یوسف ئەلعانی...خۆشەویستیەك سیاسیەكان ناتوانن بەدەستیبێنن

بۆچوون / بیروڕا :: 15/10/2016

سەرچاوە: ئەلمەدا
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید


با وایدابنێین، تەنیا وەك گریمانەیەك، هەموو ئەندامانی چینە سیاسییە دەسەڵاتدارەكەی عێراق هەر لە ساڵی 2003 وە هەتا ئێستا، هەموویان لە شوێنێكدا كۆبوونەوە: بابڵیێین فڕۆكەیەكی گەورە- ئەمەیش بەشیان ناكات-یان شەمەندەفەرێك یاخود پاپۆڕێك یان یاریگایەكی وەرزشی و ئینجا تەقینەوەیەك لە شوێنەكەیاندا روویدا و هەر هەموویان تیاچوون (دووربن لە شەڕ و خراپە)، ئاخۆ كاردانەوەی عێراقیەكان بەرامبەر ئەگەری رووداوێكی ئاوا چۆن دەبێت؟
بەدڵنیاییەوە خەڵكانێكی هێندە كەم لە عێراقیەكان بۆیان دەگرین و بۆیان بەداخ دەبن و هەست بە ناڕەحەتی دەكەن كە بەراورد ناكرێت لەگەڵ ئەو ژمارە عێراقیانەی كە گریان و بەداخ بوون و هەستیان بە ناڕەحەتی كرد بۆ كۆچی دوایی هونەرمەند یوسف ئەلعانی كە دوێنێ‌ تەرمەكەی لە دوا مەنزڵگەی لە بەغدا نێژرا. 
یوسف ئەلعانی نە سەرۆكی دەوڵەت و نە سەرۆكی هیچ دەسەڵاتێكی سەرەكیی دەوڵەت بوو، نە وەزیرێك بوو لە حكومەتدا... هەروەك یوسف ئەلعانی سەركردەی حزبێك یان سەرۆكی كوتلەیەك یان سەركردەی میلیشیایەك نەبوو.. لەگەڵ ئەوەیشدا عێراقیەكان بۆی گریان یان بۆی دڵتەنگ بوون یاخود بەداخ و نیگەران بوون بۆ مردنەكەی لە هەموو لایەكی عێراق و لە هەموو تاراوگەیەكیش كە عێراقیی لێ‌ بێت. ئەو عێراقیانەیش كە ئاوا بۆی بە پەرۆش بوون لە هەموو نەتەوە و ئایین و مەزهەبەكان و ئاراستە سیاسیەكان بوون. كەسێك لەوانەی كە گریان و دڵتەنگ بوون و هەستیان بە داخ و پەژارەكرد، پرسیاری ناسنامە و نەتەوە و ئایین  و مەزهەب و ئاراستەی سیاسیی یوسف ئەلعانی-ی نەكرد. 
 یوسف ئەلعانی بۆخۆی عێراقێكی بچوككراوە بوو.. هەموو نەتەوەكان و ئایینەكان و مەزهەبەكان و رەوتە سیاسییە نیشتمانیەكانی تێدا كۆبووبوونەوە. ئەمەیش یەكێك بوو لەو هۆكارانەی كە نزیكەی هەموو عێراقیەكان خۆشیانبووێت و مردنەكەی بە زیانێكی گەورە بزانن.
یوسف ئەلعانی هونەرمەندێكی راستەقینە و مەزن بوو، لەڕێی هونەرەكەیەوە مەعریفەیەكی رەسەن و چێژێكی بەرزی بەخشیە عێراقیەكان.
كاتێك یوسف ئەلعانی بۆ یەكەمجار لە ژیانیدا ساڵی 1944 چووە سەر تەختەی شانۆ، خەڵكی بە هونەرمەندیان دەوت (شایەر)، ئەمە گوزارشتێك بوو بۆ وەسفكردنی سەماكار و دەهۆڵكوتەكان لە مەلها هەرزانەكانی شەوانەدا. لە ماوەی چەند ساڵێكی كەمدا، یوسف ئەلعانی و گروپێك لە كچ و كوڕە نیشتمانپەروەرە رۆشنبیرەكانی هاوڕێی، پێگەی كۆمەڵایەتییان بۆ هونەرمەند گەڕاندەوە و خستیانە پێش ئەفسەر و پزیشك و ئەندازیارەوە. ئەركەكە ئاسان نەبوو بەڵام رۆشنبیریی پتەوی نیشتمانپەروەریی بێگەردی یوسف ئەلعانی و گروپەكەی ئەو كودەتایەیان ئەنجامدا لە تێڕوانیی خەڵكیدا بەرامبەر هونەر و هونەرمەندان.
 یوسف ئەلعانی هونەرمەندێكی رۆشنگەری پێشڕەو و نیشتمانییەكی دڵسۆز بوو... ئەمە بوو وایكردبوو كە دڵەكان خۆشیانبووێت و عەقڵەكان بەشكۆمەندیەوە لێی بڕوانن و دەروونەكان بەرز بینرخێنن و رێزی بگرن. 
ئەندامانی چینە دەسەڵاتدارە فەرمانڕەواكەی ئێستا، بە پێچەوانەی یوسف ئەلعانی-یەوە رەفتار دەكەن و هەر لەبەر ئەمەیشە هێندەی دەیەك-ی ئەو خۆشەویستیەیان نییە كە عێراقیەكان بۆ یوسف ئەلعانی و نموونەكانی وەك یوسف ئەلعانی هەیانە... هەر لەبەر ئەم هۆكارەیشە كە عێراقیەكان نە دەگرین و نە دڵتەنگ دەبن و نە هەست بە داخ و پەژارەیەك دەكەن لە پێناو ئەندامانی ئەم چینەدا ئەگەر هەموویشیان بە یەكجار و بەیەك رۆژ و بە یەك رووداویش پێكەوە تیابچن. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure