ئێران دەژیی.. ئەگەر بە نهێنییش بێت

بۆچوون / بیروڕا :: 20/10/2016

سەرچاوە: ئەلمەدا
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید


لەو دوو جارەدا كە سەردانی ئێران-م كردووە، پێش دوو ساڵ و بە ئەركی رۆژنامەوانی، دەبوومە میوانی ماڵە ناسیاوەكان و یەكسەر لێیاندەپرسیم كام جۆرە خواردنەوە/مەشروبات-ەم حەزلێیە، خۆ ئەگەر سەرسوڕمانی خۆمم دەربڕیایە بەوەی كە دەزانم مەی و مەیخوارددنەوە لەم دراوسێیەی لای خۆرهەڵاتمانەوە لە 1979 وە حەرامە، دەستبەجێ‌ پێیان دەوتم: ئێستا خواردنەوە كهولیەكان هەن بەڵام بەنهێنی، زۆر زیاتر لەوەی كە لە سەردەمی شا-دا بە ئاشكرا هەبوون.

ساڵێكیان مۆڵەتی هاوینەم لە ئەنتالیای توركیا بەسەردەبرد لەسەر كەناری دەریای سپیی ناوەڕاست، ئەو ئۆتێلەی لێی دابەزیبووم شێوی كراوەی ئێوارانی لە چێشتخانەیەكدا رێكدەخست كە راستەخۆ دەیڕوانی بەسەر دەریاكەدا. ئێوارەخوانەكان ئاهەنگی مۆسقا و گۆرانییان تێدا بوو. ئێرانیەكان كە بۆ گەشتی هاوینە لەوێ‌ بوون لەناو هەموویاندا دیاربوون... ئەو ئێوارانەیان پڕ دەكرد لە سەما و گۆرانی و مەی. لەهەندێكیانەوە تێگەیشتم، كە سەر بە چینی ناوەندبوون، ئەوان ئەم جۆرە ژیانەیان لە ناو ماڵەكانی خۆیاندا هەیە كاتێك لەگەڵ خێزانەكانیان كۆدەبنەوە بۆ ئەوەی گوێ‌ لە گۆرانییە ئێرانی و بیانەیەكان بگرن و لەسەر ریتمی مۆسیقای خۆرهەڵاتی و خۆرئاوایی سەما بكەن و ئەوەی حەزیان لێیەتی بیخۆن و بیخۆنەوە، بە مەی و كهولەكانیشەوە.

سەردانی وڵاتانی دیكەیشم كردووە یان تێیاندا ژیاوم كە ئەوانیش مەیخواردنەوەیان حەرام كردووە، بەڵام ئەم خواردنەوە كهولیانە هەمیشە هەبووە. لە نێوان ئەو وڵاتانەیشدا كوەیت و سۆدان و هەندێك لە ئیماراتەكانی دەوڵەتی ئیمارات. لەم وڵاتانەیشدا، هەروەك ئێران، هەموو جۆرە بازرگانییە قاچاخەكانی وەك مادە هۆشبەرەكان و كۆیلەی سپی و ئەندامەكانی جەستەی مرۆڤ، دەكرێن و دەسەڵاتداران نەیانتوانیوە نەیهێڵن یان سنوورێكی بۆ دابنێن، چونكە بازرگانانی شتە یاساغەكان دەزانن چۆن كاردەكەن و یەكێك لەوانەی كە دەیزانن هەڵڕشتنی بەرتیلە بەسەر فەرمانبەرە حكومیەكانی تایبەت بەو بوارانە.
ئەم قسەیەم بە بۆنەی ئەوەوە كرد كە دوێنێ‌ لە تاران ئاشكراكرا. ئەوەبوو میدیا ناوخۆییەكان وتیان پێش 7 مانگ لە هەڵبژاردنە سەرۆكایەتیەكە و 9 مانگیش لە دانانی حكومەتی نوێ‌، سێ‌ وەزیری سەر بە رەوتی ریفۆرمیستەكان دەستلەكاركێشانەوەی خۆیان پێشكەش كردووە،  ئەوەیش دوای ئەو گوشارانەی لەلایەن موحافیزكارە توندڕەوەكانەوە خراونەتە سەریان بەهۆی میتۆدی لیبراڵیانەی ئەو وەزیرانەوە بەرامبەر مۆسیقا و سینەما و ئامڕازەكانی راگەیاندن و ئامادەیی ژنان لە چالاكییە وەرزشیەكانی یاریگاكاندا. سێ‌ وەزیرەكەیش بریتی بوون لە عەلی جەننەتی وەزیری رۆشنبیری و مەحمود جۆدارزی وەزیری لاوان و وەرزش و عەلی ئەسغەر فانی وەزیری خوێندن.

جەننەتی وەك وەزیرێك هەندێك لەو كۆتوبەندانەی لابردبوو كە حكومەتەكەی پێشوو (حكومەتی سەرۆك مەحمود ئەحمەدی نەژاد) بەسەر چالاكییە هونەریەكاندا سەپاندبووی. بەمەیش چەندین هونەرمەند، بێ‌ ڕەچاوكردنی بیروڕای سیاسییان، گەڕانەوە كە پێشتر قەدەغەكرابوو چالاكییەكانیان ئەنجامبدەن. هەروەك وەزیر چاودێریی ئاهەنگە مۆسیقیەكانی دەكرد تەنانەت لەو شارانەیشدا كە مەزاری كەسایەتیە ئاینییەكانیشیان تێدایە. جگە لەمانەیش سانسۆری سەر بەكارهێنانی ئینتەرنێتیشی سووككردبوو. بەڵام وەزیری لاوان و وەرزش، گوناهەكەی ئەوەبوو كە داوای بەشداربوونێكی زیاتری ژنانی كردووە لەو چالاكییانەی لە یاریگاكاندا رێكدەخران. ئەمەیش زۆر بە توندی لەلایەن پیاوانی توندڕەوی ئایینیی ئێرانەوە رەتدەكرێتەوە. 
دەكرێت ئەم دەستلەكاركێشانەوانە بە شێوەیەكی ئاشكرا كاریگەرییان هەبێت لەسەر چالاكییە هونەری و وەرزشیەكان، بەڵام لە توانای هیچ دەسەڵاتێكدا نییە، هەرچەندە توندوتیژیش بێت، رێگریی لە ئێرانیەكان بكات بۆ ئەوەی بە نهێنی گوێ‌ لە مۆسیقا و گۆرانی بگرن یان بە نهێنی مەی و خواردنەوە كهولیەكان بخۆنەوە. ئەمە بۆ هەموو ئەو وڵاتانەیش راستە كە رژێمێكی توندڕەوی وەك ئەوەی ئێرانیان هەیە. چونكە ئاو زۆرجار دەرچەیەك دەدۆزێتەوە بۆ ئەوەی لە پەنگخواردنەوەی رزگاری بێت.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure