ئەردۆغان هەڕەشە لە توركەكان و هاوسێكانیشیان دەكات

بۆچوون / بیروڕا :: 24/10/2016

نووسینی: جیهاد ئەلخازن
سەرچاوە: ئەلحەیات
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید

وامدەزانی، وەك چۆن ئیمام عەلی كوڕی ئەبی تالیب دەڵێت (خۆم فێڵباز نیم و فێڵبازیش نامخەڵەتێنێت)، كەچی رەجەب تەیب ئەردۆغان خەڵەتاندمی. رۆژێك بوو وامدەزانی ئەو نموونەیەكی دەسەڵاتداری ئیسلامیی دیموكراتە، بەڵام ژیام و نەمردم بۆ ئەوەی دیكتاتۆرێكی دیكە یان سوڵتانێك ببینم.
هەموو هەواڵەكان لە توركیاوە مایەی نیگەرانی و دڵەڕاوكێن. ئەردۆغان هێشتایش داوا لە ویلایەتە یەكگرتووەكان دەكات فەتحوڵـڵا گولەن-ی بانگخوازی رادەست بكاتەوە كە تۆمەتبارە بەوەی لەپشت هەوڵە كودەتاییەكەی تەموزی رابردووەوەیە. توركیا لەم مانگەدا بەڵگەنامەكانی خۆی لەسەر رۆڵی گولەن لە هەوڵە كودەتاكەدا نارد بۆ واشنتۆن، بەڵام قبووڵكردنی بەڵگەكان مانای ئەوەیە بینێرێت بۆ دادوەر و ئەو بڕیاری لەسەر بدات كە ئاخۆ رازییە لەسەر داواكەی توركیا یان نا. شارەزایان دەڵێن ویلایەتە یەكگرتووەكان گولەن رادەست ناكات، ئەمەیش ئاستی ناكۆكییەكانی نێوان ئەم دوو وڵاتە توندتر دەكاتەوە.
ئەوەی پێشوو رێگە لە ئەردۆغان ناگرێت كە بەردەوام بێت لە هەوڵەكانی بۆ گۆڕینی سیستمی توركیا بۆ سەرۆكایەتی، بەو مانایەی كە دەسەڵاتەكان لە دەستی سەرۆكدا بن، یان لەدەستی خۆیدا بن. ئەحمەد داود ئۆغلۆ لە سەرۆكایەتی وەزیران لاچوو، یان دەركرا چونكە هاوڕای ئەردۆغان نەبوو لە گۆڕینی سیستمی وڵاتدا. بەڵام سەرەك وەزیرانی ئێستا بنالی یەڵدرم هاوڕایەتی و دەڵێت بەمنزیكانە توركیا راپرسی لەسەر دەسەڵاتی سەرۆكایەتی رێكدەخات.
لەم چوارچێوەیەدا، لەناوبردنی نەیارەكان درێژەی هەیە و سەدان فەرماندەی سوپای توركیا و پاشكۆ سەربازیەكان لە دەرەوە و دادوەرەكان و داواكارەگشتیەكان لە سەر كارەكانیان دەركران یاخود زیندانیكران و ئێستا چاوەڕێی دادگاییكردنیانن بە تۆمەتی ئەوەی كە رۆڵیان هەبووە لە هەوڵە كودەتاكەدا. دوا ژمارەی ئەو دادوەر و كارمەندانەی دادگا كە دەستگیركراون و من خوێندوومەتەوە 189 تۆمەتباری دیكەیە.
تەنانەت بیانییەكانیش لە تووڕەیی حكومەتدا بە سەلامەتی دەرنەچوون، خانمێكی مامۆستای ئەمریكی كە ناوی كیلسی دێن بوو لە فڕۆكەخانە دەستگیركرا و بە تۆمەتی ئەوەی كە پەیوەندیی بە گروپێكی ئیسلامیی توركییەوە هەیە زیندانی كرا، دواییش لە وڵاتەكە دەركرا و بڕیاری ئەوەیشی بۆ دەرچوو كە هەرگیز نابێت بچێتە توركیاوە. جگە لەمەیش ژنە رۆماننووسێكی ناوداری توركیا كە ئەلیف شەفەق-ی ناوە، لە لەندەن لەگەڵ هاوسەرە رۆژنامەنووسەكەی ئەیوب كان دەژی و بەتۆمەتێكی نەزانراو لەلایەن توركیاوە داواكراوە.
ئەردۆغان دەیەوێت دیوارێك لەگەڵ سوریادا دروست بكات كە درێژیەكەی 911 كیلۆمەترە و فكری ئیزێك وەزیری بەرگرییش دەڵێت كارەكانی ئەو دیوارە لە بەهاری داهاتوودا تەواو دەبن. ئەمەیش رێگریی لە ئەردۆغان ناكات كە بڕیار بدات بە نزیكەی 50 كیلۆمەتر لەشكركێشی بكاتە ناو سوریاوە و هەروەها مكوڕیش بێت لەسەر ئەوەی كە حكومەتی توركیا دەیەوێت ناوچەیەكی دابڕاو لەناو سوریادا دروست بكات. قەبارەی ئەو ناوچەیە نزیكەی نیوەی رووبەری لوبنان دەبێت، ئەمەیش بۆئەوەی پەنابەرە سوریەكانی ناو توركیای بۆ بگوێزێتەوە.
هێزێكی كەمی توركیا لەناو عێراقدان لە باشیك-ی نزیك موسڵ. كاری بنەڕەتیی ئەم هێزە مەشقپێكردنی سوننە و توركمانە عێراقیەكانە بۆ ئەوەی بەرەنگاریی داعش ببنەوە. كەچی حكومەتی توركیا دەڵێت ئەوان بەشداریی شەڕی دژی داعش دەكەن لە موسڵ و فڕۆكەكانی توركیا بۆردوومانی پێگەكانی تیرۆریستان دەكەن لە موسڵ و دەورووبەری.
لە هەمانكاتدا توركیا دژی هەر رۆڵێكی كوردەكانە لە شەڕی رزگاركردنی موسڵدا، ئەمە لەكاتێكدا كە تەنیا دوو لایەنی شەڕكەری ئەوێ‌، سوپای عێراق و هێزەكانی پێشمەرگەی كوردیین.
ئەو سیاسەتەی رەجەب تەیب ئەردۆغان پەیڕەوی دەكات جێی رەزامەندیی هیچ كەسێكی ناوچەكە و جیهانیش نییە. حكومەتی توركیایش نایەت ئەم سیاسەتە بگۆڕێت یان هەمواری بكاتەوە بەڵكو میدیای جیهانی بەوە تۆمەتبار دەكات كە لەدژی دەوەستێتەوە.
سەرەك وەزیران یەڵدرم خۆی وتی كە وڵاتەكەی هەڵمەتێكی میدیای جیهانیی لەسەرە و دەڵێن گوایە توركیا لە جەنگدایە و سەقامگیر و ئارام نییە و هەموو رۆژێك خەڵكی تێدا دەمرێت. یەڵدرم دەڵێت توركیا شایانی ئەم جۆرە مامەڵە لەگەڵكردنەدا نییە و ئینجا بادەداتەوە و گولەن تۆمەتبار دەكات بەوەی كە لەپشت هەموو ئەمانەوەیە، ئاخۆ كەس باوەڕ دەكات كە بانگخوازێكی بەتەمەن لە پەنسلڤانیاوە كۆنترۆڵی میدیای جیهانی بكات؟.
ئێستا توركیا هۆشداریی دەدات لە بەرپابوونی جەنگی سێیەمی جیهان بەهۆی ناكۆكیی نێوان روسیا و ویلایەتە یەكگرتووەكانەوە لەسەر سوریا. ئەم قسەیە وەك ئەوەیە كە بڵێیت گولەن تەحەكوم بە میدیای جیهانیەوە دەكات.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure