ئایا توركیا ده‌توانێت له‌م كاته‌دا به‌ره‌یه‌كى ترى جه‌نگ بكاته‌وه‌؟

بۆچوون / بیروڕا :: 13/10/2016

وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید
ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆكى توركیا له‌ نه‌ریته‌ دیپلۆماسیه‌كان لایدا كاتێك هێرشێكى توند و كه‌سیى كرده‌ سه‌ر به‌ڕێز حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌ره‌ك وه‌زیرانى عێراق و به‌زمانێكى هه‌ڵچووى پێشتر نه‌وتراو و به‌ده‌نگێكى به‌رز پێى گوت:"تۆ كێیت.. قه‌باره‌ى خۆت بزانه‌.. تۆ هاوشانى من نییت.. ده‌بێت بزانیت هه‌رچى بمانه‌وێت ده‌یكه‌ین".

ئه‌م هه‌ڵچوونه‌ كاردانه‌وه‌یه‌ك بوو له‌سه‌ر داواكه‌ى به‌ڕێز عه‌بادى بۆ پاشه‌كشه‌ى زیاتر له‌ هه‌زار سه‌رباز و شاره‌زاى سه‌ربازیى توركى له‌ بنكه‌ى (باشیك) ى نزیك موسڵ و پشتیوانیى پارله‌مانى عێراق به‌كۆى ده‌نگ و به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانی تایه‌فیى سوننه‌ و شیعه‌ و نه‌ژاده‌كانى كورد و ئێزدى و مه‌سیحى و توركمانه‌وه‌ له‌م داوایه‌ و وه‌سفكردنى هێزه‌كه‌ى توركیا به‌ (هێزێكى داگیركه‌ر).

وه‌ڵامه‌ فه‌رمیه‌كه‌ى عێراق له‌سه‌ر ئه‌م هێرشانه‌، (هاوسه‌نگ) و (كه‌متر هه‌ڵچووناوى)بوو. به‌ڕێز سه‌عد ئه‌لحه‌دیسى وته‌بێژى به‌ڕێز عه‌بادى (داخ)ى خۆى ده‌ربڕى به‌رامبه‌ر ئه‌م جۆره‌ لێدوانانه‌ كه‌ كێشه‌كه‌ به‌ (كه‌سى)ی ده‌كات و له‌ لایه‌نه‌ یاساییه‌كه‌ى دوورى ده‌خاته‌وه‌ و زه‌یتى زیاتر ده‌كات به‌سه‌ر ئاگرى ناكۆكییه‌ (هه‌ڵایساوه‌كان)دا، هه‌روه‌ك جه‌خت له‌وه‌یش ده‌كاته‌وه‌ كه‌ حكومه‌تى توركیا ئاره‌زوویه‌كى جدیى نییه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كه‌ و كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى له‌ عێراق. به‌ڵام كاردانه‌وه‌ى (هه‌ڵكشاو) و هێرشئامێز، له‌ ده‌سته‌ى حه‌شدى شه‌عبی-یه‌وه‌ بوو كه‌ هێزێكى زۆرینه‌ شیعه‌یه‌. ئه‌وه‌بوو له‌ به‌یاننامه‌كه‌یدا به‌ڵێنى دا (وه‌ڵامێكى له‌رزێنه‌ر)ی ده‌بێت و وتیان:"ده‌زانین كێ سنوورى خۆى راده‌گرێ و لێیدا ده‌وه‌ستێت".

هێرشه‌كه‌ى سه‌رۆك ئه‌ردۆغان بۆ سه‌ر عه‌بادى و به‌و رێگه‌یه‌ى كه‌ بینیمان، هه‌روه‌ها كاردانه‌وه‌ى هێزه‌كانى حه‌شدى شه‌عبى كه‌ به‌ڵین و هه‌ڕه‌شاوى بوو، ده‌ڕژێنه‌ به‌رژه‌وه‌ندیى ئاڵۆزییه‌ تایه‌فیه‌كانه‌وه‌ كه‌ به‌خێرایى به‌ره‌و ناوچه‌كه‌ ده‌كشێت و هه‌ڕه‌شه‌ى به‌رپابوونى جه‌نگێكى تایه‌فى ده‌كات له‌ نێوان هه‌ردوو لاى هاوكێشه‌ مه‌زهه‌بیه‌ گه‌وره‌ ئیسلامیه‌كه‌دا، واتا شیعه‌ و سوننه‌ و ده‌یشكرێت هه‌ندێك ده‌وڵه‌تى گه‌وره‌ى ئیقلیمى په‌لكێش بكات وه‌ك ئێران و پاكستان و شانشینى عه‌ره‌بى سعودى له‌گه‌ڵ عێراق و توركیایش.

سه‌رۆك ئه‌ردۆغان ده‌ڵێت هێزه‌كه‌ى توركیا، كه‌ ژماره‌یان له‌ هه‌زار سه‌رباز زیاتره‌ و تانك و زرێپۆشى زنجیرداریان له‌گه‌ڵدایه‌، له‌سه‌ر داواى حكومه‌تى عێراق چوونه‌ته‌ ئه‌وێ، كاتێكیش حكومه‌ت ئه‌وه‌ى ره‌تكرده‌وه‌ كه‌ داوایه‌كى له‌وجۆره‌ى كردبێت، ئه‌و بایدایه‌وه‌ و وتى ره‌زامه‌ندیى له‌ حكومه‌ته‌ هه‌رێمیه‌كه‌ى به‌ڕێز مه‌سعود بارزانى وه‌رگرتووه‌، ئه‌میش خۆى بێبه‌رى كرد له‌ هه‌ر داوایه‌كى بۆ هێزه‌كانى توركیا كه‌ بێنه‌ عێراقه‌وه‌. ئه‌وه‌ى جێى سه‌رنجه‌، ئه‌وه‌ى رۆڵى گه‌وره‌ى بینیوه‌ له‌ رێگریى هێزه‌كانى (ده‌وڵه‌تى ئیسلامى) كه‌ هه‌ولێر كۆنترۆڵ نه‌كه‌ن، هێزه‌ ئه‌مریكى و ئێرانیه‌كان بوون نه‌ك هێزه‌كانى توركیا.

ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا كه‌ به‌ڕێز مه‌سعود بارزانى په‌ناى بۆبرد بۆ ئه‌وه‌ى نێوه‌ندگیریى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كه‌ بكات، ده‌ڵێت بوونى هیزه‌كانى توركیا له‌سه‌ر خاكى عێراق ناشه‌رعیه‌ چونكه‌ به‌شێك نییه‌ له‌و هاوپه‌مانێتیه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌ى كه‌ شه‌ڕى رێكخراوى (ده‌وڵه‌تى ئیسلامى) ده‌كات و به‌ڕێوه‌یه‌ بۆ ده‌رپه‌ڕاندنى له‌ شارى موسڵ كه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتیدایه‌. ئه‌مه‌یش پشتگیرییه‌كى روونه‌ له‌ هه‌ڵوێستى حكومه‌تى عێراق له‌ پاشه‌كشه‌ى هێزه‌كه‌ى توركیادا. خۆ ئه‌گه‌ر به‌ڕێز بارزانى سه‌رپشك بكرایه‌ له‌ نێوان راوه‌ستانى له‌گه‌ڵ توركیا و پارتى كرێكارانى كوردستاندا، ئه‌مه‌ى دووه‌میانى هه‌ڵده‌بژارد، ئه‌گه‌رچى وایش ده‌رناكه‌وێت. 

راوێژكاره‌ سه‌ربازیه‌ توركه‌كان مه‌شق و راهێنان به‌ هێزه‌كانى سوپاى عێراق ناكه‌ن تا ئاماده‌یان بكه‌ن بۆ شه‌ڕه‌كه‌ى موسڵ وه‌ك ئه‌وه‌ى سه‌رۆك ئه‌ردۆغان وتى، به‌ڵكو بۆ ئه‌و 5000 چه‌كداره‌ى سه‌ر به‌ ئه‌سیل نوجێفى له‌وێن، ئه‌سیل نوجێفى كه‌ پارێزگارى نه‌ینه‌وا بوو (پایته‌خته‌كه‌ى موسڵه‌) به‌وه‌ ناسراوه‌ په‌یوه‌ندیى تایبه‌تى له‌گه‌ڵ توركیادا هه‌یه‌. هه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى كه‌ هێزه‌كانى (ده‌وڵه‌تى ئیسلامى) پێش دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر به‌بێ به‌ره‌نگارى چوونه‌ موسڵه‌وه‌، ئه‌و شاره‌كه‌ى جێهێشت. هه‌ندێكیش هه‌ن توركیا به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن كه‌ (سوپاى سوننه‌) له‌ خه‌ڵكى موسڵ پێكدێنێت بۆ ئه‌وه‌ى بیانكاته‌ لایه‌نگرى خۆى.

سه‌رۆك ئه‌ردۆغان سووره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ هێزه‌كانى توركیا به‌شداریى له‌ (رزگاركردن)ى موسڵدا بكه‌ن، به‌ڵام به‌لاى زۆركه‌سه‌وه‌ زه‌حمه‌ته‌ له‌م سووربوونه‌ى تێبگه‌ن، ئه‌و داوایه‌ى كه‌ خودى ئه‌مریكایش كه‌ سه‌ركردایه‌تى شه‌ڕه‌كه‌ ده‌كات، له‌ دژیه‌تى. مه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ تێیبگه‌ن كه‌ ده‌زانن موسڵ و ته‌نانه‌ت هه‌موو پارێزگاى نه‌ینه‌وا خاكى توركیایه‌ و (رزگاركردنى) له‌ئه‌ستۆى خۆیاندایه‌، هه‌روه‌ها دوورخستنه‌وه‌ى هێزه‌كانى (ده‌وڵه‌تى ئیسلامى) یان (داعش) لێى و پاراستنى گه‌له‌ (توكییه‌كه‌ى)یشى هه‌ر له‌ ئه‌ستۆى ئه‌واندایه‌.

ئێمه‌ له‌گه‌ڵ هیچكام له‌و حكومه‌تانه‌ى عێراقدا نه‌بووین كه‌ له‌ منداڵدانى ئه‌و پرۆسه‌ سیاسیه‌وه‌ له‌دایكبوون كه‌ بناغه‌ و مه‌رجه‌كانى ئه‌مریكاى داگیركه‌ر دایناوه‌، چونكه‌ شكستیانهێنا له‌ به‌دیهێنانى ئاشته‌وایى نیشتمانى و خۆگونجان له‌گه‌ڵ پێكهاته‌ جیاوازه‌كانى گه‌لى عێراق له‌سه‌ر بنه‌ماكانى یه‌كسانى و له‌ژێر چه‌ترى ناسنامه‌ى كۆى نیشتمانیى عێراقى و ناتایه‌فیدا، هه‌روه‌ها بوونه‌ باڵاترین نموونه‌ى گه‌نده‌ڵى و خزمخزمێنه‌. به‌ڵام له‌هه‌مانكاتدا دژى گه‌شاندنه‌وه‌ى ئاگرى جه‌نگى تایه‌فى و مه‌زهه‌بى و نه‌ژادیین له‌ناو خاكى عێراقدا، وه‌ك چۆن دژى هه‌ر هه‌ڵوه‌شاندن و لێكترازانێكى یه‌كێتییه‌ دیموگرافى و جوگرافیه‌كه‌ین ودژى نقومكردنی وڵات و گه‌له‌كه‌یین له‌ گۆمى خوێندا.

نازانرێت بۆچى سه‌رۆك ئه‌ردۆغان په‌نا ده‌باته‌به‌ر ئه‌م جۆره‌ هه‌ڵكشانه‌ سیاسى و سه‌ربازیه‌ له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێى توركیادا، له‌كاتێكدا كه‌ سه‌ره‌ك وه‌زیرانه‌ تازه‌كه‌ى جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ له‌وه‌ى كه‌ باشكردنى په‌یوه‌ندیه‌كان و چاره‌سه‌ركردنى هه‌موو ناكۆكیه‌كانى ده‌وێت به‌ رێگه‌ى ئاشتى و به‌وجۆره‌ى كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیى هه‌مواندابێت، به‌تایبه‌تى كه‌ هێشتا توركیا ئاڵاوه‌ته‌ جه‌نگه‌كه‌ى سوریاوه‌ و رووبه‌ڕووى قه‌یرانگه‌لى سه‌ختى ئابورییش بووه‌ته‌وه‌ و په‌یوه‌ندیه‌كانى له‌گه‌ڵ یه‌كێتى ئه‌وروپادا ئاڵۆز بووه‌ و به‌شێوه‌یه‌كى نیمچه‌ رۆژانه‌ ته‌قینه‌وه‌ى تێدا ده‌كرێت و بارى سه‌قامگیریى و ئاسایشى تێكداوه‌ كه‌ دوو ترسناكترین هێزى ناوچه‌كه‌یان له‌پشته‌وه‌یه‌ و برتین له‌ پارتى كرێكارانى كوردستان و ده‌وڵه‌تى ئیسلامى؟.

ئایا سه‌رۆك ئه‌ردۆغان ده‌یه‌وێت به‌ره‌یه‌كى تازه‌ له‌ ده‌ورووبه‌رى موسڵ له‌گه‌ڵ هێزه‌كانى عێراق و حه‌شدى شه‌عبیى عێراقى و هه‌روه‌ها كورده‌ عێراقیه‌كانیشدا بكاته‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ هاونه‌ته‌وه‌كانیان له‌ پارتى كرێكارانى جیاخوازدا هاوسۆزن؟ هه‌روه‌ها له‌كاتێكدا كه‌ هێشتا به‌ره‌نگاریى كلكه‌كانى كوده‌تا سه‌ربازیه‌كه‌ى ئه‌م دواییه‌ و كاریگه‌ریه‌كانى ده‌بێته‌وه‌ كه‌ توركیاى هه‌ژاند و خه‌ریك بوو ده‌سه‌ڵاته‌ دیموكراتییانه‌ هه‌ڵبژێردراوه‌كه‌ى له‌ناو ببات له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و ده‌ستكه‌وته‌ ئابورییانه‌یشدا كه‌ له‌ماوه‌ى 13 ساڵى ده‌سه‌ڵاتى پارتى داد و گه‌شه‌پێداندا به‌دیهێناون كه‌ خۆى سه‌ركردایه‌تى ده‌كات؟

ئێمه‌ له‌وه‌ ده‌ترسین جه‌نگێكى ناوخۆیى یان ئیقلیمیى تایه‌فه‌گه‌رى له‌سه‌ر خاكى عێراق به‌رپاببێت، كه‌ به‌داخه‌وه‌ توركیا پایته‌خته‌كانى عه‌ره‌بیى هانده‌دات بۆ هه‌ڵگیرسانى. قوربانیه‌كانیشى عه‌ره‌بى سوننه‌ و شیعه‌ ده‌بێت پێكه‌وه‌. ئه‌وه‌ جه‌نگێكه‌ ئه‌گه‌ر بقه‌ومێت بۆ چه‌ندین ده‌یه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت و ته‌ڕ و وشك پێكه‌وه‌ ده‌سوتێنێت. ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ى كه‌ وه‌زیرانى ده‌ره‌وه‌ى ده‌وڵه‌تانى ئه‌نجومه‌نى هاریكاریى كه‌نداو له‌ ریاز و به‌ ئاماده‌بوونى مه‌ولود چاوه‌یش ئۆغڵو وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى توركیا ده‌یبه‌ستن هیچ نییه‌ جگه‌ له‌ یه‌كێك له‌ قسه‌وباسه‌كانى ئه‌و بواره‌ نه‌بێت.

نازانین ئاخۆ سه‌رۆك ئه‌ردۆغان باش له‌م مه‌ترسییه‌ تێگه‌یشتووه‌ و كارى پێویستى بۆ كردووه‌؟ و له‌وه‌یش گه‌یشتووه‌ كه‌ ئه‌م هه‌ڵكشانه‌ ئه‌گه‌ر نه‌یشبێته‌ هۆى ئه‌وه‌ى كه‌ زۆربه‌ى عێراقیه‌كان له‌ ده‌ورى به‌رێز عه‌بادى كۆبكاته‌وه‌، ئه‌وا له‌حاڵه‌تى لاوازكردنیدا رێگه‌ له‌به‌رده‌م گه‌ڕانه‌وه‌ى نورى مالیكى-ى نه‌یاره‌ توندڕه‌وه‌كه‌یدا خۆشده‌كات كه‌ دوێنێ دادگاى ده‌ستوریى عێراق بڕیارى لابردنى له‌ پۆسته‌كه‌ى وه‌ك جێگرى سه‌ركۆمار، هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌؟.

ده‌ستوه‌ردانه‌ سه‌ربازى و سیاسیه‌كه‌ى پێنج ساڵ له‌مه‌وبه‌رى توركیا له‌ سوریا، به‌شداربوو له‌وه‌ى كه‌ دۆخه‌كه‌ بگه‌یه‌نێته‌ ئه‌م ناله‌بارییه‌ى ئێستا و ناوچه‌كه‌ بخاته‌ سه‌ر لێوارى جه‌نگى سێیه‌مى جیهانى كه‌ ئه‌گه‌ر رووبدات توركیایشى پێوه‌ وێران ده‌بێت، هێشتایش به‌شار ئه‌سه‌د له‌ كۆشكى فه‌رمانڕه‌واییدایه‌ له‌ دیمه‌شق و ئاخۆ هاوتا عێراقیه‌كه‌یشى ده‌گاته‌ هه‌مان ئه‌نجام؟.

سه‌رۆكى توركیا سه‌ركێشى به‌ پاشه‌ڕۆژى خۆى و پاشه‌ڕۆژى حزبه‌كه‌یشیه‌وه‌ ده‌كات، ره‌نگه‌ به‌ پاشه‌ڕۆژى توركیایشه‌وه‌، هه‌ڵچوون و په‌شۆكاوییه‌ كه‌سێتیه‌كه‌ى له‌به‌رامبه‌ر به‌ڕێز عه‌بادى-دا ئه‌وه‌ ده‌رده‌خه‌ن. بۆیه‌ لێره‌دا ئومێدى ئه‌وه‌ ده‌خوازین كه‌ به‌ دانایى و په‌له‌نه‌كردن و دانبه‌خۆداگرتن و ژیرییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ بكات چونكه‌ باجه‌كه‌ زۆر گه‌وره‌ ده‌بێت.

له‌كۆتاییدا ده‌ڵێین، ئێمه‌ هیواخوازى ئه‌وه‌ نه‌بووین كه‌ سه‌رۆك ئه‌ردۆغان ئه‌و ده‌ربڕین و گوزارشتانه‌ به‌كاربێنێت كه‌ خوالێخۆشبوو موعه‌مه‌ر قه‌زافى له‌ دواڕۆژه‌كانیدا به‌كاریهێنان و دیارترینیان (كێوه‌ كێن؟) بوو، كه‌ دوژمنه‌كانى پێ ده‌دواند و دواییش مه‌زه‌نده‌كه‌ى هه‌ڵه‌ ده‌رچوو. نامانه‌وێت له‌مه‌زیاتر درێژه‌ى بده‌ینێ چونكه‌ توركیا ئازیزمانه‌ و به‌شێكى گه‌وره‌یه‌ له‌ مێژوو و میراتى ئیسلامیمان و بێجكه‌ له‌ خێروخۆشى و ئارامى و پێشكه‌وتن هیچیتر بۆ گه‌له‌كه‌ى ناخوازین كه‌ برامانن.
سه‌رچاوه‌: ره‌ئیولیه‌وم

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure