كێ قه‌ره‌بووى تێچووى شه‌ڕى داعش-مان بۆ ده‌كاته‌وه‌؟

بۆچوون / بیروڕا :: 27/10/2016

نووسینى: عه‌دنان حسێن
سه‌رچاوه‌: ئه‌لمه‌دا
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید

دوێنێ ده‌ رۆژ تێپه‌ڕى به‌سه‌ر ده‌ستپێكردنى شه‌ڕى رزگاركردنى موسڵدا و هێشتایش هێزه‌كانى سوپا و پۆلیسى عێراق نه‌چوونه‌ته‌ شاره‌كه‌وه‌ و له‌وه‌یش ناچێت له‌ ماوه‌ى ده‌ رۆژى دیكه‌ى داهاتوودا ئه‌ركى رزگاركردنى شاره‌كه‌ جێبه‌جێ بكرێت.

ئه‌م دواخستنه‌، یان دواكه‌وتنه‌، پاساوى خۆیى هه‌یه‌، چونكه‌ ئێستا زیاتر له‌ یه‌ك ملیۆن و  چاره‌كه‌ ملیۆنێك خه‌ڵك له‌ ناو موسڵ-دان، بۆیه‌ هه‌رده‌بێت هێزه‌ عێراقیه‌كان و هه‌روه‌ها هێزى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تیى پشتیوانكاریش، ره‌چاوى ژیانى ئه‌و خه‌ڵكه‌ و  چاره‌نووسى ماڵوحاڵیان بكه‌ن. چونكه‌ ماقووڵ نیه‌ هه‌وڵى ئازادكردنى شاره‌كه‌ بدرێت له‌سه‌ر حسابى ژیانى خه‌ڵكه‌كه‌ى.

رزگاركردنى موسڵ خاڵى یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ى جه‌نگى دژى رێكخراوه‌ تیرۆریسته‌كه‌ ده‌بێت، به‌ڵام كۆتایى پێچه‌كه‌ نابێت. چونكه‌ هێشتا ناوچه‌گه‌لێكى فراوان ده‌مێنێته‌وه‌ كه‌ تائێستایش له‌ژێر كۆنترۆڵى رێكخراوه‌ تیرۆریسته‌كه‌دایه‌ و درێژكراوه‌ى ناوچه‌كانى ژێر ده‌سه‌ڵاتیه‌تى له‌ پشت سنووره‌كانى سوریاوه‌. هه‌روه‌ها گیرفان-ی دیكه‌ى رێكخراوه‌كه‌یش هه‌ن له‌ پارێزگاكانى سه‌لاحه‌دین و دیاله‌ و كه‌ركوك و ئه‌نبار، ئه‌مه‌ بێجگه‌ له‌ شانه‌ نوستووه‌كانى كه‌ ته‌نیا له‌و پارێزگایانه‌دا نین به‌ڵكو ته‌نانه‌ت له‌ به‌غداى پایته‌خت و شوێنى دیكه‌یشدا هه‌ن. هه‌موو ئه‌مانه‌ ماناى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌ركى رزگاركردنى ته‌واوى وڵات و پاراستنى له‌ مه‌ترسیى تیرۆر، له‌ باشترین حاڵه‌تدا،  هه‌تا پێش كۆتایى ساڵى داهاتوو جێبه‌جێ ناكرێت.

ئێستا زیاتر له‌ دوو ساڵ تێده‌په‌ڕێت له‌وكاته‌وه‌ى كه‌ هێزه‌ عێراقیه‌كان دژه‌هێرش و هێرشى به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ى داعش و ئازادكردنى ئه‌و ناوچانه‌یان ده‌ستپێكردووه‌ كه‌ داگیریانكردووه‌ به‌ ناوچه‌ پشتێنه‌كانى پایته‌ختیشه‌وه‌. خۆ ئه‌گه‌ر كاره‌كه‌ به‌م ریتمه‌ى ئێستا بڕوات ئه‌وا جه‌نگى رزگاركردنه‌وه‌كه‌ زیاتر له‌ سێ ساڵ ده‌خایه‌نێت. جیاوازییه‌كه‌ لێره‌دا له‌وه‌دایه‌ كه‌ داعش ته‌نیا  چه‌ند رۆژێكى پێویست بوو بۆ داگیركردنى هه‌موو ئه‌م ناوچانه‌ى كه‌ سێیه‌كى رووبه‌رى وڵاته‌كه‌یه‌، كه‌چى هێزه‌كانى حكومه‌تى عێراق و له‌گه‌ڵیشیاندا هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ و حه‌شدى شه‌عبى و حه‌شدى عه‌شایه‌رى و هێزى هاوپه‌یمانی پشتگیریكار كه‌ رۆڵێكى گرنگ له‌م جه‌نگه‌دا ده‌گێڕن، پێویستیان به‌ سێ ساڵ یان زیاتریشه‌ بۆ رزگاركردنه‌وه‌یان، ئه‌گه‌رچى هه‌موویشیان ئه‌زموونێكى باشیان له‌ شه‌ڕدا هه‌یه‌. 

لێكدانه‌وه‌ى ئه‌م جیاوازییه‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ ئه‌و هێزه‌ عێراقیه‌ى له‌ رۆژى چوونه‌ ناوه‌وه‌ى داعش بۆ ناو شارى موسڵدا هه‌بوون و  له‌وێ بوون، هیچیان نه‌كرد بۆ به‌ڕووداوه‌ستانه‌وه‌ى ئه‌و هێزه‌ داگیركه‌ره‌ى كه‌ هه‌موو رێگه‌كانى به‌رده‌مى بێ كۆسپ و له‌مپه‌ر بوون تا گه‌یشتنى به‌ ده‌ورووبه‌رى به‌غداى پایته‌خت. 

هیچ هێزێكى چه‌كدار له‌ جیهاندا نییه‌ كه‌ به‌رگریى لانیكه‌م له‌خۆى نه‌كات و دوژمنه‌كه‌ى سه‌رقاڵ نه‌كات تا پاشه‌كشه‌یه‌كى ئه‌مین بۆخۆى رێكده‌خات. ئه‌م نموونه‌ عێراقیه‌ ره‌نگه‌ ده‌گمه‌نترین بێت. بێگومان نهێنیى پشت ئه‌مه‌یش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ دامه‌زراوه‌ى سه‌ربازیى و ئه‌منیى ئه‌وكاته‌ هێنده‌ ماندووى گه‌نده‌ڵیى به‌ڕێوه‌بردن و دارایى ببوو كه‌ گه‌یشتبووه‌ دڵى. هه‌روه‌ها نهێنیه‌كى دیكه‌یشى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌رده‌بێت ئه‌و هێزانه‌ له‌ فه‌رمانده‌كانیانه‌وه‌ فه‌رمانى ئه‌وه‌یان  پێكرابێت شه‌ڕ نه‌كه‌ن، به‌ چاوى خۆیشمان له‌ شاشه‌كانى ته‌له‌فزیۆنه‌كانه‌وه‌ ئه‌وه‌مان بینى كه‌ چۆن ئه‌و هێزانه‌ و فه‌رمانده‌كانیان چه‌كه‌كانی خۆیان فڕێ ده‌دا و  كه‌ره‌سه‌ و تفاقى جه‌نگى و  سه‌ربازگه‌كانیان بۆ دوژمن جێده‌هێشت، ته‌نانه‌ت به‌رگرییان له‌ راهێنراوه‌ بێ ئه‌زموونه‌كانى ناو سه‌ربازگه‌ى سپایكه‌ر و ئه‌وانى تریش نه‌كرد و خۆیان و چاره‌نووسیانیان جێهێشت، ئه‌وه‌بوو به‌ كوشتارێكى تۆقێنه‌رى ده‌ستى رێكخراوه‌ تیرۆریستیه‌كه‌ كۆتاییهات. 

 له‌ مانگى حوزه‌یرانى رابردوودا حه‌یده‌ر عه‌باد-ى سه‌ره‌ك وه‌زیران رایگه‌یاند "تێچووى زۆرى ئه‌و جه‌نگه‌ى كه‌ به‌سه‌ر عێراقدا سه‌پێنراوه‌ به‌شێكى زۆرى سه‌رچاوه‌ى دارایى عێراقى هه‌ڵـلووشیوه‌". سه‌رچاوه‌ حكومیه‌كانیش جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ئه‌و تێچوونه‌ تا ئێستا گه‌یشتووه‌ته‌ 300 ملیار دۆلار. 

پرسیاره‌ قورسه‌ ئاڵۆزه‌كه‌ ئه‌مه‌یه‌: ئه‌م تێچووه‌ ئه‌فسانه‌ییه‌ى زیانه‌ مرۆیى و مادییه‌ به‌گه‌ردنى كێ؟ و ده‌رهاویشته‌ كاره‌ساتباره‌ ده‌روونى و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانى به‌ ئه‌ستۆى كێ؟. له‌سه‌ر كێ پێویسته‌ ئه‌م قه‌ره‌بووه‌ى گه‌لى عێراق بكاته‌وه‌؟.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure