ئازادكردنی موسڵ كارێكی ئاسان نییە

بۆچوون / بیروڕا :: 22/10/2016

سەرچاوە: ئەلمەدا
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید

هێرشەكەی دوێنێی چەكدارانی داعش بۆ سەر شاری كەركوك، هۆكارێكی دیكە و  بەڵگەیەكی تر دێنێتە ئاراوە بۆ پێویستیی ئەوەی كە گوێپێدان و بەتەنگەوەهاتنی زیاتر هەبێت لە لێدوانەكان و دەركردنی بەیاننامەی مژدەبەخش بە سەركەوتنی ئاسان و خێرا بەسەر رێكخراوە تیرۆریستیەكەدا و ئازادكردنی موسڵ و تەواوی ئەو شار و شارۆچكانەی كە داگیریان كردووە.

داعش ئەو دوژمنە نییە گاڵتە بە توانای بكرێت. زۆربەی ئەندامانی داعش لە هەرە توندڕەوەكانی ناو گروپەكانی ئیسلامی سیاسیین. گوێیان لە ژمارەی ئەوانە نییە كە دەیكوژن، هەروەها بە قەبارەی ئەو زیان و وێرانكاریانەیش كە بەهۆی كردەوە خۆكوژیەكانیان و تەقینەوەكانیانەوە دەیخەنەوە... ئەوان شێتانە پەرۆشی عەقیدە و بیروباوەڕەكەیانن.

جگە لەمەیش، ئەوان هێزێكی نائومێدن.. تازەترین چەك و تەقەمەنیی و باشترین جۆرەكانیان لایە، كە لە هێزەكانی عێراق بۆیان جێماوە كاتێك پێش دوو ساڵ لەمەوبەر سێیەكی رووبەری وڵاتیان داگیركرد. لەوكاتەیشەوە نەكەوتوونەتە شەڕێكی قورسەوە، هەموو رێگەكان لەبەردەمیاندا بە تەواوی واڵابووە بۆ هاتووچۆیان لەو شار و شارۆچكە و گوندانەی داگیریاكردووە، هەروەها بۆ سەربازگەكانی سوپا و بنكەكانی پۆلیسیش، بۆیە هێزی خۆیان پاراستووە و تەنانەت سەركەوتوو بوون لە پتەوتركردنی هێزەكەیان بە راكێشانی هەزاران خۆبەخش كە لە وڵاتانی جیاجیاوە چوونەتە ریزەكانیان و هەروەها دانیشتوانی ناوچەكانی ژێر دەستیشیان بە چەكدارگرتووە ئیتر بە زۆر بووبێت یان بە ئارەزوو.  

لە سەرەتای ساڵی رابردوودا كە پرۆسەكانی ئازادكردنی شاری تكریت دەستی پێكرد، یەكێك لە سیاسییە خاوەن میلیشیاكان بە شانازییەوە رایگەیاند كە رزگاركردنی شارەكە لە ماوەی چەند رۆژێكدا جێبەجێ‌ دەكرێت. هەروەك تەنیا شەش مانگیشی دیاریكرد بۆ رزگاركردنی موسڵ. كەچی تكریت دوای سێ‌ مانگ لەو رێكەوتەوە رزگاركرا كە ئەو داینابوو و شەڕەكانی رزگاركردنی موسڵیش دەستیان پێنەكرا هەتا دوای تێپەڕبوونی ساڵ و نیوێك بەسەر رزگاركردنی تكریت-دا.
ئەو زانیارییانەی كە زیادەڕوییان تێدا دەكرێت، زۆرجار هەمان ئەو ئەنجامانەیان دەبێت كە درۆكان هەیانە و دەیاندەن بەدەستەوە، ئەوانیش ئەنجامگەلێكی زیانبەخش و زیاندەرن. 

گرنگ رزگاركردنی موسڵە نەك وادەی رزگاركردنەكەی.. هەروەها گرنگ رزگاركردنی موسڵ و ناوچەكانی دیكەیشە بە كەمترین زیانی گیانی ریزەكانی هێزە چەكدارەكانمان و هەروەها چەك و كەرەسە و تفاقی جەنگییان و هاووڵاتیانیش، هەورەها بە كەمترین زیانی مادی لە موڵكی گشتی و تایبەتیش.
نابێت پەلەبكرێت لە رزگاركردنەكەدا. نابێت گوشاری دەروونی بخرێتە سەر فەرماندەییەكانی ئەو هێزانەی كە بەشداریی لەم جەنگە نیشتمانیەدا دەكەن. ئەم سەركردایەتیانە دەبێت كاتی تەواو و پێویستیان لەبەردەستدا بێت بۆ بەدیهێنانی سەركەوتنی یەكلاكەرەوە و یەكجارەكی بەسەر داعشدا. 

رزگاركردنی موسڵ هەر بەوە كۆتایی نایەت كە هێزە چەكدارەكان بچنە شارەكەوە. هێشتا مەترسیی راستەقینە هەردەمێنێت، وەك دژە هێرشی ئەندامانی داعش و ئەو كردەوانەی كە دەكرێت شانە نوستووەكانی ناو شاری رێكخراوە تیرۆریستیەكە ئەنجامی بدەن.
هێرشەكەی دوێنێی داعش بۆ سەر كەركوك دەبێت وانەیەك بێت بۆ هەموان.. بۆ وتەبێژانی هێزە چەكدارەكان و بۆ ئەو سیاسییانەیش كە هەندێكیان وەك گەمەیەكی خۆش و دەرفەتێك بۆ بەدیهێنانی دەستكەوتی كەسی و حزبی مامەڵەی لەگەڵ دەكەن. ئەم وانەیە بۆ ئێمەی میدیاكاریشە بۆئەوەی كە بەتەنگەوەهاتنمان هەبێت لە رووماڵكردن و قسەلەسەركردنەكانماندا، زیادەڕۆیی نەكەین لە بڵاوكردنەوەی ئومێدگەلێكی ناواقیعیدا.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure