه‌تى و رێگه‌ى بۆ سه‌رده‌مى رۆشنگه‌رى ئه‌وروپا خۆشكرد.  پابلۆ، ئایا تۆ ده‌زانیت كه‌ له‌ سه‌ده‌ى نۆى زایینیدا، ژماره‌ى خانه‌كانى (الوراقه‌) (كه‌ ئێستا پێى ده‌وترێت خانه‌كانى بڵاوكردنه‌وه‌)، ته‌نیا له‌ ده‌ورووبه‌رى به‌غدادا  له‌ 100 خانه‌ زیاتر بوون و سه‌دان هه‌زار كتێبیان به‌رهه‌مهێناوه‌... ئه‌وانه‌یش ته‌نیا خانه‌یه‌ك نه‌بوون بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ به‌ڵكو وه‌ك قاوه‌خانه‌یه‌كى كه‌لتوریى بوون كه‌ زاناكان و توێژه‌ره‌كان و بیرمه‌نده‌كان و وه‌رگێڕه‌كانى هه‌موو ئایین و ره‌نگه‌كان و شارستانیه‌ته‌كان تێیدا كۆده‌بوونه‌وه‌ بۆ گفتوگۆ و مێزگرد و بیروڕاگۆڕینه‌وه‌... ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى كه‌ ماڵێكى حیكمه‌ بوو و به‌رهه‌مى سه‌دان زانا و ئه‌دیبى تایبه‌تمه‌ندى تێدا بوو... ئه‌وكاته‌ به‌غدا، ئه‌ى هاوڕێكه‌م، نیشانه‌ى رۆشنبیریى جیهان بوو له‌ فه‌له‌كناسى و پزیشكى و ماتماتیك و فه‌لسه‌فه‌دا، ئه‌و كاته‌ى كه‌ بایه‌خى به‌ كتێب ده‌دا... ئه‌ى ئێستا به‌غدا له‌ كوێدایه‌؟.
نامه‌وێت درێژه‌ بده‌م به‌ ناوهێنانى كتێبخانه‌ ملیۆنیه‌كانى تر له‌ ئه‌سكه‌نده‌ریه‌ و قاهیره‌ و ئه‌نده‌لوس و مه‌غریبى عه‌ره‌بى.. به‌ڵام ئه‌وه‌ى ده‌مه‌وێت بیڵێم  ئه‌وه‌یه‌ كه‌ زۆر به‌باشى وانه‌ى مێژوویى فێربووین.. هیچ پاشه‌ڕۆژێك بێ كتێب نابێت.. نه‌ كرانه‌وه‌ و نه‌ قبووڵكردن و نه‌ پێكه‌وه‌ژیان و نه‌ لێبوورده‌یى به‌بێ كتێب نابن.. نه‌ داهێنان و نه‌ ئه‌فراندن و نه‌ دروستكردن به‌بێ كتێب نابن... نه‌ ئابورى و نه‌ پێشڕه‌وى و نه‌ رابه‌رایه‌تى به‌ بێ كتێب نابن.
هاوڕێى ئازیزم.. به‌ڵام گه‌شبینم.. پاولۆ، ئایا تۆ (كه‌وسه‌ر)ى كیژۆڵه‌ى مه‌راكیشی-یت بیستووه‌.. ئه‌و كچه‌ى كه‌ دواى ته‌نیا سێ رۆژ له‌ به‌شداربوونى له‌ (ئاڵنگاریى خوێندنه‌وه‌)، هه‌واڵى ئه‌وه‌ى پێگه‌یشت كه‌ تووشى شێرپه‌نجه‌ بووه‌؟ كه‌چى ئه‌مه‌ هانیدا بۆ ئه‌وه‌ى سووربێت له‌سه‌ر خوێندنه‌وه‌ و 166 كتێبى له‌ چه‌ند مانگێكى كه‌مدا خوێنده‌وه‌... ئه‌ى كچه‌ نابینا ئوردنیه‌كه‌ (راما)ت بیستووه‌، كه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ى كتێبى نووسراو به‌ (برایل)ى ده‌ستنه‌كه‌وت داواى هاوكاریى له‌ كچه‌ هاوڕێكه‌ى كرد، ئه‌ویش ته‌نیا چاوێكى ده‌بینێت، و پێكه‌وه‌ و هه‌ردووكیان چه‌ندین كتێبیان به‌ تاقه‌ چاوێكه‌وه‌ خوێنده‌وه‌؟ من ده‌یان چیرۆكى ئه‌م (ته‌حه‌دى/ئاڵنگاری)یه‌م بیستووه‌ كه‌ زیاتر له‌ 3 ملیۆن و 500 هه‌زار خوێندكار به‌شدارییان تێداكردووه‌.
پاولۆ، من به‌م نه‌وه‌یه‌ گه‌شبینم.. هه‌روه‌ها گه‌شبینم به‌و گیانى ئاڵنگارییه‌ى كه‌ بینیوومه‌.. هه‌روه‌ها گه‌شبینم به‌ پاشه‌ڕۆژێكى مه‌زنى ژێر سایه‌ى كتێب.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure