هێستری توركی كە لەقە دەوەشێنێت..

بۆچوون / بیروڕا :: 16/10/2016

سەرچاوە: ئەلمەدا
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید


لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا، زیاد لەجارێك لەسەر رەجەب تەیب ئەردۆغان-م نووسوە و هۆشداریی ئەوەم داوە كە هێسترە ئەستانبوڵیەكەی ناو كۆشكی سەرۆكایەتیی چاناقایە لە ئەنقەرە، رەنگە پەت بپچڕێنێت و سنووری ئەستانبوڵ ببەزێنێت و بە راست و چەپدا بكەوێتە لەقە وەشاندن. ئەمە ئەوەیە كە ئێستا روودەدات. 


لەو كاتەوەی سەرەك وەزیران بوو (2003-2014)، بەئاشكرا دەركەوت كە هەنگاوەكانی گورج دەكاتەوە بۆ گێڕانەوەی سەڵتەنەی عوسمانی و خۆیشی بكات بە سوڵتانێك كە خەون بە پەلهاویشتنی نفوزیەوە ببینێت بۆ ئەودیوی سنوورەكانی وڵاتەكەی. لەم پێناوەیشدا كاریكرد بۆ گۆڕینی سیستمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بۆ ئەوەی بەتەواوی دەستكراوەبێت و ببێتە ستەمكارێك كە مل نەدات بۆ هیچ حساب و لێپێچینەوەیەكی پارلەمانی توركیا. هەروەك كۆشكێكی ئیمپراتۆریانەی بۆخۆی دروستكردووە كە شێوازی دیزاینەكەی لە تەلارە سەلجوقیەكانەوە وەرگرتووە و بڕی نزیكەی 600 ملیۆن دۆلاری بۆ خەرج كردووە لەسەر رووبەرێكی 300 هەزار مەتری چوارگۆشە و لە 1150 ژوور و هۆڵ پێكهاتووە، ئەمە لەكاتێكدا كە بێكاریی لەناو گەلی توركیادا رێژەی 10% ی تێپەڕاندووە و رێژەی هەژارییش گەیشتووەتە 25%.

پۆستی سەرۆكی دەوڵەت هەیبەتی خۆیی هەیە و پیشەی سەرۆكایەتیی دەوڵەتیش ئەخلاقیاتی خۆیی هەیە. كاتێكیش سەرۆكەكە لە هەیبەتی پۆستەكەی خۆی كەمدەكاتەوە و پێشێلی ئەخلاقیاتی پیشەكەی دەكات، مانای وایە خۆی كردووە بە مەیمون یان هێستر، لەگەڵ ئەوپەڕی رێزدا بۆ مەیمونە قۆشمەكان و هێسترە بەكەڵكەكان!. ئەردۆغان زۆر سنووری خۆیی بەزاند كاتێك گوتارێكی بێ‌ ئەدەبیانەی ئاراستەی سەرۆكی حكومەتەكەمان حەیدەر عەبادی كرد و داوای لێكرد سنووری خۆی نەبەزێنێت. ئەمە لەكاتێكدا عەبادی داوای لە توركیا كردبوو كە سنووری خۆی رابگرێت و وا رەفتار نەكات وەك ئەوەی كە خاكی عێراق خاكی توركیایە. قسەكەی ئەردۆغان لەهیچ شوێنێكدا جێی نابێتەوە مەگەر لە خانەی بێئابڕوویدا، چونكە ئەوە ئەدەب نییە كە داوا لە سەرۆكی دەوڵەتێك یان لە سەرۆكی حكومەتێك بكرێت بەخەمی سەروەری و سەربەخۆیی وڵاتەكەیەوە نەبێت.

ئەردۆغان، پێش ئەم سنووربەزاندنی رەوشت و رەفتار و هەڵسوكەوت و پێشێلكاریە ئابڕووبەرانەیەی لە ئەخلاقیاتی ئیدارەدانی دەوڵەتدا، زۆر سنووری دیكەیشی بەزاندووە، لەوكاتەوەی كە لەسەردەمی ئەمدا هەم بەسەرەك وەزیرانی و هەم بەسەرۆكایەتی دەوڵەت، توركیای كردووەتە رێڕەوێكی ئارام بۆ ئەندامانی داعش و رێكخراوە تیرۆریستیەكانی هاوشێوەی تا بپەڕنەوە بۆ سوریا و عێراق.

دەیان هەزار لە (جیهادیەكان) لە هەموو لایەكی جیهانەوە گەیشتنە فڕۆكەخانە و بەندەرەكانی توركیا و لە شار و گوندەكانی توركیادا مانەوە، لەوێیش سەدان ئەندامی داعش كە لەبوارەكانی لۆجستیدا كاریان دەكردوو و لەو شار و گوندانەی توركیادا نیشتەجێ‌ بوبوون، چاوەڕێیان دەكردن بۆ ئەوەی بیانپەڕێننەوە بۆ سوریا و عێراق بۆ تاقە یەك ئەنجام ئەویش كوشتن و وێرانكردن بوو. ئەو جموجۆڵەی كە سەعات بە سەعات و بەدرێژایی چەند ساڵێك بەردەوام بوو، وەنەبێت دوور لە گوێ و چاوی دەزگاگانی هەواڵگریی توركیاوە بووبێت، ئەو دەزگایانەی كە شایەتی ئەوەیان بۆ دەدرێت هێندە چاوكراوە و بە ئاگان، ئاگایان لە باڵندەیشە كە سنوورەكان دەبڕن. نەك هەر ئەوە بەڵكو خودی ئەردۆغانیش بێ‌ ئاگا نەبووە لەو جموجۆڵە تیرۆریستیانەی كە بوونە هۆی سەدان هەزار قوربانی لە عێراق و سوریادا.

ئایا دەبێت لۆمەی تەنیا ئەردۆغان بكەین لە خراپیی رەوشت و پیسیی زمانیدا؟.. نەخێر. ئەو دەسەڵاتدارە ئیسلامیانەیش كە وەك دڕندەی برسی زۆرانبازییانە لەسەر دەسەڵات و نفوز و پارەی حەرام، لە پێش ئەردۆغاندا لۆمە دەكرێن. ئەوانبوون كە عێراقیان كردە نێچیرێكی ئاسان بۆ دڕندە چنگدارەكان و ئەوانیش بوون كە دەرفەتیان دا بە هێسترەكەی ئەستانبوڵ تا بەمجۆرە لەقە بهاوێت.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure