ئایا پاش ڕزگارکردنی موسڵ دەوڵەتی خەلافەت هەڵدەوەشێتەوە؟

بۆچوون / بیروڕا :: 22/10/2016

نوسینی: سەلیم نەسار
سەرچاوە: ئەلحەیات
وەرگێڕان: د. شێرکۆ عەبدوڵڵا
ڕۆژی یەکشەمەی ڕابردوو، سەرەکوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی، دەستپێکردنی پرۆسەی ئازادکردنی پارێزگای نەینەوای ڕاگەیاند و مژدەی (نزیکبوونەوەی چرکەساتی سەرکەوتنە گەورەکە)ی بە هاوڵاتیان ڕاگەیاند، بەم هەواڵەش بە فەرمی دەستپێکردنی شەڕی بەدەستهێنانەوەی شاری موسڵی ڕاگەیاند کە لە کاتی دەسەڵاتی حکومەتەکەی پێشوودا بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی، ئەبوبەکری بەغدادی داگیری کرد.
پێش زیاتر لە دوو ساڵ مالیکی ڕووبەڕووی ڕەخنەی قورس بووەوە لەلایەن ئەو ئۆپۆزسیۆنەی کە تۆمەتباری کرد بە ترسنۆکی و بەوەی دەستی هەبووە لە ئاسانکاریکردن بۆ داگیرکردنی موسڵ کە دووهەمین گەورە شاری عێراقە. بەڵگەش بۆ ئەو قسەیە کشانەوەی سوپا نیزامییەکە و پەیوەندیکردنی هەندێک لە ئەندامەکانیەتی بە داگیرکارە تازەکانەوە. هەر لە کاتی خۆیشیدا چەندین ڕسوایی و گەندەڵیی ئیداری دەرکەوتن کە هەرە گرنگەکەیان بەکارنەهێنانی هێزی ئاسمانی سەربازی و پاشەکشێی هێزەکان بوو لە بارەگاکانی ناو شار پاش ڕادەستکردنی چەکە قورسەکانیان.
بەهەرحاڵ، بڕیاری شەڕ دژی داعش پاش دواخستنێکی دورودرێژ ڕاگەیەندرا کە چەندین لێکدانەوە و پاساوی دەرەکی و ناوخۆییان بۆ کرا بەوەی کە عەبادی ناتوانێت شەڕێک ڕابگەیەنێت دڵنیا نەبێت لە ئەنجامەکانی.
هۆکاری یەکەم، خرایە پاڵ ئاڵۆزبوونی هەڵوێستی بەشدارانی شەڕەکە و ئەوەی کە یەکخستنی ڕیزەکانیان کارێکی زەحمەتە و هەروەها لەبەرئەوەی کە هەر گروپێک ئەجێندا و ئامانجی جیاوازی خۆی هەیە. بۆیە چەند جارێک بڕیارەکە دواخرا، هەتا ئەو کاتەی سەرکردە سەربازییەکان ڕازی بوون بەم نەخشەیەی کە ئێستا جێبەجێ دەکرێت.
هۆکاری دووهەم، پەیوەستە بە ترسی چەند دەوڵەتێکی عەرەبیی هاوڕێ وەک مەغریب و تونس و جەزائیر و لیبیا، گوایە ئەم دەوڵەتانە چەند مانگێک لەمەوبەر هەندێک هەوڵی داعشیان بۆ دەرکەوتووە سەبارەت بە دامەزراندنی ویلایەتی داعش لەم وڵاتانەدا لەژێر ناوی (ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە مەغریب).
وەزارەتی ناوخۆی مەغریبیش لە مانگی تەموزی ڕابردوودا نەخشەیەکی پێشوەختەی جێبەجێکرد کە ئامانجەکەی نزیکەی ١٤٣ گومانلێکراو بوو، کە ٥٢ کەسیان بە مەبەستی لێکۆڵینەوە دەستگیرکران. لە ئەنجامی هەڵکوتانە سەر ماڵەکانیشیاندا چەندین چەک و بەڵگەنامە و بڵاوکراوەی هاندان جگە لە بزمار و وایەری کارەبایی کە بۆ دروستکردنی پشتێنەی تەقینەوە بەکاردەهێنرێت دۆزرانەوە. هەروەها لە تونسیشدا ١٣هەمین کۆنگرەی لێپرسراوانی دام و دەزگاکانی ئاسایش و فڕۆکەخانەکان و بەندەرەکانی وڵاتانی عەرەبی ئەنجامدرا.
لێپرسراوانی تونس مەترسی خۆیان دەربڕی لە زیادبوونی ئەنباری مرۆیی ڕێکخراوە تیرۆریستیە چالاکەکان لە سوریا و عێراق و لیبیادا.
بەپێی ڕاپۆرتە ئەمنییەکان لە ساڵی ٢٠١١ەوە زیاتر لە ٢٧ هەزار چەکداری بیانی چوونەتە سوریا و عێراقەوە.
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت داعش لە دەرەوەی دەوڵەتەکەی خۆیدا کە ئەبوبەکری بەغدادی لە کۆتاییەکانی مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤دا ڕایگەیاند، لە زیاتر لە ٢٠ دەوڵەت موستەعمەرەی چالاکی دروستکردووە کە تێکڕا ٢٥ هەزار خەڵکی بیانییان تێدایە، لەوانە ٤٥٠٠ کەس لە ئەوروپا و ٣٠٠ کەس لە ویلایەتە یەکگرتووەکان. ئەوروپییەکانیش سەر بە ئەڵمانیا و بەلجیکا و نەمسا و بریتانیا و سویدن.
هۆکاری سێهەم ئەوەیە کە ئەبوبەکری بەغدادی ڕووی کردووەتە ئاسۆکانی دەرەوەی جیهانی عەرەبی و لە پێناوی پاراستنی ئەو شەڕکەرانەی کە لە سوریا و عێراقدا قێزەونترین تاوانیان ئەنجامداوە هەر لە سەربڕینەوە هەتاکو سوتاندنی مرۆڤ بە زیندوویی.
بێگومان کەمبوونەوەی ئەو پانتاییانەی کە ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و سوریادا داگیری کردن پاڵی پێوەنا لە ناوچە دوورەکانی ئەفریقادا بۆ پێگەی تر بگەڕێت. هەروەها لە ئاکامی بەیعەت پێکردنییەوە لەلایەن تاقمی بۆکۆحەرامەوە لە هاوینی ٢٠١٥دا، داعش چالاکییەکانی خۆی گواستەوە بۆ کیشوەرە ڕەشەکە بەهیوای ئەوەی ئەم گواستنەوەیە قەرەبووی زیانە دیمۆگرافی و جوگرافی و ئایدیۆلۆجییەکەی بۆ بکاتەوە.
بەغدا پێش پێشڕەویکردنی هێزەکانی بۆ ئابڵوقەدانی موسڵ ڕایگەیاند کە ڕێگەیەکی کردووەتەوە لە جەمسەری شارەکەدا بۆئەوەی ژن و منداڵ و پەککەوتە لەوێوە هەڵبێن و پەنا ببەن بە نزیکترین شوێنی سەلامەت. پێدەچێت چەکدارەکانی داعش دەستبەکاربووبن ئەم ڕێگەیەیان لێ گرتبن و وەکو قەڵغانێکی مرۆیی بەکاری هێنا، ئەمەش سەرکردایەتی هاوبەشی وریاکردەوە لەوەی کە پێشڕەویکردنی هێزەکانی، کاریگەریی نەرێنی دەبێت.
ڕەنگە لەسەر ئاستی ئەمنی ئەمە هۆکارێکی کاریگەر بێت چونکە حەیدەر عەبادی نایەوێت هەڵەکەی فەلوجە دووپات ببێتەوە. واتە نایەوێت پرۆسەی ئازادکردنەکە لە سەروو هەموو پیوەرێکی مرۆیی بێت، بەو شێوەیەی جەنگی ڕزگارکردنی فەلوجە زۆر کەسی بێتاوانی تێدا کوژرا. بەڵام ئەم دۆخە وادەکات کاری خۆکوژی بەکۆمەڵ کە داعشییەکان لەناو موسڵدا ئەنجامی دەدەن کارێکی حەتمی بێت، چونکە ئەوان بێجگە لە ئۆتۆمبێل هیچی تریان نییە پێی هەڵبێن لە شەڕە یەکلاکەرەوەکە. بەڵام ئۆتۆمبێلیش سوودی نییە چونکە عێراق وەکو لیبیا نییە داعشییەکان بتوانن لێوەی هەڵبێن بۆ هەندێک وڵاتی وەکو نایجیریا، بەڵکو ئەگەر بەرەو باشور هەڵبێن، ئەوا لەسەر دەستی سەربازە عێراقییەکاندا لەناو دەچن. ئەگەر بەرەو خۆرئاواش بڕۆن ئەوا هێزەکانی ڕوسیا و ئەسەد بە بەرمیلی تی ئێن تی ڕووبەڕوویان دەبنەوە، ئەگەر بەرەو خۆرهەڵاتی موسڵیش هەڵبێن ئەوا ئێران چاوەڕوانیانە. لەم دۆخەدا فڕۆکە باشترین ئامرازی هەڵهاتنە.
لەگەڵ ئەو جیاوازییە گەورەیەدا کە لەنێوان ئابڵوقەدانی نازییەکانی ئەڵمانیا و ئابڵوقەدانی تاقمەکەی دەوڵەتی ئیسلامیدا، ئەوا بەراوردکردنەکە ناچارمان دەکات وەبیری بهێنینەوە کە تەنیا فڕۆکە سەدان ئەفسەری ئەفسەرانی حیزبی نازی ڕزگارکرد کە بە فڕۆکە هەڵهاتن بۆ ئەرجەنتین. ئەوە ڕاستە کە جەنەڕاڵ (خوان پیرۆن) سۆزی هەبوو بەرامبەر بە ڕژێمە دیکتاتۆرییەکەی بەرلین، بەڵام ئەوەش ڕاستە کە وەزیری کشتوکاڵ لە سەردەمی نازی-دا ڕیچارد دارێ (کە بە ڕەچەڵەک ئەرجەنتینی بوو) چەند پەیوەندییەکی بەسوودی لەگەڵ سەرۆکی ئەرجەنتیندا بەئەنجام گەیاند کە لە هەنگاوی یەکەمدا سەدان هاوڕێی گواستەوە بۆ مەدرید لە ساڵی ١٩٤٤دا، پاشان بە چەند گوژمێک گواستنییەوە بۆ پایتەختی ئەرجەنتین. پێویستە بیرمان نەچێت کە جەنەڕاڵ فرانکۆ زیاتر مەیلی بەلای ڕژێمی نازی-دا دەچوو وە لە ژێر چاودێری و پارێزگاری ئەودا گەورە ئەفسەرە نازییەکان هەڵهاتن.
پێش ڕاگەیاندنی هێرشەکە، حەیدەر عەبادی لەگەڵ سەرۆکی نێردە دیپلۆماسییەکان لە بەغدا کۆبووەوە و هۆشداری دانێ لەوەی کە ڕەنگە تاقمەکەی داعش ڕووبکەنە وڵاتانی دراوسێ و پێی ڕاگەیاندن کە تیرۆر بەڕێوەیە بۆ لاتان و پێویستە وڵاتانی دنیا هەموویان پێکەوە وریای مەترسییەکانی ئەم تاقمانە بن. سەرچاوە سەربازییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە زیاتر لە ٥٠٠٠ هەزار چەکداری داعش لە موسڵەوە هەڵهاتوون بۆ سوریا و سوودیان لە ئارامییەکەی پێش دەستپێکی هێرشە بەربڵاوەکە وەرگرت.
کۆمەڵی دوەلی بە گەشبینییەوە تەماشای ئەم پرۆسەیە دەکات، بەو پێیەی کە بڕیاری (نەهێشتنی دەوڵەتی داعش) هەموو وڵاتان لەسەری ڕازین، تەنانەت ئەو دەوڵەتانەش کە بەشدارییان کرد لە دروستکردنیدا بۆ نموونە تورکیا. لە ڕاستیدا ئەم دەوڵەتە دروستکرا وەک کاردانەوەیەک دژی دروستبوونی دەوڵەتێکی شیعی لە ئێراندا. داگیرکردنی عێراقیش لەلایەن ئەمریکاوە لە ساڵی ٢٠٠٣دا ئەم قەناعەتەی گەورەتر کرد و لە منداڵدانی ئەو داگیرکارییەوە ڕەوتەکەی زەرقاوی لەدایکبوو کە دامەزرێنەری یەکەمی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامییە لە عێراق و شامدا. لە ڕاستیدا زەرقاوی ناکۆکییەکی قووڵی هەبوو لەگەڵ بن لادن و زەواهیریدا دەربارەی چەمکی شەڕی ناو شار و ڕێگە قێزەونەکەی، بەتایبەت کە ئەو یەکەمین کەس بوو بەشێوەیەکی ئاشکرا پرۆسەی سەربڕینی دەستپێکرد. پاش کوژرانی زەرقاوی لە ساڵی ٢٠٠٦دا بەهۆی هێرشێکی ئاسمانی ئەمریکاوە، کەسێک شوێنی گرتەوە پێیان دەگوت ئەبو ئەیوبی میسری. ئەم دەستی کرد بە ڕێکخستنی سەربازانی پێشووی سوپاکەی سەدام و خۆبەخشی زۆری ناو زیندانەکانی (بۆکا).
زیندانییەک دەڵێت ئەبوبەکری بەغدادی بە ئەنقەست خۆی بە زیندانیکردن داوە لە زیندانی بۆکادا بۆئەوەی لە کۆی ١٣٥٠ زیندانی، ژمارەیەکی زۆریان ڕێکبخات . ئەبو ئەیوبی میسریش ئەو کەسە بووە کە ئەبوبەکری بەغدادی هەڵبژارد بە سەرکردەی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی. ئەم دوانەش زیندانی بۆکایان ناو نابوو (ئۆردوگای خەلافەت).
ئێستا پرسیارەکە دەربارەی چارەنووسی ئەم بزووتنەوە سەلەفییەیە و ئەوەی کە ئایا ئازادکردنی پایتەختەکەی کە شاری موسڵە بۆ دواجار دەرگا بە ڕووی ئەو دەوڵەتانەدا دادەخات کە بەشدارییان کرد لە خوڵقاندن و چەکدارکردن و بەخشینی پارە بەو ڕێکخراوە.
ئاگادارن دەڵێن ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی گوزارشتە لە دۆخێکی ئایدۆلۆجی کە لە ئاکامی چەوساندنەوە و دەستدرێژی هاتووەتە ئاراوە کە سوننەکان لە عێراق و سوریا و ئێراندا چەشتوویانە.
ئەمە مانای وایە هەتا ڕێکخراوە ئیسلامییە میانەڕەوەکان بەهێز نەکرێن داعش لەناو نابرێت و بەر لەوە پێویستە چەکدارانی ئەم شەڕە چارەنووسییە لەژێر یەک ئاڵا و یەک ئامانجدا ڕێکبخرێن. دەگوترێت عێراق ستراتیجێکی ڕوونی نییە سەبارەت بە رۆڵی چەند هێزێکی دیاریکراوی وەکو کوردەکان و ئێران و تێکڕای ئەو لایەنانەی کە بەدوای دیاریکردنی سنوور و سەرچاوەکانی نەوت و ئاوەوەن. هیلاری کلینتۆنیش جەختی کردەوە لەسەر پەیڕەوکردنی هەمان سیاسەتی ئۆباما لە سوریادا. بەداخەوە مەسەلەکە لەوە دەچێت کە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا دەسەڵاتی مۆسکۆ شوێنی دەسەڵاتی واشنتۆن بگرێتەوە. ئەمەش مانای وایە چۆن داعش لە موسڵ دەردەچێت ئەمریکاش هەر بەو شێوەیە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەردەچێت





created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure