رابردوو ئێستا دەكوژێت

بۆچوون / بیروڕا :: 23/10/2016

سەرچاوە: ئەلحەیات
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید


رابردووی مەشریق/خۆرهەڵات وێنەی ئێستای خۆی دەكێشێت. هەموو كۆمەڵەیەك مێژووی خۆی و ئەفسانەی پیرۆزی خۆیی تێدایە. پێوەری پیرۆزی لە ئاستی دڕندەگەرایی و زاڵبوون و ریسواكردنی ئەویدیدایە. ئەمەیش تەنیا قۆرخكراوی دەوڵەتێك یان دەستەیەك نییە. پلەی وحشیگەراییەكەیش جیاوازە بە جیاوازیی ئەو وەهمانەی كە بوونەتە واقیع.

هیچی جەنگاوەرەكانی مێژووی ئەمەویەكان بیرناكەونەوە تەنیا فتوحاتەكانیان نەبێت، هەروەها هیچی عەباسیەكانیش جگە لە زوڵم و ستەمی خەلیفەكانیان و ناكۆكیەكانیان لەگەڵ نەوەكانی خۆیاندا. ئەوەی ئەم دوو سەردەمە لەسەر ئاستی زانست و رۆشنبیریی بەرهەمیانهێناوە لە پلەی دەیەمدایە. نە باسی فەلسەفەی ئیسلامی و نە زانستی كەلام و مەنتق و هەروەها موعتەزیلە و ئەشعەری و ئیخوان ئەلصەفا-یش. بیركردنەوە قەدەغەیە. بیری ئازاد بۆ سەربازگیریی سوپا و بەعەسكەریكردنی ململانێكان دەستنادات. (داعش) دەرهاویشتەی ئەم راستیە تاڵەیە. هەر لایەنەیش (داعشی خۆیی) هەیە كە تازەی دەكاتەوە بە هێزی رابردووی كۆنترۆڵكراو بە رەفتار و رەوشتی دەستەبژێرەوە لەپێش خەڵكە گشتیەكەدا. 

ئەردۆغان لەهەموو قسەفڕێدانێكیدا دەگەڕێتەوە بۆ رابردوو. فتوحاتەكانی عوسمانی تازە دەكاتەوە، دەیانكاتە پاساوی سیاسەتە فراوانخوازیەكەی و سەری سوڕدەمێنێت بەوەی كە ئەوانی دیكە قەناعەت بەم پاساوە ناكەن. هێزی رابردوو بەلایەوە ترس دەخاتە دڵی دوژمانەوە و فڕۆكەكانی پەیمانی ئەتڵەسی-یش بەكردەوە ئەركەكە تەواودەكەن. رقی لە عێراق و عێراقیەكان و سوریا و سوریەكان دەبێتەوە، ئەڵێی ئێستا ئەم دوو وڵاتەی فەتح كردووە. دەڵێت:"پرسیاری سەرقاڵبوونمان بەسوریاوە لێدەكەن، وەڵامەكە زۆر ئاسانە، چونكە ئێمە وڵاتێكین لەسەر پاشماوەی دەوڵەتی بەرزی عوسمانی دامەزراوین. ئێمە نەوەی سەلجوقیەكانین. ئێمە نەوەی عوسمانیەكانین. ئێمە درێژەپێدەری مێژووی نەوەی باووباپیرانمانین كە تێكۆشاون لە پێناو حەق و ئاشتی و كامەرانی و برایەتیدا. پارتی داد و گەشەپێدان لە رەگی قووڵی خۆیدا هەڵگری گیانی سەلجوقی و عوسمانیەكانە". پێشتریش رەخنەی لە رێككەوتننامەی لۆزان گرتووە كە سنووری توركیای نوێی دیاریكردووە. ئەوەیشی بەسەردا تێنەپەڕیوە بیریبهێنێتەوە كە ئەو رێككەوتننامەیە ناوچەیەكی فراوانی دەوڵەتی عوسمانیی (داماڵیوە) و خستویەتیە سەر یۆنان و عێراق و سوریا. ئەمەیش ئاماژەیەكە بۆ ئەوەی هەمیشە ئامادەیە بۆ ئەوەی داوای چاوپێداخشانەوەیان بكات.

مەسەلەكە هەر لە ئەردۆغان و رابردووی ئەردۆغاندا كورت نابێتەوە. ئەو وڵاتانەی دیكەیش كە غەرقی خوێنی خۆرهەڵاتیەكانن هیچیان لەو كەمتر نییە لە پیرۆزكردنی رابردوویاندا. رابردوویەك كە هانیاندەدات بۆ ئەوەی بكەونە جەنگ و وێرانكردنی وڵاتان و قڕكردنی گەلان. حكومەتە یەكلەدوای یەكەكانی بریتانیا، كرێكاریەكان بووبن یان موحافزكارەكان، هێشتا لەو باوەڕەدان كە فەرمانڕەوایی ئەو ئیمپراتۆریەتەیان دەكەن كە (خۆری لێ‌ ئاوا نابێت)، ئەمەیش مافی ئەوەیان دەداتێ‌ كە نەخشەی چارەنووسی جیهان بكێشن. بەڵام داگیركاری و تاڵانكاریی كۆڵۆنیاكانیان بیرناكەوێتەوە. بەڵكو پاساوی ئەوە بۆ سیاسەتەكانیان دێننەوە كە بەهای دیموكراتییان بڵاوكردووەتەوە و گەلەكانیان لە دەسەڵاتدارە چەوسێنەرەكان و دیكتاتۆرەكان رزگار كردووە. فرەنسایش هەمان یاریی كوشتن دەكات و وایدادەنێت كە سیستمەكەی ئەو بەرهەمی گرنگترین شۆڕشە بۆیە لەمێژووی خۆیدا پاساوی ئەوەی هەیە كە پشتگیریی شۆڕشە خوێناویەكان بكات. خۆ ئەو قەسابخانانەی كە لەگەڵ شۆڕشەكەی فرەنسادا ئەنجامدران هیچیان لە رووداوەكانی ئێستا كەمتر نەبوو. 

بەڵام ئەمریكا كە لەڕێی قڕكردنیانەوە رابردووی دانیشتوانە رەسەنەكەی سڕیەوە و لە ترۆپكی بەرەوپێشچوونی مێژووی ئەوروپادا، یان لە پوختەی ئاڵۆزترین و بەتواناترین تێكەڵكردنی نوێترین تەكنۆلۆژیا و ئەفسانەكانی تەوراتدا، سەرۆكێكی وەكو رۆناڵد رێگان-ی گەیاندە كۆشكی سپی، رێگان-ێك كە بڕوای بە شەڕی (Armageddon) هەیە. یان جۆرج بوش-ی كوڕ كە بەردەوام لەگەڵ ئینجیل-دا بووە و بڵاوكردنەوەی دیموكراسیی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا لە وەزیرێكی حكومەتەكەی شارۆن-ەوە فێربووە بە ناوی ناتان چارانسكی و ئێستایش ترامپ و كلینتۆنی هێناوەتە پێشەوە بۆ فەرمانڕەوایكردنی جیهان.
ئەوە ئەو رابردووەیە كە ئێستای خۆرهەڵات/مەشریق دەكوژێت بۆ زیندووكردنەوەی ئیمپراتۆریەتەكان. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە