عێراق له‌نێوان رۆیشتنى ئه‌لعانى و گه‌ڕانه‌وه‌ى (فه‌خامه‌كان)دا

بۆچوون / بیروڕا :: 11/10/2016

وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید
له‌ یه‌ك رۆژدا عێراقییه‌كان دوو هه‌واڵى دژ به‌یه‌كیان پێگه‌یشت، كۆچى دوایى هونه‌رمه‌ندى گه‌وره‌ یوسف ئه‌لعانى و گه‌ڕانه‌وه‌ى جێگره‌كانى سه‌ركۆمار بۆ پۆسته‌كانیان. وه‌ك حسێن ئه‌لمالیكى پارله‌مانتارى ده‌وڵه‌تى یاسایش مژده‌ى داینێ، به‌ڕێز نورى ئه‌لمالیكیى (مامى) له‌گه‌ڵ هاوڕێكانیدا ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ پۆسته‌كانى خۆیان و هه‌موو ده‌رماڵه‌ و موچه‌ و ئیمتازه‌كانى ئه‌و ماوه‌یه‌یشیان بۆ ده‌گه‌ڕێنرێته‌وه‌ كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى پۆسته‌كانیان بوون. ماوه‌ى نێوان ئه‌م دوو هه‌واڵه‌ وه‌ك ماوه‌ى نێوان عێراقى قۆناغى ژیارى و شارستانى و روناكبیرى و عێراق قۆناغى دواكه‌وتوویی وایه‌. 


یوسف ئه‌لعانى بۆ ماوه‌ى نه‌وه‌د ساڵ وه‌ك وێنه‌ى ئه‌و عێراقه‌ مایه‌وه‌ كه‌ خۆشیده‌ویست و عاشقى بوو، نه‌ تایفه‌گه‌ریى فریوویدا و نه‌ به‌شبه‌شێنه‌ له‌ ده‌رگاكه‌ى نزیكبووه‌وه‌. ئه‌و وه‌ك ئه‌و عێراقه‌ وابوو كه‌ خه‌ونى پێوه‌بینى، ئارام، جوان، لێوانلێو له‌ ئومێد، نه‌یده‌زانى به‌غدا ده‌بێته‌ (ته‌ویله‌) بۆ ئه‌سپى ئه‌و سیاسیانه‌ى كه‌ له‌ناوخۆیاندا رمبازى ده‌كه‌ن. 

ده‌نگى یوسف ئه‌لعانى له‌ دوێنێدا روون و ئاشكرابوو كه‌ هاوخه‌میى په‌یوه‌ستبوون بوو به‌ بژارده‌ و دراوسێوه‌:"گوێ مه‌ده‌رێ به‌غدا پڕبووه‌ له‌ ته‌ویله‌"، ته‌نیا له‌م وڵاته‌دا ئه‌م هه‌واڵه‌ سه‌رنجڕاكێشه‌ ده‌خوێنیته‌وه‌، ئه‌مه‌ ته‌نیا هه‌واڵێكى ئاسایى نییه‌، به‌ڵام بۆ ناونیشانى ئه‌و قۆناغه‌ ده‌گونجێت، ئه‌و قۆناغه‌ى كه‌ تێیدا له‌ناو رووداوه‌كانى شانۆگه‌ریی پێكه‌نین به‌ یاسادا ژیاین دواى ئه‌وه‌ى ماناى چاكسایى بووه‌  شتێكى سواو و بێتام، هه‌وره‌ها له‌گه‌ڵ به‌ڕێز حه‌یده‌ر ئه‌لعه‌بادی-دا ماوه‌ى ساڵ و نیوێك-مان له‌م چاكسازیه‌دا به‌سه‌ربرد كه‌ هیچ جیاوازیه‌كى له‌ شێوه‌ و ره‌نگ و بۆندا نییه‌ له‌گه‌ڵ گوتارى (چاكسازی)یه‌كه‌ى چوارشه‌ممه‌دا كه‌ نورى ئه‌لمالیكى رایگه‌یاند!. گه‌ڕاینه‌وه‌ بۆ خاڵى یه‌كه‌م كه‌ (قازییه‌كان) پێیانڕاگه‌یاندین چاكسازیه‌كه‌مان گێڕه‌ و نا یاساییه‌ و پێویسته‌ له‌سه‌رمان بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ئه‌و ده‌ستوره‌ى كه‌ پێمانده‌ڵێت وڵات پشوو نادات و ئارامنابێته‌وه‌ هه‌تا هه‌رسێ جێگره‌كانى سه‌ركۆمار و هه‌ره‌وه‌ها ئه‌وانه‌ى سه‌ره‌ك وه‌زیرانیش نه‌گێڕینه‌وه‌. كوێره‌وه‌رى و ماڵوێرانیه‌كه‌ له‌یه‌كده‌چن و ژماره‌ و قه‌باره‌ى زیانه‌كانى نیشتمان و هاونیشتمانیان جیاوازن، له‌كاتێكدا خه‌ڵكه‌كه‌ باجى ئه‌و شته‌ ده‌دات كه‌ ئه‌و مه‌لایانه‌ له‌سه‌رى یه‌كده‌نگن كه‌ جلى سیاسیه‌كانیان پۆشیوه‌ و هه‌موو شتێكیان شاردووه‌ته‌وه‌، پاره‌ و یاسا و خۆشگوزه‌رانى و ئومێد.

ئه‌مڕۆ هه‌ندێك كه‌س هه‌وڵده‌ده‌ن فێڵاویترین كار ئه‌نجامبده‌ن بۆ رزگاركردنى ئه‌و سیاسیانه‌ى كه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ پێیانوابوو ئیتر له‌ناوده‌چن. فێڵه‌كه‌ له‌ڕێى به‌كارهێنانى یاسا و هۆشداریدانه‌ خه‌ڵكه‌ به‌وه‌ى كه‌ وڵات هه‌ره‌سدێنێت. ئێستا خه‌ڵكانێك ده‌بینین كه‌ داوا له‌ هه‌موو عێراقییه‌كان ده‌كه‌ن به‌رگریى له‌و ده‌ستوره‌ بكه‌ن كه‌ (داوێنپاكیى) خۆى له‌ده‌ستده‌دات ئه‌گه‌ر جێگره‌كانى سه‌ركۆمار له‌ پێشه‌وه‌ى دیمه‌نه‌كه‌دا نه‌بن، بۆیه‌ با رووى ئه‌و سێ جێگره‌ دیسانه‌وه‌ به‌ زه‌رده‌خه‌نه‌وه‌ ده‌ربكه‌ونه‌وه‌... چۆن و بۆچى؟ گرنگ نییه‌، چونكه‌ تۆى عێراقى هیچت بۆ نه‌ماوه‌ته‌وه‌ هه‌ر ئه‌وه‌نه‌بێت به‌یاننامه‌كه‌ى ئه‌نجومه‌نى دادوه‌ریى قبوڵ بكه‌یت كه‌ ده‌ڵێت بڕیارى لابردنى جێگرانى سه‌رۆك نا ده‌ستوریى بووه‌! به‌ڵام ئه‌و ده‌زگا دادوه‌رییه‌ په‌یوه‌ندیى به‌و كاره‌وه‌ نییه‌ جێگره‌كانى سه‌ركۆمار بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ پۆسته‌كانیان یاخود نه‌گه‌ڕێنه‌وه‌. ئه‌مه‌یش مه‌ته‌ڵێكى تازه‌یه‌. به‌هه‌رحاڵ گرنگ نییه‌، سوپاس بۆ خوا بۆ ئه‌و نیعمه‌ته‌ى كه‌ عێراقیین و هه‌روایش ده‌مێنینه‌وه‌ له‌سه‌ر رێبازى "یوسف ئه‌لعانى" نه‌ك له‌سه‌ر رێى "جێگرانى سه‌رۆك". 

سه‌رچاوه‌: ئه‌لمه‌دا

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure